بۆ شازدەی سێ و بۆ خەردەل و بۆ سیرو سێو، چی بنووسم ؟!

Kurd24

لەیادی پڕ لە ئازاری، ئازاری هەشتاو هەشتدا، ئاخۆ کامیان زووتر دەبینرێن، ڕەنگی ڕەش یان ڕەنگی سوور؟ کامیان زووتر دەبیسرێن، زەنگی شیعر یان هاواری لەنێو گەروودا تاساوی، منداڵێکی پێخاوسی بەجێماوی ئەو دیو سنوور؟ لە ناو شەپۆل و گێژەنی دەریای بێ بنی شەهیددا، ناسنامەی کامە گیرفانی خوێناویان بخوێنمەوە؟ پرچی ژاکاو لەسەر کام ڕوخساری  تۆقیو هەڵدەمەوە؟ لێوی مەییوی کام ساوا لە سینگی کامە دایکی بە قەقنەزبوو بکەمەوە؟ داستانی داڕمانی کامە دیوار … کامە مینبەر.. کامە ژووری دەرس ودەوری قوتابییان بگێڕمەوە؟

لە خەزانی دارستانی قریشکەدا…کامە لق و پۆپ و گەڵای کامە تەمەنی هەڵوەریو کۆبکەمەوە؟ لەگێژاوی قینی ڕەشی بەعسیاندا کام هێلانەی زەڕنەقووتەی بەرەوەبوو، کامە دڵی بچکۆلانەی سەرئاوکەوتوو، بگرمەوە ؟ کامە سەرپۆش…کام شەدەی لار… کامە مشکی و جامەدانیی ئاڵۆسکاوی سەروگەردن شیبکەمەوە؟  ئەڵقەی پەنجەی کامە نەوبووک…کام سەعاتی لەسەر یازدەو چل و پێنجی شازدەی ئازار ڕاوەستاوی، مەچەکی کام بەژن زراڤی هەژدەساڵ هەڵگرمەوە ؟ چەند تاقانەی دەم بەکەفی ڕۆح تیا نەماو لە باوەشی چەند عومەری ئومێد بڕاو وەرگرمەوە ؟ کامە پەنجە، کامە لاق و بازووی قرتاو، کامە قۆڵ و باسکی سووتاو،کامە پێڵاوی بەجێماو بۆ خاوەنیان بگێڕمەوە ؟ پێڵووی چاوی کامە چرای بێ ترووسکەی گیان تیا نەماو، بە سۆزەوە دادەمەوە ؟ فرمێسکی گەرمی سەرگۆنای کام ئاوێنەی درز تێبووی ناو تاق و دیواری دێرین بسڕمەوە ؟ دەسرازەی سەرسینگی کامە کۆرپەی لەبێشکە جێماودا بترازێنم ؟ دڵی شکاوی پەنجەرەی کام کەلاوە بنازێنم ؟ قەدی کام پیرەداری سەدساڵە ڕاستکەمەوە ؟ هۆرەی پڕ شینی کام دایک ، کامە باوکی دەربەدەری نێو چادرگا بسێنمەوە ؟ 

من چی بکەم چی .. چی بنووسم…؟

کام ئۆقیانووس بەشی گریانی من دەکات، وەکوو ڕێژنەی ئەم بەهارە بەسەر ویژدانی خەواڵووی عەولەمەدا هەڵیڕێژم ! لە تەرمی کێوە دەسپێبکەم .. هەتا کەی من بەبەرچاوی زەق وکوێری زلهێزەکانی دنیاوە هەر تەرمی خەونم بنێژم !؟ بەچ زمانێ لێم تێدەگەن، بیهۆنمەوە وشەو دێڕم ؟ من بۆ چەند هەزار ڕۆحی تر.. من هەتاکەی .. هەر شین و ماتەم بگێڕم !؟ 

من چی بکەم چی .. چی بنووسم…؟

تەنها پێنجن … پێنج هەزار دڵی ترساوی لەژین بێ بەش ! بەتەنها دە ، دە هەزار چاوی تەڕو گەش. چێشتەنگاوی شازدەی سێ یە ، تەنها سەدن، سەد هەزار پەنجەی تەزیوی دەست و پێیە! ملیۆنێ خەون و خەیاڵی پڕ  ئاوات و پڕ لە ڕازە . بە هەزاران هەزار درەخت، گوڵ و گەڵاو چرۆی تازە. بەهەزاران دیوارو دەرگەو پەنجەرەو هۆدەو هەیوان ، دەیان تەختە ڕەشی دەرس و دەیان فرسەخ شەقام و ڕێ، کووچەو کۆڵان. بە هەزاران هەزار بێ گیان ، بەهەزاران هەزار گیاندار، بزاڤ، نەبزووت ، مەزن گچکە، مێژووی نزیکمان هی دوورمان، ئەملاو ئەولاو خواروو ژوورمان ،  بێدەنگ دەنگدار ، خەوتوو بێدار، هەر هەموو شت، لەهەڵەبجەی بێ چارەدا، لەم کوشتەی دەستی ژارەدا، باوەشیان کرد بەیەکتردا، لەهاوارێکی تاساوی نەبیسراوا، ئاوێتە بوون ، توانەوە. لە شازدەی سێی هەشتاو هەشتی ئەو چەرخەوە ، هەتا ئێستاش ، هەڵەبجە پەنجە کەڵەیەو، پەنجەکەڵەی هەموو کوردێ هەڵەبجەیەو وا لە حەوزی مەرەکەبی  تاوانایە، هیچ تەوێڵێ ، هیچ نێوچاوانێ نابووێرێ ، مۆری نەکات لەم دونیایە !

لەکامە گەردەلوولی مەرگەوە سەرێ بکێشمە دەرەوەو بەرەو کام لا پەل بهاوم ؟ بەرەو (ڕاستێ) کە سەد ساڵە خواربۆتەوە ؟ بەرەو (چەپێ) کە سەگ ئاسا هەر دەحەپێ ؟! کوانێ کەنارێ داڵدەم دا … لەکام تونێلی قڕکردن خۆم قوتارکەم ، تونێلی (مەن) ، تونێلی (بەن)، یان تونێلی ( ڕەواهو عەن ) ؟ لەژێر دوو باڵی قورسی چەند قەلوداڵ وکام هەوری ڕەشی سیرو سێوو، کامە زنجیری دەبابەو کامە شمشێری عروبە ، بە سنگە خشێ ، بە چنگە کڕێ ، خۆم دەربازکەم ؟ کوانێ دەزوولەیەک ئومێد، شەستە بارانی ئازادی و سەربەخۆیی بەخوڕداکات، تۆزی سەحرای نوگرە ئەنفال و ئارەقەی ئەبو غرێب، بۆنی سێوو سیرو خەردەل لەسەر جەستەی ئەم سەدساڵەم بشواتەوە ! دەشت و دۆڵم ، چیاو چۆڵم ، تێر لەئاوی ئەو خودایە بخواتەوە!؟