با مێژوومان لە غەدری نووسینەوە پاک کەینەوە

Kurd24

 (لەیادی مەرگی بارزانی نەمردا)

وام بەپێویست زانی، کە لە چل و دووهەمین ساڵیادی کۆچی دوایی بارزانی نەمردا، وێڕای نیشاندانی ڕێز و ستایش بۆ گیانی نەمری ئەو ڕابەرە لێهاتووەی کوردایەتی و بۆ تێکۆشانە دوور و درێژ و بێووچانە نموونەییەکەی، سەرەباسی بابەتێکی  جیاواز وەک یادکردنەوە بورووژێنم، بەڵام بەر لەوە پێم خۆشە بەو بۆنەیەوە کۆچی دوایی باوکیشم بێنمەوە یاد، کە لە 6/2/ 1972 کۆچی دوایی کرد، ئەویش بەو بۆنەیەوە کە پەیوەندی وەهاب ئاغای باوکم لەگەڵ بارزانی نەمردا، تەنیا پەیوەندێکی ڕووتی نێوان سەرکردەیەک و پێشمەرگە و هاوخەباتێک نەبوو، بەڵکو پەیوەندیێکی پڕاوپڕ بوو لە متمانە و دڵسۆزی و هاوسۆزیێکی نموونەیی بوو بۆ هەڤاڵەتی توندوتۆڵ و بۆ خۆگورییکردن لە پێناوی کورد و کوردستان.

بیرۆکەی سەرەباس و بابەتەکەشم، کە گەرەکمە بیخەمە بەر دیدی شارەزا و پسپۆڕانی مێژووی سیاسیی کوردستان و بەتایبەت مێژووی سیاسی و شۆڕشگێڕی بارزانی نەمر، لەو کاتەوە وەک بیرۆکەیەک لام گەڵاڵە بوو، کە کتێبی (ئەرێ کورد بوونە بەردەباز؟)م بەر لەساڵێک خوێندەوە، کە هاوڕێ و دۆستی ئازیزم کاک شەفیقی حاجی خدر، هۆشیارانە و نایاب وەریگێڕاوە.

 کتێبەکە لە نووسینی (بریان روبێرت گیبسن)ە، وەرگێڕیش نووسینێکی گرنگی (کسینجەر)ی  کردۆتە پاشکۆ، کە قوورسایی و ڕەهەندی قووڵتری بە وەرگێردراوە کوردیەکە داوە. دەستی کاک شەفیق خۆشبێ و نەڕزێ.

کتێبەکە لە قۆناخێکی گرنگ و هەستیار و پڕ لە چالنج و دەرفەتی کوردایەتی ئەدوێ، کە بەشێوەیەکی سەرەکی باسی کۆتاییەکانی شەستەکان و نیوەی یەکەمی هەفتاکان ئەکات، کە شۆڕشی نەتەوەیی کوردستان، بەڕێبەرایەتی بارزانی نەمر  ڕێککەوتنی (ئازاری 1970)ی لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا ئیمزاکرد، کە حزبی بەعس  ئەگەرچی سێ ساڵی تەمەنی تەواونەکردبوو، بەڵام کۆنتڕۆڵی هەموو جومگەکانی دەوڵەتی کردبوو، بەجۆرێک کە ئیتر ببووە حوکمڕانی ئەوەڵ و ئەخیری عێراق.

ئەو کتێبە ئەگەرچی باسی بزووتنەوەی  فرەڕەهەندی سیاسی کوردستان و شۆڕش ئەکات، لەو بڕگە زەمەنییەدا، بەڵام دوای خوێندنەوەی کتێبەکە و پاشکۆکەی ئەتوانین بێ دوودڵی وای بناسێنین، کتێبێکە لە میانەی باسکردنی ڕۆڵ و بەڕێوەبردنی بارزانی نەمر بۆ ململانێی کوردستانی، عێراقی، ئیقلیمی، ڕۆژهەڵات ناوەڕاستی و بگرە نێودەوڵەتی پەیوەست بە پرسی کوردستان، شیکاری و خوێندنەوەو بەڵگەبەندیش بۆ ڕابەرایەتی شۆڕش ئەکات.

لێرەدایە، کە من بە بۆچوونی نوێبووەوەم، وەک لەسەرەوە وتم دوای خوێندنەوەی کتێبەکە، سەرنجی نوێ و جیاوازی بێ لایەنانەم لەمەڕ سیاسەت و ئیدارەدانی بارزانی نەمر بۆ ئەو ململانێ و ناکۆکییە فرە و فراوانانەی ئەو سەردەمە بەتوندی لا دروست بوو، چونکە هێشتا جەنگی سارد و کارلێک و دەرهاوێشتەکانی بەگەرمی بەردەوام بوو، هەروەها پەیوەندییە ئقلیمیەکانی دەوڵەتانی ئەم ناوچەیەش ڕوو لە ئاراستەی تری هێشتا نەخەمڵیو دابوو. ئەتوانم كڕۆکی تێزێک سەبارەت بە پێداچوونەوە و سەر لە نوێ نووسینەوەی مێژووی ئەو سەردەمە پێشکەش بکەم، کە لەسەر بنەمای نووسینەوەی مێژووی شۆڕشی ئەیلوول بە تایبەت قۆناخی ڕێککەوتنی (ئازاری 1970) تا ڕێککەوتنی جەزائیر  (ئازاری 1975) دوور لەلایەنگری ئایدیۆلۆژی و سیاسی و ململانێکانی ناوخۆ بنووسرێتەوە، بەجۆرێک کە مێژووەکە لە لایەنگری حزبیانەی گرێدراو دوور بخرێتەوە و لە باشترین حاڵەتدا بەشێکیان تەنیا  وەک سەرچاوەیەکی لاوەکی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێ، چونکە بەو شارەزاییە خاکەڕاییەی لەبارەی ئەو مێژووە هەمە و ئەو سەرچاوانەی لەبەردەستن، نووسینەوەی ئەو مێژووە غەدرێکی زۆری لە مەلا مستەفای ڕەحمەتی و مێژووەکەی کردووە، کە ئەبێ بە میتۆدێکی بێلایەنانە بنووسرێتەوە و لەدروشم و چەمکە کاڵ و داتاشراوەکانی ململانێ و شەڕی ناوخۆ و هەروا لە کاریگەرییەکانی نووسەرە نەیارەکانی نەتەوەکانی سەردەست و دەزگا میدیاییەکانی داگیرکەران و نەیارەکانی تری ناو عیراق، ئێران، تورکیا و سووریا تەتەڵە و پاکسازیی بکرێ.

ئەگەرچی ئەزانم کەسانێک هەن گەرەکیانە پێشنیازی لەو جۆرەش بخەنەبەر نەشتەری ململانێی سیاسی و حزبایەتی و ئایدیۆلۆژییەوە و مێژوومان لەناو تەپ و تۆزی شێواندندا بهێڵنەوە، بەڵام ئەم ڕەوتە چەواشەکاری نازانستی و گوماناویش بکات، بۆیە ساغکردنەوەی مێژووێکی وەها نزیک بەهای زانستی و گرەوی ئاکاریی گرنگی هەیە، بە تایبەت کە هەزاران کارەکتەر و بەشدار و گەواهیدەری ناوخۆی کوردستان و عێراق و ئەوانی تری دەوروبەریش هێشتا زیندوون و چاودێر و مێژوونووسانی دیکەش لە ئەوروپا و ئەمریکادا نووسیوویانە.

هەر بۆیە پێشنیازەکەم تەنیا ساغکردنەوەی ڕووداوەکان نییە، چونکە ئەو مێژووە لەپشت خۆی و لە ناو رووداوەکانیدا بیری ڕزگاری و سەربەخۆیی نیشتمان و نەتەوەیەکی هەڵگرتووە، کە ئەشێ نەک تەنیا هەڵە مەبەستدار و بێ مەبەستەکانی نووسینەوەی مێژووی بزووتنەوەیەک و مێژووی ڕابەرێکی مەزنیش ڕاست بکاتەوە، بەڵکو ئەتوانێ ببێتە فاکتەر و بناغە و چوارچێوەیێکی گرنگ بۆ تیۆریزەکردنی کوردایەتی و سەربەخۆیی کوردستان.

ئازاد جندیانی

1ی ئازاری 2021

جندیان