کورد هەموو هێلکەکانی ناخاتە یەک سەبەتەوە!

Kurd24

ئەم ناونیشانەی سەرەوە مانای (دیبلۆماسیەتی هاوسەنگ) دەگەیەنێت، کە بریتییە لە ستراتیژیەتی باڵانس راگرتن لە نێوان کۆمەڵێک وڵات و لایەنی یار و نەیاردا، ئەم ستراتیژیەتە لەلایەن بەشێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان لەسەر بنەمای (بەرژەوەندی هاوبەش) پیادە دەکرێت، هەرێمی کوردستانیش لە ئێستادا هەوڵدەدات هەمان ستراتیژیەت جێبەجێ بکات، بەو مانایەی کورد هەوڵدەدات هەموو هێلکەکانی نەخاتە یەک سەبەتەوە، بەڵکو دەیەوێت دابەشیان بکات بە سەر چەند سەبەتەیەک، ئەمەش رێگا راستەکەیە، چونکە لە رابردوودا کورد چەند جارێک هەموو هێلکەکانی خستۆتە یەک سەبەتەوە، بەم هۆیەوە رووبەڕووی شکستی گەورە بووه‌تەوە، بۆیە گرتنەبەری ستراتیژی (دیبلۆماسیەتی هاوسەنگ) لەسەر بنەمای (بەرژەوەندی هاوبەش) لە قۆناغەکانی ئێستا و داهاتووشدا باشترین ستراتیژیەتە بۆ پاراستن و بەرەوپێشچوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان.

لەم چوارچێوەیەدا خاڵێکی گرنگ لە یاسای بودجەدا، ئەوەیە نەک تەنها کورد هەموو هێلکەکانی نەخستە سەبەتەی بەغداوە، بەڵکو ئەم یاسایە بە شێوەیەکی فەرمی دانی نا بە دەسەڵات و سەروەری هەرێمی بەسەر سێکتەری نەوت و گازدا، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت داهاتووی هەرێمی کوردستان گەش و رووناک بێت، چونکە هەرێمی کوردستان لەسەر (نەخشەی وزەی جیهان) گرنگییەکی تایبەتی هەیە، ئەویش لەبەر ئەوەی کوردستان خاوەنی نزیکەی (45) ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگ و (5.66) تریلیۆن مەتر سێجا یەدەگی گازی سرووشتییە، لەلایەکی تریشەوە، هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە بوونەتە گەرەنتی بۆ پاراستنی ناوچه‌كه‌ لە هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆریستان.

بۆ پیادەکردنی زیاتری (دیبلۆماسیەتی هاوسەنگ) دەکرێت هەرێمی کوردستان سوود لە ئەزموونی دوو وڵات وەربگرێت، ئەوانیش هەریەکە لە وڵاتانی (سویسرا و سەڵتەنەی عومان)ـە، چونکە ئەم دوو وڵاتە توانیویانە باڵانسێکی باش لە نێوان وڵاتانی یار و نەیاردا رابگرن، بۆیە دەکرێت هەرێمی کوردستانیش هەوڵبدات رێچکەی ئەم دوو وڵاتە بگرێت، ئەگەرچی هەرێمی کوردستان ئەکتەرێکی نادەوڵەتییە و زەمینەسازییەکی هاوشێوەی ئەم دوو وڵاتەی نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبینین نزیکەی (41) کۆنسوڵگەری و نوێنەرایەتی وڵاتانی جۆراوجۆر لە هەولێری پایتەختدا هه‌ن و  (14)  نوێنەراتی هەرێمی کوردستانیش لە کۆمەڵێک وڵاتانی جیهاندا کراونەتەوە.

لەکۆتاییدا پێموایە چەندە گرنگە هەرێمی کوردستان ستراتیژی (دیبلۆماسیەتی هاوسەنگ) پەیڕەو بکات و هێلکەکانی دابەش بکاتە سەر سەبەتەی چەند وڵاتێکی ناوچەکە و جیهان، دوو ئەوەندەش گرنگە کورد ناوماڵی خۆی رێکبخاتەوە و دیدگایەکی هاوبەش دروست بکات تاکو بتوانێت لە ئاست (هەستیاری قۆناغەکە و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە)دا بێت و سوود لە دەرفەتەکان وەربگرێت و رووبەڕووی ئاسته‌نگه‌كان بێتەوە.

٭ کـــارۆخ خـــۆشناو

(سەرۆکی ئینستیتۆی توێژینەوەی ئەمریکی-کوردی)