تاکە رێگا!

Kurd24

ئەگەر بەخێرایی چاوێک بخشێنینەوە بە مێژووی وڵاتانی جیهان بەگشتی و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی، بۆمان رووندەبێتەوە کە زۆربەی کات (مەنتقی هێز) زاڵ بووە بەسەر (هێزی مەنتق)دا.

قەدەری میللەتی کوردیش لەڕووی جیوپۆڵۆتیکەوه کەوتووەتە نێو جەرگەی کۆمەڵێک وڵاتی فاشیست و رەگەزپەرست و دواکەوتوو، کە هەمیشە بە (مەنتقی هێز) مامەڵەیان لەگەڵ کورد کردووە، بەمەبەستی چەوساندنەوە و لەناوبردن و سڕینەوەی کەلتور و زمان و شکاندنی کەسایەتی کورد و لەباربردنی خەونی سەربەخۆیی، بەڵام خۆشبەختانە بەشێکی زۆری ئەم هەوڵانە بێسود بوون بەهۆی خۆڕاگری گەلی کوردستان، بەڵام لێرەدا پرسیارە جەوهەریەکە ئەوەیە کە بۆچی کورد وێڕای ئەو هەموو شۆڕش و قوربانیدانە، وەکو گەلانی تری ناوچەکە نەبۆتە خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ؟

ئەو پرسیارە وەڵامی زۆر هەڵدەگرێت، لەوانە (کورت) بینی (کورد) لە رابردوودا و هەڵەکردنیان بۆ خوێندنەوەی پارسەنگی هێز لە ناوچەکەدا، هۆکارێکی سەرەکی شکستهێنان بووە، کە لە ئەنجامدا دەربەدەری و ماڵوێرانی خەڵکی کوردستانی لێکەوتووەتەوە، بەڵام پێموایە نەهاتنەدی ئەم خەونە لە رابردوودا دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکاری سەرەکی:

1- هۆکاری دەرەکی یان پیلانی داگیرکەران:

پلانی وڵاتانی زلهێزی جیهان لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمی داگیرکەر بۆ لە باربردنی هەموو هەوڵێکی سەربەخۆیی و چاوتێبڕینیان لە سەروەت و سامانی کوردستان وای لێکردوون کە خاک و خەڵکی کوردستان وەکو نێچیرێکی چەور راو بکەن و لە سەر سفرەی ژەمەکانیان لە نێوان خۆیاندا "وەحش ئاسا" بە دڕندەترین شێواز و بە ددانە ژەهراویەکانیان قەپ لە جەستەی کوردستان بگرن.

2- هۆکاری ناوەکی یان پەرتەوازەیی کورد:

بەداخەوە کورد لەڕابردوو و لە ئێستاشدا پەرتەوازەیە و یەک دەنگ و یەک هەڵوێست نییە و پەرتەوازەیە  و دوژمنانی کوردیان دڵخۆش کردووە، بە جۆرێک کە بەردەوامبوون بەم حاڵەی ئێستا زۆربەی لایەنە سیاسییەکان دەخاتە بازنەی خزمەتکردن بە به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی دوژمنانی کورد.

بۆیە تاکە رێگا لەبەردەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دایەلۆگ و یەکتر قبوڵکردن و دانیشتنە لەپێناو چاککردنی باری ئابووری خەڵک و نووسینەوەی یەک پڕۆژەی نیشتیمانی و نەتەوەیی بۆ چەژنی نەورۆز و دیاریکردنی تایم تەیبڵێک بۆ جێبەجێرکردنی ئەم پڕۆژەیە، ئەگەر لایەنە سیاسییەکان ئەم تاکە رێگایە بگرنەبەر و ئەجێندایەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی بۆ کوردستان بنووسنەوە، ئەوا کوردستان لەم چەق بەستوییە رزگاری دەبێت و دەبینە خاوەنی دووانەی (مەنتقی هێز و هێزی مەنتق) بەم هەنگاوەشیان "کاوە ئاسا" رازاوەترین جەژنی نەورۆز بۆ خەڵکی کوردستان دەخولقێنن.