97 ساڵ.. لە نەتەوایەتییەوە بۆ نەوتایەتی !

Kurd24

نەوەد و حەوت ساڵ لەمەوبەر، لە رۆژنامەی (العراق) ی عەرەبیی لە بەغداوە بانگەواز کراوە  کە گوایا (سلێمانی) بەشێکی تەواوکەری عێراقی عەرەبییە! خەڵکی خوێندەوار و ئەشراف و کەسایەتییە کوردپەروەرەکانی سلێمانی بە توندی ئەو بانگەوازەیان رەتکردۆتەوە و ملیان بۆ نەداوە.

لە لاپەڕە 4ی ژمارە 23ی رۆژنامەی (ئومێدی ئیستیقلال) دا، کە لە ٢٤/٤/١٩٢٤دا دەرچووە و ئۆرگانی فەرمیی (سێهەمین حکومەتی کوردستان - مەلیک مەحموود) بووە، وتارێک بە ناونیشانی (جەوابی غەزەتەی العراق) بڵاوبۆتەوە، بەزمانێکی زۆر سادە و راشکاو، بەڵام تا بڵێی توند و کاریگەر، زەلیلی و ژێردەستەیی کوردی بۆ بەغدا و عەرەب رەتکردۆتەوە و پڕ بە گەروو هاوار لە جیهانی مەدەنیەت دەکات بەوەفا بن بۆ بەڵێنەکانی خۆیان کە بۆ سەربەخۆیی کورد و کوردستان دابوویان.

لەو وتارەدا گڕ و تینی ئەو بیری نەتەوەییە سەخت و راستگۆیە هەستپێدەکرێت کە ئێستا لە گشت کات زیاتر پێویستمانە و تاکە رێگەی سەرفرازیشمانە، لێ داخی گرانم کە ساڵانێکە هەندێکی (بە ناو کورد) (نەتەوایەتییان) گۆڕیوەتەوە بە (نەوتایەتی)!

--------------

بەشی سەرەوەی لاپەڕەی یەكەمی رۆژنامەی ئومێدی ئیستیقلال كە وتارەكەی تێدا بڵاوكراوەتەوە
بەشی سەرەوەی لاپەڕەی یەكەمی رۆژنامەی ئومێدی ئیستیقلال كە وتارەكەی تێدا بڵاوكراوەتەوە

((جەوابی غەزەتەی العراق))

غەزەتەی العراق، سلێمانیی بە جوزئی موتەمیمی عێراق نیشان داوە! موئەییدی ئەم ئیجتیهادە ئێمە هیچمان بۆ نادۆزرێتەوە. زۆر ئارەزوو ئەکەین العراق موناسەبەی ئیرتباط لە بەینی کورد و عەرەبدا چیە بۆمانی ئیضاح بکا. واقیعەن هەردوولا بەشەرن و هەم هاودینن، فەقەط حاڵەتی عونصورییە و خصوصییەی ئیجتماعییە زۆر لەیەکی دوورخستووینەوە.

بەلێ واقیعەن موناسەبەتی فیطریمان هەیە لاکین موجانەسەی ئیجتیماعییەی ئەخلاقییەی ئینسانیەمان نیە. لە صەد یەک لە زبانی یەکتری حاڵی نابین، لەم حاڵەدا ئەم موشارەکەتی حەیاتیەمان لەگەلێ جیهەتەوە ناقابیلی تەئلیفە. حەتا دوو ٣ ساڵ لەمەوپێش حکومەتی فەخیمەی بەریتانیا ئەم جیهەتەی خستە بەر نەظەرەوە بۆ ئیرتیباط و عەدەم ئیرتیباط ، ئیستیمزاجی فیکری کردین کە ئیلتحاقات بکات بە عێراق، بە کولـلی جەواب درا ( لەلامان باش نیە) و قەبوڵ نەکرا. لەسەر ئەوە حاکمی سیاسی مێجەر گۆڵدسمێث موستەنەد بە ئەمری جەنابی فەخامەتی مەندوبی سامی، بۆ موحافەظەی قەومییەتی خۆمان وەعدی داینێ. بابزانین ئەمڕۆ چ حاکمێکی ئیداری و ئیجتماعی ئەم حەقی حەیاتیەی ئێمەی ئیسقاط کردووە. ئەلحاڵ ئەمڕۆ دەستووری ئەوضاعی کەونیە ئەم حەقە لە ئێمە غەصب ناکا، مادام قەومییەت و عونصورییەت  رابیطەی میلییەی پچڕاند. ئێمەش قەومێکی سەربەخۆین. ئیختیلافی عونصورو لیسان و حەیاتی تەئریخییەمان زۆر چاک دیارە. لەم تەقسیمات و تەوزیعاتی حقوق و حەیاتەدا قەبوڵی مەحرومییەت ناکەین. وە هیچ صاحێبی ویجدانێکیش ئەم مەحرومییەتی حقوقی میلییەمان قەبوڵ ناکات. ئەم مەحرومیەتە ڕاستە و ڕاست تەعەروض بە عیززەتی نەفسی قەومیە و لە خصوصی غەصبی حقوقی صەریحەی ملییەمانەوە، شەرەفی حکوماتی موعەظەمەی عەلاقەدارەو زاتەن ئێمە خۆشمان هیچ وەقتێ بۆ موحافەظەی حەقی قەومییەت جەبانەت نانوێنین. مادام حکومەتی فەخیمەش لەوەقتی خۆیدا لوطف و وەعدی سەربەخۆیی موحافەظەی قەومیی پێ ئیلتیفات کردووین. ئەڵبەتە ئەمڕۆش مەیدان بە غەصبی حقوقی قەومییەمان ناداو نامانخاتە ژێر زنجیری ئەسارەتی قەومێکی ترەوە. بۆ ئەمە لەڕووی هەموو عالەمی مەدەنییەتدا پرۆتستۆی ئەم ئیرتیباطە ناحەقە ئیعلان ئەکرێ.

--------------

فەرهەنگۆک:

غەزەتە : ڕۆژنامە /   جوزئی موتەمیم : بەشێکی تەواکەر /  موئەییدی ئەم ئیجتیهادە : پاڵپشت و بەڵگە بۆ ئەم قسەیە /  موناسەبەی ئیرتباط : گونجاویی پەیوەندی / ئیضاح : ڕوونکردنەوە /  واقیعەن: ڕاستییەکەی / عونصور : نەژاد /  خصوصییەی ئیجتماعییە : تایبەتمەندیی کۆمەڵایەتی /  موناسەبەتی فیطری : گونجاندنی خۆڕسک /  موجانەسە : هاوشێوەیی /  ناقابیلی تەئلیفە : شیاوی پێکەوە بوون نیە /  خستە بەر نەظەر: خستە بەرچاو/  ئیرتیباط  وعەدەم ئیرتیباط : لکاندن و نەلکاندن / ئیستیمزاجی فیکری کردین : پرس و ڕای پێ کردین ، مەبەست گشتپرسییە /  ئیلتحاق : لکاندن ، پەیوەندیکردن / مەندوبی سامی : حاکمی ڕەهای بەریتانی لە عێراق/  ئیسقاط کردووە : سڕیوەتەوە، لەناوبردووە /  غەصب ناکا : زەوت ناکا  /  مەحرومیەت : بێ بەشی /  زاتەن : هەرخۆی ، ڕاستییەکەی / جەبانەت نانوێنین : بێ غیرەت و ترسنۆک نابین / پێ ئیلتیفات کردووین : پێی ڕەوا بینیوین ، پێی داوین . /  پرۆتستۆ : ڕەتکردنەوەو ناڕەزایی .