فەڕەنسا چی لە هەرێم دەوێت؟

Kurd24

فەرەنسا لەم ساڵانەی دوایی، بەتایبەتی لە کاتی هاتنی داعشەوە تا ئێستا، گرنگییەکی زیاتربە عێراق و کێشەکانی دەدات، بۆ ئەوەی عێراق وەک وڵاتێکی خاوەن سەروەری و دوور لە دەستێوەردانی وڵاتانی دراوسێ بمێنێتەوە، پێویستییەکی زۆریان بە هەرێمی کوردستانە.

داوای سەرەکی فەرەنسا لە هەرێم ئەوەیە، یارمەتییان بدات بۆ ئەوەی عێراق وەک وڵاتێکی یەکگرتوو و خاوەن سەروەری، سیستەمێکی مەدەنی دوور لە مەزهەب گەرایی، رزگاربوونی لە هەژموونی وڵاتانی دەوروبەر بمێنێتەوە، هێنانەدی ئەم ئامانجەی رۆژئاوا بەگشتی و فەرەنسا بەتایبەتی لە عێراق، بەبێ هەرێمی کوردستان ئەستەمە، بۆیە دەیانەوێت هەرێمی کوردستان هەرێمێکی یەکگرتووی بەهێزبێت لە ناو عێراقدا، کە بتوانێ پارێزگاری لەو هاوسەنگییە مەزهەبی و نەتەوەیی و ئاینییە بکات. وێڕای ئەوەی دەیانەوێت هەرێمی کوردستانیش پارێزراوبێت، لە دابەشبوون لە نێوان وڵاتانی دراوسێ و نەبێتە بەشێک لەو هەوڵانەی کەدەدرێن بۆ ناجێگیری باری سیاسی و ئاسایشی ئەو وڵاتە.

بۆیە ئەوان زۆر بە پەرۆشن بۆ زیاتر هاوکاری لە نێوان هەردوو حکومەتی هەولێر و بەغدا، بۆئەوەی  بتوانن پێکەوه‌ کار لەسەر کەمکردنەوەی ئەو مەترسییانە بکەن کە رووبەڕووی عێراق بوونەتەوە، لەوانەش کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی حەشدی شەعبی لەسەر بڕیاری سیاسی حکومەت لە بەغدا، هەروەها کەمکردنەوە و لاوازکردنی پێگەی پەکەکە لە خاکی هەرێم، بۆ ئەوەی چیتر نەبنە بیانوو بۆ لەشکرکێشی تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێم، چونکە فەرەنسا چەند دژی دەستێوردانی ئێرانە لە کاروباری ناوخۆی عێراق، بەقەد ئەوەندە و زیاتریش دژی دەستێوەردانی تورکیایە لەو وڵاتە و لەشکرکێشیەکانی بۆناو خاکی هەرێمی کوردستان.

ئەوەی دەمێنێتەوە پرسیار بکەین: ئایا هەرێمی کوردستان تا چەند دەتوانێت یان لە توانایدا هەیە لە ئاست چاوەڕوانییەکانی فەرەنسا بێت؟ ئەم دابەزینەی ماکرۆن لە قادرمەکان بۆ نێچیرڤان بارزانی لە کاتی پێشوازیکردنی، گرنگی و بایەخی پێگەی هەرێم نیشان دەدات لەو هاوکێشە سیاسییە ئاڵۆزانەی ناوچەکە بەگشتی.