شوێنه‌وارێكی هه‌ولێر مێژووه‌كه‌ی 7 هه‌زار ساڵه‌

Kurd24

K24- هه‌ولێر
له‌ ناوچه‌ی له‌شكر له‌ نزیك هه‌ولێر، توێژینه‌وه‌ بۆ شوێنه‌وارێك ده‌كرێ كه‌ مێژووه‌كه‌ی بۆ 7 هه‌زار ساڵ پێش زایین ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.


لە 40 كیلۆمەتری باشوری ھەولێر، لە گردی باشتەپە، شوێنێكی مێژویی دۆزراوەتەوە كە بە گوتەی شوێنەوارناسە فەرەنسییەكان كە ماوەی دو ساڵە لێرە سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن، مێژووەكەی دەگەرێتەوە بۆ زیاتر لە 1000 ساڵ پێش زایین.
لێۆنێل مارتی، شوێنەوارناسی زانكۆی سۆربۆنی فەرەنسا، ئاماژەی بەوەكرد كە لە دوو قۆناغی ھەڵكۆڵین و بەدواداچوون لەم شوێنە، گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی كە بەشی خوارەوەی گردەكە مێژووی دەگەرێتەوە بۆ 1400 ساڵ پێش زایین.
ناوبراو كه‌ سەرۆكی تیمی شوێنەواری فەرەنسییه‌، ده‌ڵێ: "ئەم گردە و گردەكانی دەوروبەری كە زۆر دوور نین لە یەك، نیشانی دەدا كە كولتوورێكی شارستانی كۆن ھەبووە و ئێمە لەم شوێنە تەبلتێكی كۆنمان دۆزییەوە كە رێنوسەكەی بزماری بوو و مێژوەكەی بۆ زیاتر لە 4000 سال پێش زایین دەگەرێتەوە"
تیمێكی شوێنەواری ئیسپانیاش، دوای ھەڵدانەوە و كاركردنی زیاتر لە ھەفتەیەك لە گردی "لەشكری" نزیك ھەولێر رایانگەیاند كە ئەم شوێنە، مێژووەكەی بۆ چاخی بەردینی نوێ واتە زیاتر لە 7000 ساڵ پێش زایین دەگەرێتەوە و گەڕان تیایدا بەردەوامە.
ئانا گۆمێزباگ، شارەزا لە بواری شوێنەواری چاخی بەردینی نوێ و یاریدەدەری پرۆفیسۆر لە زانكۆی بەرسلۆنا، پێشبینی ئەوە دەكات كه‌ گوندێكی كۆنی كوردی بووبێ و ده‌ڵێ: "ئەو كەلوپەلانەی لەم گردە دۆزیومانەتەوە ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەم شوێنە زۆر كۆن بووە لە سەردەمی چاخی بەردینی نوێ كە خانوو و قەلای تێدا بووە و شارستانیەتی كۆنی كوردستان نیشاندەدات"
ئەمانە بەشێكن لەو كەرەستانەی لە گردی "لەشكری" دۆزراونەتەوە، دوای خاوێن كردنەوە دەبرێنە مۆزەخانەی ھەولێر و بە گوتەی بەرێوبەری شوێنەواری ھەولێر ئەمانە ھەمووی بە وردی كاری لە سەر دەكرێ و پاشان لە سیمینارێك رادەگەیەندرێ.

تاوه‌كوو ئێسته‌ زیاتر لە 15 گرد لە ناو ھەولێر و دەوروبەری لە لایەن بەرێوبەرایەتی شوێنەواری ھەولێر دۆزراونەتەوە و 5 گرد بە ھاوكاری تیمەكانی بەشی شوێنەواری زانكۆی سەڵاحەددین و پسپۆرانی ئەوروپی كاری ھەڵكەندن ولێكۆڵینەوەیان تەواو بووە و ناویان لە لیستی شوێنە مێژوویەكان تۆمار كراوە ..سالانە چەندین گروپی ئەوروپی بە ھاوكاری و ھەماھەنگی بەرێوبەرایەتی شوێنەواری ھەولێر سەردانی كوردستان دەكەن.