پارالێلی (ترس و پرس)

Kurd24

سەرەتای ژیانی مرۆڤ، یەک پارچە ترس بوو، ترس و بەس.. ترس لە دڕندە لە ئاگر لە لافاو، لە ڕۆچوونی زەوی و بەربوونەوەی تاشە بەردی شاخان. ترس لە بوومەلەرزە و هەورەگرمە و شریخەی گڕاویی برووسکەی ئاسمان. ترس لە تاریکایی و لە ڕەو بەجێمان. لە دارستانی بێ کۆتایی و چڕوپڕ. لە برسێتی و لە تینوێتی و لە وەرزی سەخت و قات و قڕ. ترس لە سەهۆڵبەندان و شەختەی بێ پایان! ترس لە مرۆڤەکانی تر، لە هەموو بوونەوەرێکی نامۆو نەناسراو... ترسی هەرە گەورەو هەرە مەزنیش: ترس لە مەرگ!

ترس لە مەرگ ترسێکی کۆکەرەوەی گشت ترسەکانی تر بوو... هۆکاری پەنا بردنی مرۆڤیش بوو بۆ هەر شتێک حەشاری بدات و لەمەرگ بیپارێزێ، بۆ دامرکاندنەوەی گڕو ئاگری مەرگهێن پەنای بۆ ئاو دەبرد. لە ترسی سەرماو شەختەو تاریکی و بۆ خۆپاراستن لە دڕندەکان، پەنای بۆ ئاگر دەبرد. بۆ دەربازبوون لە لافاوی لەناکاوو بە لێشاو، پەنای بۆ شاخی سەخت و تاشە بەردی مەزن دەبرد. لەترسی هەرەسی بەفرو تاشەبەردی شاخان پەنای دەبردە دەشتاییەکان، بۆ خۆ حەشاردان لە هەورە بروسکەی مەرگپرژێن، هانای بۆ قووڵایی ئەشکەفتان دەبرد.. لە ویژدان و هزرو ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤدا، ترس بوو بەهەوێنی کۆکردنەوەی دژەکان. بوو بە سیستمی کۆکەرەوەی پارالێلەکانی: (ژیان / مەرگ) (دۆست / دژ)  (یار / نەیار)  (پێشوازی/ هەڵاتن) (متمانە / گومان و ڕک و کینە) (پێکەوەژیان / شەڕو کوشتار) هتد...

هێڵکاری و نیگاری نەخشێنراوو داتاشراوو هەڵکۆڵراوی سەر دیواری ئەشکەوتان، ئەفسانەو چامەو داستان و تۆماری سەر خشت و گڵێنە قوڕینەکانی چەند هەزارساڵ لەمەوبەری شارستانیەتیەکانی خاکی میدیاو کوردستان، میزۆپۆتامیا، میسری کۆن و فینیقیا و ئەفریکا، ئەمریکای لاتین و هیندو چین، دەربڕی ئەو ڕاستیانەن کە پارالێلی ( ژیان و مەرگ ) (متمانە و ڕک وکینە) (ئاشتی و شەڕ) هتد... کرۆک و هەوێنی داهێنانی ئەدەبی و هونەری و زانستی و هزری ئەفسانەیی و ئایینیی مرۆڤە داهێنەرەکانی سەردەمانێک بوون.

لە وەرچەرخانێکی مێژووییدا:  پرس، دەربارەی  ترس ، سەریهەڵدا... سەرەتا پرس دەرکەوتەیەکی سادەبوو، سادە لەدەربڕین و سادە لە مانادا، شەرمن و لەرزۆکیش لە ئاست ئەو ترسە بێ سنوورو مەزنانەی لەناخی مرۆڤدا بوون. پرس، لە فەزایەکی بەر تەسکدا دەهات و دەچوو: ( چی وکێ و کەی وکوێ و چەند ؟) چی ڕوودەدات ؟ ئەوەی ڕوودەدات زیانبەخشە یان سوودبەخش ؟ کەی ڕوودەدات ؟ بەشەو یان بە ڕۆژ؟ ئێستا یان دواتر؟  لەکوێ ڕوودەدات ؟ لێرە یان لەوێ ؟ نزیک یان دوور؟ چەند دەخایەنێت ؟ ئەوانە کێن؟ دۆستن یان دوژمن ؟ ژمارەیان چەندە ؟ نیازیان چییەو چییان دەوێت؟.

مرۆڤ هەزاران ساڵ سەرقاڵی ناسین و ناولێنانی شتەکان و دیاردەکانی دەوروبەری بوو، چین؟ کێن؟ کەی سەرهەڵئەدەن؟ کەی دێنەوە؟ کەی دەڕۆن؟ لەکوێوە دێن؟ بۆ کوێ دەچن؟ ژمارەیان چەندە؟  چەندیان ماوە ؟ چەند وەرزی تر؟ چەند شەوو چەند رۆژی تر؟ بەسوودن یان زیانبەخشن؟ پرسیارو خولیاکانی مرۆڤ لە چوارچێوەی داڕشتنی شوناسی پێکهاتەو توخمەکانی دەوروبەریدا بوون.. هزری مرۆڤ سەرقاڵی دابەشکردنی دەوروبەرەکەی بوو بەسەر پارالێلی  (باش و خراپ) (بەسوودو زیانبەخش) (دوورو نزیک ) (من و ئەو) (ئێمەو ئەوان) (یارو نەیار) دا.. لێرەوە یەکەمین چرۆی هاوتەریب و هاودژی ((خێرو شەڕ))، (ئەهورامزدا و ئەهریمەن)، (خوداوەند و شەیتان) لە هزری داهێنەرانی ئەو سەردەمانەدا پشکووت، لە ئاکامدا پاش سەدان ساڵ، لەو چرۆیەوە تانوپۆیەکی چڕی ئەفسانەسازی (میتۆلۆژیا) سەراپای ژیانی مرۆڤایەتیی تەنییەوە.

سەدان ساڵ دواتر، پرس توانیی سادەیی و لەرزۆکی و شەرمنی تێپەڕێنێ. پرس ئاڵۆز چاوقایم بوو، شەرمی نەماو ڕوو بەڕووی ترسی ناخ و ترسی دەوروبەریش بووەوە: پرس لەئاستێکی نزم و سادەوە هەڵکشا بۆ ئاستێکی باڵاو ئاڵۆز: پرس بوو بە: (چۆن؟). سەرکێشی و پڕکێشی، مرۆڤی خاوەن پرسیاری (چۆن) ی ناچارکرد تەنکاییەکان جێ بهێڵێ و بەرەو قوڵاییەکان پەل بکوتێ. خواستی بەدەسهێنانی وەڵامی پرسی ( چۆن ؟) مرۆڤی پەلکێشی قوڵایی پڕ گێژەن و بەرزەشەپۆلەکانی ژیان و دەوروبەر کرد، لەگەڵ هەموو هەنگاوێکیشدا ترس دایدەگرت و هەندێ جار سست و شەکەتی دەکرد، جار جارەش ناچار بە پاشەکشەی دەکرد !

مرۆڤ بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری: چۆن؟ دەستی دایە داڕشتن و هۆنینەوەی حیکایەتی ڕووداوەکان، حیکایەتی سەرهەڵدانی بوون و گەردوون و بوونەوەرەکان و ژیان.. حیکایەتی دابەشکردنی ڕۆڵ بەسەر خوداوەندەکاندا کە گەردوون و ژیانیان هێناوەتە بوون و ئیدارەیدەدەن. مرۆڤی داهێنەری خاوەن بەهرەی وێناکردن و خەیاڵکردن، بە درێژایی سەدان ساڵ سەرقاڵی داڕشتنی یاساو رێساکانی چۆنێتیی ڕازیکردن و خۆ پارێزی بوو لە تووڕەیی خوداوەندەکان.

پاش تێڕامانی سەدان ساڵ لە (چۆنێتیی) ڕوودانی ڕوداوەکان، وردەکاریی سەرهەڵدان و ڕەوتی دیاردەکان... چۆنێتیی پەرەسەندنی پێشهاتەکانی دەوروبەری، لە سەرزەمین و ژێرزەمین و لە ئاسمان، لەناخی خۆی و لەخەون وخەیاڵەکانیدا، لەنێوان خۆی و ئەوانی دیدا.. ئیتر کاتی ئەوە هات دەس بداتە سەرچڵی و سەرکێشییەکی مێژوویی تر.. ئەمجارەیان هزری مرۆڤ پرسیاری (بۆچی؟) ی خوڵقاند، ئەو پرسیارەی تامی هەموو شتەکانی لە چێژی مرۆڤدا گۆڕی و تێڕوانینی بۆ هەموو دەوروبەرو ژینگەکەی سەرو ژێرو ڕاست و چەپ کرد. لەو ساتەوە کە پرسیاری (بۆچی؟) و (لەبەر چی ؟) بوونە خۆرەی مێشکی مرۆڤ، ئیدی مرۆڤ لە بوونەوەرێکی ڕازی و ملکەچی چارەنووس و ئارام و دڵنیاوە، گۆڕدراو بوو بە بوونەوەرێکی بزێوو یاخی و ناڕازی و پڕاوپڕ لە گومان.. بە گومان لە  دیاردە و شتەکانی دەوروبەری، چ لەسەر زەوی و چ لە ئاسمان، چ لە ناو سروشت و چ لەودیوی سروشتەوە.. گەڕان بەدوای وەڵامی (بۆچی) یەکانیدا ناچاری دەکرد لەگشت دەرگایەک بدات تەنانەت دەرگای پیرۆزی خوداوەندەکانیش کەوتنە بەر زەبری کوتان و پێلەقە.

گەڕان بەدوای وەڵامی پرسیاری (بۆچی؟) دا، مرۆڤی سەرچڵ و سەرکێشی ناچارکرد سەر بە هەزار کوندا بکات.. لە پەناوپاساری مێشک و دەروونی خۆی و مرۆڤەکانی تریشدا کەوتە گەڕانێکی بێ وچان.. ناوبەناو وەڵامێکی چنگ دەکەوت.. تا ماوەیەک، کورت یان درێژ، قەناعەتی پێی دەهات.. پاشان دەکەوتەوە گومانکردن لەو وەڵامانەی نەوەکانی پێش خۆی پێی گەیشتبوون.. وەک تەیری دارکونکەرە، دەکەوتە گیانی ئەو وەڵامانەو سەر لەبەریانی شیتەڵدەکرنەوەو بەرە بەرە باوەڕە کۆنەکانی کاڵدەبوونەوە، سەبری نەدەماو تووڕی هەڵدەدانە زبڵدانی مێژووەوە.. سەرلەنوێ دەکەوتەوە کنەی گەڕان بەدوای وەڵامی نوێدا. یاخیبوون لە وەڵامەکانی پێشوو، لە پێوەرو لە تێگەیشتنەکان، لەبنەماو ڕێبازو جیهانبینی و ژیانبینیەکانی پێشوو.. لە یەقینەکانی ناو سیستمی ئەفسانەسازی، یەکێکی تر بوو لە دەرئەنجامە هەرە بەرچاوەکانی شەڕی نێوان پارالێلی: (یەقین و گومان ) ( کۆن و نوێ) ( ڕازیبوون و یاخیبوون).

لەگەڵ کامڵبوونی پرسیاری  (بۆچی) دا، پارالێلی: (یەقین و گومان) هاتە ئاراوە. لەو ساتەوەو ئێستاشی لەگەڵدا بێ، سەروەتێکی بێ شوماری لەبن نەهاتووی ئەدەب و هونەرو فەلسەفەو دۆزینەوە زانستییەکان لە گشت کایەکانی ژیانی کۆمەڵگەو مرۆڤایەتیدا هۆکارو سەرچاوەی فەراهەم بوونیان، ئەو پارالێلەیە !

سەرلەنوێ خوێندنەوەی داهێنانە نووسراوەکانی دوو سەدەی ڕابردوومان، لە گشت بوارەکانی ژیاندا، لەچوارچێوەی پارالێلەکانی (ترس و پرس و ژیان و مەرگ، خێرو شەڕو خۆشەویستی و کینە، دۆست و دوژمن، یارو نەیار، یەقین و گومان، رازیبوون و یاخیبوون ) دا، لەتوانایدایە بمانخاتە سەر ڕاستەڕێیەک بۆ داڕشتنی ئۆنتۆلۆژییەک بۆ ئەدەب و هونەری کوردی.

 

* ئۆنتۆلۆژی Ontology: بوونناسی/ علم الوجود