بیست و دوو ساڵ لەمەوبەر

Kurd24

بیست و دوو ساڵ لەمەوبەر، واتە پاییزی ساڵی 1993 لە ئیستانبوڵ بووم، کاری هونەری و ڕۆژنامەوانیم دەکرد. ئێوارەی ڕۆژێکی پاییزی لە ڕۆژنامەی (ئۆزگیور گویندەم)ەوە زەنگیان لێ دا و گوتیان کاتت هەبێت دەمانەوێ سەرێک بدەیت و ئێستا یەکتر بینین. ناکرێ سبەی بێت؟ پرسیم، گوتیان نا، شتێکی گرنگ هەیە دەمانەوێت قسەت لەگەڵ بکەین. ئەو دەمە هێشتا هەواڵ بەم خێراییەی ئێستا بڵاو نەدەبووەوە. لەو کاتەدا نەمبیستبوو تورکیا هێرشی کردبێتە سەر زەڵێ. پاش دوو سەعات خۆم گەیاندە گەڕەکی قادرگا کە بارەگای سەرەکیی ڕۆژنامەکەی لێ بوو. لەوێ یەکسەر بابەتیان کردەوە و گوتیان لە لایەن پۆلێ فڕۆکەی دەوڵەتی تورکیاوە بۆردومانی چڕی زەڵێ کراوە. پێویستمان بە کەسێکە ڕۆژنامەوان بێت، دەڤەرەکە بناسێت و کوردیی (سۆرانی)یش بزانێت. هەروەها گوتیان: دەمانەوێ یەکەمین ڕۆژنامە بین بچین ڕاستیی ڕووداوەکە تۆمار بکەین و بیگوازینەوە. چونکە وا یەکەمین ڕاپۆرتەکانی ڕادیۆ و تی ڤی تورکیا باس لەوە دەکەن کە هەرچی لە زەڵێ هەبووە گیانی دەرنەکردووە و لە سەدا سەدی ئامانجەکانمان پێکاوە. پێکانی ئامانجەکان! دەسەڵاتدارانی تورک بەردەوام پێکانی ئامانج لە پەلامار و دەستوەشاندا دەبینن، نەک لە نزیکبوونەوە لە ئاشتی و ئارامیدا. ئەمە کرۆکی کێشەکەیە، چاوگی ئاڵۆزی و کێشەگەلی ناوچەکەیشە، کێشەگەلێک نازانین چەند ساڵ و چەند سەدەی تر چارەسەر دەبن. شەوی 24 لەسەر 25ی ئەم مانگە، کاتێک هەواڵی هێرشکردنە سەر بارەگا و شوێنەکانی پەکەکە لە لایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە بڵاو کرایەوە، یەکسەر ئەو ڕۆژانەی ئیستانبوڵ و لێدانی زەڵێم بیر کەوتەوە. ئەو دەمەیش دەسەڵاتدارانی تورکیا دەیانگوت تەواو، بەم هێرش و پەلامارانە لەناویان دەبەین. ئێستایش دەسەڵاتدارانی تورکیا پێیانوایە بەو جۆرە دەتوانن پەکەکە لەناو بەرن و شتێک بە ناوی دۆزی کوردەوە نەهێڵن، بێگومان ئەوان بە چاوی نەیارەوە دۆزی کورد لە هەموو شوێنێک دەبینن و دەستبەرداری ئەو تێڕوانینە نەبوون. بەڵام دەسەڵاتدارانی تورکیا نە پاییزی 1993 توانیان ئامانج بپێکن و نە ئێستایش بە تەڤلیهەڤکردنی دیمەنەکان شتێکیان دەستگیر دەبێت. ئەوان باش دەزانن لێدانی تیرۆریستانی داعش و هێرشکردنە سەر کەسانی ئازادیخواز دوو شتن پێکەوە کۆ ناکرێنەوە. ئەو شێواندنە پێی کورتە و ناتوانێت بڕ بکات. بەڵام دەسەڵاتدارانی تورکیا سروشتێکی تایبەتییان لە نەیارێتیی کورددا هەیە. ئەوان بۆ پێکانی ئەو ئامانجە دەتوانن زۆر شت بکەن. ئێستایش پاش بزێویی کورد لە باکوور و بەتایبەتیش بردنەوە و تێپەڕینی بەربەستی هەڵبژاردن و بوون بە ئاستەنگ لە ڕێی ئاک پارتیدا کە نەتوانێت دەسەڵاتداری بێ ڕکابەر بێت، دووبارە بۆ پێکانی ئامانج پەنا وەبەر هێز و توندوتیژی دەبەن. دەبوو پێچەوانەی ئەمەیان بکردبا، دەبوو ئەوان پەلەیان بکردبا لە دانیشتن لەگەڵ نوێنەرانی کورد و گوێگرتن لێیان، گوێگرتن بەمەستی گەیشتنە وێستگەی هاوبەش. بەڵام ئیتر ئەوەیە مێژووی تورکیا و دەسەڵاتدارانی عوسمانی، مێژوویەک تژە لە کارەساتی پەلاماردان. پەلاماردانی ئەوانی تر. بێگومان یەکێکی تر لە خەمەکانی تورکیا لێدانی ڕۆژئاوایە. ئەوەی تورکیا لە دژی ئەزموونی باشوور کردی، ئێستا هەمان شت و بە پێداگریی زۆرترەوە لە دژی ڕۆژئاوا دەیکات. تورکیا کە خۆی دیرۆکێکی هەیە لێوانلێو لە تواندنەوە و چەوساندنەوەی ئەوانی تر، کەچی لە خەمی ئەوەدایە کورد لە ڕۆژئاوا مافی ئەوانی تر، نەتەوە و کەمینەکانی تر، بخۆن! چ دنیایەکی بێ نەزم و حیسابە؟ ئیتر ئەوەیە کورد دەیەوێت لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا گفتوگۆ بکات، دەوڵەتێک نەک باوەڕی بە گفتوگۆ نییە لەگەڵ کورد، بەڵکو لە نێوان هاوسێیەتیی کورد و داعشدا، بە ئاشکرا هاوسێیەتیی داعشی پێ باشتر و پەسەندترە. ئەمەیە چارەنووسی کورد لەو دەڤەرە!