ریفۆرمی ئه‌خلاقی

ئیتر ناوی ئافره‌ته دیار و خاوه‌ن پێگه‌كانی كوردستانی باشوور، ته‌نیا له كتێبه مێژووییه‌كاندا ده‌دۆزینه‌وه، بۆ تۆزه ئومێدێك، ژیان و چیرۆكه‌كانیان دووباره و سێباره ده‌خوێنینه‌وه و به‌ناوهێنانیان قه‌وانه‌كه لێئهدهینهوه (خانزادی میری سۆران، حه‌پسه خانی نه‌قیب، عادیله خان...). ئا به‌م شێوه‌یه بڕێك له‌و ژانه ده‌ڕوێنینه‌وه كه سه‌رچاوه‌كه‌ی بریتییه له بۆشایی (ئێوه نیوه‌ی كۆمه‌ڵن)!
نایشارمه‌وه له ئاست گرنگیدان به رۆڵی ئافره‌ت له پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان، هه‌ست به بۆشاییه‌ك له خۆمان ده‌كه‌م و شه‌رمه‌زار ده‌بمه‌وه. ئاخر هه‌ر هیچ نه‌بێت باكوور (له‌یلا زانا)یه‌كیان هه‌یه و ڕێژه‌یه‌كی باشیان گه‌یشتوونه‌ته په‌رله‌مانی توركیا، رۆژئاوا پڕیه‌تی له كیژ و ژنی خاوه‌ن هه‌ڵوێست، رۆژهه‌ڵات جمه‌ی دێت له ژنانی چالاك له گشت بواره‌كانه‌وه. باشه بۆچی ئێمه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند له هه‌موو روویه‌كه‌وه، كه‌چی له رووی بواردان به ئافره‌ت و پێگه‌یاندنیان له‌وپه‌ڕی هه‌ژاریداین؟ له‌م رسته‌یه‌دا پێگه‌یاندن به‌و مانایه نییه كه ده‌رچووی كۆلێژ بێت، یان دكتۆرای هه‌بێت. كاتێك تێڕوانینی به‌شێكی زۆری كۆمه‌ڵگه بۆ ره‌گه‌زی مێ بریتی بێت له ژنێكی به‌سته‌زمان و دیكۆرێك بۆ رازاندنه‌وه‌ی ئۆفیسه‌كان، ئه‌م گۆمه قووڵه پرۆفسۆریش نوقم ئه‌كات.
ئافره‌ت نیوه‌ی كۆمه‌ڵه. ئه‌و نیوه‌یه به چ مانایه‌ك دێت؟ به‌و مانایه‌ی ئێوه هه‌ن و له ماڵه‌وه سه‌ر دهرمهكهن؟ یان به‌و مانایه‌ی ته‌نها مێژوو بخوێننه‌وه و دواجار به شانازییه‌وه ته‌نها باسی لێوه بكه‌ن، به‌ڵام نه‌كه‌ن له قه‌باره‌ی خۆتان كاری گه‌وره‌تر بكه‌ن، ئاخر ئێوه ئافره‌تن، ناسكن، گوناحن، جوانن و دیكۆرن...
مه‌خابن، ئه‌م كولتووره باوه ژینگه‌یه‌كی نا ئاسایی خولقاندووه، كه كاریگه‌رییه‌كی نه‌رێنی ئێجگار گه‌وره‌ی هه‌بووه له‌سه‌ر ڕۆڵ و ڕێژه‌ی ئافره‌ت له بواره جیاجیاكاندا. خۆ ئه‌گه‌ر باس له بواری سیاسه‌ت بكرێت، به نه‌گبه‌تترین بوار له قه‌ڵه‌م ده‌درێت بۆ ژنانی باشوور. به تایبه‌تی له‌و كاتانه‌ی شه‌ره‌فیان ده‌كرێته نیشانه و ده‌بنه چه‌ك و بۆمب بۆ لێدانه سیاسییه‌كان.
گه‌نجێك له به‌هاری ته‌مه‌نیدا له‌ناو جه‌رگه‌ی شار له‌به‌ر خاتری ئه‌وه‌ی له رێگاوبان په‌نجه‌ی ناوه به فول لایتی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی كوشتنی حه‌ڵاڵ ده‌كرێت و ده‌بێته قوربانی چه‌ند فیشه‌كێكی گه‌نجێكی دیكه... ئای چیمان كردووه؟ له شاخه‌وه بۆ شار هاتین، چه‌ندین ساڵه هێشتا برینی شه‌ڕی براكوژی ته‌ڕه، گوتمان ئیتر كاتی خه‌باتی مه‌ده‌نییه، كاتی په‌روه‌رده‌یه‌كی ته‌ندروسته بۆ نه‌وه‌كانمان. وابزانم بریار نه‌بوو ئه‌مه به‌رهه‌مه‌كه‌مان بێت، نه‌وه‌یه‌كی لووت به‌رزی بێ باك له هه‌موو شتێك به‌ڕاده‌یه‌ك ئاماده بێت بۆ هه‌وه‌سێك، ده‌ستی بچێته خوێنه‌وه و جه‌رگی دایكان بسوتێنێت.
رۆژانه له سه‌نگه‌ره‌كانه‌وه ته‌رمی شه‌هیدانی كوردستانه‌كه‌م ده‌گه‌نه‌وه شار و لادێیه‌كان. گه‌نجێكی دهۆك له خانه‌قین شه‌هید ده‌بێت، مه‌ردێكی دیكه‌ی شه‌قڵاوه‌یی له خوورماتوو شه‌هید ده‌كرێت. لاوێكی سلێمانی و گه‌رمیان له شنگال... له‌ملاوه جۆره ميدیایهك بووه‌ته مۆدێل كه هیچ رێزێك بۆ په‌ره‌نسیبه نیشتیمانییه‌كان دانانێت. له ئانێكدا بۆ به‌رگریكردن له خاك گیانی سه‌دان پێشمه‌رگه له مه‌ترسیدایه، به نووسینی مانشێتی گاڵته‌ئامێز سووكایه‌تی به خه‌باتی پێشمه‌رگه ده‌كات. له‌و سه‌ریشه‌وه چه‌ند كه‌سانێك به‌ناوی مامۆستای ئایینی، مینبه‌ری مزگه‌وته‌كانیان كردووه به مینبه‌ری مه‌رگ و به‌دڵی خۆیان ناو و ناتۆره ده‌خه‌نه پاڵ پێكهاته ئایینیبه كوردییه‌كان و هزری گه‌نج و هه‌رزه‌كاران پڕ ده‌كه‌ن له رق و كینه. ئاخر دڵمان به‌چی خۆش بێت؟
گه‌لۆ، ته‌نها چاكسازی ئیداریی و یاسایی و ماددی كافی نییه، به‌ڵكو رێفۆرمێكی ئه‌خلاقی زۆر فراوانتر پێویسته. ریفۆرمێك بۆ سزادانی ئه‌وانه‌ی كه ساڵه‌های ساڵه بوونه‌ته به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م گه‌شه‌سه‌ندنه شارستانییه‌كان له كۆمه‌ڵگای كوردی و به هه‌موو شێوه‌یه‌ك پله و پێگه‌یان كردووه‌ته چه‌كی چه‌وساندنه‌وه و زوڵم كردن، ئه‌نجامه‌كه‌شی بۆ هه‌موومان ئاشكرایه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕی ڕێز بۆ خاوه‌ن كه‌سایه‌تییه پاك و هیوا به‌خشه‌كان.