ئه‌مه‌ریكا ده‌پرسێ: داعش چۆن ده‌ستی ده‌گا به ئۆتۆمبێلی تۆیۆتا؟

K24- ژووری هەواڵ
به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكی چه‌ند پرسیارێكی گوماناوییان ئاڕاسته‌ی تۆیۆتا كردووه و چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی ڕوونن، چۆن داعش ده‌ستی ده‌گات به ئۆتۆمبێلی تۆیۆتا؟
له هه‌موو نمایشه‌كانی ڕێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش) كه له‌سه‌ر ئۆتۆمبێله‌كانیان ده‌یكه‌ن، دیمه‌نێك دووباره ده‌بێته‌وه كه بریتییه له‌وه‌ی هه‌موو ئۆتۆمبێله‌كانیان مۆدێلی نوێی كۆمپانیای تۆیۆتای ژاپۆنین، ئه‌مه‌ش ده‌زگه‌ی دژه‌تیرۆری ئه‌مه‌ریكای خستووه‌ته گومانه‌وه، داوای وه‌ڵامێكی ڕوون له‌و كۆمپانیایه ده‌كه‌ن، بۆچی له عێراق، سووریا و لیبیا، ئه‌و ڕێكخراوه ده‌ستیان گه‌یشتووه به‌و هه‌موو ئۆتۆمبێله‌ی كۆمپانیاكه‌یان؟
كۆمپانیا ژاپۆنییه‌كه ڕایده‌گه‌یه‌نێ كه ئه‌وانیش نازانن چۆن داعش ده‌ستی گه‌یشتووه ئۆتۆمبێله‌كانیان و له به‌یاننامه‌یه‌كدا سوپاسی هه‌وڵه‌كانی هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش بۆیان ئاشكرا ببێت و ئه‌گه‌ر زانیان هه‌ر بریكارێكیان ڕێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ داعش هه‌یه، گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ بپچڕێنن. ده‌شڵێ: "سیاسه‌تی كۆمپانیاكه‌مان ڕێگری ده‌كا به‌وه‌ی نابێ هیچ به‌رهه‌مێكیان بۆ كاری تیرۆر بفرۆشرێ".
ته‌له‌فزیۆنی "ئه‌ی بی سی" ئه‌مه‌ریكی له زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی حكوومی وڵاته‌كه‌یه‌وه ڕایده‌گه‌یه‌نێ كه واشنتۆن به گومانه‌وه ده‌ڕوانێته ئه‌و ڕێژه به‌رچاوه‌ی ئۆتۆمبێلی كۆمپانیای تۆیۆتا، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی ئه‌و وڵاته، داوای لێكۆڵینه‌وه‌ی كردبوو، بۆیه له ئێسته‌دا ده‌زگه‌ی دژه تیرۆر هه‌ستاوه به سه‌رپه‌رشتیی ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه.
ڕێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش) بۆ گه‌یاندنی چه‌كداره‌كانی، ئۆتۆمبیلی هیلۆكس و چه‌ند جۆرێكی دیكه‌ی كۆمپانیای تۆیۆتا به‌كار ده‌هێنێ، ته‌نانه‌ت چه‌كه قورسهكانیشیان له‌سه‌ر ئه‌و ئۆتۆمبێلانه داده‌مه‌زرێنن.