بودجه‌ی عێراق و پشكی هه‌رێم، گه‌ڕێكی تری رێكنه‌كه‌وتن
وه‌ك هه‌موو جارێك، له‌سایه‌ی نه‌بوونی ویست و زه‌مینه‌ی سیاسی له‌بار، نه‌بوونی رێكخستنی یاسایی روون، دامه‌زراوه‌ی هاوبه‌ش و فیدراڵی بۆ رێكخستنی په‌یوه‌ندییه داراییه‌كان، دیسان ته‌واوی پرسه‌كه خزێنراوه‌ته‌وه ناو پرۆژه یاسای بودجه‌وه و سپێردراوه‌ته‌وه به میزاجی سیاسیی حكومه‌ت و لایه‌نه سیاسییه‌كان و فراكسیۆنه په‌رله‌مانییه‌كان.
سپاردنی ته‌واوی پرسی رێكخستنی په‌یوه‌ندییه داراییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌یاسای بودجه‌ی ساڵانه كه ته‌نها به‌زۆرینه‌یه‌كی ئاسایی له په‌رله‌مان تێده‌په‌ڕێنرێت، له‌گه‌ڵ سیسته‌می فیدراڵیه‌تی داراییدا ناگونجێت. ده‌وڵه‌تانی فیدراڵی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته جگه له‌پشت به‌ستن به‌ده‌ستوور، چه‌ندین یاسای بنه‌ڕه‌تیی روون و چه‌ندین دامه‌زراوه‌ی هاوبه‌ش و ڕێكاری هاوسه‌نگ و پێوه‌ری بابه‌تیان هه‌یه، سیسته‌م و بنه‌ما و بڕیار و ڕاسپارده‌كانی تایبه‌ت به دابه‌شكردنی سامان و داهات و گشت بابه‌ته گرنگه‌كانی په‌یوه‌ندییه داراییه‌كان له‌وێوه داده‌ڕێژرێن، ئینجا پاشتر له یاسای بودجه‌ی ساڵانه‌دا ره‌نگده‌ده‌نه‌وه.
به‌ڵام له‌عێراقدا نه ویست و زه‌مینه‌ی سیاسیی له‌باره، نه یاسا‌و ڕێسا‌و دامه‌زراوه فیدراڵیه‌كان بوونیان هه‌یه، هه‌ربۆیه هه‌موو ساڵێك سه‌روبه‌ندی ئاماده‌كردنی بودجه‌ی عێراق ده‌بێته وێستگه‌یه‌كی هه‌ستیار و ئاڵۆزی تایبه‌ت به‌و پرسه. پێشتر ئێمه له چه‌ند وتار و لێكۆڵینه‌وه‌ی تردا باسمان له كه‌موكوڕیی زه‌مینه سیاسی و یاسایی و دامه‌زراوه‌ییه‌كانی فیدراڵیه‌تی دارایی له‌عێراق كردووه، باسمان له خه‌سڵه‌ته‌كانی ڕێككه‌وتن له ده‌وڵه‌تانی فیدراڵی و له عێراقیش كردووه و، لێره‌دا ته‌نها خوێندنه‌وه بۆ تێكسته‌كانی تایبه‌ت به پشكی هه‌رێم له بودجه‌ی عێراق ده‌كه‌ین و باس له‌و ئه‌گه‌ر و بژارده و ئاراستانه ده‌كه‌ین كه له‌و باره‌یه‌وه له ئارادان.
پشكی هه‌رێم له پرۆژه بودجه‌ی 2021ی عێراق
ئه‌وه‌ی له‌پرۆژه یاسای بودجه‌ی 2021دا سه‌باره‌ت به پشكی هه‌رێم هاتووه به‌شیكی زۆری كۆپیی یاسای ساڵی 2019 یه، له‌پرۆژه یاساكه‌ی ئه‌مساڵدا له‌ماده‌ی (10) خاڵی یه‌كه‌مدا هاتووه (پشكی هه‌رێم به‌پێی ژماره‌ی دانیشتوانی پارێزگاكان له خه‌رجیه فیعلیه‌كانی حاكیمه دیارده‌كرێت...)، له خاڵی دووه‌مدا هاتووه دا (پشكی بودجه‌ی هه‌رێم به‌پێی ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌رپارێزگایه‌ك له‌كۆی خه‌رجكردنی فیعلی له خه‌رجی به‌گه‌ڕخستن و وه‌به‌ر‌هێنان دیاری ده‌كرێت له‌پاش لێده‌ركردنی خه‌رجیه سیادییه‌كان..).
ماده‌ی (11) خاڵی یه‌كه‌م تایبه‌تكراوه به پاكتاوكردنی نێوان هه‌رێم وبه‌غدا له 2004-2020، ئه‌م خاڵه له 2006ه‌وه له هه‌موو یاساكانی بودجه‌ی ساڵانه‌دا هاتووه.
له‌مادده‌ی (11) خاڵی دووه‌م بڕگه‌ی (أ) هاتووه كه هه‌رێم پابه‌ند ده‌بێت به‌ڕاده‌ستكردنی داهاتی (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی خاوی ڕۆژانه به‌نرخی فرۆشتنی كۆمپانیای سۆمۆ و راده‌ستكردنی داهاته نه‌وتی و نانه‌وتییه‌كان به گه‌نجینه‌ی فیدراڵی، هه‌ربڕێكی به‌رهه‌می نه‌وتیی زیاتر له‌وه هه‌رێم سوودی لێ وه‌رده‌گرێت بۆ به‌كاربردنی ناوخۆیی و تێچووی به‌رهه‌مهێنان و به‌گه‌ڕخستن و گواستنه‌وه).
له بڕگه‌ی(ب)ی هه‌مان ماده‌دا هاتووه كه مووچه‌ی پێشمه‌رگه له ته‌رخانكراوه‌كانی بودجه‌ی هه‌رێم خه‌رج ده‌كرێت.
له بڕگه‌ی (ج)ی هه‌مان مادده‌دا هاتووه كه ئه‌گه‌ر هه‌رێم داهاته فیدراڵیه‌كانی ڕاده‌ستی به‌غدا نه‌كرد، ئه‌وا وه‌زاره‌تی دارایی به‌پێی ماده‌ی (27) له‌یاسای كارگێڕی دارایی هه‌ڵده‌ستێت به لێبڕینی بارته‌قای ئه‌و داهاتانه له پشكی بودجه‌ی هه‌رێم.
خاڵی سێیه‌می ماده‌ی (11) به هه‌رسێ بڕگه‌كه‌یه‌وه له‌باره‌ی قه‌رزه‌كانی سه‌ر هه‌رێمه‌وه‌یه (پێشكه‌شكردنی زانیاری و به‌یانات له‌سه‌ر قه‌رز و پابه‌ندییه داراییه‌كانی سه‌ر هه‌رێم بۆ وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵی، پێداچوونه‌وه‌یان له‌لایه‌ن دیوانی چاودێریی دارایی به‌غدا و هه‌رێم، پاكتاوكردنیان به‌شێوه‌ی پێدانی گوژمه‌ی ساڵانه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵیه‌وه)
ئاراسته‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كانی به‌غدا و ئه‌گه‌ره‌كانی به‌رده‌م هه‌ڵوێستی په‌رله‌مان
ئه‌و ده‌قانه‌ی سه‌ره‌وه له‌باره‌ی پشكی هه‌رێم و ئه‌رك و پابه‌ندییه‌كانه‌وه له ره‌شنووسی بودجه‌كه‌دا هاتوون، ده‌ره‌نجامی رێككه‌وتنی هه‌ردوو حكومه‌تی به‌غدا و هه‌رێمن، به‌ڵام جێگه‌ی ڕه‌زامه‌ندی ته‌واوی لایه‌نه‌كان نین، هێز و پارته سیاسییه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشوور كه زۆرینه‌ی په‌رله‌مان پێكده‌هێنن، به‌ته‌واوی دژی ئه‌و خاڵ و بڕگانه‌ن و هه‌ڵوێستی دژ و نه‌رێنیان هه‌یه له‌باره‌ی هه‌رێمه‌وه. هه‌ڵویستیان له‌و باره‌یه‌وه زۆر تونده و چاویان له بچوككردنه‌وه و له قاڵبدانی هه‌رێمه. ئه‌وه‌یش زیاد له‌هه‌موو شتێك هه‌ڵوێستێكی سیاسییه و زاده‌ی ویستی ناوه‌ندگه‌رایی و، هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه له فیدرالیزم ، به‌شیكیشی له‌ژێر كاریگه‌ریی هێزه ناوچه‌ییه‌كاندایه. سه‌رباری ئه‌وه تای هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراقیش كاریگه‌ریی خۆی هه‌یه و هه‌رێم كراوه‌ته كاڵایه‌كی سیاسی و له‌بازاڕی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بانگه‌شه‌ی پێوه ده‌كرێت.
به‌پێی قسه‌و ڕاگه‌یاندن و جوڵه‌ی قه‌واره و هێزه عێراقیه‌كان، وا ده‌رده‌كه‌وێت كه، ئه‌وه‌ی له ڕه‌شنوسی بودجه‌كه‌دا هاتوه و هه‌رێم پاڵپشتیی ده‌كات به‌هه‌موو جۆرێك ڕه‌تده‌كرێته‌وه‌و، له‌به‌رامبه‌ردا دوو بژارده‌ی تر له ئارادان:
1- بژارده‌ی یه‌كه‌م/ راده‌ستكردنه‌وه‌ی ته‌واوی دۆسیه‌ی نه‌وت و داهاته‌كان له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه بۆ به‌غدا، ئه‌مه ئامانج و بژارده‌ی دڵخوازی زۆرینه‌ی هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراقه، به‌ڵام به‌هیچ جۆرێك له‌گه‌ڵ ده‌ستوور و ئه‌و فیدراڵیه‌ته‌دا ناگونجێت كه عێراقی نوێی له‌سه‌ر بنیاتنراوه‌ته‌وه، بنه‌مای فیدرڵیزمی دارایی ئه‌وه‌یه كه هه‌رێمه‌كان جگه له سوودمه‌ندبوون له پشكی بودجه‌ی فیدراڵی خاوه‌نی داهاتی خودسه‌رچاوه (ایرادات ذاتیه المصدر) بن ده‌سه‌ڵاتێكی دیاریكراویان هه‌بێت له‌به‌ڕێوه‌بردنی سامان و داهاتدا. سه‌ركه‌وتنی ئه‌و بژارده‌یه واته كۆتایی هاتنی یه‌كجاره‌كیی فیدراڵیزمی عێراق و سه‌پاندنه‌وه‌ی حوكمی ناوه‌ندێتی به‌غدا به‌سه‌ر هه‌ریمدا، ئه‌مه‌یش زۆر دووره له‌واقیعه‌وه، هیچ بنه‌مایه‌كی ده‌ستووریی نییه و به‌ته‌واوی پێچه‌وانییه له‌گه‌ڵ سیسته‌می فیدراڵیه‌تی داراییدا، هه‌م له‌لایه‌ن هه‌رێم و هه‌م له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ته‌نانه‌ت له له‌لایه‌ن وڵاتانی ناوچه‌كه‌یشه‌وه په‌سه‌ندكراو نییه. به‌پێ مادده‌ی (112)ی ده‌ستوور به‌غدا مافی به‌ڕێوه‌بردنی نه‌وتی هه‌رێمی نییه، له‌م باره‌یه‌وه ده‌ستووره‌كه روونه، رای دادگای فیدراڵیش له‌وباره‌یه‌وه كه سه‌باره‌ت به یاسای كۆمپانیای نه‌وتی نیشتیمانی عێراقی خستوویه‌تییه‌ڕوو جه‌خت له‌هه‌مان بۆچوون ده‌كاته‌وه.
به‌پێ هه‌مان ماده‌ی ده‌ستووره‌كه هه‌رێم خۆی خاوه‌نی مافی به‌ڕێوه‌بردنی سامانی نه‌وت و گازی ئه‌و كێڵگانه‌یه كه له‌پاش په‌سه‌ندكردنی ده‌ستووره‌كه‌وه به‌شێوه‌ی بازرگانی نه‌وتیان لێ به‌رهه‌م دێت. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و سامانه به‌باشترین شێوه سوودی لێ وه‌ربگیرێت بۆ گشت گه‌لانی عێراق پێویسته به‌غدا و هه‌رێم و پارێزگا به‌رهه‌مهێنه‌كان پێكه‌وه ستراتیژێكی تایبه‌ت دابڕێژن، ئه‌وه‌یش تایبه‌ته به بابه‌تی ڕێكخستنی ته‌كنیكی و دارایی بۆ ئه‌وه‌ی باشترین كه‌ڵكی هه‌بێت بۆ گه‌لانی عێراق، ئه‌مه‌یش پێویستیی به هه‌بونی یاسای نه‌وت و گازی فیدراڵیه.
پاش ئه‌وه‌ی له‌ساڵی 2007 به‌غداو هه‌رێم له‌باره‌یه‌وه گه‌یشتنه رێككه‌وتنی سه‌ره‌تایی به‌پێی ده‌ستوور ڕه‌شنوسێك ئاماده‌كرا، به‌ڵام پاشتر به‌غدا پاشگه‌ز بووه‌وه‌و تاكو ئێستایش ئه‌و یاسایه بوونی نییه. ئه‌و پرسانه هه‌موو ده‌م شیاوی چاره‌سه‌رن به‌و مه‌رجه‌ی به‌غدا بڕوای به‌فیدراڵیزم و هاوبه‌شی و هاوبه‌شی و هاوسه‌نگی هه‌بێت، دان به‌مافی هه‌رێمدا بنێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی سامانی نه‌وت و گاز و داهاته خود سه‌رچاوه‌كانی تری به‌پێ بنه‌ما ده‌ستوورییه‌كان، ڕێكاری فیدراڵیانه‌ی هاوسه‌نگ دابنرێت بۆ به‌شداریكردنی هه‌رێم له پێكهینانی داهاته فیدراڵییه‌كان. به‌ڵام بژارده‌ی راده‌ستكردنه‌وه‌ی ته‌واوی دۆسیه‌ی نه‌وت و داهاته‌كان مه‌ترسیداره و شیاوی جێبه‌جیكردن نییه.
2- بژارده‌ی دووه‌م/ په‌یڕه‌وكردنی هه‌مان شێوازی یاسای پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی داراییی ساڵی 2020، واته ده‌قی ئه‌و مادده یاساییه به‌جۆرێك دابڕێژرێت و په‌سه‌ند بكرێت، كه هه‌رێم (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌نارده‌كراو ڕۆژانه یان داهاته‌كه‌ی به‌نرخی فرۆشتنی كۆمپانیای سۆمۆ ڕاده‌ستی به‌غدا بكات، ئه‌وه‌یش له یاساكه‌دا بچه‌سپێنرێت كه ئه‌گه‌ر هه‌رێم پابه‌ند نه‌بوو، ئه‌وا هیچ بڕه پاره‌یه‌كی پێ‌نادرێت و حكومه‌ت به‌رپرسیار ده‌بێت له پێدانی هه‌ربڕه پاره‌یه‌ك به‌هه‌رێم. ئه‌مه‌یش له‌كاتێكدا كه به‌غدا ناچێته ژێر به‌رپرسیاریه‌تی خه‌رجكردنی تێچووی به‌رهه‌مهێنان و به‌گه‌ڕخستن و گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌ریم.
له‌باره‌ی ئه‌م بژارده‌یه‌وه تاكو ئێستا روون نییه كه ئایا به‌غدا پێداگری له‌سه‌ر وه‌رگرتنی نه‌وت ده‌كات به‌بڕی دیاریكراوی سه‌ره‌وه یان داهاته‌كه‌ی؟ هه‌ندێ جار باس له (350) هه‌زار به‌رمیل و هه‌ندێجاریش باس له(430) هه‌زار به‌رمیل ڕۆژانه ده‌كرێت، حكومه‌تی هه‌رێم وای ڕاگه‌یاندووه كه ئاماده‌یه بۆ ڕاده‌ستكردنی (250) هه‌زار به‌رمیلی ڕۆژانه، به‌ڵام له‌و بڕه زیاتر ئه‌سته‌مه هه‌رێم پێی ڕازی بێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بژارده‌یه‌یش سه‌ركه‌وتووبێت پێویسته رێككه‌وتن له‌سه‌ر تێچووی به‌گه‌ڕخستن و گواستنه‌وه و شایسته‌ی كۆمپانیاكانی بواری نه‌وت بكرێت و بڕی پیویستیان بۆ دیاری بكرێت له‌ناو ته‌رخانكراوی خه‌رجیه سیادییه‌كان.
له‌باره‌ی ئه‌م بژارده‌یه‌وه دوو بۆچوون هه‌ن، یه‌كێكیان پێی وایه كه به‌غدا نه‌وت وه‌رناگرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌م ده‌رفه‌تی هه‌نارده‌كردنی سنوورداره و هه‌میش به‌جۆرێك دان پێدانانه به شه‌رعیه‌تی گرێبه‌سته‌كان و پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی هه‌رێم، بۆچوونێكی تریش ئه‌وه‌یه كه به‌غدا داهاته‌كه‌ی وه‌رناگرێت چونكه ئه‌وه‌یش داننانه به‌شه‌رعیه‌ت و ده‌ستووری بوونی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم. دیاره كه ئه‌و ئاراسته سیاسییه‌ی ئێستا له‌به‌غدا هه‌یه تاڕاده‌یه‌كی زۆر جیاوازه له‌ساڵی 2015 كه بۆ چه‌ند مانگێك نه‌وتی هه‌رێم ڕاده‌ستكرا، به‌ڵام ئێستا به‌غدا نایه‌وێت به‌هیچ جۆرێك بچێته ژیر باری ئه‌و دانپێدانانه. واته ئه‌وه‌ی به‌غدا ده‌یخاته‌ڕوو زیاتر به‌مه‌به‌ستی رێكنه‌كه‌وتنه.
كێشه‌یه‌كی تری ئه‌و بژارده‌یه بریتییه له‌وه‌ی نرخی فرۆشتنی نه‌وت له‌لایه‌ن كۆمپانیای سۆمۆ بكرێته بنه‌مای دیاریكردنی داهاتی نه‌وتی هه‌رێم، دیاره كه نرخی نه‌وت به‌پێی خه‌سڵه‌ته‌كانی دیارده‌كرێت نه‌ك به‌پێی ئه‌و كۆمپانیایه‌ی كه كاری به‌بازاڕكردنی ده‌كات، نه‌وتی هه‌رێمیش خه‌سڵه‌ته‌كانی جیاوازه له‌نه‌وتی باشوور و نرخه‌كه‌یشی جیاوازه، ئه‌مه بۆخۆی هۆكارێكه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌نرخه‌كه‌ی هه‌رزانتر بیت، سه‌رباری ئه‌وه‌یش ئه‌و نه‌یاری و ته‌نگپێهه‌ڵچنین و سكاڵا یاساییانه‌ی به‌غدا له‌سه‌ر پرۆسه‌ی نه‌وتی هه‌رێم ئه‌نجامیان ده‌دات هۆكارێكی سه‌ره‌كین بۆ ئه‌وه‌ی كه نه‌وتی هه‌رێم به‌هه‌رزانتر له‌نرخی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیشی له‌بازاڕه‌كاندا ساغ بكرێته‌وه، واته به‌شێكی گه‌وره‌ی هۆكاری هه‌ر‌زانفرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم خودی به‌غدایه.
به‌پێی ئه‌م بژارده‌یه بێت پیویسته حكومه‌تی هه‌رێم خۆی نزیكه‌ی 10 دۆلار بخاته سه‌ر داهاتی فرۆشتنی هه‌ربه‌رمیلێك نه‌وت، ئه‌مه‌یش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌وتی سووكی به‌سره جۆر و پێكهاته‌كه‌ی باشتره له نه‌وتی هه‌رێم و نرخه‌كه‌یشی زیاتره، به‌ڵام هه‌رێم مه‌حكومه به‌وه‌ی داهاتی نه‌وته‌كه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌وتی به‌سره ڕاده‌ستی به‌غدا بكات و ده‌بێ هه‌رێم خۆیشی قه‌ره‌بووی ئه‌وه بكاته‌وه كه به‌هۆی گوشار و نه‌یاریی و كۆسپ دروستكردنه‌كانی به‌غداوه نه‌وته‌كه‌ی به‌كه‌متر له‌نرخی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی ده‌فرۆشێت، ئه‌مانه‌یش له‌گه‌ڵ هیچ لۆژیكێكدا ناگونجین جگه له لۆژیكی گێچه‌ڵپێكردن. به‌كورتیه‌كه‌ی ئه‌م بژارده‌یه نه بۆ جێبه‌جێكردن ده‌ست ده‌دات و نه له بنه‌ڕه‌تیشدا بۆ جێبه‌جێكردن خراوه‌ته‌ڕوو.
ئاراسته‌ی هه‌رێم
هه‌رێمی كوردستان به‌فه‌رمی له‌زاری حكومه‌ت و شانده فه‌رمییه‌كانیه‌وه وا راده‌گه‌یه‌نێت كه هه‌رچه‌ند تێبینیان له‌سه‌ر ئه‌و خاڵانه‌ی ڕه‌شنووسی بودجه‌كه هه‌یه و ته‌واوی مافه‌كانی هه‌رێمیان تێدا ره‌چاونه‌كراوه، به‌ڵام تاڕاده‌یه‌ك ئه‌و چاره‌سه‌رانه به په‌سه‌ند ده‌زانن و به‌ته‌واوی پێوه‌ی پابه‌ند ده‌بن و هه‌وڵی رازیكردنی لایه‌نه‌كانی تریشی بۆ ده‌ده‌ن.
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی هه‌رێم به‌شێكی زۆری له ناچاریه‌وه‌یه، چ له‌به‌ر خراپیی دۆخی دارایی، چ له بێ ئومێدییه‌وه له به‌غدا بۆ چوونه ژێرباری زۆربه‌ی ماف و شایسته‌كانی. واته هه‌روه‌ك ڕایده‌گه‌یه‌نن بۆ ئه‌وه‌یه كه هیچ بیانوویه‌ك بۆ به‌غدا نه‌هێڵنه‌وه، هه‌رێم پێی وایه له‌م دۆخه‌دا ئه‌گه‌ر به‌غدا بچێته ژێرباری په‌سه‌ندكردنی ئه‌وخاڵانه‌ی تایبه‌ت به پشكی هه‌ریم له‌ڕه‌شنووسه‌كه‌دا هاتوون، ئه‌وه سه‌ره‌ڕای كه‌موكوڕییه‌كان هێشتا ده‌سكه‌وتێكی باشه.
هه‌رچه‌نده بانگه‌شه‌ی زۆر ده‌كرێت بۆ سوده‌كانی په‌سه‌ند كردنی ئه‌و پرۆژه یاسایه وه‌ك خۆی، له‌ڕاستییشدا ڕه‌شنوسه‌كه دوخاڵی ئه‌رێنیی تیدایه كه جیاوازن له یاساكانی بودجه‌ی ساڵانی ڕابوردو، ئه‌وانیش مافی سوود وه‌رگرتنی هه‌رێم له نه‌وتی به‌رهه‌مهێنراوی به‌ده‌ر له (250) هه‌زار به‌رمیله‌كه، هه‌روه‌ها خاڵی سێیه‌می مادده‌ی (11) یش له‌باره‌ی قه‌رزه‌كانی هه‌رێمه‌وه پێشڤه‌چوونێكی ئه‌رێنیه، ئه‌گه‌ری كاری پێویست بۆ جیبه‌جیكردنی بكرێت.
به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا ئه‌و پرۆژه یاسایه‌یش وه‌ك یاساكانی ڕابردوو پڕه له ته‌ڵه و لوغمی چێنراو، له‌كاتی په‌سه‌ندكردنیشدا ئه‌وه‌نده خاڵ و ده‌سته‌واژه و بڕگه‌ی ته‌ڵه‌ئاسای تێدایه كه هه‌ركات به‌غدا بیه‌وێت ده‌توانێت له‌ڕێگه‌یانه‌وه و به‌ناوی یاساوه تا دوائه‌ندازه پشكی هه‌رێمی پێ كه‌مبكاته‌وه، وه‌ك ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه:
1- به‌پێی مادده‌ی (10) پشكی هه‌رێم له‌سه‌ر بنه‌مای خه‌رجكردنی فیعلی دیاریده‌كرێت، هه‌ركاتێك به‌غدا ویستی هه‌بێت ده‌توانێت به‌م ده‌قه یاساییه 30%ی بودجه‌ی عێراق بخاته ده‌ره‌وه‌ی هاوكێشه‌ی دیاریكردنی پشكی هه‌رێم، چونكه ڕێژه‌ی خه‌رجكردنی فیعلی له‌بودجه‌ی عێراق زۆربه‌ی ساڵه‌كان 70%ی تێنه‌په‌ڕاندووه، ئه‌وه‌یش جگه له خه‌رجییه‌كانی سیادییه‌كان كه ئه‌وانیش له ده‌ره‌وه‌ی هاوكێشه‌ی دیاریكردنی پشكی هه‌رێمن و 40%ی بودجه‌كه پێكده‌هێنن، به‌واته هه‌ركات به‌غدا بیه‌وێت ده‌توانێت به‌و ده‌قه یاسایه 70%ی كۆی بودجه‌ی عێراق بباته ده‌ره‌وه‌ی هاوكێشه‌ی دیاریكردنی پشكی هه‌رێم و ته‌نها 30%ی بودجه‌كه جارانی 12.67% بكات. ئه‌وه‌یش له رووی میتۆدی زانستی و یاسا و رێساكانی بواری دارایی گشتی و بودجه و ژمێریارییه‌وه زۆر نادروست و نه‌گونجاوه و ته‌نها ته‌ڵه‌یه‌كه بۆ پشكی هه‌رێم.
ده‌سته‌واژه‌ی خه‌رجكردنی فیعلی له 2015ه‌وه هێنراوه‌ته ناو یاساكانی بودجه‌ى عێراق، به‌هیچ جۆرێك له‌گه‌ڵ رێساكانی بودجه گشتی ناگونجێت، هه‌مو ژماره‌كانی بودجه خه‌مڵێنراون و نابێت له بودجه‌دا وه‌ك چه‌مكێكی سێنتراڵ باس له ژماره‌ی فیعلی بكرێت، چونكه له‌بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و ژمارانه‌ی له‌یاسای بودجه‌دا داده‌نرێن له‌سه‌ر بنه‌مای ژماره فیعلیه‌كانی ساڵانی رابردوو و چه‌ند ئیعتیبارێكی تر خه‌مڵێنراون.
هه‌موو یه‌كه‌كانی خه‌رج كردن مافی وه‌رگرتنی ته‌رخانكراوه په‌سه‌ندكراوه‌كانیان هه‌یه. ته‌رخانكردن له‌سه‌ر بنه‌مای خه‌رجیی فیعلی له‌یاسای بودجه‌دا كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی ته‌كنیكی و مه‌نهه‌جی هه‌یه؛ ئایا مه‌به‌ست له خه‌رجی فیعلی چییه؟ مه‌به‌ست له‌خه‌رجی فیعلی ساڵی ڕابردووه یان هه‌مان ساڵ؟ ئه‌گه‌ر ساڵی ڕابردووه ئه‌وه خۆی پێشوه‌خته له‌كاتی خه‌مڵاندندا ڕه‌چاو كراوه، و له‌پاش پرۆسه‌ی خه‌مڵاندنه‌وه ئیدی ئیعتیباركردنی خه‌رجی فیعلی ساڵانی ڕابردوو كۆتایی دێت، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست هه‌مان ساڵه خۆ له‌كاتی ته‌رخانكردندا خه‌رجیه‌كی فیعلی بۆ هه‌مان ساڵ له ئارادا نییه. ئه‌گه‌ر سه‌ره‌تا ته‌رخانكراوه‌كان به پێشینه ده‌درێن و پاشان له‌كۆتایی هه‌مو مانگێك له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌رازووی پێداچوونه‌وه‌ی مانگانه پاكتاو ده‌كرێن ئه‌ویش یه‌ك دنیا كێشه‌ی هه‌یه و رێكارێكی نامۆیه به‌كاروباری ته‌رخانكردن و پاره‌داركردن له ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵیدا. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له خه‌رجیی فیعلی كۆتایی هه‌مان ساڵی هه‌موو عێراقه تاكو له‌كۆتایی ساڵدا به پێی 12.67% ی خه‌رجیه فیعلییه‌كانی هه‌موو عێراق پاش سیادی و حاكیمه پاكتاو له‌گه‌ڵ هه‌رێم بكرێت، ئه‌وه هه‌م له رووی ته‌كنیكه‌وه كیشه‌و ئاڵۆزیی هه‌یه، هه‌میش له‌گه‌ڵ هیچ ڕێسایه‌كی بودجه‌ی گشتی و ژمێریاری وێكنایه‌ته‌وه، چونكه ئه‌و كاره دواده‌كه‌وێت بۆ چه‌ند مانگێك له‌ساڵی داهاتوو، له‌هه‌مو شتێكش گرنگتر ئه‌وه‌یه كه نابێت مافی خه‌رجكردنی هه‌رێمێك یان ته‌نانه‌ت فه‌رمانگه‌یه‌كیش له‌سه‌ر بنه‌مای توانای خه‌رجكردنی شوێنێكی تر یان فه‌رمانگه‌یه‌كی تر دیاری بكرێت.
2- تێچووی به‌گه‌ڕخستن و گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌ناو ته‌رخانكراوه‌كانی خه‌رجیه سیادییه‌كاندا دیاری نه‌كراوه، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه بۆ تێچووی خه‌رجیه‌كانی پرۆسه‌ی نه‌وتی عێراق ته‌رخانكراوه. له‌كاتێكیشدا كه هه‌رێم پابه‌ندكراوه به‌ڕاده‌ست كردنی داهاتی نه‌وت به‌و بڕه‌ی له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌ی بۆكرا. له‌ساڵانی ڕابردوویش هه‌میشه كێشه‌ی ته‌رخاننه‌كردنی پاره‌ی تێچووی به‌گه‌ڕخستن و گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه یه‌كێك بووه له‌به‌ربه‌سته گه‌وره‌كانی به‌رده‌م رێككه‌وتنه‌كان و جێبه‌جێكردنیان.
3- خاڵی دووه‌می ماده‌ی (11) بڕگه‌ی (أ) ئاماژه به نرخی فرۆشتنی كۆمپانیای سۆمۆ كراوه وه‌ك بنه‌مای دیاریكردنی داهاتی نه‌وتی هه‌رێم، ئه‌وه‌یش پڕ كێشه‌یه وه‌ك پێشتر باسمان كرد.
4- له خاڵی (ب)ی ماده‌ی (11) دا هاتووه كه مووچه‌ی پێشمه‌رگه له ته‌رخانكراوه‌كانی بودجه‌ی هه‌رێم خه‌رج ده‌كرێت، له‌كاتێكدا پێویسته ته‌رخانكراوی خه‌رجیه‌كانی تایبه‌ت به پێشمه‌رگه له‌چوارچێوه ته‌رخانكراوه‌كانی سیادیدا بێت.
پوخته‌ی سه‌رنج ئه‌وه‌یه كه هیچ یه‌ك له‌بژارده‌كان بێ كێشه‌نین، بژارده‌كانی قه‌وار و هێزه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق زیاتر له‌وه‌وه نزیكن كه بۆ ڕێكنه‌كه‌وتن و جێبه‌جێنه‌كردن بخرێنه‌ڕوو، به‌تایبه‌تیش ئاراسته‌ی كاركردن بۆ ڕاده‌ستكردنی ته‌واوی دۆسیه‌ی نه‌وت و داهاته‌كانی هه‌رێم، كه به‌هیچ جۆرێك له‌ناو ڕێكاره‌كانی سیسته‌می فیدراڵیدا جیگه‌ی نابێته‌وه و سه‌ره‌تایه‌كی مه‌ترسی دارایی كۆتاییی فیدراڵیزمه.
بۆ بژارده‌كانی تر چ ئه‌وه‌ی له ڕه‌شنووسی بودجه‌كه‌دا هاتووه چ بژارده‌كه‌ی تری لایه‌نه سیاسییه‌كانی به‌غدا بۆ راده‌ستكردنی بڕێك نه‌وت یان داهاته‌كه‌ی به‌رامبه‌ر به دابینكردنی پشكی بودجه‌ی هه‌رێم سه‌ره‌ڕای كه‌موكوڕیه زۆر و زوه‌نده‌كانیان، شیاوی كار له‌سه‌ر كردنن.
بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م گرفته ئه‌ركی شاندی هه‌رێم و حكومه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مانتارانی هه‌رێم له‌به‌غدا و پارته سیاسییه‌كانیش قورسه‌وه، هه‌رچه‌نده كاتی به‌رده‌ست زۆر كه‌مه به‌ڵام ئه‌گه‌ر له رووی سیاسییه‌وه زه‌مینه‌سازیه‌ك بكرێت و لایه‌نی سێیه‌م وه‌ك هێزێكی نێوده‌وڵه‌تی یان ناوچه‌یی نێوه‌ندگیری بكات، له رووی یاسایی و ته‌كنیكیه‌وه كۆششی پێویست بكرێت، ئه‌وا هه‌ردوو بژاده‌كه بواری چاره‌سه‌رێكی گونجاو و كاتی‌یان تێدایه به‌سوودی هه‌ردوولا و به‌پاراستنی بنه‌ماكانی فیدراڵیه‌ت.