كێ كۆمه‌كی كولتوور ده‌كات؟ به‌شی دووه‌م
په‌یدابوونی كه‌سانی سه‌رمایه‌دار و ده‌ستڕۆیشتوو له‌ناو توێژی ڕۆشنبیراندا دیارده‌یه‌كی گه‌ش و ئه‌رێنییه، چونكه به‌گشتی ئه‌وان پتر خه‌می بواری ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و ڕوشنبیری ده‌خۆن. ئه‌مه ته‌نانه‌ت ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌یش ده‌گرێته‌وه كه ڕۆشنبیرن، یان له مه‌یدانه‌كانی ڕۆشنبیرییه‌وه نزیكن. بۆ سه‌لماندنی ئه‌م بۆچوونه‌م سێ نموونه به به‌ڵگه ده‌هێنمه‌وه.
نموونه‌ی یه‌كه‌م: ڕووسیا
له وتاری پێشوودا ئاماژه‌م به ڕۆڵی دامه‌زرێنه‌رانه‌ی سه‌رمایه‌داران له بزاڤی ڕۆشنبیریی ڕووسیای سه‌ده‌كانی هه‌ژده‌مین و نوزدمین كرد. ئه‌وان توێژێك بوون، زۆربه‌یان شاره‌زای بواره‌كانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر بوون.
رۆڵی دامه‌زرێنه‌رانه‌ی سه‌رمایه‌دارانی ڕووس له‌و بوارنه‌دا له میژوودا ڕوون و پرشنگداره.
یه‌كێك له‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی كولتووری ڕووسی، گه‌له‌ری تریتیاكۆڤه، كه ده‌كه‌وێته خواری كرملینی ناوجه‌رگه‌ی مۆسكۆی پایته‌ختی ڕووسیا.
گه‌له‌ری تریتیاكۆڤ، دیارده‌یه‌كی مێژوویی ئه‌وتۆیه، كه ناتوانم له‌م باسه‌دا فه‌رامۆشی بكه‌م.
پاڤل میخایلۆڤیچ تریتیاكۆڤ (1832-1898) بازرگانێكی ڕووس و یه‌كێك بوو له ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی مۆسكۆ، ئه‌م بازرگانه سه‌رباری كار و بزنیسی خۆی، گه‌لێك ئاڵووده‌ی هونه‌ری نێگاركێشی بوو، هه‌ر له ته‌مه‌نی بیست ساڵییه‌وه، له هه‌ر شوێنێك تابلۆیه‌كی جوانی شك بردبا، یه‌كسه‌ر له هونه‌رمه‌نده شێوه‌كاره‌كه‌ی ده‌كڕی، بۆ وه‌ده‌ستهێنانی هه‌ر كارێكی هونه‌ری باكی به پاره و سامان نه‌بوو.
پاڤل میخایلۆڤیچ تریتیاكۆڤ په‌یتا په‌یتا تابلۆی نایابی ده‌كڕی، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته سامانێكی باشی ته‌رخان كردبوو، تاكو له ساڵی 1892 ژماره‌ی تابلۆ و سكێچ و په‌یكه‌ره‌كانی گه‌یشته دوو هه‌زار به‌رهه‌می هونه‌ری، ئیدی له هه‌مان ساڵدا مۆزه‌خانه‌یه‌كی بۆ شاكاره هونه‌رییه‌كان كرده‌وه.
ئه‌ڤین و ئاڵووده‌یی تریتیاكۆڤ بۆ هونه‌ر، له‌ناو هونه‌رمه‌نداندا ته‌واو خۆشه‌ویستی كردبوو، به ئه‌ندازه‌یه‌ك كه نیگاركێشی گه‌وره‌ی ڕووسی « ڕێپین» پۆرترێتێكی به‌ناوبانگی بۆ كێشا.
له‌نێوان ساڵانی 1902 تاكو 1904 ته‌لارێكی تایبه‌ت بۆ مۆزه‌خانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كاری شێوه‌كاری له نزیك كریملینه‌وه بینا كرا، ته‌لاره‌كه له‌سه‌ر ستیلیكی داستانئامێز دیزاین كرا. واته كه له دیوی ده‌ره‌وه ته‌ماشای مۆزه‌خانه‌كه ده‌كه‌یت، جیهانێكی ئه‌فسووناوی داستان و حیكایه‌تئامێزت دێته پێش چاو. ئه‌م شێوازه نایابه تاكو ئێستایش شقڵ و مۆركێكی تایبه‌تی به‌م موزه‌خانه‌یه و به مۆسكۆ به‌خشیوه.
ئێستا كه گه‌له‌ری تریتیاكۆڤ كراوه به مۆزه‌خانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ڕووسیا و یه‌كێكه له مۆزه‌خانه گه‌وره‌كانی جیهان، سه‌ت و سی هه‌زار كاری هونه‌ری ده‌گرێته خۆ، به‌رهه‌م و داهێنانه‌كانی گه‌وره هونه‌رمه‌ندانی شێوه‌كاری ڕووسیا له‌وێدا پیشان ده‌ردێن.
فه‌رموون بییهێننه پێش چاوی خۆتان! مۆزه‌خانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی هونه‌ری شێوه‌كاری له ڕووسیادا، له لایه‌ن بازرگانێكی هونه‌ردۆسته‌وه هاتۆته كایه‌وه!
خۆ ئه‌گه‌ر سه‌ردانی مۆسكۆت كرد، هیوادارم سه‌ردانی مۆزه‌خانه‌ی تریتیاكۆڤ فه‌رامۆش نه‌كه‌یت! ئه‌مجا ئاواتی ئه‌وه‌ش بخوازه، كه ئه‌م كولتووره، كولتووری كۆمه‌كی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر له‌ناو ده‌وڵه‌ومه‌نده‌كانی كوردستاندا ته‌شه‌نه بكات، نموونه‌ی بازرگانانی وه‌كو تریتیاكۆڤ له كوردستان زۆر بێت .
نموونه‌ی دووه‌م: كوردستان
له وتاری پێشوودا، ئاماژه‌م به كار و ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانی دكتۆر ته‌ها ڕه‌سووڵ كرد، له‌وانه دروستكردنی سه‌نته‌ری جه‌مال عیرفان، سه‌نته‌ری قادر دیلان، گه‌له‌ری ئازاد شه‌وقی، گه‌له‌ری عه‌لی له‌تیڤ و ماڵی هونه‌ری بابان. هه‌موو ئه‌مانه‌ی هه‌نگاوی گرینگن، نه‌ك ته‌نیا بۆ ده‌ستكه‌وتی هونه‌ری و به‌س، بگره بۆ چه‌سپاندنی كولتوورێك هونه‌ری ڕه‌سه‌ن، كولتووری كۆمه‌ككردنی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر، له لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه كه له توانایاندایه ئه‌و كۆمه‌كه بكه‌ن.
نموونه‌ی دروستكردنی «ناوه‌ندی مێژوویی جه‌میل ڕۆژبه‌یانی» له شاری كه‌ركووك له‌سه‌ر ئه‌ركی دكتۆر تاها ڕه‌سووڵه‌وه، هه‌نگاوێكی گه‌لێك گرینگه، چ له ڕووی ئه‌ده‌بییه‌وه،چ له ڕووی فه‌رهه‌نگی و سیاسییه‌وه، به‌تایبه‌تی له شاری كه‌ركووكدا.
سه‌قامگیركردنی دابونه‌ریت و فه‌رهه‌نگی كۆمه‌كی كولتوور و داهێنان هه‌نگاوێكی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی و كولتووری و ئینسانییه، هه‌نگاوێكه هیچی له قوربانییه‌كانی دیكه كه‌متر نییه، چونكه ناسنامه‌ی فه‌رهه‌نگیمان ده‌سه‌لمێنێت و پتر په‌ره‌ی پێ ده‌دات.
سه‌نته‌ری ڕاهێنانی قادر دیلان له بواری موزیكدا، چه‌نده له بواری خۆیدا دیارده‌یه‌كی نوێیه، كه ڕه‌نگه له ئێستاد به دیارده‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌ی ته‌ماشا نه‌كه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌یش مۆدێلێكی فه‌رهه‌نگی و شاره‌ستانیی گرینگه، ئه‌گه‌ر پشتگیریی لێ بكرێت، كاردانه‌وه گه‌وره‌كانی له ئاینده‌دا ده‌رده‌كه‌ون.
پێشنیازم بۆ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان و خوێندنی باڵا به‌تایبه‌تی، بۆ وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمیش به‌گشتی، ئه‌وه‌یه كه هه‌وڵ بده‌ن هه‌موو جۆره هاریكاری و پشگیریكردن و ئاسانكاریێه‌ك بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌م پرۆژانه فه‌راهه‌م بكات. سه‌ركه‌وتن و سه‌قامگیركردنی ئه‌م فه‌رهه‌نگه هه‌نگاوێكی كاریگه‌ره بۆ پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه.
نموونه‌ی سێیه‌م: میسر
یه‌كێك له پاڵه‌وانه ڕاسته‌قینه‌كانی بزاڤی ڕۆشنبیری به‌گشتی و فیلم به‌تایبه‌تی، حكومه‌تی میسر نییه، بگره، بگره ته‌لعه‌ت حه‌ربی سه‌رمایه‌دار و دامه‌زرێنه‌ری بانكی میسرییه. ته‌ڵعه‌ت حه‌رب (1867-1941)، پسپۆڕی بواری ئابووری، دامه‌زرێنه‌ری چه‌ندین كۆمپانیای گه‌وره له وڵاتی میسر، باوه‌ڕی وابوو وڵاتێكی كشتوكاڵیی دواكه‌تووی وه‌كو میسری سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی ڕابردوو، مه‌حاڵه به‌بێ گه‌شه‌ی ڕۆشنبیری و كولتووری پێش بكه‌وێت. ئه‌وه‌ی كه له جۆری بیركردنه‌وه‌ی ته‌ڵعه‌ت حه‌ربدا گرینگه، ئه‌وه‌یه كه گه‌شه‌ی ئابووریی به گه‌شه‌ی بزاڤی ڕۆشنبیری و كولتوورییه‌وه گرێ دابوو، هاوكاتیش كاری بۆ گه‌شه‌ی هه‌ردوو بواره‌كه ده‌كرد. بۆیه ته‌ڵعه‌ت حه‌رب پێی وابوو، وه‌به‌رهێنان له بواری ڕۆشنبیریدا، هیچی له بواره‌كانی دیكه كه‌متر نییه، بۆیه پێویسته بایه‌خێكی گه‌وره‌ی پێ بدرێت.
یه‌كه‌م هه‌نگاوی حه‌رب، پاش دروستكردنی بانكی میسر، دامه‌زراندنی چاپخانه‌یه‌كی گه‌وره بوو، ئه‌مجا به‌دیهێنانی خه‌ونه مه‌زنه‌كه‌ی خۆی بوو: دامه‌زراندنی كۆمپانیای نواندن و فیلم، واته دامه‌زراندنی سینه‌مای میسری، سینه‌مایه‌ك خۆی كرد به هه‌موو ماڵیكدا، چی له میسر و چی له وڵاتانی عه‌ره‌بیدا. به ئه‌ندازه‌یه‌كی ئه‌وتۆ كه زۆربه‌ی عه‌ربییزانانی جیهان شاره‌زای شێوه‌زاری میسری بوون. لەڕاستیدا ته‌ڵعه‌ت حه‌رب دامه‌زرێنه‌ری یه‌كه‌می سینه‌مای میسرییه، یه‌كه‌م كه‌سیش بوو كه گرووپێك سینه‌ماكار و ئه‌كته‌ری میسریی، به مه‌به‌ستی خۆێندن و ڕاهێنان ڕه‌وانه‌ی ئه‌وروپا كرد. بۆ یه‌كه‌م جاریش گۆرانیبێژی گه‌وره‌ی عه‌ره‌ب» ئوم كه‌لسوم» له یه‌كه‌م فیلمی كۆمپانیاكه‌ی ته‌ڵعه‌ت حه‌رب وه‌ده‌ركه‌وت و ناسرا.
ئه‌م سێ كه‌سایه‌تییه‌ی كه ئاماژه‌م پێ كردن، دكتۆر ته‌ها ڕه‌سووڵ، تریتیاكۆڤ میخایلۆڤیچ، ته‌ڵعه‌ت حه‌رب، پێش ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند و خاوه‌ن سه‌رمایه بن، كه‌سانێكی ڕۆشنبیر بوون.