سەردانی پاپا بۆ عێراق و کوردستان

Kurd24

هەروەک بڕیاره‌ (5)ی مانگی ئادار پاپا دەست بە سەردانەکەی بکات بۆ عێراق، ئەمەش بە یەکەم سەردان دادەنرێت، کە پاپایەکی ڤاتیکان بۆ عێراق ئەنجامی بدات. 

سەردانەکەی پاپا فرانسیس بۆ ئەو وڵاتە کە شوێنی لەدایکبوونی ئیبراهیمی پێغەمبەرە و  خەڵکەکەی لە بارودۆخێکی  تاریک و پڕ لە محنەتدا دەژین، و بەهاکانی پێکەوەژیان و ئازادی و گیانی لێبوردەیی تێیدا نەماوە.

 ئەو وڵاتەی کە  ساڵانێکی زۆرە بە دەست  شەڕی  نێوان مەزهەبەکان وەک سوننە و شیعە و  کوشتنی کریستیانەکان دەناڵێنێ. بۆیە هاتن و پشتیوانی پاپا دەبێتە پشتیوانییه‌كی رۆحی بۆ هەموو گەلانی ئەو وڵاتە.

سەرەتای مانگی ئادار دەبێتە هەلێکی مێژوویی لەبەردەم وڵاتێکی وەک عێراق بۆ زیندووکردنەوەی برایەتی و مرۆڤایەتی کە ساڵانێکی زۆرە لە دەستی داوە.

ئەو هزرەی پاپا فرانسیس بۆ سەردانیکردنی عێراق تاکە یەکەم بیرۆکە نیە،  بەڵکو  پاپای کۆچکردوو جۆن پاولی دووەم  لەکۆتایی ساڵی 1999  پلانی سەردانیکردنی عێراقی داڕشتبو، بەڵام بە هۆی ئەو ئابڵوقە گشتیەی کە ئەو کات خرابووە سەر عێراق  نەتوانرا  ئەنجام بدرێ.

پاپا فرانسیس تەمەن (84) ساڵ و (266)ـه‌مین پاپا و قه‌داسەتی کڵێسای کاسۆلیکی رومایە، هەر  لەو رۆژەی وەک پاپا هەڵبژێردرا، بەردەوام هەوڵی  نزیکبوونەوە  لە خەڵکی هەژار و سته‌ملێکراوی داوە، بۆیە  سەردانەکەی  قەداسەتی پاپا کاریگەرییەکی زۆر دەکاتە سەر پێگەی عێراق لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی، سەرەڕای ئەو بارودۆخە  دژوارەی کە ئێستا پێیدا تێپەڕدەبێت.

بیرۆکەی ئەو سەردانە لە ئەنجامی ئەو چاوپێکەوتنە دێت کە بەرێز مەسرور بارزانی لە مانگی شوباتی ساڵی (2020) ئەنجامی دا هەر ئەو کاتە راستەوخۆ بانگهێشتی فەرمی ئاراستەی پاپا کرا بۆ سەردانیکردنی هەرێمی کوردستان و عێراق.

بێ گومان هاتنی پاپا بۆ شارەکانی هەولێر و موسڵ و قەرەقۆش لە دەشتی نەینەوا، زۆر گرنگ دەبێت، چونکە شوێنکەوتوانی  رێکخراوی تیرۆریستی داعش بە ردەوام لە هەوڵی ئەوەدان نەک تەنیا برا مەسیحیەکان بەڵکو موسڵمانەکانیش لە شارە مێژووییەکەیان دەربکەن بەتایبەتی لە موسڵ.

لەلایەن خۆیەوە بەرێز بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراقیش سەردانەکەی داهاتوی پاپا بە مێژوویی وەسفکردو گوتی عێراق "خاکی پێغەمبەران و قەشەکان و ماڵی په‌یامبه‌ری پەروەردگارمان ئیبراهیمە ( سڵاوی خوای لێبێت ). ئەوەشی وت کە سەردانەکه‌ "پەیامێکی ڕەوانە بۆ پشتیوانی عێراقییەکان لە روبەڕووبوونەوەی شەبەنگی خۆیان و تەئکید لە یەکڕیزی مرۆڤایەتی دەکاتەوە لە چاوەڕوانی ئاشتی و تۆلێرانسی و بەرهەڵستی توندڕەوی."