فیلمێک ناتوانێت مێژووی بەرگری میللەتێک بسڕێتەوە

Kurd24

میدیای ئێرانی فیلمێکی زۆر دوژمنکارانەی بۆ کەمکردنەوەی رۆڵی  پێشمەرگە لەشەڕی دژی داعش و بەپاڵەوانکردنی رۆڵی سەرکردەیەکی خۆیان لەو شەڕەدا بەرهه‌مهێناوە، نەیارانی گەلی کورد ئەمڕۆ نییە  کار لەسەر کەمکردنەوەی رۆڵی کورد لە مێژوودا دەکەن، زۆر لەمێژە هەوڵی ئەوە دەدەن  کولتوور و رۆشنبیرییەکەی و مێژوو خەباتی رەمزە نەتەوایەتییەکایشی بشێوێنن، یەک لەو رەمز و سەرکردانەی زۆرترین پشکی لەم هەوڵەدا بەرکەوتووە، سەرۆک مەسعود بارزانییە، لەڕێگەی لێدان لە پێگە و خەبات و مێژوو و کەسایەتییە کاریزماییەکەی سەرۆک بارزانی، دەیانەوێت لەو گیانە بەرگریکارانەی گەلی کوردیش بدەن، بۆ لاوازکردنی بڕوا بەخۆبوونی میللەتێک لەبەرگری و داواکردنی مافەکانی خۆی وەک گەلێکی زوڵم لێکراو.

 لێدان لە کولتوور و مێژوو و رەمزەکانی میللەتێک، کارێکی دووژمنکارانە و شەڕێکی رانەگەیه‌نراوە، بەر لە ماوەیەکی تریش میدیای ئێرانی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی گاڵتەیان بەجلوبەرگی کوردی کرد، لەمێژساڵە  دوژمنانی کورد هەوڵی شێواندنی مێژوو و کولتووری کورد دەدەن، نەک هەر ئەمە، بەڵکو ماوەیەکی زۆر کاریان لەسەر شێواندنی بنەچەو رەگەزی کورد کردووە، هەندێکیان تا ئەو شوێنە رۆیشتوون بە کورد بڵێن: لە جنۆکەوە دروست بوونە و مرۆڤ نینە، هەموو ئەو شێواندنانە لە پێناوی رەوایەتی دان بووە بە هێرشەکانیان بۆ لە ناوبردنی گەلی کورد، ئەوەی ئەمڕۆش لەلایەن ئەو کەس و لایەنانە بەڕێوە دەچێت، درێژکراوەی هەمان ئەو زنجیرە هەڵمەتەیە کە بەدرێژای مێژوو کراوەتە سەر کولتوور و رۆشنبیری گەلی کورد، لە کاتێکدا هیچ یەک لەو گەلانەی ناوچەکە بەتایبەتی ئەوانەی خاکی کوردیان داگیرکردووە و هەوڵی لەناوبردنیان داوە، وەک گەلی کورد خاوەن کولتوورێکی بەرز نەبوونە، لە پێکەوەژیان و لێبوردن و بەرگری، هەر مانەوەی کورد خۆی لە ناو ئەو ئاگرەی دەوری داوە، گەورەترین ئازایەتییە و مانای بەرزی گیانی بەرگری میللەتێک دەگەیه‌نێت، هەر نەتەوەیەک با بەم شێوەیە سێ لە گەورەترین نەتەوە پێکەوە هێرشیان کردبێتە سەر، نەک وجودی خۆی وەک نەتەوە، بەڵکو ناویشی نەدەما، لەرووی لێبوردەییشەوە تاکە سەرکردەی ئیسلامی کە بەرامبەر دوژمنەکانی  لێبوردە بووبێت، تەنها سەلاحەدین ئەیوبی بووە، ئەویش لەبەر ئەوەی کوردبووە، باقی سەرکردەکانی ئیسلامی بەرامبەر دوژمنەکانیان هیچ لێبوردنێکیان نەبووە، هیچیشیان ئازایەتی سەڵاحەدینیان نەبووە قودسی پیرۆز رزگاربکەن.

شەڕی داعش مێژووێکی ئەوەندە کۆن نییە، تا خەڵک بیری چووبێتەوە و میدیای ئێران لە رێی فیلم و دراما بیرمان بێنێتەوە، بەتایبەتی لەسەردەمی ئەمڕۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیایی رەقەمی. کێشەی ئێمە لەم شەڕەدا نەبوونی چەک بووە، چونکە هەرێم بەپێی یاسا و دەستوور ناتوانێ چەک بکڕێت، عێراقیش نەک هەر چەکی بە پێشمەرگە نەدا، بەڵکو سوپاکەی لە مووسڵ هەموو ئەو چەک و جبەخانانەی لەلایەن ئەمه‌ریکا و هاوپەیمانەکانیشی پێدرابوون کەوتە دەستی داعش، بۆیە هیچ ئازایەتییەکی تێدا نییە، لایەنێکی پڕچەک بەرامبەر لایەنێکی بێچەک، بتوانێت هەندێک سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، دواتریش کە پێشمەرگە چەکی دەستکەوت، هەموو جیهانی سەرسام کرد بەوهێرش و بەرگرییەی نیشانیدا، ئەوەی توانیشی کوردستان بپارێزێت و داعش نەگاتە هەولێری پایتەخت، پێشمەرگە لەسەر زەمین  و هاوپەیمانان لە ئاسمان بەسەرکردایەتی سەرۆک مسعود بارزانی بوو، نەک هیچ کەس و لایەنی تر، بۆیە سەرۆک بارزانی کراوەتە ئامانج لەم دیکۆ درامایەدا، چونکە نەیاران دەزانن سەرۆک چ رۆڵێکی مەزن و ئازایانەی گێڕا لە تێکشکاندنی داعشدا، هەروەها هۆیەکی تری زۆر سەرەکی بۆ لێدان لە رۆڵ و پێگەی سەرۆک بارزانی خۆشەویستی خەڵکی کوردی ئێرانە بۆ سەرۆک، میدیای ئێرانی پێیوایە بەم کارەیان دەتوانن ئەو خۆشەویستییە لە دڵی خەڵکی ئێران لاوازبکەن، بەڵام  با ئەو لایەنانە دڵنیا و خاترجەم بن،  بەم کارەیان نەک هەر ناتوانن ویستی کورد و بڕوا بەخۆبوونی لەق بکەن، یان خۆشەویستی سەرۆک بارزانی لە دڵی کورد دەربێنن، بەڵکو ویست و هێزی کورد بەهێزتر دەکەن، ئەم کارەی میدیای ئێرانی خزمەت بە پێکەوەژیانی نەتەوەیی و پرسی ئاشتی کۆمەڵایەتیی و پڕەنسیپەکانی دراوسێیەتی ناکات، کە جگەلە پێکەوە ژیان بەئاشتی، هیچ رێگەچارەیەکی تر لەبەردەم هەردوو گەلدا نییە.