ھاتنی پاپا چی پێ گوتین؟

Kurd24

پرسیار گەلێک لەمەڕ ھاتنی پاپا لە ناوخۆ و لە دەره‌وە دەگوزەرێن، ئایا ھاتنی پاپا ھەر وا رووداوێکی سانا و راگوزەرە، یان بۆ خۆی دونیایەک پرسی گرنگ و پێ زانین و ئیعتباره بۆ کورد، کە لە مێژووی خۆی ناکرێ ھەر وا بە سادەیی وەربگیرێت.
پاپا پێی گوتین کوردستان شوێنی ئاشتی و پێکەوەژیانە، پێیگوتین ئێرە ئەو جێگایەیە، کە دەکرێ کۆی پێکھاتەکان لەژێر یەک چەتر بن.
سوپاسی پاپا بۆ ھەرێم و حوکمەتەکەی، گەلێک مەغزای لە پشت بوو، کە دەلالەتەکانی ئەوە بوو ئایندە لێرەوەیە و ئەوەش دەیەوێ لەگەڵ جیھانی تازە و دونیای دەرەوە بێ، دەبێ خۆی لەگەڵ ئەم ھەرێم و ئەم حوکمەتە بگونجێنێ، دەنا وەک تەیارێکی دوورە پەرێز لە دوورەوە، دەبێ تەماشاکار بێت.
سوپاسەکەی پاپا بۆ ھەرێم لەوەوە ھات، کە لە بری ئەوەی بە تیر و شمشێر پێشوازی لێبکرێت وەک عێراقی عه‌رەبی، بە پێچەوانەوە بە گوڵی نێرگز و چکلێت لە ھەرێم پێشوازی لێ کرا.
سوپاسی پاپا بۆ مەرجەعی کوردان، ھاتنی بۆ لای جەنابی سەرۆک، ھێنانی رای گشتی رۆژئاوایە، کە ئەجری ئەوەمان لایە لە کاتی ھێرشەکانی داعش ئێوە بوون کریستیانەکانتان پاراست، وەک برا پێشوازیشتان لە کریستیانەکان کرد.
میوانداریەکەی کوردستان لەو ئاستە بوو، کە بۆ جیھانی دەرەوە سەلما حوکمەتێک هێزی بڕیاردان و پاراستی ھەیە و لەسەر رێرەوی پێشکەوتنی بەردەوام و بە تۆیەکی عاتیفی فشەڵ جێی لەق نابێت.
بەکورتی ھاتنی پاپا بۆ ھەولێر پێمان دەڵێت رۆژئاوا لەگەڵ ئەم ئارامییە، کە لێرە ھەیە، ئەوە دانپدانانە بە ھەموو دامەزراوەکان و دەسەڵاتەکانی ئەم ھەرێمە. بۆیە تەیار بوون لەگەڵ حوکمەتەکەکەی، تەیار بوونە لەگەڵ دونیای رۆژئاوا و پێچەوانەکەشی، تەنھا بوون و دەھۆڵ کوتانە لە دوورەوە.