ئاگایی ئه‌نتی ڕیفراندۆمییه‌کان
بناغه‌ی ژیانی ڕۆژانه‌مان ته‌نها له‌سه‌ر لۆجیک دانه‌نراوه، به‌ڵکوو زۆر له‌وه زیاتره، که ئێمه بیری لێده‌که‌ینه‌وه. لۆجیک به‌شێکی بچکۆلانه‌ی بناغه‌کانی ژیانمانه. ئه‌وه‌ی مرۆڤ له ته‌واوی بوونه‌وه‌ره‌کانی تری سه‌ر ڕووی زه‌ویی جیاده‌کاته‌وه، بریتییه له توانا پێکهێنه‌ره‌کانی، له توانا سپیریتوێله‌کانی، له توانا هه‌سته‌کییه‌کانی، له تواناکانی ئاگایی و نائاگایی. به‌ڵام به‌شێک له ئێمه‌ی کورد، ته‌واوی فۆکوسیان له‌سه‌ر لۆجیکه، له‌سه‌ر ئه‌قڵه و هه‌موو شتێکی تر نه‌ک ڕه‌تده‌که‌نه‌وه، به‌ڵکوو به خه‌وش و به نه‌بوونیشی ده‌زانن. به‌شێک له ئێمه هه‌تا ئێستا به‌وپه‌ڕی یه‌قینه‌وه قسه له‌سه‌ر هه‌ست و نه‌ست ده‌که‌ن، له‌کاتێکدا شتێک نییه ناوی هه‌ست و نه‌ست بێت، له سیستێمی ده‌روونیی مرۆڤدا بوونێک نییه ناوی هه‌ست و نه‌ست بێت. شتێک هه‌یه ناوی هه‌سته، که قسه له‌سه‌ر هه‌سته‌کانمان ده‌کات. شتێکیش هه‌یه که ناوی ئه‌قڵه، که قسه له‌سه‌ر بیرکردنه‌وه و لۆجیکمان ده‌کات. هه‌مانکات له سیستێمی ده‌روونییماندا شتێک هه‌یه پێیده‌گووترێت ئاگایی و نائاگایی. شتێک نییه ناوی بنێین، که ئاگایی ئه‌قڵانییه و نائاگاییش بێئه‌قڵیی. نه‌خێر، هه‌ردوو ئینستانس کاریان به‌ڕێکردنی ژیانه، پارێزگارییکردنی ژیانه. له‌گه‌ڵ یه‌که‌م چرکه‌ی له‌دایکبوونماندا تووشی شۆکێکی گه‌وره و ترسێکی گه‌وره ده‌بین. چونکه له سکی دایکمان دێینه ده‌ره‌وه و پێویسته خۆمان هه‌ناسه بده‌ین، ده‌نا ده‌مرین. ئێمه ئه‌و کاته‌ی، که هه‌ستده‌که‌ین پێویستمان به هه‌وایه، به‌ئاگا ده‌بین له‌م ڕاستییه، هه‌ربۆیه خێرا فێرده‌بین خۆمان هه‌ناسه بده‌ین. ئه‌مه‌ش یه‌که‌مجارمانه له ژیانماندا، که به ئاگا بین. ئه‌م کاره‌ش یه‌کجار ئاگایانه ده‌یکه‌ین. له‌وه به‌دواوه، مێشکمان له سیستێمی پێریفێری سیستێمدا له خه‌می ئه‌وه‌دا ده‌بێت، که ئێمه به‌رده‌وام به‌بێئه‌وه‌ی بیری لێبکه‌ینه‌وه، هه‌ناسه بده‌ین. ئاخر مێشک ده‌زگایه‌کی ئۆکۆنۆمییه و ده‌بێت له هه‌موو شت‌دا پاشه‌که‌وت بکات، چونکه مێشک وه‌ک ده‌زگایه‌کی مۆنۆپۆل زۆرتریین ئه‌نه‌رگیی خه‌رجده‌کات و له سه‌دا په‌نجای ئه‌نه‌رگیی له‌ش بۆ خۆی ده‌بات. هه‌ناسه‌دانیش ده‌کرێته پرۆسه‌یه‌کی ئاوتۆماتیک هه‌تاوه‌کوو که‌متریین ئه‌نه‌رگیی تێبچێت. ئه‌مه کاری نائاگاییه. ئه‌مه‌ش ساده‌تریین نموونه‌ی کاره‌کانی نائاگاییه، هه‌تا له‌وه تێبگه‌ین، که نائاگایی بوونێکی نێگه‌تیڤ نییه، به‌ڵکوو هه‌ڵسوڕێنه‌ری ژیانه. ئه‌وه‌ی وه‌ها ده‌کات، که نائاگایی نێگه‌تیڤ بکات، بریتییه له‌وه‌ی، که چی له نائاگاییدا تۆمار ده‌که‌یت. هه‌ر هۆنراوه‌یه‌ک، که ده‌یان ساڵه له‌به‌رتکردووه و هێشتا له مێشکت‌دا بوونی هه‌یه، ده‌بێت سووپاسگوزه‌ری نائاگایی بیت. لێ هه‌ر ڕقێکیش که هه‌ته، له که‌سێک، له خه‌ڵکانێک، له بنه‌ماڵه‌یه‌ک ....هتد. ده‌بێت سووپاسگوزه‌ری نائاگایی بیت. لێره‌دا ناکرێت خه‌تا بخه‌ینه ئه‌ستۆی نائاگایی، چونکه نائاگایی ئه‌وه فێرده‌بێت، که تۆ ده‌یده‌یتێ. فێری هه‌ناسه‌دان ده‌بێت، چاوترووکاندن، هه‌ڵستان، دانیشتن، ڕۆیشتن، ڕاکردن، لێ فێری جگه‌ره‌کێشان، به‌کارهێنانی نارکۆ، کووشتن، بیرکردنه‌وه‌ی نێگه‌تیڤ ....هتد. هه‌موو ئه‌مانه‌ش ده‌بێت. ئه‌وه‌ی وه‌ها ده‌کات، که نائاگایی فێری خراپه‌کاریی، ڕق و کینه و بیرکردنه‌وه‌ی دۆگما و نێگه‌تیڤ نه‌بێت، بریتییه له ئاگایی. هه‌ربۆیه به ئاگابه له‌وه‌ی، که چیده‌ڵێیت، چلۆن بیرده‌که‌یته‌وه، چ ئومێد ده‌که‌یت ...هتد. چونکه تۆ ئه‌وه‌یت، که بیری لێده‌که‌یته‌وه. تۆ ده‌بیته خاوه‌نی ئه‌وه‌ی، که بیری لێده‌که‌یته‌وه و هیوای پێده‌خوازیت.
به‌شێک له ئه‌نتی ڕیفراندۆمییه‌کان، خه‌ڵکانی ساده و ساکارن، به‌شێکیان سیاسیین و به‌شێکیشیان ڕۆشنبیر و نووسه‌رن. لێ هه‌موو ئه‌مانه خاڵێکی هاوبه‌شیان هه‌یه، ئه‌ویش له‌وێ نه‌بوونی ئاگاییه. نه‌بوونی ئاگاییه. هه‌بوونی ئه‌قڵ به‌س نییه بۆ ئه‌وه‌ی به‌ئاگابین، به‌ڵکوو ئاگایی بۆ خۆی پرۆسه و سیستێمێکی ئازاده و ژێرده‌سته‌ی ئه‌قڵ نییه. یه‌کێک له ئێکسپه‌ریمێنته هه‌ره گه‌وره‌کانی ئه‌مێریکا، که ڕاستیی ئه‌م بوونه ده‌سه‌لمێنێت، بریتییه له ڕۆژی چاوپێکه‌وتنی داوای کاری سێ سه‌د که‌س له کۆمپانیایه‌کدا، که پێویستیان به که‌سێک بوو، هه‌تا کاری ناردن و وه‌رگرتنی تێلێگرامیان بۆ بکات. له سه‌ره‌تای ساڵی سییه‌کانی سه‌ده‌ی بیستدا له ئه‌مێریکا، قه‌یرانێکی دارایی گه‌وره بوونی هه‌بوو، بێکارییه‌کی گه‌وره بوونی هه‌بوو. کۆمپانیایه‌ک یه‌ک جێگای کاریان به‌تاڵه، بۆ که‌سێکی مۆرسه‌تایپه‌ر، بۆ که‌سێکی تێلێگرامکه‌ر. به خێرایی سێ سه‌د که‌س داوای ئه‌م کاره ده‌که‌ن. هه‌ر سێ سه‌دیشیان له یه‌ک ڕۆژدا، هه‌موو پێکه‌وه ده‌چن بۆ چاوپێکه‌وتن. ئه‌مانه هه‌موو له هۆڵێکدا داده‌نیشن و چاوه‌ڕێده‌که‌ن، بانگبکرێن بۆ چاوپێکه‌وتن. ته‌قه ته‌قێکی زۆر به چه‌کووشکاریی دێت له پشتی هۆڵه‌که‌وه. وه‌کئه‌وه‌ی کرێکارانی بینا، خه‌ریکی ڕووخاندن و چاککردنی هۆده و دیوار بن. خه‌ڵکه‌که بێزارن به‌م ته‌قه ته‌قه، به‌ڵام چاریشیان نییه، ده‌بێت چاوه‌ڕێبکه‌ن. هه‌ر به‌شداربوویه‌ک ژماره‌یه‌کی پێدراوه و یه‌ک له دوای یه‌ک بانگده‌کرێن بۆ چاوپێکه‌وتن.
دوای ته‌واوبوونی چاوپێکه‌وتنه‌کان به‌ڕێوه‌به‌ری کۆمپانیاکه دێته ده‌ره‌وه، کوڕێکی گه‌نجی له‌گه‌ڵدایه و ده‌ڵێ، به‌ڕێزان، گه‌لێک سووپاس بۆ هاتنتان و بۆ ئه‌وه‌ی، که ویستتانه له کۆمپانیاکه‌ماندا کاربکه‌ن، لێ شوێنی کاره‌که‌مان داوه به‌م کوڕه گه‌نجه. خه‌ڵکه‌که هه‌موو تووڕه ده‌بن و گله‌یی ده‌که‌ن، که ئه‌وان له دووره‌وه هاتوون و له‌ناو ئه‌م ته‌قه‌ته‌قی کرێکاراندا چاوه‌ڕێیان کردووه هه‌تا چاوپێکه‌وتن بکه‌ن. به‌ڕێوه‌به‌ری کۆمپانیاکه ده‌ڵێ، له ڕاستییدا هیچ کرێکارێک لێره بوونی نییه، خه‌ریکی ڕووخاندن و چاککردنی بیناکه‌ش نین. به‌ڵام ته‌واوی ئه‌م ته‌قه‌ته‌قکردنه، ته‌واوی ئه‌م چه‌کووشکارییه به ویست کردوویانه، چونکه ته‌قه‌ته‌قه‌که کۆده، کۆدی مۆرسه. له‌ناو هه‌مووشتاندا ته‌نها ئه‌م کوڕه گه‌نجه، له پێنج خوله‌کی یه‌که‌میدا توانیوویه‌تی له کۆده‌که تێبگات و بێته لام. کۆده‌که‌ش ده‌ڵێ، ئه‌گه‌ر گوێت له منه، ئه‌وا وه‌ره بۆ لای من له فڵان هۆده. ئه‌م کوڕه گه‌نجه‌ش خێرا دێته ئه‌و هۆده‌یه‌ی، که داوامان لێکردبوو. که‌واته ئه‌م گه‌نجه باشتریین کرێکاره، که بۆی ده‌گه‌ڕێین.
پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که ئه‌م تاقیکردنه‌وه‌یه چیمان پێده‌ڵێت؟ وه‌ڵام، ئه‌م تاقیکردنه‌وه‌یه پێمانده‌ڵێت، که ئه‌قڵ به ته‌نها به‌س نییه بۆ ژیان و بۆ گه‌یشتن به ئامانج، به‌ڵکوو ده‌بێت خاوه‌نی ئاگاییش بین. دوو سه‌د و نه‌وه‌ت و نۆ که‌س، هه‌موو خاوه‌نی کۆمپێتێنت بوون له وه‌رگرتن و ناردنی تێلێگرامدا، هه‌موو خاوه‌نی ئه‌قڵ بوون، لێ که‌سیان خاوه‌نی ئاگایی ئه‌وه نه‌بوون، که ته‌قه‌ته‌قه‌که قسه‌کردنه له‌گه‌ڵیاندا نه‌ک ته‌قه‌ته‌قی ڕووخاندنی دیوار.
ڕیفراندۆم ئامانجه، ته‌نها ئه‌وانه‌ش ئه‌م ئامانجه‌یان هه‌یه، که به ئاگان له ژیانی کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی داگیرکراو و ژێرده‌ست. تێکۆشانی هه‌موو کوردێکی خاوه‌ن ئاگایی له‌م ئامانجه‌ش، تێکۆشانه بۆ ڕزگاریی و سه‌ربه‌خۆیی. هیچ کاتێک، هیچ تاکێک ناتوانێت بڵێت، من به ئاگام له ژێرده‌سته‌ییم، هه‌ر بۆیه تێده‌کۆشم هه‌تاوه‌کوو هه‌موان وه‌ک خوشک و برا له ئێراقدا بژیین. چونکه ئه‌وه‌ی ئه‌م کاره ده‌کات، خاوه‌نی ئه‌قڵه، لێ خاوه‌نی ئاگایی نییه. ئه‌قڵیش به‌رهه‌می بیرکردنه‌وه‌ی تاکه، ئینجا زیانبه‌خش بێت یان سوودبه‌خش هیچ له باسه‌که ناگۆڕێت. له‌م بیرکردنه‌وه‌یه‌شدا به‌شێکی گه‌وره‌ی ئه‌قڵی تاکی کورد له خزمه‌تی به‌غداددایه، له خزمه‌تی دوژمندایه. لێره‌دا دوژمن به‌ئاگایه له‌وه‌ی، که چی ڕووده‌دات، هه‌ربۆیه، دوژمن وه‌ک گه‌نجه ئه‌مێریکاییه‌که، وه‌ک گه‌نجه تێلێگرامکه‌ره‌که به‌ئاگایه و توانای تێگه‌یشتنی هه‌موو ئه‌و کۆدانه‌ی هه‌یه، که له خزمه‌تی خۆیدایه. هه‌ر بۆیه زۆرجار ده‌بینین، که په‌یوه‌ندیی نێوان دوژمنێک و لایه‌نێک، وه‌ک په‌یوه‌ندیی نێوان دوو دۆست وه‌هایه. له‌کاتێکدا له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا، لایه‌نه کوردییه‌که ئامڕازی ویستێکی ویستراوه.
له ئێستادا به‌غداد داوای هه‌موو شت له کوردستان ده‌کات، ئه‌قڵی به‌شێکی گه‌وره‌ی کوردیش داوای پێکه‌وه‌کارکردن له‌گه‌ڵ به‌غداددا ده‌کات، له‌پێناوی دابینکردنی مووچه‌دا. لێ خۆ ئه‌گه‌ر به‌مشێوه‌یه بیربکه‌ینه‌وه و مامه‌ڵه بکه‌ین، ئه‌وا پێویسته هه‌ر هه‌موومان بدرێینه دادگا. پێویسته ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی، که له‌دوای ڕاپه‌ڕیین له‌دایکبووه هه‌موومان بدات به دادگا، هه‌موو کورد هه‌تا سه‌رهه‌ڵدانی ڕاپه‌ڕیینی به‌هاری ساڵی ١٩٩١. چونکه ئه‌گه‌ر ئێمه‌ی نه‌وه‌ی پێش ڕاپه‌ڕیین له‌گه‌ڵ به‌عسدا پێکه‌وه کارمان بکردایه، ئه‌وا هیچ کاره‌ساتێک به‌سه‌ر کورددا نه‌ده‌هات، نه قه‌ڵادزێ بۆردوومان ده‌کرا، نه ئه‌نفال ده‌کراین و نه هه‌ڵه‌بجه و سێوسێنان و شاناخسێ و گووندی عه‌سکه‌ر و ......هتد. کیمیاباران نه‌ده‌کرا.
با یادی ڕاپه‌ڕیینی به‌هاری ساڵی 1991 له ئیمساڵدا، ڕاپه‌ڕیینی ئاگاییمان بێت. با به‌ئاگابین له‌وه‌ی، که چی له ده‌ورمان ده‌گووزه‌رێت. با ده‌ستبه‌رداری ئیگۆکانمان بین و بگه‌ڕێینه‌وه بۆ خود، خودی خۆمان وه‌ک کورد، وه‌ک داگیرکراوێک، که بۆ سه‌ربه‌خۆیی تێده‌کۆشیین.