ئیسلام لە ڕوانگەی شاگردانی شەیتانەوە

Kurd24

ئەوە گرنگ نییە ئێمە چی لەبارەی خۆمانەوە دەڵێین، ئەوە گرنگە ئەوان چی لەبارەی ئێمەوە دەڵێن. هیچ کام لەم بۆچوونانەی لێرەدا نووسراون، هەڵبەستراو نین و هەموویان سەرچاوەی جێی متمانەیان هەیە. زۆر جار ئیسلامخوازانی کورد دەڵێن: دەیان زانا و فەیلەسووف و نووسەری خۆرئاوایی، بە موحەممەد سەرسام بوون و ستایشی ئیسلامیان کردووە، بەڵام بێ ئەوەی گوتەیەکی یەکێکیان بە دەستنیشانکردنی سەرچاوەکەیەوە، بە نموونە بهێننەوە. بەو هیوایەی ئیسلامدۆستێک پەیدا ببێت، لە وەڵامی ئەم نووسینەدا، گوتە و بۆچوونی پۆزەتیڤی بیرمەندانی خۆرئاوا لەسەر ئیسلام، بە دیاریکردنی ژێدەرەوە، بە کوردییەکی پوخت بڵاو بکاتەوە.

 

(عیسا بە هۆی قوربانیدانییەوە بە خۆی، ئایینەکەی چەسپاند، موحەممەد لەڕێی قەلاچۆکردنی دوژمنانییەوە. ئیسلام بریتییە لە جاڕدانی شەڕ لە دژی دونیا، لە ژاراویکردنی کانیاوەکانی کامەرانی، لە سووکایەتیکردن بە ژن، لە شوێنکەوتنی ئارەزووە سێکسییەکان و لە کوشتنی هەموو ئەوانەی نە موحەممەد بە پەیامبەری خودا دەزانن، نە سەرانە دەدەن.) ڕەنگە ئەوە پوختەی بۆچوونی خۆرئاوا بێت لەسەر دینی موحەممەد. تۆماس جیفرسۆن (1743 – 1828)ی سەرۆکی ئەمەریکا، دەیگوت: (لە ئیسلام وایە، ئەگەر نەچینە سەر دینی موحەممەد، یان سەرانە نەدەین، ئیدی کوشتنمان ڕەوایە، ئەویشی لە ڕێی بڵاوکردنەوەی ئەو ئایینەدا بکوژرێت، دەرگای بەهەشت بە ڕوویدا واڵایە.) ولیەم گلادستۆن (1809 – 1898) کە چوار جار سەرەکوەزیرانی بەریتانیا بووە، دەیگوت: (تا قورئان فەرمانڕەوا بێت، دونیا ئاشتی نابینێت.)

 

توران دورسون (1934 – 1990) هەم نووسەرێکی پڕبەرهەم و گەورەبوو، هەم موفتیی تورکیایش، کە بوو بە ئەتایست، (بڕوای بە هەبوونی خوا نەما و لە دین وەرگەڕا،) گوتی: (ئەگەر خوا هەبێت، ئەو خوا دڵڕەقە نییە کە موحەممەد باسی دەکات.) لەسەر ئەو هەڵوێست و قسانە لە 4ی سێپتێمبەری 1990 دا لە ئەستانبووڵ تیرۆر کرا. مارک توین (1835 – 1910) کە باوکی ئەدەبی ئەمەریکایییە دەڵێت: (هیچ گومانم لەوە نییە، ئەوی بڕوای بە موحەممەد هەبێت، لە بواری هەڵسەنگاندنی ئاییندا سەرەواوێک لە هەناویدا نییە.) فەیلەسووفی فەرەنسایی ئەلێکسیس دو تۆکڤیللی (1805 – 1859) دەبێژێت: (هیچ ئایینێک هێندەی دینی موحەممەد بۆ مرۆڤایەتی کوشندە نییە، ئەو داڕزان و تێکشکانەی لە دونیای ئیسلامدا هەیە، زادەی ئەو باوەڕەیە.)

 

وینستن چەرچڵ (1874 – 1965) کە ناسرواترین سیاسەتمەداری ئەورووپا، سەرەکوەزیران بەریتانیا و وەرگری خەڵاتی نۆبێڵ بوو لە ئەدەبدا، دەیگوت: (ئیسلام هەر نەگبەتیی پێیە بۆ ئەوانەی دوای دەکەون، ئاخر لە هەر شوێنێک هەوادارانی موحەممەد هەبن، لەوێ دواکەوتوویی سەروەرە، لەوێ نە ئاشتی بوونی هەیە، نە ئارامی.) فەیلەسووفی ئینگلیز ئەنتۆنی فلوو (1923 – 2012) کە کارێکی زۆری لە بواری ئایینناسیدا کردووە، دەڵێت: (کە قورئان دەخوێنینەوە، وەک ئەوە وایە، سزای خۆمان بدەین، ئاخر هیچ چێژی لێ نابینین.) ولیەم موور (1819 – 1905) کە خۆرهەڵاتناسێکی سکۆتلاندییە و بە چوار بەرگ ژیاننامەی موحەممەدی نووسیوەتەوە، دەڵێت: (شمشێرەکەی موحەممەد و قورئان، دوژمنی شارستانی و ئازادی و هەقن، مرۆڤایەتی لە مێژوودا، دوژمنی لەو دووانە ترسناکتری نەناسیوە.)

 

گەورە فەیلەسووفی ئەڵمانیایی ئارسەر شۆپنهاوەر (1788 – 1860) دەڵێت: (قورئان هەرچەندە کتێبێکی لاوازە، بەڵام پێویستییە میتافیزیکییەکانی میلیۆنان ئینسانی پڕ کردەوە و گیرۆدەی سەدان شەڕی کردن. لە قورئاندا بڕوابوون بە خودا، لەوپەڕی هەژاری و خەمناکیدایە، ئایدیایەکم لەو کتێبەدا نەدۆزییەوە بایەخی هەبێت.) مۆنتیسکیۆ (1689 – 1755) کە بە باوکی دەستوور و بە داهێنەری جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە یەکدی ناسراوە، دەڵێت: (ئایینەکەی موحەممەد کە بە شمشێر دێتە گۆ، ئێستایش لەسەر هەمان گیانی کاولکارانەی پێی دامەزرا، بەردەوامە و ئەوپەڕی کارەساتە، دینێک بەهۆی داگیرکارییەوە بڵاو بکرێتەوە.) هیتلەر (1889 – 1945) گوتوویەتی: (ئەوە لە بەدبەختیمانە سەر بە دینی عیساین کە دینێکی هێمن و نەرمونیانە، ئایینی موحەممەد بۆ ئێمە گونجاوتر بوو، ئاخر ئەگەر سەر بە ئیسلام بووینایە، ئەو دینەی دەرگای بەهەشتی بە ڕووی جەنگاوەرە نەترسەکانیدا کردووەتەوە، دونیامان داگیر دەکرد.)

 

فەیلەسووفی ئینگلیزی دەیڤید هیوم (1711 – 1777) دەڵێت: (قورئان پڕە لە ستایشکردنی زەبروزەنگ و لە هاندان بۆ تۆڵەسەندنەوە، بۆیە بە هیچ جۆرێک لەگەڵ کۆمەڵی شارستانیدا ناگونجێت.) فەیلەسووفی سکۆتلاندی تۆماس کارلایل (1795 – 1881) دەنووسێت: (قورئان لە شیعرێک دەچێت، شاعیرەکەی وەختی ئەوەی نەبووبێت پاکنووسی بکات.) بیرمەندی فەرەنسایی ئارنست ڕینان (1823 – 1892) دەڵێت: (ئیسلام دژی زانست و سڤیلسالارییە و ئینسان لە ئایدیای جوان و هەستی ناسک بێبەش دەکات. ئیسلام زنجیرێکە ئینسانی کۆت و بەند کردووە و یەکەمین قوربانیی دەستی، تاکی موسڵمانە، بۆیە باشترین خزمەتێک بە موسڵمانێکی بکەین ئەوەیە، لە زیندانی ئیسلام ڕزگاری بکەین.)

 

زانای سویسرایی کارل یۆنگ (1875 – 1961) کە دامەزرێنەری قوتابخانەی دەروونشیکاری بوو، دەڵێت: (پێ دەچێت هیتلەر بە هیوای دامەزراندنی ئیسلامێکی نوێ بێت، ئاخر بە بادەی هەمان ئەو خوداوەندە دڕندەیە مەستە، کە موحەممەدیشی مەست کردبوو.) ڤۆڵتێر (1694 – 1778) ئەوی دەیگوت: (با وەکوو منیش بیر نەکەیەوە، ئامادەم لە پێناوی ئەوەدا تۆیش بە ئازادی قسەی خۆت بکەیت، گیانم بەخت بکەم،) لە نامەیەکدا کە لە دێسەمبەری 1740دا بۆ فرێدریکی دووەمی قەیسەری پرووسیای نووسیوە، لەبارەی پەیامبەری ئیسلامەوە دەڵێت: (بازرگانێکی حوشتر بوو، کە یاوەرانی بەوە قایل کرد، لەگەڵ جوبرەئیلدا قسە دەکات، ئیدی جاڕی یاخیبوونی چەکدارانەی دا. لاپەڕەیەک لە کتێبەکەیدا نییە لەگەل لۆگیکدا بگونجێت، بە ئاگر و ئاسن حوکمی دەکرد، پیاوی دەکوشت، ژنی دەڕفاند، گەلانی لەشەڕدا دۆڕاوی ناچار دەکرد، بڕوا بە دینەکەی بهێنن، یان سەرانە بدەن، ئەگەر نا، بە کوشتن سزای دەدان.) ڤۆڵتێر شانۆنامەیەکی بە ناوی (دەمارگیری)یەوە نووسیوە، تێیدا موحەممەدی وەک کارەکتەرێکی کێوی وێنە کێشاوە.

 

بێرنارد شۆ (1856 – 1950) نووسەری شانۆنامەی (شاگردی شەیتان،) کە تاقە ئەدیبی دونیایە، هەم نۆبێڵی بۆ ئەدەب (1925) و هەم ئۆسکاری (1938) بۆ باشترین سیناریۆ وەرگرتووە، لە لاپەڕە 305ی کتێبی (نامە کۆکراوەکان)یدا کە 1933دا چاپ کراوە، دەنووسێت: (ئیسلام لێبوردەیی نافامێت، ئاخر ئەگەر بڕوا بە پەیامبەری موسڵمانان نەهێنین، سەرمان دەبڕن، بەوەیش خۆیان دەچن بۆ بەهەشت و ئێمەیش بۆ دۆزەخ.) ئێنگڵس پێی وایە: (ئیسلام هیچی نوێی پێ نەبوو، هەمان ڕێی خێڵە بیاباننشینەکانی تاقی کردەوە، بەڵام بە بەرگێکی ئایینییەوە. ئیسلام بە پاساوی بڵاوکردنەوەی دینەوە، سەرقاڵی تاڵانکردنی دەرودراوسێ بوو.) مارکس دەنووسێت: (سەرهەڵدانی ئیسلام زادەی ئەوەبوو، مەککە و مەدینە، هیچ بایەخێکی ئابوورییان نەمابوو، ئاخر ڕێی بازرگانی نێوان ئاسیا و ئەورووپا کە زووتر بە دوورگەی عەرەبی و زەریای سووردا تێدەپەڕی، گوێزرابووەوە بۆ کەنداوی فارس و لەوێشەوە بۆ زەریای ڕەش.)

 

(*) HYPERLINK «http://www.alawan.org/auteur46.html»
فرید العلیبی، ڕسائل متبادله‌ بین كارل ماركس وفریدریك أنجلس حول الدیانه‌ الإسلامیه‌.
(**) بۆ سەرچاوەکان بڕوانە بەرنامەی: (سوال جرئ، الأخ ڕشید، الحلقه‌ 409 یووتیوب.)