هاتوچۆ له‌ رێگه‌ی چۆمان- حاجی ئۆمه‌ران ئه‌سته‌م بووه‌

Kurd24

K24- ژووری هه‌واڵ
بەهۆی شەپۆلێكی بەفربارین، گرفت بۆ بواری هاتوچۆ لە ڕێگه‌ی سەرەكیی چۆمان- حاجی ئۆمەران دروست بوو كە ڕێگای (هاملتۆن)ە و چەند بارهەڵگرێكیش بەهۆی بەفرەوە لە ڕێگه‌ لایان دا و بۆ چەند كاتژمێرێكیش ڕێگه‌كە بەهۆی قەرەباڵغییەوە داخرا.


مەغدید عەریف، بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران، بە باسنیوزی ڕاگەیاندووه‌ كه‌ بەهۆی قەیرانی دارایییەوە، تا ئێسته‌ نەتواندراوە تیمەكانی بەفر ڕاماڵین لە ناوچەی حاجی ئۆمەران جێگیر بكرێت، تا لە كاتی شەپۆلی بەفرباریندا، ڕێگه‌كە پاك بكەنەوە. گوتیشی: "لەگەڵ ئەم شەپۆلە بەفرە، هەرچەندە ئاستەنگ لەبەردەم بواری گەشتیاری و بازرگانی دروستبوو، بەڵام توانیمان زوو بە ئامێرەكانی بەڕێوەبەرایەتیی كۆمەڵگەی مەرزی حاجی ئۆمەران، كێشەكە چارەسەر بكەین، تا تیمەكانی بەفر ڕاماڵین دەگەنە ناوچەكە".


دوێنێ سێشەممە (10.11.2015) بەهۆی شەپۆلێكی بەفربارینەوە، زیاتر لە 10 سانتیمەتر بەفر لە شارەدێی حاجی ئۆمەران باری و پلەی گەرمیش لەو ناوچەیە بۆ ژێر سفری سەدی دابەزی. بەو هۆیەشەوە ڕێگەی هاملتۆن گرفتی تێكەوت، لە كاتێكدا ڕێگای حاجی ئۆمەران ڕۆژانە ڕێژەیەكی زۆری گەشتیاری پێدا تێپەڕ دەبێت و بەهۆی بواری بازرگانیشەوە، لە مەرزی حاجی ئۆمەران قەرەباڵغییەكی زۆر لە سەر ڕێگاكە هەیە كە ڕێگای سەرەكیی هەولێر – كۆماری ئیسلامیی ئێرانە.