سەرۆك بارزانی پێشوازی لە وەزیری دەوڵەتی هیندستان بۆ كاروباری دەرەوە و په‌رلەمان دەكات

سه‌رۆك بارزانی گەلی هیندستانی بە گەلێكی مەزن و خاوەن مێژوو وەسف كرد

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ڤێرماڤالی مۆرالی دەھاران وەزیری دەوڵەتی هیندستان بۆ كاروباری دەرەوە و پارلەمان و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا وەزیری دەوڵەتی هیندستان بۆ كاروباری دەرەوە و په‌رلەمان، پێزانینی خۆی بۆ قوربانیدانی گەلی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستان راگەیاند و وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە بە باشی لە ئێش و ئازارەكانی گەلی كوردستان گەییشتووە، خۆشحاڵیی خۆیشی نیشان دا بەو پێشڤەچوونەی كە لە بواری گەشەسەندنی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستاندا هاتووەتە ئاراوە كە لەسەر رێچكەیەكی دروستیشە. 

وەزیری دەوڵەتی هیندستان بۆ كاروباری دەرەوە و په‌رلەمان، ئامانجی سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان بۆ سەرۆك بارزانی شیكردەوە، داوای كرد، كە پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان لە بواری كولتووری و تەندروستی و بازرگانی پەرە بستێنێت.

لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی وەزیری دەوڵەتی هیندستان بۆ كاروباری دەرەوە و په‌رلەمان و شاندی یاوەری كرد و گەلی هیندستانی بە گەلێكی مەزن و خاوەن مێژوو وەسف كرد، هەروەها مەهاتما گاندیشی بە سەرچاوەی ئیلهام بۆ گەلانی ئازادیخواز و رزگاربوون لە چەوسانەوە لە قەڵەم دا. سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆشی بۆ پەرەسەندنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی هیندستان نیشان دا.

هەر لەو دیدارەدا هەڕەشەی تیرۆر و هزری توندڕۆیی لەسەر ئاساییشی جیهان تاوتوێ كرا و جەخت لە هەماهەنگیی نێودەوڵەتی و جیهانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر كرایەوە.