دین وەک ئایدۆلۆجیا

Kurd24

سیکولاریزم نە ئایدۆلۆجیایە، نە دژی ئایینە، سیکولاریزم نە لێ دەگەڕێت کەسانی سەر بە ئیسلام، دووچاری چەوساندنەوە ببنەوە، نە بواریش دەدات، ئیسلام ببێتە ئامێرێک بۆ چەوساندنەوەی ئەوانی دیکە
ئیسلامییەکان بە هۆشیارییەوە دژی عەلمانیبوون دەوەستنەوە، چونکە بەڕەکە لەژێر پێیان ڕادەکێشێت و لێ ناگەڕێت ئایین وەک پردی گەییشتن بە دەسەڵات و دراو بەکار بهێنن، بەڵام عەوام لە جەهلەوە دژایەتیی عەلمانییەکان دەکەن
ئەوە ئیسلامی حیزبییە، سووکایەتی بە ئایینەکە دەکات، نەک خەڵکانی عەلمانی، ئەوە بۆیە سۆفییەکان، (چونکە ئایین بە ڕێی گەییشتن بە خوا دەزانن، نەک بە دەسەڵات،) ناکۆکییان لەگەڵ عەلمانییەکاندا نییە

ڕێزگرتن لە درۆ پێویستی بە بەهرە هەیە، چونکە ئەو بەهرەیە شک نابەم، خوێنم شیرین نییە.

گالیلۆ (1564 – 1642) لە ترسی گیانی خۆی، لەوە پەشیمان بووەوە کە زەوی بە دەوری خۆردا دەسووڕێتەوە، بەڵام زەوی لە سووڕانەوەی خۆی نەکەوت. هەرچەندە دادگای پشکنین ئەو زانایەی دەست بەسەر کردبوو، بەڵام لێکدانەوەکانی دونیایان تەی دەکرد.
وەک کاردانەوەیەک بۆ گوتەکەی مارکس، ئایین ئەفیوونی گەلانە، ڕیموون ئارۆن (1905 – 1983) لە 1955 دا، کتێبێک بڵاو دەکاتەوە، ناوی لێ دەنێت: (ئەفیوونی ڕۆشنبیران) کە مەبەستی لە ئەفیوونەکە، مارکسیزم دەبێت. ئەو سەروەختە، دوای دووەمین جەنگی دونیاگرەوە، سارتەر (1905 – 1980) ناسراوترین مارکسیستی فەرەنسا دەبێت و زۆربەی ڕۆشنبیرانی فەرەنسایش پێیان وا دەبێت: هەڵەی سارتەر لە ڕاستیی ئارۆن باشترە. لە ڕوانگەی (دانیاڵ بێڵ)ەوە (1919 – 2011) کە نووسەری کتێبی (کۆتاییی ئایدۆلۆجیا)یە، ئایدۆلۆجیایش وەک ئایین، بەرەو توندڕۆیی پەلکێشمان دەکات، بەڵام تەکنەلۆجیا بۆ داهێنان هانمان دەدات و کە ئایدۆلۆجیا جڤاکەکان لێک جودا دەکاتەوە، ئەوە تەکنەلۆجیایە، یەکیان دەخات.
هەر دین و ئایدۆلۆجیا تلیاک نین، زۆر جار شیعر و ڕۆمانیش ڕۆڵی ئەفیوون وازی دەکەن. جیۆڤانی بۆکاشیۆ (1313 – 1375) گەورە شاعیری ئیتالیای سەروەختی ڕێنیسانس، کە زیاتر بە (دیکامیرۆن) بەناوبانگە، ئاخر دەڵێن، بەو کتێبە بناغەی ڕۆمانی داڕشتووە، ڕۆمانێکی دیکەی هەیە، ناوی لێ ناوە: (فییامێتا) کە باسی ئەوینی قووڵ و شکستخواردووی نێوان خۆی و شازادە ماتێڵدا دەکات. بۆکاشیۆ ویستی بەهۆی ئەو ڕۆمانەوە، ئەو خۆشەویستییەی نەیتوانی لە واقیعدا بە زیندوویی بییهێڵێتەوە، بە خەیاڵ لەسەر کاغەز نەمرییی پێ ببەخشێت. هەر وەک چۆن ئەفیوون ئازار سڕ دەکات، بۆکاشیۆ چی خەمی هەبوو، دای بە دەم کانیاوی ئەو ڕۆمانەوە.
ئیسلامییەکان بە هۆشیارییەوە دژی عەلمانیبوون دەوەستنەوە، چونکە بەڕەکە لەژێر پێیان ڕادەکێشێت و لێ ناگەڕێت ئایین وەک پردی گەییشتن بە دەسەڵات و دراو بەکار بهێنن، بەڵام عەوام لە جەهلەوە دژایەتیی عەلمانییەکان دەکەن. وەک چۆن دونیاگیری دوا قۆناغی سەرمایەدارییە، (ئیسلامی حیزبی)یش، دوا قۆناغی بزووتنەوەی ئیسلامییە و خۆی بەهۆی دروشمی (ئیسلام هەم دینە و هەم دونیا)وە دەناسێنێت، کە یەکسانە بە (ئیسلام هەم کتێبە و هەم شمشێر.) ئیسلام کە بە حیزبی دەکرێت، ئیدی لە (بڕوا)ی زۆرینەی میللەتێکەوە، دەبێتە (ئایدۆلۆجیا)ی کەمینەیەک کە بۆ گەییشتن بە دەسەڵاتی سیاسی وەگەڕی دەخات. ئیسلام کە وەک ئایدۆلۆجیایەکی حیزبی خرایە گەڕ، ئیدی لە سەرمایەیەکی ڕەمزییەوە، دەبێتە ئامێرێک بۆ گەییشتن بە ئامانجێک کە ڕوویەکی دەسەڵاتە و ڕووەکەی تری دراو. لەم دونیابینییەوە، ئەوە ئیسلامی حیزبییە، سووکایەتی بە ئایینەکە دەکات، نەک خەڵکانی عەلمانی، ئەوە بۆیە سۆفییەکان، (چونکە ئایین بە ڕێی گەییشتن بە خوا دەزانن، نەک بە دەسەڵات،) ناکۆکییان لەگەڵ عەلمانییەکاندا نییە.
ئیمیل سیوران (1911 – 1995) دەڵێت: (کێشەی ڕەشبین ئەوەیە، ناچارە هەموو ڕۆژێک پاساوێک ببینێتەوە، بۆ ئەوەی درێژە بە ژیان بدات.) ئەگەر گەشبینی سنووری خۆی تێپەراند، دەبێتە خەیاڵپلاوی. ئەوە لووتکەی خەیاڵپڵاوییە، ئەگەر چاوەڕێی ئەوە لە لیژنەی نووسینەوەی دەستوور بکەین، دەستوورێکی مەدەنی بەرهەم بهێنێت. دەستوورنووسەکان کە دەڵێن، دەستوورێکی مەدەنییە و دینی دەوڵەتیش ئیسلامە، بەوە خۆیان فریو دەدەن، ئاخر کە دەوڵەت دینی هەبوو، دەستوور دینیی دەبێت، نەک مەدەنی. سیکولاریزم نە ئایدۆلۆجیایە، نە دژی ئایینە، سیکولاریزم نە لێ دەگەڕێت کەسانی سەر بە ئیسلام، دووچاری چەوساندنەوە ببنەوە، نە بواریش دەدات، ئیسلام ببێتە ئامێرێک بۆ چەوساندنەوەی ئەوانی دیکە. سیکولاریزم سیستەمێکە ڕێ خۆش دەکات، هەموو دەسەڵاتەکان لە (شەعب)ەوە سەرچاوە بگرن، نەک لە (شەرع)ەوە. دەستوور بۆ داهاتووی نزیک دەنووسرێت، بۆیە پشت بە ڕابردووی دوور نابەستێت.
تۆلێرانیس ئەوەیە، ڕێ بە بڵاوکردنەوەی بیروڕای دژە تۆلێرانس نەدرێت. ئەوە ناکەوێتە خانەی ئازادییەوە، ڕەوتە ئیسلامییەکان، هەمان فیکری دەوڵەتی ئیسلام (داعش) لە پەرلەمان و ڕادیۆ و تیڤییەکانەوە بڵاو بکەنەوە. ئازادی ئەوەیە، ئەو ئیسلامییانەی دژ بە ئازادییەکانی تاکن و کارگەی بەرهەمهێنانی تیرۆرن، بێدەنگ بکرێن. جیهادی ئیسلامییەکان، ئیدی لەڕێی پەرلەمانەوە بێت، یان هەزار کیلۆمەتر سەنگەریان لێمان گرتبێت، هەر دژی سیکۆلاریزم نییە، بۆ خاپوورکردنی تەواوی ئەو شارستانییەیە کە لە خۆرئاواوە هاتووە، بۆ سڕینەوەی دادپەروەری، جیاوازی، ئازادی، یەکسانی، دیموکراتی و پلوورالیزمە.
لای ڤلادیمیر لینین، ئیمپریالیزم، باڵاترین قۆناغی سەرمایەدارییە، لە کن سەمیر ئەمین، دونیاگیری، هاوواتای ئیمپریالیزمە. لە ڕوانگەی ئەو بیرمەندەی دووەمەوە، هەر لە دەرکەوتنی ئیخوانەوە کە لە 1928 دا لە میسر سەری هەڵدا، تا هەنووکە، ئیسلامی سیاسی بە هەموو باڵ و ئایینزاکانییەوە دیاردەیەکی نوێیە، درێژەپێدانی دیاردەی دێرین نییە و بزاڤێک نییە بتوانین لە واقیعی سەرمایەداریی داببڕین. سەمیر ئەمین پێی وایە: ڕابوونی ناوبەناوی موسڵمانە کۆچبەرە هەژارەکانی شارە گەورەکانی ئەورووپا، پرۆتێستێکی کۆمەڵایەتی و کاردانەوەیەکی چینایەتییە، هیچ پێوەندییەکی بە دیاردەی بزاڤی ئیسلامی سیاسیی نێو جڤاکە ئیسلامییەکانەوە نییە.
لە هەر وەڵاتێک ئیسلام ئایینی زۆرینە بووبێت، ئیمپریالیستەکان هەوڵیان داوە، بزاڤی ڕزگاریخوازی لەوێ، مۆرکێکی ئایینیی هەبێت. فەرەنسایییە داگیرکارەکان لێ گەڕان لە جەزائیر، شەریعەت جێی یاسا بگرێتەوە، بەریتانیای کۆڵۆنیالیستیش لە هیند بە گژ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیدا دەچووەوە، بەڵام لە (پاکستان) جڵەوی فەرمانڕەواییی دەدایە دەست ئیسلامی سیاسی، بۆیە ئەوە شێواندنی دیرۆکە ئەگەر بڵێین، ئیسلام لە دژی ئیمپریالیزم خەباتی کردووە. بزووتنەوە ئیسلامییەکان، ڕابردوویەکی پاک شک نابەن و بە سەربەخۆیی لە دایک نابن، ئەوە شاراوە نییە کە ئەمەریکا لە دوای گەشەکردنی قاعیدەوە بوو، بەڵام دواتر جادووەکە بەسەر جادووبازەکەدا قڵپ بووەوە. بزاڤە ئیسلامییەکان هەرگیز سەربەخۆ نین، ئاخر هیچ نەبێت، وابەستەی ئەو کولتوورە ماوەبەسەرچووە نائینسانی و دژە یەکسانییەن کە لە دوورگەی عەرەبەوە سەرچاوەی گرتووە.
بە ڕاست خواپەرستی بریتییە لەوەی هاودینی خۆت بکوژیت، تەنیا لەبەر ئەوەی ئایینزای جیاوازە؟ هاونیشتمانی خۆت بکوژیت، تەنیا لەبەر ئەوەی ئایینی جودایە؟ لە کوردستان و عێراق و شام، لە سوودان و توونس و لیبیا، لە میسر و نیگیریا، لە پاکستان و نەڤغانستان، لە یەمەن و سعوودستان و کوەیت، لە ئەمەریکا و کەنەدا، لە ئیسپانیا و فەرەنسا، لە تایلاند و ئوسترالیا، بە ناوی ئیسلامەوە، بە ناوی شیعە و سووننەوە، بە ناوی جیهادەوە، ئینسان دەکوژرێت. بە دەم گوتنەوەی ئەڵڵاهو ئەکبەرەوە، ژنان و منداڵان و پیاوانی نوێژخوێن خەڵتانی خوێن دەکرێن! وەک چۆن سەگەکەی بافلۆف کە گوێی لە زەنگەکە دەبوو، لیک بە دەمیدا دەهاتە خوارەوە، هەر کە گوێمان لە ئەڵڵاهو ئەکبەر دەبێت، زەندەقمان دەچێت و لە جێی خۆمان وشک دەبین، ئاخر ئەگەری ئەوە بەهێزە، لە دوای هەر ئەڵڵاهو ئەکبەرێکەوە، تەقینەوەیەک ڕوو بدات.
ئایینی مەسیح دوای ڕیفورم و تێپەڕبوون بە فیلتەری ڕێنیسانسدا، خۆی لەگەڵ گەشەسەندنی کۆمەڵدا گونجاند و هەنووکە ئەگەر کۆمەک بە ڕەوتی مرۆڤایەتی نەکات، کۆسپیش نییە، بەڵام گۆزەی هەموو ئەو هەوڵانەی بۆ ڕیفۆرمکردن لە دینی ئیسلامدا دران، لەسەر گاشەبەردی بنەما نەگۆڕەکانی، وردوخاش بوون. پۆڵ ڤالێری (1871 – 1945) دەڵێت: (شارستانی)یش وەک زیندەوەر وایە، ڕۆژێک دادێت، بمرێت. تۆ بڵێێت ئەم گوتەیە بۆ ئەو شارستانییەیش دروست بێت کە داعشی بەرهەم هێناوە.

(*) إمیل سیوران، المیاه کلها بلون الغرق، ترجمه‌: أدم فتحی، منشورات الجمل، 2003 کولونیا.