ئیتاڵیا بەرەو حکومەتێکی تەکنۆکرات

Kurd24

ماوەی چەند هەفتەیەکە  ئیتاڵیا بە رەوشێکی سیاسی دژواردا  تێپەر دەبێ، هەر ئەمەش وایکرد، کە  سەرۆک کۆماری ئیتاڵیا (سێرجۆ مەتەرێلا ) داوا لە (ماریۆ دراگی)ی سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندی  ئەوروپا  بکات، حکومەتێکی  نوێ پێک بهێنێت بۆ رزگار کردنی ولاتەکە لەو دۆخەی کە ئێستا تێی کەوتووە.

ئەوەش دوای دەست لە کار کێشانەوەی حکومەتەکەی پرۆفیسور (جوسپێ کونتێ) کە بۆ نزیکەی دووساڵ کاروباری وڵاتەکەیان بەڕێوە دەبرد. جێگەی ئاماژەیە هەوڵەکانی مەتەرێلای سەرۆک کۆماری ئیتاڵیا بۆ رازیکردن و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان پارتەکانی بەشدار لە حکومەت و پارتە بەرهەڵستکارەکان، بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک  سەری نەگرت. هەر ئەوەش وایکرد ناوبراو ناچاربێت پەنا بۆ دامەزراندنی  حکومەتێکی تەکنۆکرات  ببات، بۆ ئەوەی بتوانێ چارەسەری  ئەو کێشە قورسانە بکات کە وڵاتەکەی تێیکەوتووە.

لە هەمووشی ئەستەم تر کێشەی رووبەڕوو بونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا(کۆڤید 19) کە ماوەی ساڵێکە  ئیتاڵیا و جیهان بە  دەستیەوە دەناڵێنن. جگە لەمەش کێشە ئابوورییە سەختەکەی ئیتاڵیا کە تا ئێستا هیچ یەک لەو پارتانەی هاتوونەتە سەر دەسەڵات نەیانتوانیوە وڵاتەکە رزگار بکەن. ئەو بارودۆخە سیاسیەی ئێستاش یارمەتیدەر نیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵات.

سەرۆک کۆمار هەڵوێستی خۆی بۆ  وڵاتەکە  پیشاندا  و داوای  پێکهێنانی حکوومەتێکی  بە هێزی کرد، کە بتوانێت مامەڵە لەگەڵ قەیرانە جدییەکانی ئێستای تەندرووستی و کۆمەڵایەتی و ئابووری وڵاتەکە بکات.

هەروەها داواشی لەهەموو لایەنە سیاسییەکان کرد کە پشتیوانی  لە حکومەتی داهاتوودا  بکەن، هەروەها ئەوەشی دەربڕی کە هەڵبژاردنی پێشوەخت  بە تایبەتی لە بارودۆخەی ئێستادا کە وڵاتەکە لەناوەڕاستی پەتای کۆڤید - 19 دایە مەحاڵە ئەنجام بدرێت.

بانگکردنی دراگی لە کاتێکدا دێت کە راوێژکارەکانی کۆنتێ لە هەوڵەکانیان بۆ نوێکردنەوەی حکوومەتەکەی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی کە ئەوانیش پارتی دیموکراتی چەپی ناوەند  و بزووتنەوەی 5 ئەستێرە و پارتی ئیتاڵیا ڤیڤا (ئیتاڵیایی زیندوو) شکستیان هێنا.

دەستنیشانکردنی دراگی هەرەمەکی نەبوو بەڵکو پیاوێکی وریا وپسپۆڕێکی ناسراوە و دەرچووی  کۆلێژی ئابووریە  و دکتۆرایی لە هەمان بوار لە دانیشگای ماساچووسێتس (MIT)  ئەمریکی بە پلەیەکی بەرز بەدەست هێناوە.

 ئەرکەکانی  دراگی ئاسان نین  بەتایبەتی بۆ  وەدەست هێنانی  ئەو قەرزەی کە یەکێتی ئەوروپا بە نیازە  بیدات بە ئیتاڵیا کە بە بری 212  میلیار دەخەمڵێندرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی  پەتای کوڤید و قەیرانی ئابووری. ئەگەر چی تائیستا چاند وڵاتێکی ئەندام لە یەکێتی ئەروپا وەک پۆڵۆنیا و هەنگاریا وڵاتانی ئەسکەندەناڤی دژی ئەم قەرزه‌ن کە بدرێ بە ئیتاڵیا.