لە قووڵاییی ڕۆحەوە

Kurd24

بەوەی باشە، ئینسان بڕوای وایە، خوا فەرمانڕەوایەکی دادپەروەرە، ئەگەر نا سڵی لە ستەمکاری نەدەکردەوە. ئەوانەی ستەم لەم و لەو دەکەن و ژیانیان بە فڕوفێڵ و گەندەڵکارییەوە بەندە، با حەج و عەمرەیشیان کردبێت، با نوێژێکیشیان نەچووبێت، با خۆیان وەک بڕواداریش نمایش بکەن و قورئانیشیان خەتم کردبێت، خەڵکانێکن خۆیان فریو دەدەن، ئاخر ڕاستییەکەی نە بڕوایان بە خوا هەیە، بە زیندووبوونەوە و نە بە بەهەشت، ئەگەر نا لە سزای خوای دادپەروەر دەترسان و خۆیان چاک دەکرد. ڕەنگە شوێنێک بە ناوی بەهەشتەوە لە هیچ کوێ نەبێت، بەڵام بێ گومان لە ناخی خۆماندا هەیە، ئەگەر ویژدانێکی زیندوومان هەبێت و ستەم لە کەس نەکەین.
ئەوە گرنگ نییە بژین، ئاخر ڕەنگە بژین و هیچ لەبارەی مانا و بایەخی ژیانەوە نەزانین و هەرگیز ئەم پرسیارەمان لە خۆمان نەکردبێت: بۆچی دەژین؟ هەموومان خەون بە بەختەوەرییەوە دەبینین، بەڵام بە دەگمەن، یەکێکمان تێدا هەڵدەکەوێت، شتێک لەبارەی ڕێساکانی بەختیارییەوە بزانێت، ئاخر مرۆڤایەتی لە کەمینەیەکی خەمبار و لە مێگەلێکی (بەختەوەر) پێک هاتووە. لای پروودۆن (1809 – 1865) بەختەوەری ئەوەبوو، ئینسان خۆی نەداتە دەست قەدەر و لای مارکس (1818 – 1883)یش بەشداریکردن بوو لە هەوڵی گۆڕینی دونیادا.
ئەگەر خۆمان پێ شۆڕشگێڕێکی عەیار بیستوچوار بێت، لەگەڵ ئەو باوەڕدارانەدا کە هەمیشە خۆیان پێ لەسەر هەقە، جیاوازییەکی ئەوتۆمان نابێت. باوەڕدار پێی وایە، لە ڕێی ئایینەوە بە بەهەشت شاد دەبێت، شۆڕشگێڕی توندڕۆیش وای بۆ دەچێت، بە هۆی ئایدۆلۆجیاوە بەهەشتێک ڕۆ دەنێت، لەم بوارەدا، بە چاوپۆشین لە ڕێبازیان، هەردووکیان ئایدیالیستن، کەسیان مەتریالیست نین. ئیرەیی بە ئادەم دەبەم، کە زیندوو دەبێتەوە، بۆ بەهەشت، بۆ نیشتمانی دێرینی دەگەڕێتەوە، ئێمە ئەگەر بەهەشتیشمان بە نسیب ببێت، نیشتمانی خۆمان، کە بێ شک لە بەهەشت خۆشترە، لە کیس دەچێت.
بۆ ئەوەی بڕوامان بە یوتۆپیا هەبێت، پێویستمان بە بڕێک لە ساویلکەیی هەیە، ئەگەر نا، دەبێت خۆمان لە گێلی بدەین. ئەم ساویلکەیی و خۆ گێلکردنە، بۆ ئەدەبی کۆمێدیایش کە لە (تەوس)دا خۆیان نمایش دەکەن، هێندە پێویستن، ڕەنگە بێ ئەو دوو ڕەگەزە، لە دایک نەبێت. وەک چۆن بۆ گەییشتن بە بەهەشتی خوایی پێویستمان بەوە هەیە، قوربانی بە خۆشیی دونیایی بدەین، ئەو بەهەشتەیش کە قەرارە لە ڕێی ئایدۆلۆجیاوە ڕۆی بنێین، بێ قوربانیدان پێی ناگەین! هەموو جیاوازییەکانی نێوان نەفسبەرزی و نەفسنزمی لەوەدا چڕ دەبنەوە، نەفسبەرز کەسێکە قوربانیدەر، بەڵام نەفسنزم کەسێکی خۆپەرستە، ئیدی ئامانج بەهەشتی ئەو دونیا بێت، یان هیی ئەم دونیا. مەسیح لە کوێ کە گیانی خۆی بەخت کرد و ئەوانە لە کوێ کە بازرگانی بە ئایینەوە دەکەن؟
ئەوانەی کێشەیان هەیە و دەیشارنەوە، مەترسییان بۆ سەر کۆمەڵ هەیە، ئاخر کێشەکەیان دەبێتە سەرچاوەی وزەیان و لەناکاو ئەو وزەیە، خراپ وەگەڕ دەخەن، تەواو وەک گوشار کە تەقینەوەی بە دوادا دێت. ئەوانەیشی هەستێکی وایان لە کن دروست دەبێت، کە فەرامۆش کراون، مافی خۆیان وەک پێویست پێ ڕەوا نەبینراوە، یان سووکایەتییان پێ کراوە، قینێک لە بنی ڕۆحیاندا کۆ دەبێتەوە، بۆ تۆڵەسەندنەوە و تێکدان هانیان دەدات.
ڕەنگە ڕق هەندێک جار بۆ نووسەر ئیلهامبەخش بێت، بەڵام پاڵنەرێکی پۆخڵە و نابێتە هەوێنی بەرهەمهێنانی دەقێکی جوان و ئینسانی و نەمر. (من بە هۆی بیرکردنەوەوە، تۆڵە دەکەمەوە.) ئەوە کارەساتە نووسەر خۆی بخزێنێتە ئەو گۆشە تەنگ و تاریکەوە و لە هەوڵی ئەوەدا بێت، توانای داهێنانی بۆ شاردنەوەی هەستی ڕەشی تەرخان بکات. ئەوە مافی نووسەرە، بڕێک کەڕەت ڕەق و زبر بنووسێت، بەڵام لە پێناوی سەرخستنی بەها جوانەکاندا، نەک بە مەبەستی پاکژکردنەوەی حیساب لەگەڵ نەیارانیدا و بۆ تۆڵەسەندنەوە لەم و لەو. ئەو نووسەرانەم خۆش دەوێت، کە لە نێوان سەرکزی و سەرچڵیدا، دووەمیان هەڵدەبژێرن، بەڵام لە ‌هەڵچوونیشدا توانای جواننووسین لە دەست نادەن.
بەگەڕخستنی ڕق لە نووسیندا، لەوەیشدا ڕەنگ دەداتەوە، بەرهەمی نووسەرانی کۆچکردوو بەرز بنرخێنین و ئاوڕێکی دادپەروەرانە لە بەرهەمی نووسەرانی زیندوو نەدەینەوە. هەندێک جار لە دڵی خۆمدا دەڵێم: (ناهەقی ئەو نووسەرانە ناگرم کە ڕقیان لێمە، ئاخر پێیان وایە، تیشکی خۆری گەشی نووسینی من، لێ ناگەڕێت کەس چاوی لە جریوەی کزی ئەستێرەی نووسینی ئەوان بێت.) هەقە ددان بەو ڕاستییەدا بنێین کە نووسەری زیندوو هەیە، هاوتەمەنی ئێمەیە و لە ئێمەیش بەهرەمەندترە، ئەوە دووڕوویییە، تا زیندووە ڕێز لە توانای نووسەرێکی گەورە نەگرین و کە چرای ژیانی کوژایەوە، کڕنووش بۆ گڵکۆکەی ببەین.
ڕەنگە بتوانین توانای نووسەرێکی ناودار بخەینە ژێر پرسیارەوە، بەڵام ناتوانین کۆشکی شکۆمەندیی خۆمان، لەسەر کەلاوەی ئەوانی دیکە ڕۆ بنێین. ناچێتە عەقڵەوە، نووسەرێکی گەورە بین و ویژدانێکی ناساغ و تێکشکاومان هەبێت، یان هەر ویژدانمان نەبێت. یان هەین، یان نا، کە هەبووین وەک چۆن خودی خۆمان دەناسین، ددان بە هەبوونی ئەوانی تریشدا دەنێین و بە چاوێکی نزمەوە، سەرنجی بەهرەی بەرزیان نادەین. ڕەنگە تۆڵەسەندنەوە لە چرکەساتی یەکەمیدا چێژبەخش بێت، بەڵام دواتر خەفەتهێنە و هەست بە ئازاری ویژدان دەکەین.
ئەگەر هەر بە باڵای پاشادا هەڵبڵێین، ئیدی پاشای وەڵات بێت، یان هیی دونیای شیعر، ئازادیی خۆمان لە دەست دەدەین و لە بازنەیەکدا گیر دەخۆین. (تەنانەت تۆیش ئەی بروتوس!) بروتۆس، ئەوی لە کوشتنی یولیۆس قەیسەردا بەشدار دەبێت، کە لە بەرانبەر (ئۆکتافیۆس)دا تووشی تێکشکان دێت، دەڵێت: (ئەی چاکە، تۆ لە ناوێک بەولاوە هیچی دیکە نیت.) هیچ داخێک لەوە بەئازارتر نییە، متمانەمان بە کەسێک هەبێت و نائومێدمان بکات، ئێمە چاکەی ئەومان بوێت و ئەو لە تەنگانەدا، نەک هەر بە هانامانەوە نەیەت، بەڵکوو زەبریشمان لێ بوەشێنێت.
تەقاندنەوەی وزە شاراوەکانی نووسین، لە بەکارهێنانی وشەی زبردا خۆی نابینێتەوە، با دەسەڵاتی ستەمکار، هانا بۆ پۆخڵترین ڕێگەیش ببات، نووسەر هاوسەنگی لە دەست نادات و بە وشەی ناشیرین، بە گژ ستەمدا ناچێتەوە، ئەگەر نا ئەویش دەبێت بەژێر داروپەردووی هەرەسی تەلاری ئاکارەوە. لە نێوان کورسیی دەسەڵات و کورسیی ددانپێداندا، نووسەر ئەوەی دووەمیان هەڵدەبژێرێت، ناخر چاوی لە هێز و دراو نییە، خەریکی ئەوەیە، لەڕێی درکاندنی ڕاستییەکانەوە، ناخی خۆی پاکژ ڕابگرێت. بە بەراوردکردنی (میر)ی مەکیاڤیللی لەگەڵ (ئۆتۆبیۆگرافیا)کەی (ڕۆسۆ)دا، ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەبێت، دەسەڵاتدار چەند درۆزن و پۆخڵە و نووسەر چەند ڕاستگۆ و پاکژ.
لە ڕوانگەی (ئیمیل سیوران)ـەوە (1911 – 1995) بیرمەند نییە، گاڵتەی بە گەل نەهاتبێت، بێ ئەوەی هیچ لەسەر کەسیان کەوتبێت. ڕەنگە فەرمانڕەوا هەبووبێت، بەبێ ئەوەی لە تاوانی گەورەوە گلابێت، حوکمی کردبێت، بەڵام فەرمانڕەوا نەبووە، بەبێ ستەم حوکمی کردبێت. فەرمانڕەوای لێزان، قوم قوم ژاراو بە گەرووی گەلدا دەکات و لەودیو پەردەی دڵسافییەوە، پلان بۆ گەمە ترسناکەکانی دادەڕێژێت. هەندێک جار دیکتاتۆر هەڵدەچێت و تەنانەت دەشێت خۆی وەک شێتیش نیشان بدات، بۆ ئەوەی هەستێکی وا لە کن گەل دروست ببێت کە ستەمکار نییە، بەڵام ناوبەناو لە ناچارییەوە، هانا بۆ خوێنڕشتن دەبات.
ستەمکار بەوەی سەرەتا بە قەڵاچۆکردنی هاوڕێ نزیکەکانی دەست پێ دەکات، وەک ستالین و سەددام کردیان، ترسێکی گەورە دەخاتە دڵی گەلەوە، ترسێک هەمیشە پێویستی پێیەتی، ئاخر ئەگەر ئەو ترسە نەبێت، هەمیشە ئەگەری ڕابوونی گەل لە ئارادایە. سیوران پێی وایە، بۆ ئەوەی ببین بە سیاسەتمەدارێکی سەرکەوتووی ستەمکار، پێویستە عەقڵمان بڕێک تێک چووبێت، کە بە نەخۆشیی (شێتبوونی مەزنایەتی) ناسراوە. لای دیکتاتۆر سیاسەت ئەوەیە خۆت باڵاترین کەسی حیزب، یان وەڵات بیت، شارەزای هونەری سووکسەرنجدانی ئەوانی دیکە بیت و وەک دەخوازیت گەمە بە گەل بکەیت. ستەمکار کە گیرۆدەی دوو دەردە، هەڵچوونی شێتانە و خەمۆکییەکی ترسناک، هەرچەندە ئارەزووی خوێنڕشتن دەکات، بەڵام هەر زوو پەشیمان دەبێتەوە.
گۆگۆڵ (1809 – 1852) هەستی کردبوو، ئەو هێمنییەی وەڵاتی گرتووەتەوە، هیی پێش گەردەلوولە، بۆیە گوتبووی: (هۆ ڕووسیا گیان بەرەو کوێ بەڕێوەیت؟) ئەگەر خۆمان پێ نووسەر بێت، پێویستە پرسیارمان، بارگاوی بێت بە پێشبینیی دروست. بۆ نووسەر ئەوە گرنگە نوقڵانەیەک لێ بدات، لەگەڵ ڕەوتی مێژوودا بگونجێت، ئەوەیش نایەتە دی، ئەگەر بەدەم گۆڕانەوە وێنەی واقیع نەکێشێت، ئاخر ئەگەر توانای بینینی دونیا لە گۆڕاندا شک نەبەین، بەرهەممان بەرگەی تێپەڕبوونی زەمان ناگرێت.
ژیان ئەوە ناهێنێت لە پێناویدا خودی خۆمان جڵەو بکەین.
ئازادی ئەوەیە پێویستمان بە پەرستنی بت و بە بیروباوەڕی پیرۆز نەبێت.
شۆڕش ئەگەر مارانەیش بێت، هەر بەڵێنی ئایندەی گەش بە گەل دەدات.
ئەگەر پێت وایە هەموو ڕاستییەکان لای خۆتن، ئەوا ئەگەر گەوج نەبیت، لای کەم هێشتا هەرزەکاریت.
بۆ ئەوەی دروست ببینین، تەنیا ئەوە بەس نییە، خاوەنی دوو چاوی ساغ بین.
(*) سیوران، تاریخ و یوتوبیا، ترجمه‌: أدم فتحی، منشورات الجمل 2010 بیروت.