داستانێک نیشتمانێک یەک دەخات

Kurd24

دانتی هەرچەندە خۆی بە فۆرمێکی سەختی شیعرنووسینەوە بەستووەتەوە و بە درێژایی ئیشەکەی لێی لا نەداوە، بەڵام هیچ هەست بەوە ناکرێت کە زۆر لە خۆ کردن بە شیعرەکانییەوە دیار بێت
ئەو زمانەی کە دانتی پێی نووسیوە و دواتر بووەتە زمانی ستانداردی ئیتالیایی و ئیتالیای لەتوپەتی یەک خستووە، تێکەڵەیەک بووە لە زمانی میللی و زمانی بژاردە
لای دانتی بۆ گەییشتن بە ئەستێرە، پەیژەی زیڕین هەیە، لە میعراجیشدا سوود لە پەیژە و (بوراق) وەردەگیرێت، وەک چۆن میعراج بە بینینی تیشکی خوا دوایی دێت، گەشتەکەی (دانتی)یش هەر لە هەمان جێ تەواو دەبێت
خەیاڵێکی هێندە دەوڵەمەند و کڵپەدار لە شیعری دانتیدا هەیە، مەگەر دوای ئەو لای بلیمەتێکی وەک شەکسپیر (1564 – 1616) تیشکی خەیاڵی وا زەنگین، بەر چاوی ئینسانی ڕۆشن کردبێتەوە


هۆ ئیتالیای بەکۆیلەکراو!
ئەی هەواری خەم
ئەی کەشتیی بێ ڕێنیشاندەری نێو زریانی شێتوهار
هۆ ئەو ژنەی چی دەڤەری جوانت هەبوو
لێیان زەوت کردیت!


کۆمێدیای خواییی، داستانەشیعرێکە گەورەشاعیری ئیتاڵیا، دانتی (1265 – 1321) سێزدە ساڵی ژیانی بۆ نووسینی تەرخان کردووە، شاکارێکی ئەدەبیی بێ وێنەیە لەسەر ئاستی دونیا، شاعیر بۆ نووسینی، وێڕای خەیاڵی خۆی، بە پلەی یەکەم پشتی بە تێڕوانینی ئایینی مەسیح بۆ ئەو دونیا بەستووە، لە سێ بەش پێک هاتووە: دۆزەخ، پاکژگە و بەهەشت. دۆزەخ لە پێشەکییەک و سیوسێ پارچەشیعر، پاکژگە و بەهەشتیش یەکی لە سیوسێ پارچەشیعر پێک هاتوون، کە بە هەر سێ بەشەکە دەکاتە سەد پارچەشیعر. ئەو فۆرمی شیعرەی دانتی کۆمێدیای خوایی پێ نووسیوە، خۆی دایهێناوە و هەر (کۆپلە)یەکی سێخشتەکییەکە کە وەک سەروا توندوتۆڵ بەوەی دواترەوە گرێ دراوە. دانتی لە گەشتەکەیدا بۆ ئەو دونیا، هەفتەیەکی پێ دەچێت، دوو ڕۆژ لە دۆزەخ دەبێت، چوار ڕۆژ لە پاکژگە و یەک ڕۆژ لە بەهەشت. دانتی پێمان دەڵێت: سەرچاوەی خراپە، خودی ئینسانە، ئەگەر دونیا شێواوە، لە خودی خۆتاندا بۆ هۆکارەکەی بگەڕێن، خۆتان پاکژ پیشان مەدەن و ئۆباڵی کێشەکان مەخەنە ئەستۆی دەوروبەر، یان ئاسمان.


لای دانتی، دۆزەخ: جێیەکە دوور لە تیشکی خوا، نۆ قاتە، ئەوی گوناهی گەورەی کردبێت، لە بنەوەیە، ئەویشی گوناهی گچکەی کردبێت، لە سەرەوەیە. پاکژگە: دەکەوێتە نێوان دۆزەخ و بەهەشتەوە، شوێنێکە بۆ تاقیکردنەوەی سەخت، بە مەبەستی پاکژکردنەوەی ڕۆح، بەهەشتیش کە هەر نۆ تەبەقەیە، نزیکبوونەوەیە لە باڵایی و لە نووری پیرۆز. دابەشکردنی دۆزەخ و بەهەشت بەسەر کۆمەڵێک (چین)دا، ڕەنگدانەوەی واقیعی چینایەتیی جڤاکی فیودالییە کە لە شێوەی هەرەمدایە و لە سەدەکانی ناویندا کۆمەڵ لەو قۆناغەدا بووە. لە دۆزەخ و پاکژگەدا، ڤێرجیل (70 – 19 پ. ز) شاعیری ناوداری ڕۆمان، ئەوی داستانی (ئەنیادە)ی نووسیوە، دەلیلی دانتی بووە، بەڵام لە بەهەشتدا (بیاتیریس)ی خۆشەویستی کە لە تافی لاویدا کۆچی دوایی کردووە، دەبێت بە هاوسەفەری. لای دانتی، (حەقیقەتی خوایی هەر یەکێکە، بە چاوپۆشین لەوەی بڕوامان بە کام ئایین هەیە.)


کۆمێدیای خوایی داستانێکی ڕەمزییە، بەشی یەکەم و دووەمی 1319 و هەمووی پێکەوە دوای کۆچی دوایی دانتی بڵاو کراوەتەوە. یەکەمین کاری ئەدەبیی ئیتالیاییی مەزنە، بە زمانی خەڵک نووسرابێت، ئاخر ئەوسا لاتینی، زمانی نووسینی ئەدەبی بوو. کە یەکەم جار بڵاو بووەوە، ناوی کۆمێدیا بوو، ئەوە (جیۆڤانی بۆکاشیۆ) بوو، (خوایی)یشی پێوە لکاند. ئەوەی کۆمێدیای خوایی سێ بەشە، هەر بەشەی سیوسێ شیعرە و هەر کۆپلەشیعرێکیشی (سێخشتەکی)یەکە، پێداگرتنە لەسەر سییانەی پیرۆز کە بریتییە لە (باوک، کوڕ و ڕۆحی قودس) کە لای کریستیان حەقیقەتێکی خوایییە، دەبێت بڕوای بە یەکبوونی هەر سێکیان هەبێت و مەبەست لێی ئەوەیە، عیسا کوڕی خوایە و هەڵگری ڕۆحی خوایە. وێڕای سییانەی پیرۆز، دانتی بیری لای ئەوەیش بووە، مەسیح لەم دونیا سیوسێ ساڵ ژیاوە و ئەوەیشی کە دۆزەخ و بەهەشت یەکی (نۆ) نهۆمن، دەچێتەوە سەر ژمارە (سێ) کە لای کریستیان، ژمارەیەکی پیرۆزە.


دانتی هەرچەندە خۆی بە فۆرمێکی سەختی شیعرنووسینەوە بەستووەتەوە و بە درێژایی ئیشەکەی لێی لا نەداوە، بەڵام هیچ هەست بەوە ناکرێت کە زۆر لە خۆ کردن بە شیعرەکانییەوە دیار بێت، بەڵکوو ئەوەندە ڕەوان و بێ گرێ و گۆڵن، هێندە لەسەر زار خۆشن، موزیکیان لێ دەچۆڕێت و تەنانەت کە بۆ ئەم یان ئەو زمان وەردەگێڕدرێن، هیچ کام لە بەها هونەرییەکانیان بزر نابێت. ئەگەر شیعر کۆکردنەوەی زۆرترین مانا بێت، لە کەمترین وشەدا، ئەوا دانتی بە درێژایی شاکارەکەی، کورتبڕیی ڕەچاو کردووە و هیچ درێژدادڕییەک بە ئیشەکەیەوە دیار نییە. بۆ ئەوەی لە زمانی چڕی دانتی تێبگەین، پێویستمان بە پاشخانێکی دەوڵەمەندی مەعریفی و ئاوەزێکی بێدار هەیە. لای دانتی شیعر سەر بە فەلسەفەیە، بایەخ بە ئاکار دەدات و لای کەم سێ لێکدانەوەی بۆ دەکرێت، یەکەمیان لێکدانەوەیەکی حەرفی و ڕووکەشە، دووەم مەجازییە و سێیەم سۆفییانە.


ئەو زمانەی کە دانتی پێی نووسیوە و دواتر بووەتە زمانی ستانداردی ئیتالیایی و ئیتالیای لەتوپەتی یەک خستووە، تێکەڵەیەک بووە لە زمانی میللی و زمانی بژاردە. دانتی باشی بۆ چووە، کە پێی وابووە، بۆ دەربڕینی هەست و سۆز، زمانی ئازادی میللی لە زمانی مل بە کۆتی لاتینی گونجاوترە. بە شاکارەکەوە ئەوە دیارە، خەڵکی سەدەکانی ناوین چۆن لە دونیا تێگەییشتوون و خودی دانتی چۆن لە ئاکاری ڕوانیوە. ئەگەر مانا حەرفییەکەی کارەکە لەبەر چاو بگرین، ئەوا دانتی باسی ڕەوشی ڕۆحی کردووە لە دوای مەرگ، بە گوێرەی مانا مەجازییەکەیشی، باس لە ئینسان دەکات کە لەبەر ڕۆشنایی (نامەی ئەعمال)یدا، سزا دەدرێت، یان پاداشت دەکرێت، مانا سۆفییەکەیشی کە ئەمەیان مەبەستی سەرەکیی دانتییە، ڕزگارکردنی ئینسانە لە کوێرەوەرییەکانی ژیان، ئەوەیش بە دەستنیشانکردنی ڕێگەی بەختیاریی ڕاستەقینە بۆی.


دوێنێ شه‌و
له خه‌وما/ مردبووم،
له‌ به‌رده‌م/ باره‌گای/ یه‌زداندا،
به‌ ترس و/ له‌رزه‌وه‌،
بێ ئومێد،
چاوه‌ڕێی/ پسووڵه‌ی/ دۆزه‌خ بووم،
ئه‌و کاته‌ی/ نۆره‌م هات،
خوا فه‌رمووی:
له‌به‌ر چی/ ئه‌وه‌نده‌/ ده‌ترسی؟
به‌هه‌شته‌/ جێی که‌سێ،
له‌ سایه‌ی/ دۆزه‌خی/ به‌عسدا/ ژیابێ و
نه‌بووبێ/ به‌ به‌عسی.(*)


ئینسان چونکە هەڵەی کردووە، لە دۆزەخدا ئەشکەنجە دەدرێت، لە پاکژگەدا لەڕێی بڕواهێنانەوە خاوێن دەبێتەوە و ئینجا بە کۆمەکی (ڤێرجیل)ی ڕەمزی حیکمەت، دەگاتە بەهەشت کە هەواری ڕزگاربوونە لە خۆخۆشویستن و گەییشتن بە ئەوینی ڕاستەقینە کە لە (بیاتریس)دا خۆی دەنوێنێت. دانتی کە هەموو ژیانی خۆی گوشیوەتە ناو کارەکەیەوە، پێمان دەڵێت: ئەگەر لەم دونیا پێوەندیی نێوان تاک و خوای خۆی، ڕۆحیی بێت، ناکرێت خۆشییەکانی لەو دونیا، پێوەندییان بە جەستەوە هەبێت، هەر بۆیە فریشتە وەک تیشک پیشان دەدات، نەک وەک زیندەوەرێکی جوان لە گۆشت و ئێسک.


عەرەب باسی ئەوە دەکەن، تیشکی مەشخەڵی ئەدەب، لە دوورگەی سیسیلیا (سەقەلییە)وە کە سەد ساڵێک (965 – 1061) لە بن چەپۆکی ئیسلامدا بووە، بە ئیتالیا گەییشتووە و بە هۆی ئەو تیشکەوە بەرچاوی دانتی ڕۆشن بووەتەوە و کۆمێدیای خواییی نووسیوە. عەرەب دەڵێن: دانتی سوودی لە قورئان، بەتایبەتی لە وەسفی دۆزەخ و بەهەشتدا وەرگرتووە و دابەشکردنی دۆزەخ و بەهەشتی بەسەر نۆ نهۆمدا، لەوەوە هێناوە کە ئاسمان لای ئیسلام حەوت نهۆمە. عەرەب پێیان وایە، دانتی لە بەشی بەهەشتی گەشتەکەیدا، لە چیرۆکی میعراج سوودمەند بووە و ئەبوو عەلائی مەعەڕییش (973 – 1057) کەم و زۆر ئیلهامی پێ بەخشیوە. ئەوە بە ئیشەکانی جیمس جۆیس و ت. س. ئەلیەت و ولیەم بلاکەوە دەدرەوشێتەوە کە ئیلهامیان لە کۆمێدیای خواییەوە وەرگرتووە، لای ئێمەیش میرزا موحەممەد ئەمین مەنگوڕی (1910 – 1988) لە کتێبە دانسقەکەیدا: (گەشتی ئەستێرەی مەریخ،) کاریگەریەتیی دانتیی لەسەر بووە.


لایەنی هاوبەش لە نێوان کۆمێدیای خوایی و ئایینی ئیسلامدا هەیە، لەوانە: لێرە ڤێرجیل دەلیلی دانتییە، لەوێ جوبرەئیل ڕێبەری موحەممەدە. لای دانتی بۆ گەییشتن بە ئەستێرە، پەیژەی زیڕین هەیە، لە میعراجیشدا سوود لە پەیژە و (بوراق) وەردەگیرێت، وەک چۆن میعراج بە بینینی تیشکی خوا دوایی دێت، گەشتەکەی (دانتی)یش هەر لە هەمان جێ تەواو دەبێت. ڕەنگە ئەو لێکچوونانە ڕێکەوت نەبێت و ڕێی تێ دەچێت، دانتی کەڵکی لە کەلەپووری ئیسلام وەرگرتبێت. مەعەڕی گەشتەکەی خۆی: (نامەی چاوپۆشی) بۆ دۆزەخ و بەهەشت، بە شێوازێکی گاڵتەجاڕانە نووسیوە، بەڵام دانتی کە شاکارەکەی ناو ناوە کۆمێدیا، هەر لە سۆنگەی ئەوەوە بووە کە کۆتایییەکی شادی هەیە، ئەگەر نا ناکەوێتە خانەی کۆمێدیاوە. ئەوەیش جێی سەرنجە، دانتی لە دۆزەخدا، موحەممەد دەبینێت، وەکوو ماسییەکی هەڵدڕیاگ، هەر لە دەمییەوە تا خوار ناوکی شەق کریاگە و هەموو هەناوی بەدەرەوەیە.


کۆمێدیای خوایی، بە دڕێژایی دیرۆک و لەسەر ئاستی دونیا، یەکێکە لە کتێبە هەرە گرنگەکان، بە شیعرێک نووسراوە، نە لووتبڵندیی تێدایە، نە خاکەراییی درۆزنانە، نە سازانی تێدایە، نە ترسنۆکی، هێندە ئازایانە و ڕاشکاوانە، دەسەڵاتدار با خودی (پاپا)یش بووبێت، ڕەخنەباران دەکات، لە مێژووی شیعردا لە وێنەی نییە. خەیاڵێکی هێندە دەوڵەمەند و کڵپەدار لە شیعری دانتیدا هەیە، مەگەر دوای ئەو لای بلیمەتێکی وەک شەکسپیر (1564 – 1616) تیشکی خەیاڵی وا زەنگین، بەر چاوی ئینسانی ڕۆشن کردبێتەوە. ڤیکتۆر هۆگۆ (1802 – 1885) گوتوویەتی: (دانتی خاوەنی ئاوەزێکی بەپێت بووە و یادی هەر زیندوو دەبێت، هیچ نەبێت لە سۆنگەی ئەوەوە، لای ئەو، خوا لە سەنتەر و گەردوون لە پەراوێزدایە.)