زنجیرە وتار بەشی 6- کولتووری ئەمەریکا

Kurd24

یەکەمجار کە پێت دەخەیتە سەر خاکی ئەمەریکا، هەست دەکەیت لە ناو مۆزەخانەیەکی گەورە و زەبەلاح دایت، بە جۆرێک سەرت سوڕ دەمێنێ لەو هەموو جۆرە نەتەوە و ڕەنگ و زمان و ئایین و نەریت و بۆنە و خواردن و جلوبەرگ و......هتد، بە کورتی هەست بە جیهانێکی جیاواز دەکەی لەڕووی هەمەڕەنگی لە پێکهاتەی كولتووری ئەم وڵاتە، چونکە هەر لە سەرتای دۆزینەوەی کیشوەری ئەمەریکاوە خەڵک لە هەر چوار لای دونیاوە بەرەو ئەمەریکا کۆچیان کردووە و کلتورەکەشیان لەگەڵ خۆیان هێناوە و تا ئەمڕۆش پاراستویانە، منیش لەسەرەتای دەستپێکی خوێندنی ماستەردا، یەکەم پرسیارم لە پڕۆفیسۆرەکەم بریتی بوو لە چۆنیەتی پێکهاتەی كولتووری ئەمەریکا؟

ئەویش لە وەڵامدا گوتی:

"شێوازی پێکهاتەی كولتووری ئەمەریکا وەک زەڵاتەیەکی کۆکتێل وایە کە پڕ بێت لە هەموو جۆرە سەوزە و میوەیەک!" بۆیە دەتوانین بڵێین ئەمەریکا بە دەوڵەمەندترین وڵاتی فرەكولتوور لەسەر ئاستی جیهان لەقەڵەم دەدرێت.

ئەمەریکا لەڕووی كولتووریەوە لە سەر بنەمای (دایڤێرستی و جیاوازی و هەمەڕەنگی) دروستبووە، بەجۆرێک هەموو كولتوورێک ڕێزلێگیراوە لە ژێر چەتری یاسا و دەستووری ئەمەریکا، ئەو گەڕەکی من تێیدا دەژیام پڕ بوون لە خەڵکی جیاواز لە ڕووی ئاین و كولتوور و زمان، دراوسێکانمان پێکهاتبوون لە مەسیحی (کاثۆلیک و پڕۆستانت و ئەرثۆدۆکس و موسوڵمان (سووننە و شیعە) و یەهودی و بوزی و عەڕەب و کورد و ئەوڕوپی و ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایی، بەڵام هەموومان لەسەر بنەمای مرۆڤایەتی ڕێزمان لە جیاوازیەکانی یەکتر دەگرت و هەروەها بەرامبەر یاساش یەکسان بووین، ئەوەش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکانی بەهێزی ئەمەریکا.

ئەم جیاوازیەی سەرەوە وزە و هێزێکی کاریگەری بە ئەمەریکا بەخشیوە، هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە ئەمەریکا هەوڵی کێشکردنی عەقڵی جۆراوجۆری داوە، واتە پڕۆسەی (کسب العقول)ی ئەنجام داوە، بەجۆرێک زۆرێک لە عەقڵە زیرەکەکانی دونیای بەرە و خۆی کێش کردوون و زەمینەی داهێنانی بۆ ساز کردوون، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکی مانەوەی ئەمەریکایە لە لووتکەدا.

ئەمەریکا تەنها لە رووی سیاسی و ئابوری و سەربازیەوە یەکەمی جیهان نیە، بەڵکو لە ڕوی هونەری و ئەدەبیشەوە لە لوتکە دایە، زۆربەمان سەرەتای ئاشنایەتیمان لەگەڵ ئەمەریکا بەهۆی ئەفلامەکانی هۆڵیوودەوە بووە.

یەکێک دروشمەکانی ئەمەریکا بریتیە لە (بەخودا متمانە دەکەین، In God We Trust) کە لەسەر دۆلاریش نوسراوە، ئاڵای ئەمەریکا پێکهاتووە لە کۆمەڵێک هێڵی تەریبی سپی و سور لەگەڵ (50) ئەستێرەی ڕەنگ شین، دەتوانین بڵێین گەورەترین شار و ناوەندی بازرگانی لەسەر ئاستی ئەمەریکا و جیهان (شاری نیویۆرکە).

بەگوێرەی دوایین داتا رێژەی پێکهاتەی گرووپە رەگەزییەکانی ئەمەریکا بەم شێوەی خوارەوەن:

ئەوروپییە-ئەمه‌ریکییەکان (سپی)  72.4%

ئەفریقییە-ئەمه‌ریکییەکان (رەش) 12.6%

ئاسیاییە-ئەمه‌ریکییەکان (ئاسیای) 4.8%

ئەمه‌ریکییە هیندییەکان و رەسەنەکانی ئالاسکا 0.9%

هاواییە رەسەنەکان 0.2%

ئەوانی تر 6.2%

کەواتە دەتوانین بڵێین یەکێک لە هۆکارەکانی بەهێزبوونی ئەمەریکا بریتیە لە سود وەرگرتن لە ئەزموونی کولتوورە جیاوازەکانی جیهان و تێکەڵکردنیان بە مۆزاییکی ئەمه‌ریکی و هەوڵدان بۆ ڕێزگرتن لە پرنسیپی پێکەوە ژیانی دانیشتووانی ئەمەریکا بە شێوەیەکی هاڕمۆنی لە پێناو پاراستنی پێگەی پێکەوە ژیانی ئەمەریکا، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمه‌ریکا هێشتا بەتەواوی زاڵ نەبووە بەسەر بەشێک لە کێشەکانی وەک ڕەگەزپەرستی و جیاوازی چینایەتی... هتد، بەڵام فرەكولتووری و پێگەی پێکەوەژیانی ئەمەریکا بوونەتە فاکتەرێکی بەهێز بۆ داهێنان و پێشکەوتنە بەردەوامەکانی شارستانیەتی ئەمەریکا.

لە کۆتاییدا گرنگە ئاماژە بەو ڕاستیە بکەین کەوا یەکێک لەو خاڵە گەش و بەهێزانەی هەرێمی کوردستانی پێ جیادەکرێتەوە لە عێڕاق و وڵاتانی تری ئەم ناوچەیە، بریتیە لە فرە كولتووری و سەقامگیری و پێگەی (پێکەوەژیان)ی نێوان هەموو پێکهاتەکان لە کوردستان، بەجۆرێک لە هەموو شار و شارۆچکەکاندا بە جوانی هەستی پێدەکرێت و بە هاڕمۆنی ڕەنگی داوەتەوە، واتە هەموو (ئایین و ئایینزا و نەتەوە و مەزهەب و ئایدۆلۆژیا و پێکهاتەکان) بە ئازادی و ئاسودەیی لە کوردستاندا دەژین، ئەم فرەكولتووریەش نەک تەنها بووەتە جێگای سەرنج و سەرسامی ئەمەریکیەکان، بەڵکو بووەتە جێگای سەرنج و سەرسامی هەموو وڵاتانی ڕۆژئاوا، بۆیە گرنگە کوردستان وەک چۆن لە دێر زەمانەوە لانکەی شارستانیەتەکان بووە، لە ئێستاشدا بەردەوام پارێزگاری لەم فرەكولتووری و هارمۆنیەت و پێگەی پێکەوەژیان و سەقامگیریە بکات بۆ ئەوەی وەک هەمیشە نموونەیەکی جوان و بەرچاوی (فرەكولتووری و دایڤێرستی) بێت لەم ناوچە ئاڵۆز و پڕ کێشەیەدا.

بۆ خوێندنه‌وه‌ی وتاره‌كانی پێشوو، كرته‌ لێره‌ بكه‌: وتاری یه‌كه‌موتاری دووه‌موتاری سێیه‌موتاری چواره‌موتاری پێنجه‌م

٭ کـــارۆخ خـــۆشناو

(سەرۆکی ئینستیتۆی توێژینەوەی ئەمەریکی-کوردی)