جووتیارانی گوندی پەڵکانە بە بەڵگەنامەکانیانەوە لە بەرامبەر عەرەبی هاوردە وەستاونەتەوە
K24 - گوندی پەڵکانە
عەرەبە هاوردەکان بەنیازن ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی کشتووکاڵی سەرگەڕان بچنە گوندی پەڵکانە بۆ ئەوەی رووپێوی زەوییەکانی گوندەکە بکەن و بە گوتەی خۆیان لە جووتیارانی کوردی بسەننەوە، بەڵام جووتیارانی کورد لە ئامادەییدان و بەڵگەنامەشیان هێناوە کە دەریدەخەن زەوییەکان هی ئەوانە.
هەرچەندە وەزیری دادی عێراق لە 23-9-2020 نووسراوی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی جێبەجێکردنی دادگا کرد، سەرجەم گرێبسەتە کشتوکاڵییەکانی جووتیارانی عەرەبی هاوردەی هەڵوەشاندەوە و، داوای کرد ئیدی کار بەو بڕیارە نەکرێت، بەڵام تائێستا ئەو بڕیارە لە سنووری پارێزگای کەرکووک جێبەجێ دەکرێت.
بەڵام فشاری عەرەبە هاوردەکان لەسەر جووتیارانی کورد بە پاڵپشتی راکان جبووری، پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک بەردەوام بوو و لەنوێترین هەوڵیشیاندا: بەڕێوەبەری کشتووکاڵی کەرکووک بەوەکالەت، داوای لە بەڕێوەبەری کشتووکاڵی سەرگەڕان و بەڕێوەبەری شارەدێیەکە کرد پاڵپشتی عەرەبە هاوردەکان بکەن لە لێسەندنەوەی خاوەنداریێتی زەوی جووتیارانی کورد لە سنوورەکە.
لە 11-10-2020 دادگای جێبەجێکردن (تەنفیزی)، نووسراوی کردووە کە فەرمانی (راکان جبووری) جێبەجێ دەکات، واتا: هیچ حیسابیان بۆ نووسراوەکەی وەزیری داد نەکرد.
محەمەد نوێنەری جووتیارانی کوردی گوندی پەڵکانەیە و دەڵێ " لەکاتیکدا سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری عێراق لەکۆبوونەوەدان، تەعریب لە سنوورەکەمان نەوەستاوە و راکان سەعید، نووسراو لەدوای نووسراو دەردەکات... هیوادارم سەرکردایەتی کورد بێنە سەر خەت و ئەو رەوشە رابگرن و راکان سەعید رابگرن، هاوشێوەی ئەو رێککەوتنەی لە شنگال کرا، لێرەش بکرێت بۆ ئەوەی لەو کێشانە رزگارمان ببێت".
لە گوندی پەڵکانە تائێستا 9 خانوو داگیرکراون، چەند خانوویەکی دیکەش قوفڵدراون و حیجزکراون، دانیشتوویەکی گوندەکە دەڵێ "موقەدەمێک ماوە ماوە، خانەوادەکەی دەهێنێت و خانووەکەش دەداتە بەدووەکان، ئەگەر بەدووەکان بێن، ئێمە ئامادەین گیانی خۆمان بەخت بکەین و رووبەڕوویان ببینەوە".
"یەکگرتووییەکی کوردانەی کەموێنە"
لە کۆی 42 گوندی سنووری ناحیەی سەرگەڕان، 40 گوندیان مەترسیی تەعریبیان لەسەرە، هەرکاتێک عەرەبە هاوردەکان بیانەوێت پیلانی تەعریبکردنەوەی گوندێک جێبەجێ بکەن، خاڵێکی بەهێزی گوندنشینانی ئەو گوندانە ئەوەیە: پاڵپشتی یەکتر دەکەن و دەچن بۆ ئەوەی بەیەکەوە رێگرییان لێبکەن.
ئەمڕۆ رووپێویکردنی یەک پارچە زەویی گوندی پەڵکانە هەیە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتییانی ئەو گوندانە هاتوونەتە گوندی پەڵکانە بۆ پاڵپشتیی جووتیارانی کوردی گوندەکە.
هاووڵاتییەکی گوندی خەرابە، کە یەکێکە لە گوندەکانی ناحیەی سەرگەڕان دەڵێ "ئێمە ئەوە یەکەمجار نییە بەمشێوەیە کۆدەبینەوە، گشتمان هاتووین پاڵپشتی لە خزمانی گوندی پەڵکانە بکەین، پارچە زەوییەکیان هەیە و دەیانەوێت ئەو پارچە زەوییەیان لێ داگیربکەین، بەڵام ئەو پارچە زەوییە خاوەنی خۆی هەیە".
هـ.ر.