پێویستە دۆستەکان بەر لە دوژمنەکان لێمان بترسن

Kurd24

ناونیشانی سەرەوەی ئەم وتارە، یەک لە پرەنسیپە نەگۆڕەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئه‌مه‌ریكایە، لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆستەکانیان، بەدرێژایی مێژووی ئەو وڵاتە، هەروا مامەڵەی لەگەڵ دۆستەکانی کردووە، ئەگەر بۆ ماوەیەکیش بەهۆی لەبەر چاوگرتنی کۆمەڵێک هاوکێشەی وەک جەمسەرگەرایی و هاوسەنگی هێز و بەرژەوەندییە زیندووەکانی خۆی مۆڵەتی دابن، بەڵام تا سەرنەبووە،  ئه‌مه‌ریكا دۆستایەتی هەر وڵاتێک بکات، جگەلە بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسیەکانی، رەنگدانەوەی بەهاکانی لەو پەیوەندیەدا بە پێویست دەزانێت.

لەسەردەمی جەنگی سارددا، ئه‌مه‌ریكا و رۆژئاوا بەگشتی، خەمی رەنگدانەوەی بەهاکانیان لە پەیوەندی وڵاتاندا نەبوو، ئەوەی گرنگ بوو بۆیان بەرژەوەندی ئابووری و دورخستنەوەی وڵاتان بوو لە فەلەکی سیاسیەتی شورەوی جاران، بۆیە چاویان لە هەموو ئەو پێشێل کاریانەی وڵاتانی دیکتاتۆری پۆشی بوو، بەڵام دوایی نەمانی سۆڤیەتی جاران و ترسی دووجەمسەری، چالاکانەتر کاریان کردووە بۆ نەهێشتنی ئەو پێشێلکاریانەو لە ناو بردنی رژێمە دیکتاتۆریەکان.

ئیدارەی تره‌مپ خەریک بوو بەشێوەیەکی یەکجاری واز لە گرنگی دان بەو بەهایانە نەک لە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتاندا، بەڵکو لە ناوخۆشدا بهێنێت، بۆیە هەموو ناوەندە فکری و  ئەکادیمی و میدیایی و دەستەبژێرو رۆشەنبیرەکانی، نەک هەر لە ناوخۆی ئه‌مه‌ریكادا، بەڵکو لە هەموو ئەوروپاش دژی وەستان و کۆتاییان پێهێنا و بایدن و دیموکراتەکان سەرکەوتن، ئەو گرنگی دانەی ئێستای ئیدارەی جۆبایدن بەو بەهایانە و جەخت کردنەوەی لەسەر دیموکراسی و مافی مرۆڤ، یەک لە سەرەکی ترین ئەو خاڵانەیە کە بەهۆیانەوە لە هەڵبژاردنەکان سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە.

بۆیە دەبینین لە سەرەتای کارکردنیان گرنگی زۆریان بەو بەهایانە داوە، نمونەی بەرچاوو زیندوو ئەو تەنگ پێهەڵکێشانەی ئێستای عەرەبستانی سعودییەی دۆستی دێرین و ستراتیژیانە، لەسەر کوشتنی رۆژنامەنووس جەمال خاشوقچی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤە لەو وڵاتەدا، راستە ئەو هەراسانکردنەی ئێستای سعودییە ناگاتە ئاستی پچڕانی پەیوەندی، بەڵام بووە هۆی لەکەدار بوونی شکۆی وڵاتەکەیان، بەتایبەتی جێنیشینەکەی کە شای داهاتووی ئەو وڵاتەیە، هەروەها پەیامێکی تووندیش بوو بۆ ئەوڵاتە نەوتییەی کە رۆژانە دە ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات.