پزیشكێكی كورد له چینه‌وه زانیاری له‌باره‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌داته كوردستان 24
K24- هه‌ولێر:
سه‌باره‌ت به بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له وڵاتی چین، عادل عوسمان عه‌بدوڵڵا، قوتابی دكتۆرا له زانكۆی پزیشكی چین له شاری شنیانی ئه‌و وڵاته له رێگه‌ی سكایپه‌وه تایبه‌ت به كوردستان 24 ئاماری قوربانیانی ئه‌و ڤایرۆسه مه‌ترسیداره له چین ئاشكرا ده‌كات.
له كاتی به‌شداریكردنی له بڵاوكراوه‌یه‌كی دهنگوباسی كوردستان 24، ئه‌و پزیشكه كورده گوتی: نوێترین ئامار ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، كه 4 هه‌زار و 618 حاڵه‌تی تووشبوون پشتڕاست كراونه‌ته‌وه، گومان ده‌كرێت 6 هه‌زار و 973 كه‌سی دیكه‌ش تووشی ئه‌و په‌تا بووبن، دۆخی ته‌ندرووستی 976 توشبوو ناجێگیره، تا ئێستاش 106 كه‌س به‌هۆی ئه‌و ڤایرۆسه گیانیان له‌ده‌ستداوه و 68 كه‌سی دیكه‌ش چاره‌سه‌ری پێویستیان بۆ كراوه، 44 هه‌زار و 132 كه‌سیش له‌ژێر پشكنیندان.
سه‌باره‌ت به ئاماره‌كانی ئه‌و ڤایرۆسه له وڵاتانی جیهانیش گوتی: تا ئێستا 55 كه‌یس له 13 وڵات له‌سه‌ر ئاستی جیهان پشتڕاستكراونه‌ته‌وه، به شێوه‌یه‌ك له تایلاند 14 حاڵه‌ت، له سه‌نگاپوره 7 حاڵه‌ت، له ژاپۆن 6 حاڵه‌ت، له هه‌ریه‌ك له ئوستراڵیا و ئه‌مه‌ریكا 5 حاڵه‌ت، له هه‌ریه‌ك له مالیزیا و كۆریا 4 حاڵه‌ت، له فه‌ره‌نسا 3 حاڵه‌ت، له هه‌ریه‌ك له ڤێتنام و كه‌نه‌دا 2 حاڵه‌ت، له هه‌ریه‌ك له سریلانكا و نیپاڵیش 1 حاڵه‌ت تۆماركراون. له‌كۆی ئه‌و ژماره‌یه‌ش وه‌ك رایگه‌یاند، تا ئێستا ته‌نیا چاره‌سه‌ری بۆ 3 حاڵه‌ت كراوه.
دكتۆر عادل دووپاتیشیكرده‌وه، بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و په‌تایه له چین گه‌یشتووه‌ته حاڵه‌تی لێدانی زه‌نگی مه‌ترسی، چونكه په‌تاكه زۆر به‌خێرایی بڵاوده‌بێته‌وه و پێویسته رێكاری پێویست بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و ڤایرۆسه بگیرێته‌به‌ر، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی جیهان نه‌گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی كه باری له‌ناكاو رابگه‌یه‌ندرێت.
گوتیشی: تا ئێستا حیچ هاووڵاتیێكی كورد و عێراقیی دانیشتووی چین تووشی ئه‌و په‌تایه نه‌بووه.
سه‌باره‌ت به نیشانه‌كانی تووشبوون به‌و ڤایرۆسه ئه‌و پزیشكه كورده ئاشكرایكرد، نیشانه‌كانی تووشبوون بریتین له تای زۆر، كۆكه، هه‌ناسه‌ته‌نگی به‌هێز، پژمین، هاتنه‌خواره‌وه‌ی ئاو له لووت، بێهێزبوونی نه‌خۆش و سووتانه‌وه‌ی قورگ.
تایبه‌ت به رێنماییه‌كانیش گوتی: باشترین چاره‌سه‌ر خۆ پاراستنه ئه‌ویش له رێگه‌ی به‌ستنی ماسك، كه له چین جۆرێكی تایبه‌ت به‌و نه‌خۆشییه درووستكراوه و ئێستا به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا دابه‌شكراوه، چه‌ند خاڵێكی دیكه‌ی خۆپاراستن پێكهاتووه له شووشتنی ده‌ست به ئاو و سابوون به‌باشی، دووركه‌وتنه‌وه له شوێنه قه‌ره‌باڵغه‌كان، ده‌ست لێنه‌دان له ئاژه‌ڵی كێوی، دووركه‌وتنه‌وه له كه‌سی تووشبوو، كوڵاندنی خواردنه‌كان به‌باشی.
ئاشكراشیكرد، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین ئاسانكاری بۆ ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی كورد و عێراقی كردووه، كه له وڵاتیی چینن، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێندرێنه‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق، به‌تایبه‌ت ئه‌و قوتابیانه‌ی بۆ مه‌به‌ستی خوێندن له‌و وڵاته‌ن.
گوتیشی: هه‌رچه‌نده هێشتا پلانی گواستنه‌وه‌ی هاووڵاتیانی كورد و عێراقی ده‌ستی پێنه‌كردووه، به‌ڵام فڕۆكه‌ی تایبه‌ت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ته‌رخانكراوه.
H.B