فڕین لە قەفەزدا

Kurd24

ئایا داعش قارچک ئاسا، لە خۆوە ھەڵتۆقیوە؟ یان ڕەگوڕیشەی قووڵ بە مێژووی ئیسلامدا ڕۆچووە؟ ئایا داعش ھیچی نوێی داھێناوە؟ ڕەوتارێکی تازەی نواندووە؟ یان ھەر چییەکی کردووە، بریتیبووە لە لاساییکردنەوەی ڕووداوەکانی نێو دیرۆکی ئیسلام؟ ھەموو ئەوانەی بڕێک شارەزایییان لە ڕابردووی ئیسلامدا ھەبێت و خەریکی گەوجاندنی خەڵک نەبن، دەزانن و دڵنیان، داعش وەچەی شەرعی و دەرھاوێشتەی مێژووی ئیسلامە و ھێشتا کارێکی نەکردووە، بە زەوتکردنی ژن و بە سووتاندنی دیلیشەوە، لە سەردەمی خودی پەیامبەر و یاوەرانیدا نەکرابێت و تەنانەت ھێشتا ھیچ سەرپێچییەکی لە دەقی پیرۆزیش نەکردووە. ئەگەر تەمی گومانێک لەوەی داعش درێژەپێدانی ئیسلامە، یان نا، بەرچاوی لێڵ کردبین، ئەوا بە گوێگرتنمان لە گوتاری بەشێک لە مەلایان و بانگخوازان و پەرلەمانتارانی ئیسلامی، تەمی ئەو گومانەمان دەڕەوێتەوە و ئاسۆی بەرچاومان ڕۆشن دەبێتەوە.


ئەوانەی داعش پەسەند ناکەن، پێ بزانن، یان نا، مێژووی ئیسلام ڕەت دەکەنەوە. ئەوانەیشی دیرۆکی ئیسلام بە چەشنێکی ناکۆک لەگەڵ داعشدا دەناسێنن، ئەگەر نەزان نەبن، بازرگانن. ھەموو ئەوانەی ئیسلامناسن و مێژووی ئیسلام، وەک مێژوویەکی تژی لە ئاشتی و بەزەیی و لێبوردەیی باس دەکەن، ئەوە بازرگانی بە دینەوە دەکەن و نان و دەسەڵاتیان بە شێواندنی ئەو دیرۆکە پڕ لە شەڕ و ڕق و دوژمنکارییەوە گرێ دراوە. ئەوەی داعش لە واقیعدا پێشکەشی دەکات، وەک فیلمێک وایە پشتی بە بەڵگەنامەی حاشاھەڵنەگری دیرۆکی و ڕووداوە ڕاستەقینەکان بەستبێت و لە مێژووی سەرھەڵدان و گەشەکردنی ئیسلام لای نەدابێت.


ئەوەی دیرۆکی ئیسلام، کەسانی وەک جەزیری، خانی، نالی، مەولەوی، شێخ موحەممەدی خاڵ و مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیسی پێ بەخشیوین، لە فریودانی عەوام بەولاوە، شتێکی دیکە نییە، ئاخر ھیچی ھاوبەش لە نێوان ئەو ھێژایانە و ئەو دیرۆکە ڕەشەدا نەبووە، کە ئەو ئایینەی بە زەبری شمشێر سەپاندووە. نە قازی موحەممەد، نە شێخ مەحموودی حەفید و نە شێخ سەعید پیران، ھیچیان سەر بە مێژووی ئیسلام نەبوون، سەر بە بزووتنەوەی کوردایەتی بوون، خەباتیان لە نیشتمانپەروەرییەوە سەرچاوەی گرتبوو، نەک لە مێژووی خوێناویی ئیسلامەوە.


وەک چۆن تورکی ئینساندۆست، بەرانبەر بە ئەرمەن خۆی بە شەرمەندە دەزانێت، وەک چۆن ئەڵمانیا شانازی بە قڕتێخستنی جوولەکەوە ناکات، وەک چۆن فەرەنسا شەرمەزارە لەوەی جەزائیری داگیر کردبوو، وەک چۆن ئەوە پەڵەی شەرمە بە ھەنیەی ئەورووپایییە داگیرکارەکانەوە، کە خەڵکە ڕەسەنەکەی ئەمریکا، (ھیندییە سوورەکان)یان قەلاچۆ کرد، ئەوەیش شەرمەزارییە بۆ خەڵکی نیمچە دوورگەی عەرەب، کە بە ناوی بڵاوکردنەوەی دینەوە، لە ڕێی کاولکاری و خوێنڕشتنەوە، کولتووری وەڵاتانی دیکەیان سڕییەوە و کولتووری خۆیان سەپاند. لە ئاستی ئەوەدا کە باپیرانی تاڵانچی بوون، وەڵاتانیان خاپوور کردووە و شارستانیی غەیرە عەرەبییان لەنێو بردووە، ھەر عەرەبێک ھەست بە شەرمەزاری نەکات، ئینساندۆست نییە، ھەر میللەتێکیش شانازی بە کولتووری بە شمشێر سەپێندراوی داگیرکارانییەوە بکات، پێ بزانێت یان نا، بە کۆیلایەتی ڕازییە.


سەرنجی مێژووی عەرەب بدەن، شاعیرێک یان زانایەکی تێدا ھەڵنەکەوتووە، باوەڕی بە ئایینی ئیسلام پتەو بووبێت. چی زانا و شاعیری گەورەی عەرەب ھەبوون، لە لایەن دەسەڵاتی ئیسلامەوە، بە زەندیق لە قەڵەم دراون و گەلێکیشیان کوژراون! ھەر بە گوێرەی ئەو دیرۆکەی خۆیان نووسیویانەتەوە، ئیسلام بریتیبووە لە گەڕان بە دوای دەسەڵات و سامان و ژناندا، ئەوەی بە لایەوە گرنگ نەبووبێت، ئەدەب و ھونەر و زانین بووە. بەپێی مێژووی بە قەڵەمی خۆیان نووسراوە، ئیسلام ئایینی لایەنگرتنی پێکەوە ژیان نەبووە، دینی یاسای دارستان و دادگای بیابان و قەتڵوعام و تواندنەوەی کولتووری گەلانی دیکە بووە. باسکردن لەوەی ئیسلام ئایینی لێبوردەیی بووە، سووکایەتیکردنە بەوانی تر، ئاخر بە چ ھەق و بە چ پاساوێک ئیسلامخواز خۆی لەوانی دیکە، پێ باڵاتر بێت و بڵێت: لێبوردەم بەرانبەتان؟ ئینسان ھەمان بەھای ھەیە، بە چاوپۆشین لەوەی سەر بە کام ئایینە، دیندارە یان بێدین، کەس مافی نییە، خۆی لەوانی دی بە بەخشندەتر بزانێت. ئەوە لە فریودان بەولاوە ھیچی تر نییە، کۆیلەی دەستی ئایینێک بین و بە سەرچاوەی ھەموو ھەڵسەنگاندنێکی بزانین و باس لە لێبوردەیی، یەکسانی، ئازادی و فرەلایەنییش بکەین.


نابێت ھیچ ئایینێک لە ئینسان بە پیرۆزتر بزانین، ئاخر بە درێژایی مێژوو بە ناوی ئایینەوە، سووکایەتی بە ئینسان کراوە، ئیدی ھەر لە زەوتکردنی ئاوەز و ویستەوە، ھەر لە سەرانە لێ سەندن و ژن بە تاڵانی بردنەوە، تا سڕینەوەی کولتوور و کۆکوژی. ئایین ھیچ چارەسەرێکی پێ نییە، ھەمیشە کێشەی ناوەتەوە و ھەر شەڕی لێ کەوتووەتەوە. شوێنکەوتنی ئەوپەڕگرانە و توندڕۆیانەی ئایین، گیرخواردنە لە بازنەیەکی داخراودا، کەسانێک کە خۆیان گیریان خواردبێت، کە توانای ئەوەیان نەبێت، ھەنگاوێک بچنە پێشەوە، ئیدی چۆن فریای ئەوانی دیکە دەکەون؟ کە ئیمیل سیوران گوتوویەتی: (بێجگە لە حەوجەی بۆ ڕەھا، دەتوانین ھەموو شتێکی دیکە لە ئینساندا بچەپێنین، ئاخر ئەو پێویستییە، بە ڕووخاندنی پەرستگەکان لەنێو ناچێت،) بیری بۆ ئەوە نەچووە کە ژمارەی ئەوانەی بە سەلیقە، بڕوایان بە دەسەڵاتی نادیاری سەرووی سرووشت نییە، ڕەنگە لە ژمارەی بڕواداران ھەڵکشاوتر بێت.

بۆچی لە دوورترین گۆشەی دونیاوە، لاوان بە پۆل دێن و دەچنە ڕیزی داعشەوە؟ چونکە ئیلھام لە میژووی ئیسلامەوە وەردەگرن. ئەوەی ئیش بۆ گونجاندنی ئەو گەنجانە لەگەڵ کولتووری خۆرئاوادا ناکرێت و پەراوێز دەخرێن، ئەوەی زانکۆیان تەواو کردووە و لەبەر نەبوونی دەرفەتی یەکسان، ئیشیان دەستگیر نابێت، ئەوەی لە ئازادیی ویژدان و خواپەرستی بێبەش کراون و دەیان پاساوی دیکە، ھەموویان خۆدزینەوەن لە گوتنی ڕاستی، کە بریتییە لەوەی، مێژووی ئیسلام سەرچاوەی تیرۆرە و تا ئەو مێژووە جێگەی شانازی بێت، تیرۆر بەردەوام دەبێت.


ئەدونیس شتێکی وا دەپرسێت: (باشە ئاوەز کەڵکی چییە، ئەگەر بێ چەندوچوون بڕوا بەوە بھێنین، چواردە سەدە و قوسوور لەمەوبەر، خوا بە پۆستەچییەکدا (جوبرەئیل) پەیامی بۆ بازرگانێک (موحەممەد) ھەناردووە؟ باشە ڕۆشنبیر ئیشی چییە، ئەگەر وەحی نەخاتە ژێر پرسیارەوە؟) ئەدی کێ دەڵێت، تەواوی سیناریۆکە لە پێناوی قازانجدا نەنووسراوە؟ ئاخر بازرگان بەر لە ھەموو شتێک بیر لە قازانج دەکاتەوە. لە جاھیلان گەڕێ کە لە پێناوی ویساڵی حۆرییاندا دەخەبتن، لای ئەوانەی خۆیان وەک داکۆکیکاری سەرسەخت لە ئایین نمایش دەکەن، دین ھیچ پێوەندییەکەی بە ڕۆح و بە ویژدانەوە نییە و جۆرێکە لە بازرگانی کە بە ھۆیەوە ھەم بە دەسەڵات دەگەن و ھەم بە دراو. باشە ژن گوناھی چییە، تا بە گوێرەی ئەو پەیامە کە ئەگەری ئەوە ھەیە زەوینی بێت، وەک ھەر کاڵایەکی دیکە، بازرگانیی پێوە بکرێت؟ ئایا ژن مافی نییە، سەروەری خۆی بێت و بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات؟ ئیسلام وەک ئایینێکی نێرسالار، لە قەفەزیشدا ڕێ بە فڕینی مێ نادات، نەک بڕوای بەوە نییە، ژن توانای داھێنانی ھەبێت، بەڵکوو ناچێتە ژێر باری ئەوەیشەوە، ژن عەقڵ شک ببات، ئاخر تەنیا وەک جەستە دەیبینێت. ئیسلامخواز ئەگەر زۆر دلۆڤان بێت، ئەوسا ددان بەوەدا دەنێت، ژنیش عەقڵی ھەیە، بەڵام عەقڵێکی نوقسان.

ئەگەر بە نیاز بین، جڤاکێکی سڤیلسالار ڕۆ بنێین، دەبێت ئەوە لە بیر خۆمان ببەینەوە، کە دەوڵەت دینی ھەبێت، ئەگەر نا، تا ماوین دەبێت لە قوڕی نەزانی و ئەفسانە و غەیبدا بچەقین و ھەنگاوێک لە ئازادی و دیموکراتی و یەکسانی نزیک نەبینەوە. سرووشتی دین وایە، نە ملکەچی یاسای گۆڕانە، نە گەشە دەکات و نە ڕیفۆرمی تێدا دەکرێت، ئاخر دین ئەوەیە کە ھەیە، نەک ئەوەی ئێمە دەمانەوێت، بۆیە ھیچ (بژارە)یەکی دیکەمان لەبەردەمدا نییە، یان دەبێت ببین بە کۆیلەی، یان لە ھەموو جومگەکانی دەوڵەتی جودا بکەینەوە، ناخر ناتوانین لەگەڵ بزاڤی کۆمەڵدا بیگونجێنین. ئەوانەی دەڵێن: ئایین بۆ ھەموو ھەلومەرجێک دەشێت، یان ھێندە جاھیلن، جیاوازی لە نێوان لاھووت و ناسووتدا ناکەن، یان نانیان لەسەر ئەوەیە، قۆناغی جاھیلی تێنەپەڕێنین. ئیسلام بۆیە مێژوویەکی ھێندە خوێناویی ھەیە، چونکە ھاوزەمان ھەم ئایین بووە و ھەم دەسەڵاتیش، بۆیە نەک ھەر وەختی ھاتووە، بەڵکوو درەنگیشە بۆ لە یەکدی جیاکردنەوەیان.



(١) إمیل سیوران، تڕریخ و یوتوبیا، ترجمە: ڕدم فتحی، ێ ٥٠ دار الجمل ٢٠١٠ بیروت.
(٢) ڕدونیس، لا تحقق الدیمقراگیە ما دام الدین ھو مرجع القیم، عباس سلیـمان، السفیر ١٩ حزیران ٢٠١٦ بیروت.
(*) بژارە: بە عەرەبی خەیار و بە ئینگلیزی (چۆیس)ە. بژاردە: بە مانای نوخبە دێت کە بە ئینگلیزی (ئیلیت)ە