دوای ترهمپیش جیهان دەستی لەسەر دڵی دەبێت
ترامپ کۆشکی سپی بەجێهێشت، بەڵام دوای رۆیشتنی رایگەیاند دەگەڕێتەوە و بزووتنەوەکەی لە سەرەتای دروست بوونیدایە، ئەو لێدوانانەی ترهمپ ئەمهریکا و جیهانیشی نیگەران کردووە، لەبەرئەوەی دوور نییە، ئەو بزووتنەوەیەی ترهمپ باسی دەکات، لە ماوەیەکی کورت و دیاریکراودا ببێتە حزبێکی گەورە و بگەنە دەسەڵات.
ئەگهرچی ترهمپ دەرنەچووە، بەڵام حەفتاو چوار ملیۆن دەنگی هێناوە و سێ بەشی لایەنگران و دەنگدەرانی وەک خۆی لەو بڕوایەدان کە بردنەوەی هەڵبژاردنی لێدزراوە، سەرەڕای رەتکردنەوەی هەموو ئەو تانانەی لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی داون لە لایەن داگاکانەوە.
ئەو بیرۆکانەی ترهمپ کاریان لەسەر دەکات بۆ ورووژاندنی هەست و سۆزی ئەمهریکییەکان، لەلایەن بەشێکی زۆر لە خەڵکی و رێکخراوە توندڕەوەکان پێشوازی لێدەکرێت و پاڵپشتی دەکەن، لەبەرئەوەی ترامپ توانیویەتی بەو گوتارە پۆپۆلیستییە راستڕەوییە توندەی، بڕوایان پێ بهێنێ کە ئەمهریکا بەهۆی کەمبوونەوەی رەگەزی سپی و هاتنی زۆری پەنابەران و زۆربوونی رەشپێستەکان لەمەترسیدایە و پێویستە سنوورێکیان بۆ دابنرێت، هەروەها دروشمی یەکەم ئەمهریکا وای لە زۆرێک لە خەڵک کردووە بڕوای پێ بکەن.
بیرۆکەیەکی تری ترهمپ ئەوەبوو دەڵێت: نابێت چیتر پارە و ئابووری ئەمهریکا لە پاراستنی خەڵکی تر لە دەرەوەی ئەمهریکا سەرف بکرێ، پێویستە ئەو دەوڵەتانە لە جیاتی ئەمە پارە بدەنە ئەمهریکا، هەروەک چۆن لە ساڵانی رابردوو پارەی لە عەرەبستانی سعوودی کێشایەوە و خەرجییەکانی ناتۆی کەمکردهوە، بەکورتی بیرۆکەکانی ترهمپ ئەوەن کە چیتر ئەمهریکا سەرکردایەتی جیهان نەکات و خەریکی بەهێزکردنی ئابووری خۆی بێت لەناوەودا، ئەمەش ئەمهریکا دەکاتە کۆمپانییەک نەک دەوڵەتێکی مەزن، بەڵام هەروەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، خەڵکێکی زۆر بەتایبەتی چینی هەژار و پەراوێزخراوەکان، حەز بەم گوتارە دەکەن، بۆیە ئیدی لەمەودوا ترهمپ چیتر وەک کەسێکی ئاسایی یان سەرۆکێکی خانەنشین کراو نامێنێتەوە، بەڵکو بووهتە فکر و ئایدیای بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئەمهریکا، بەتایبەتی ئەگەر ئیدارەی نوێی جۆو بایدن سەرنەکەوێت یان بارودۆخی ئابووری وڵات لاوازببێت، ئەو کاتە ترهمپ بەهێزێکی زۆرترەوە دەگەڕێتەوە بۆ کۆشکی سپی دوای چوارساڵی تر، بەمەش هەموو جیهان دەکەوێتە مەترسی و گوتارەکەشی سەردەکەوێت، بۆیە مەترسییەکان بەدەرچوونی ترهمپ لە کۆشکی سپی کۆتایی نایەت و جیهان تا چوارساڵی تریش دەستی لەسەر دڵی دەبێت.