براده‌ره میهره‌بانه‌كام زۆر به‌كه‌ڵكم هاتن
به‌عس، وه‌ك گورگی ده‌م به خوێن، كه‌ڵبه‌ی له جه‌سته و خاكی كورد گیر كردبوو، پارسه‌نگی شه‌ڕ به‌لای ئێران‌دا بوو، ناوه ناوه‌ش پێشمه‌رگه گورزی خۆیان ده‌وه‌شاند، ئه‌مه به‌ته‌واوی حكوومه‌تی هاركردبوو، ده‌زگا عه‌سكه‌ری و مه‌ده‌نییه‌كانی به‌عس مانه‌وه‌ی گوند و لادێكانیان به به‌ربه‌ستێكی گه‌وره داده‌نا، ڕۆژ نه‌بوو به شۆفل ده دوازده گوند نه‌ڕووخێنن، باوكم هه‌ندێك فه‌لاحه‌تی له گوندی (میره‌كان)دا هه‌بوو، به ڕووخانی گونده‌كه دیسان وه‌زعمان تێكچوو، ئه‌مه كاریگه‌ریی به‌سه‌ر منه‌وه زۆر بوو، باوكم جار جار چه‌ند دینارێكی ده‌خسته گیرفانم، كه تا ڕاده‌یه‌ك به‌شی جگه‌ره و ڕۆژنامه و ئه‌ملاو ئه‌ولای ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌ویش نه‌ما.
وه‌ك پێشتر باسم كرد، هه‌ندێك له براده‌ره‌كانم به‌تایبه‌تی پارێزه‌ر فیكره‌ت و ئه‌ندازیار بورهان و هه‌روه‌ها ئازاد شاكر ڕواندزی و نه‌زیر ماجیدی ڕه‌حمه‌تی، له‌وان ڕۆژاندا زۆر به‌كه‌ڵكم هاتن، تا ده‌چمه بن قه‌بر چاكه‌یانم هه‌ر له‌به‌رچاوه، به‌ڵام ئه‌مه ڕۆژێك و دوو نه‌بوو، زۆر جار تووشی له ڕوودامان ده‌هاتم.
سه‌ره‌تای مانگی سه‌رماوەرزی ساڵی 1986 بوو، دوای بانگی مه‌غریب، له پێش كه‌بابخانه‌ی حاجی شه‌وقی تووشی هونه‌رمه‌ند به‌كر مه‌عرووف هاتم، ئه‌و ده‌یزانی وه‌زعم چۆنه، بردمیه په‌نایه‌ك و دوو نمووزه‌جی به‌تاڵی مۆڵه‌تی عه‌سكه‌ری و (25) دیناری بۆ خستمه ناو زه‌رفێكه‌وه، دوو نمووزه‌جه‌كه بۆ من زۆر زۆر گرنگ بوون، ده‌متوانی دوو هه‌فته به ئاره‌زووی خۆم بسووڕێمه‌وه و ته‌نانه‌ت سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌ی هه‌ولێریش بكه‌م، به‌كر گوتی:
ــ پرچت زۆره، بڕۆ بیتاشه، با ئینزیبات وا بزانێت عه‌سكه‌ری.
به‌په‌له خۆم گه‌یانده جاده‌ی ئیسكان، پرچم تاشی، نموونه‌یه‌ك له مۆڵه‌ته‌كه‌م بۆ ماوه‌ی حه‌فت ڕۆژ پڕ كرده‌وه، بێ ترس تاكسییه‌كم ڕاگرت و چوومه یانه‌ی ئازادی، فیكره‌ت و بورهان و تاریق جامباز له‌وێ بوون، به چوونم زۆر خۆشحاڵ بوون، پێیان سه‌یر بوو به‌م دره‌نگه خۆم له ڕێ داوه، ئیجازه‌كه‌م له گیرفانم ده‌رهێنا و گوتم:
ــ بابه من حه‌فت ڕۆژ ئیجازه‌م.
سه‌ربرده‌كه‌م بۆ گێڕانه‌وه، فیكره‌ت گوتی:
ــ ئێمه به‌یانی ده‌چینه موسڵ، پێشانگای كتێب هه‌یه، تۆش وه‌ره.
ئه‌وشه‌وه زۆر به گوراحی خۆشه‌وه دانیشتم، تاریق جامباز براده‌ری له‌مێژینه و نزیكم بوو، خاوه‌نی كتێبخانه‌یه‌كی گه‌وره و زۆر هاوكاری نووسه‌ران بوو، له‌و دانیشتنه‌دا و بۆ یارمه‌تیدانی من گوتی:
ــ ژماره‌یه‌ك تێكستم له‌سه‌ر كاسێت تۆمار كردووه، ئه‌گه‌ر بتوانیت بۆمیان بخه‌یته سه‌ر كاخه‌ز، ئه‌وا هه‌قی ماندووبوونت به زیاده‌وه ده‌ده‌مێ.
هه‌ر ئه‌و شه‌وه پێكهاتین و بڕیارم دا دوای سه‌فه‌ره‌كه‌ی موسڵ ده‌ستبه‌كار بم، بۆ به‌یانی به دوو تڕومبێل، كه یه‌كێكیان بوڕهان ده‌یئاژۆت و من و فیكره‌تی سوار كردبوو، ئه‌وی دیكه‌ش تاریق ده‌یئاژۆت و مارف خه‌زنه‌دار و عه‌بدولغه‌نی یه‌حیای سوار كردبوو، به‌ره‌و موسڵ به‌ڕێ كه‌وتین، فیكره‌ت، كه له پێشه‌وه بوو، گوتی:
ــ له سه‌یته‌ره خۆت تێك مه‌ده، سه‌یری ئینزیبات مه‌كه.
تا گه‌یشتینه بن موسڵ هیچ سه‌یته‌ره‌یك پرسیاری نه‌كرد، به‌ڵام له‌وێ پرسیاری ناسنامه‌یان له من و بورهان كرد، هه‌ر كه نمووزه‌جه‌كه‌م دایه ده‌ست ئینزیباته‌كه، تۆزێك سه‌یری كرد و پاشان چاوی له دوڕ چاوم نا و گوتی:
ــ كردی؟
گوتم:
– نعم.
نمووزه‌جه‌كه‌ی دایه‌وه ده‌ستم و ده‌ستێكی كێشا به بۆنیتی تڕومبێله‌كه و گوتی:
– أطلع.
كه له سه‌یته‌ره‌كه ده‌رباز بووین، فیكره‌ت گوتی:
ــ ده‌زانی بۆ ئینزیباته‌كه گوتی: كردی؟
گوتم:
– نه‌وه‌ڵا.
فیكره‌ت گوتی:
– پێی سه‌یر بوو كورد بیت و عه‌سكه‌ریش بیت، ئێستا سه‌دا نه‌وه‌دی كورد فیرار و موته‌خه‌لیفه.
به‌پێكه‌نینه‌وه گوتم:
– كاكه من موخلیسی ده‌وڵه‌تم.
چووینه هۆڵی پێشانگای كتێبان، شوێنه‌كه جمه‌ی ده‌هات، له‌وێ چاومان به دوو ڕووناكبیر و خوێنه‌ری جدی له شاری هه‌ولێر (جه‌وده‌ت ئه‌حمه‌د ناجی و زیوه‌ر خه‌تاب) كه‌وت، ئه‌و دوو زاته شه‌یدای كتێب بوون، به‌و ته‌مه‌نه‌وه بۆ كڕینی كتێب هاتبوون، ئه‌و ڕۆژگاره كتێب پیرۆز و ئه‌وها ڕه‌زیل و سه‌فیل نه‌بووبوو.
كه گه‌ڕاینه‌وه هه‌ولێر، كاك تاریق كۆمه‌ڵێك كاسێت و ڕیكۆرده‌رێكی بۆ هێنام، كاسێته‌كان هه‌قایه‌ت و به‌ند و لاوكیان له‌سه‌ر تۆمار كرابوو، به ڕۆژ و شه‌وێك ده‌متوانی كاسێتێكی یه‌ك سه‌عاتی به‌تاڵ بكه‌م و ده‌قه‌كه‌ی بخه‌مه سه‌ر كاخه‌ز، ئیشه‌كه تا ڕاده‌یه‌ك زه‌حمه‌ت بوو، به‌ڵام بۆ من قازانجی هه‌بوو، هه‌قی ماندووبوونم به زیاده‌وه وه‌رده‌گرت، یه‌كێك له‌و كاسێتانه‌ی، كه زۆر سه‌رسامی كردم، كۆمه‌ڵه هه‌قایه‌تێك بوون، كه له زاری (عه‌وڵای كورتاندروو)، نابیناوه وه‌رگیرابوون، هه‌قایه‌تی چل كه‌زی شاكارێك بوو بۆ خۆی، سه‌یره‌كه له‌وه‌دا بوو، دوای به چاپگه‌یاندنی چل كه‌زی، كتێبێك به زمانی عه‌ره‌بی به‌ناونیشانی (كبرى الحكایات العالمیه) كه‌وته بازاڕه‌وه، هه‌قایه‌ته‌كانی چل كه‌زی زۆر هونه‌ری تر و پڕچێژتر بوون له‌و هه‌قایه‌ته جیهانییانه.
تا به‌ره‌به‌ری مه‌غریب، خه‌ریكی به‌تاڵكردنی كاسێته‌كان ده‌بووم، ئینجا په‌ناو په‌نا خۆم ده‌گه‌یانده كتێبخانه‌ی خۆماڵی و دواییش چایخانه‌ی مه‌چكۆ، بێ هیچ ئامانج و به‌رنامه‌یه‌ك ڕۆژم ده‌خسته سه‌ر شه‌و، له‌و ئاسۆ لێڵ و ته‌ماویه‌دا هیچ ترووسكاییه‌كم به‌دی نه‌ده‌كرد، مه‌سه‌له‌كه ته‌نیا مانه‌وه بوو، ده‌مویست بمێنمه‌وه.
له‌و ماوه‌یه‌دا (میناخان)ی مامۆژنم مرد، ڕۆژی چوونه سه‌ر قه‌بران، باوكم له پێشه‌وه‌ی تڕومبێلی خزمێك و من و ئامۆزایه‌كیشم له دواوه دانیشتبووین، تڕومبێله‌كه‌ی ئێمه له كه‌ژاوه‌ی تڕومبێله‌كانی دیكه دابڕا، له فلكه‌ی سێتاقان كه‌وتینه ناو مه‌فره‌زه‌یه‌ك، چه‌كدارێكی جه‌یشی شه‌عبی، سه‌ری هێنایه ژووره‌وه و به زمانی كوردی به‌من و ئامۆزاكه‌می گوت( هه‌ویه‌كانتان)، من ناسنامه‌ی مامۆستایه‌تیم پیشان دا، سه‌یرێكی كرد و دایه‌وه ده‌ستم، ئامۆزاكه‌م ده‌فته‌ر خدمه‌ی سه‌ربازی پیشاندا، چه‌كداره‌كه دوو سێ لاپه‌ڕه‌ی ته‌ماشاكرد و گوتی:
ــ تۆ موته‌خه‌لیفی.
ئامۆزاكه‌م هیچ خۆی تێك نه‌دا و گوتی:
– كاكه من له فڵان دائیره فه‌رمانبه‌رم، ئه‌مه‌ش ناسنامه‌ی فه‌رمانبه‌ریم.
كابرای كورد قه‌ناعه‌تی نه‌هات، ده‌فته‌ر خدمه‌كه‌ی برده لای به‌رپرسه‌كه‌یان، كه عه‌ره‌بێكی حووچی كت و كۆر بوو، به‌یه‌كه‌وه گه‌ڕانه‌وه لای تڕومبێله‌كه، عه‌ره‌به‌كه گوتی:
– وین تروحون؟
– نروح للمقبره.
یه‌كسه‌ر ده‌فته‌ر خدمه‌كه‌ی دایه‌وه و ئیزنی داین، چه‌ند مه‌ترێك دوور كه‌وتینه‌وه، باوكم ئاوڕێكی لێ داینه‌وه و به من و ئامۆزاكه‌می گوت:
ــ ئه‌رێ كامه‌تان فیرارن؟
ئێواره، ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی ده‌فته‌ر خدمه و به‌زم و ڕه‌زمه‌م بۆ دایكم گێڕایه‌وه، گوتی:
ــ ڕۆڵه هه‌موو دوعای منه ده‌تپارێزێت، ڕۆژی هه‌زار جار هاواری جدی گه‌وره‌ت ده‌كه‌م!!.