ئه‌مه‌ریكا عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌خاته‌ به‌رده‌م "سه‌ختترین" تاقیكردنه‌وه‌

ئه‌مه‌ریكا داوای چاره‌نووسی چه‌كی میلیشیاكان ده‌كات
author_image Kurdistan24 ‌هەولێر

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌مه‌ریكا داوای له‌ عێراق كردووه‌، چه‌ك له‌ ژماره‌یه‌ك میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی دابماڵێت، به‌و پێیه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌كان له‌ عێراق روو له‌ كۆتاییه‌.

به‌ گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی "البیان"ی ئیماراتی، عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، له‌و باره‌یه‌وه‌ داوایكردووه‌، "كاتێكی زیاتری پێبده‌ن تا وه‌ڵامی ئه‌و داوایه‌ی واشنتن بداته‌وه‌".

رۆژنامه‌كه‌ پشتی به‌ هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی ناوخۆیی عێراقی به‌ستووه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی ناسنامه‌كه‌یان ئاشكرا بكات و رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و گرووپه‌ میلیشیایانه‌ی به‌ر داواكه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ون بۆ داماڵینی چه‌ك، رێكخراوی به‌دری هادی عامری، كه‌تیبه‌كانی حزبوڵڵای عێراقی، لیوای ئه‌بوفازڵ عه‌باس و عه‌سائیبی ئه‌هلولحه‌قه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی قه‌یس خزعه‌لی.

به‌ گوێره‌ی رۆژنامه‌كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی راگه‌یاندووه‌، رێگه‌پێدان به‌ عێراق به‌ به‌رده‌وامیدان به‌ په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران، به‌رامبه‌ر به‌ چه‌كداماڵینی میلیشیا تایه‌فییه‌كانه‌.

وه‌ك رۆژنامه‌كه‌ روونیشی كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ "سه‌ختترین" تاقیكردنه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، به‌تایبه‌تیش تا ئێستا سه‌رۆكوه‌زیران نه‌یتوانیوه‌ كێشه‌ی وه‌زاره‌ته‌ ئه‌منییه‌كان یه‌كلا بكاته‌وه‌.

نزیكه‌ی 30 میلیشیا و گرووپی چه‌كداری له‌ عێراق هه‌ن، هه‌ندێكیان به‌ر له‌ رووخانی رژێمه‌كه‌ی سه‌ددام حوسێن، دیكتاتۆری له‌ سێداره‌دراوی عێراق هه‌بوون و هه‌ندێكیان له‌ سه‌روبه‌ندی رووخانی رژێمه‌كه‌ درووست بوون.

له‌ ساڵی 2014 و داڕمانی سوپای عێراق له‌ شه‌ڕی داعش، میلیشیاكان زیاتر ده‌ركه‌وتن، به‌تایبه‌تیش دوای فتوایه‌كی ئایه‌توڵڵا عه‌لی سیستانی، مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كانی عێراق، بۆ به‌ره‌نگاربوون و رێگه‌گرتن له‌ هێرش و په‌لاماره‌كانی رێكخراوه‌كه‌.

سه‌رچاوه‌: "البیان"ی ئیماراتی

ئ. م