ئاسایشی نەتەوەیی و فرمێسکی تیمساحی پەرلەمانتار

Kurd24

رەنگە وەک یاساییەک و وەک کەسێک کە ھەندێک لە ئەلفوبێی یاسا دەزانم، ئەو مافە بەخۆم بدەم کە راشکاوانە بڵێم کە ئەم ختوکەدانەی ھەست و سۆزی خەڵک بە بەکارھێنانی منداڵ و گریانی ئەم و ئەو لەسەر شاشە، دەچێتە چوارچێوەی بەلاڕێدابردنی راستییەکان و فێڵکردن لە خەڵکی، کە فێڵکردن لە یاساکانی عێراقی و ئەوانەی لە ھەرێمی کوردستان بەرکارن سزای دیاری کراوی خۆی ھەیە.

ئەمە جگە لەوەی کە بەداخەوە جار جارە گوێبیستی ھەندێک لێدوان لە پەرلەمانتار و کەسی یەکەمی ھەندێک دامودەزگای فەرمی و بگرە حیزبیش دەبین کە دوور لە پرنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵات، دەست لە کاروباری دەسەڵاتێکی شەرعی ئەم ھەرێمە وەردەن. ناکرێت کە یاسادانەر بی و لە ھەموو کەس لە یاساش شارەزارتر بی، بەڵام بێیتوو نیشانەی پرسیار لەسەر ئەداو رێکارەکانی دادگاو بڕیارەکانی دادگا دابنێی!

لە کاتێکدا دادگا و ئەنجومەنی دادوەری دەسەڵاتێکی سەربەخۆیە و ناکرێت بە ناوی نوێنەرایەتی گەل حوکم لەسەر راستی و ناراستی بڕیارەکانی دادگا بدەی، لە کاتێکدا یاسا بەرکارەکان مافی تەمیزکردنەوە و پێداچوونەوە بە خاوەن ماف دەدەن.

ئاسایشی نەتەوەیی چەمکێکی ھەستیاری ھەر وڵاتێکە و ھەموویان زۆر بە ھەستیاری مامەڵەی لەگەڵ دەکەن، و لەبەر گرنگییەکەی لە دەستوری وڵاتان ئاماژەی پێدەدرێت و بە یاسای تایبەتیش کردەوەی تاوانکاری و سزای تاوانەکەش دیار دەکرێت کە زۆرجار دەگاتە توندترین سزا.

ئەمەش لە پێناو دابین کردنی سەقامگیری و ئارامی و ئاسایشی هاووڵاتی و لاوازنەبوونی ئینتیمای هاووڵاتی.

لەم ھەرێمەی ئێمەی تێدا دەژین و لەبەر ھەڵکەوتە وجیۆپۆلیتکەکەی و لەبەر ئەو قەیران و پرسە سیاسییانەی ناوچەکە و عێراقی گرتووه‌تەوە، جگە لەوەش بە ھۆی بوونی ده‌ستوه‌ردانی روون و ئاشکرای ھەندێک وڵاتی ئیقلیمی لە عێراق و نانەوەی پشێوی و ئاڵۆزی تێیدا، ھەروەھا بوونی حوکمی میلیشیایی لە عێراق و لاوازی حکومەتی فەرمی عێراق و ھەیمەنەی دەسەڵاتی حکومەتی سێبەری حیزبە مەزھەبی و تائیفییەکانی عێراق بەسەر حکومەتەوە، و نانەوەی قەیرانی دارایی و سیاسی لە لایەن ئەوانەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، جا بە شێوەیەکی راستەوخۆ بێت لە لایەن خۆیانەوە، یان ناڕاستەوخۆ لە لایەن وەکیل و دارودەستەکانیان بێت لە ھەرێمی کوردستان. ئەوا گومانی تێدا نییە کە ئاسایشی نەتەوەیی ئەم ھەرێمە لە ھەموو کاتێکدا زیاتر لە بەردەم مەترسی جیدی دایە.

بە جۆرێک کە ھانی ھەندێک کەس و لایەنی نێو ھەرێم دەدەن کە ھاوکاریان بن بۆ جێبەجێ کردنی ئەجێندا قێزەونەکانیان لەم ھەرێمە ئارامە کە بووه‌تە شوێنی حەوانەوەی ھەر لێقەوماوێک چ ھی عێراق بێت یان وڵاتانی دەورووبەر بێت یان پارچەکانی دیکەی کوردستان بێت. جگە لەوەی کە بووه‌تە روویەکی جوانی دیموکراسی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

چەواشەکاری و لێدوان و کردەوەی ھەندێک کەس و لایەن ھێندە زۆر و مەترسیدار بووە کە کاری کردووه‌تە سەر ئاسایشی نەتەوەیمان و وای لێھاتووە کە خزمەت کردن بە ئەجێندای بیانی و جێبەجێ کردنی ئەو ئەجێندا قێزەونانە لەو ھەرێمە لای ئەو جۆرە کەسانە بووه‌تە شتێکی ئاسایی و بگرە بەرگریشی لێ دەکەن و بۆ چەواشەکردنی خەڵکیش، فرمێسکی تیمساحیان بۆ دەڕێژن، بۆیە بە راستی وەک تاکێکی ئەم نیشتمانە کە چاوی نەیار و دوژمنی زۆر لەسەرە، بۆچوونم وایە کە ناکرێت ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی ئەو ھەرێمە بکرێتە قوربانی فرمێسکی تیمساحانەی ھەندێک کەس و پەرلەمانتار کە ھێشتا لەوە تێنەگەیشتوون کە نابێت تەدەخول لە کاری دادگا بکەن. ئەم ھەرێمە پێویستی بەوەیە کە ئاسایش و ئارامییەکەی پارێزراو بێت، و ھەمووشمان یارمەتی دەری لایەنە پەیوەندیدارەکانمان بین بۆ پارێزگاری کردن لە ئاسایشی نیشتمانی خۆمان و رێگە نەدەین درز بخەنە نێو ئەم بابەتە ھەستیارە.