له چاوه‌ڕوانیی ته‌رمی (نزار)ی برامدا
زه‌نگی ته‌له‌فۆنه‌كه لێی دا، سه‌عات حه‌وتی به‌یانیی ڕۆژی پێنجشه‌مه‌یه، ده‌نگی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا- فه‌رمانگه‌ی كاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بوو! ده‌نگێكی غه‌مبار كه به شێوه‌زاری عه‌ره‌بیی سووریا ده‌دوا: به‌یانیت باش مامۆستا فاروق، هیوادارین ڕه‌وشت باش بێت، هه‌روه‌ها خۆڕاگر و به‌تین بیت، براكه‌ت خوا عافووی بكات، بەڕاستی خه‌مێكی گه‌وره‌یه، ئێمه‌ش هاوخه‌متین (ئه‌مه قسه‌ی خانمه فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا بوو)، درێژه‌ی دایێ و گوتی: به‌داخه‌وه ده‌بێ پێت بڵێم كه ته‌رمی براكه‌ت سه‌عات هه‌شت و چاره‌كی به‌یانیی ڕۆژی هه‌ینی، ده‌گاته فڕۆكه‌خانه‌ی ئۆرفا، هیوادارین تۆ له‌و كاته‌دا له‌وێ بیت بۆ ئه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی وه‌ربگریت.. ئه‌گه‌ر هه‌ر شتێكی كتوپڕیش ڕووی دا، دوودڵ مه‌به، هه‌ر شتێكی نوێ هاته پێش، تۆ ئاگادارمان بكه‌وه.
به‌ر له دوو ڕۆژ، هه‌مان خانم ته‌له‌فۆنی بۆم كرد، من زانیاریی پێویستم پێ دا، ژماره ته‌له‌فۆن، شوێنی نیشته‌جێم.. هه‌واڵی گه‌یشتنی ته‌رمه‌كه هه‌ستی سه‌یری پێ به‌خشیم، ڕه‌نگه هه‌ندێ له‌و خه‌مه‌ی سنگمی سووك كردبێت، له‌و ساته‌وه كه نزار له لاپه‌ڕه‌كه‌ی سه‌ر تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ون بوو، په‌یوه‌ندیی نه‌ما و هه‌واڵی كۆچه‌كه‌شی بڵاو بووه‌وه، كه‌چی كۆچه پڕ له ئه‌شكه‌كه‌ی به‌ره‌و ئه‌وروپا له‌پێناو گه‌یشتن بوو به ده‌رفه‌تێكی ژیان، هه‌روه‌ها به نیاز بوو له‌وێ خوێندنه‌كه‌ی ته‌واو بكات، پاش ئه‌وه‌ی لێره له سووریای وڵاتی خوێن، دنیا به ڕوویدا داخرا.
ره‌نگه گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه، ته‌نیا به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركێك بێت، ئه‌ویش به گوێره‌ی داوای وه‌زیری ده‌ره‌وه و سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی كاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌ڵام بارێكی قورسیان له‌سه‌ر شانم هه‌ڵگرت. پاش ئه‌وه‌ی برایه‌كی كوردی باكور و نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆك بارزانی بۆ كاروباری كوردی ڕۆژاڤا «دكتۆر حه‌مید ده‌ربه‌ندی»هه‌وڵی زۆریان دا. نزاری برام، كه خۆم گه‌وره‌م كرد و په‌روه‌رده‌م كرد و گه‌لێ كێشمه‌كێشمم له‌گه‌ڵدا كرد تا ڕاسته‌ڕێ بێت، كه بۆ خۆی و بۆ خه‌ڵكیش كه‌سێكی به‌سوود بێت، هه‌روه‌ها له په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا، وام فێر كرد كه ئه‌ندامی خێزانێكی گه‌وره بێت، هه‌واڵی گه‌یشتنی ته‌رمه‌كه‌ی سه‌باره‌ت به من هێدمه‌یه‌كی گه‌وره بوو، وای لێ كردم ئه‌و ڕاستییه تاڵه قبووڵ بكه‌م، كه‌چی من قبووڵكردنی ئه‌و ڕاستییه‌م ڕه‌ت ده‌كرده‌وه، چاوه‌ڕوان بووم نزار له جوگرافییه‌كی دیكه‌وه سه‌ر ده‌ربكاته‌وه، یان ته‌له‌فۆنم بۆ بكات و پێم بڵێ كه وا گه‌یشتووه به‌ریتانیا، كه بۆ ئه‌و خه‌ونێك بوو، یان كه‌سێك پێم بڵێ براكه‌ت له هه‌نگاریا له نه‌خۆشخانه‌یه‌ك كه‌وتووه، له‌وێ له قسه كه‌وتووه، یان به ماسنجه‌ر نامه‌یه‌كم بۆ بنێرێ و بڵێ: مامۆستا ئه‌من باشم، نیگه‌ران مه‌به.
به‌ر له دوو ڕۆژ له هه‌نگاریاوه كاك عه‌گید ته‌له‌فۆنی بۆم كرد، پاش ئه‌ویش كاك عه‌سكه‌ر، كه سه‌رمایه‌دارێكی كوردی خه‌ڵكی كورداغه، ئه‌و له هه‌موو شتێك‌دا هاوكار و پشتیوانم بووه، هه‌ردووكیان گوتیان: ته‌رمه‌كه‌ی نزار به‌یانیی هه‌ینی ده‌گاته ئۆرفا، هه‌ر زوو خه‌مه‌كه‌م په‌رت بوو، هیوایه‌كی بچووك به گه‌ڕانه‌وه‌ی نزار سه‌ری هه‌ڵدا، به خۆمم گوت: كاتێك تێپه‌ڕی، پاش دوو ڕۆژ، ڕه‌نگه نزار په‌یدا بێته‌وه، ڕه‌نگه ئه‌و ته‌رمه هی ئه‌و نه‌بێت، ڕه‌نگه جووته چاوی كاك یوسف و كاك سیپان ته‌فره‌یان دابن، پاش ئه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌یان دیوه، گوتوویانه: ئه‌وه هی نزاره. ئه‌وان هه‌ردووكیان پێم وایه له ئه‌ڵمانیاوه هاتبوون، بۆ ئه‌وه‌ی په‌یدۆزی ونبوونی نزار له سنووری نێوان سربیا و هه‌نگاریا بكه‌ن، به دروستی له شاری (سجد)ی هه‌نگاریا، هه‌رچه‌نده كاك سیپان سوێندی خوارد كه له مردنی نزار دڵنیایه، به‌ڵام باوه‌ڕم پێ نه‌كرد، تا ئێستاش لەڕاستیی جونه‌مه‌رگبوونی نزار خۆم ده‌دزمه‌وه، كه ده‌مویست له پاش مه‌رگم ببێته فاروقێك.
پازده ڕۆژه، نزاری نازدار له هۆش و بیری خێزانه‌كه‌ی ده‌رنه‌چووه، زۆربه‌شیان له‌گه‌ڵی داده‌نیشتن و گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ده‌كرد. سه‌باره‌ت به من بۆ یه‌ك چركه لێم جودا نه‌بووه‌ته‌وه و له خه‌یاڵم ده‌رنه‌چووه، له دانیشتنه‌كان، له كاتی سه‌ردانی براده‌ران، باسی باسی و سه‌رگه‌رمی و خه‌سڵه‌ته‌كانی ده‌كه‌ین، له‌سه‌ر سفره، كه هه‌رگیز دڵمان بۆ خوان و سفره‌ش نه‌چووه، نزار هه‌رده‌م له‌بیرمان بووه، قسه‌كانیمان وه‌بیر ده‌هاته‌وه، كه چۆن ئه‌م خواردنه‌ی به‌دڵ بوو، ئه‌وی دیكه‌شی ڕه‌ت ده‌كرده‌وه، هه‌روه‌ها چۆن دوای نان خواردن داوای چای ده‌كرد، چۆن سوعبه‌تی له‌گه‌ڵ فاورقی بچووكمان ده‌كرد. كاتێ، براده‌رانیشی ده‌هاتن له گریان نه‌ده‌وه‌ستام، به زۆریش خۆم له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و ته‌له‌فۆنانه ده‌پاراست كه قسه‌یان ده‌برده‌وه سه‌ر نزار..
ئه‌و هه‌میشه له خه‌ونمدایه، نزار ئاماده‌بوونێكی به‌هێزی هه‌بوو، هه‌ر كه ده‌بۆرژێم، ئه‌و له ناخمدا ئاماده‌یه، له هه‌موو ورده‌كارییه‌كی ژیانم، له‌باره‌ی نزاری ڕۆحه‌وه له خه‌ونه‌كانمدا، قسه زۆره.. له چاوه‌ڕوانیی نزاردا، نامانه‌وێ ئه‌و بێت.. ده‌مانه‌وێ له شوێنێكی دی سه‌ر ده‌ربكاته‌وه و پێمان بڵێ: من باشم.. ببوورن!