رۆڵی سەركەوتووانەی مەسرور بارزانی لە زامنكردنی ماف و شایشتە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان

Kurd24

ھەروەك چاوەڕوان دەكرا، بە چه‌سپاندنی پشكی هه‌رێم له‌ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی گشتیی ساڵی 2021ی عێراق، یاساكە پەسند بكرێت، ئەمەش ھەنگاوێكی گرنگ و ستراتیجیەتی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە، كە لە دەستپێكی دەستبەكاربوونیدا، كاری بۆ دەكرد. بۆیەش لە رۆژانی سەرەتای كابینەی نۆیەم، خودی مەسرور بارزانی، سەردانی بەغدای كرد و نیازپاكیی ھەرێمی كوردستانی بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان (ھەولێر - بەغدا) لەسەر بنەمای دەستوور راگەیاند، لەدواییشدا چەندینجار شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و تەواوی نیازپاکیی ھەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی ھەموو کێشەکان خستەڕوو، چونکە حکومەتی ھەرێم ھەوڵی دەدا بە رێککەوتنێکی کۆنکریتی، تەواوی کێشەکان چارەسەر بكات، بۆ ئەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لەگەڵ بەغدا بكاتەوە و دەستوور بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکان بێت و ماف و قەوارەی ھەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی پارێزراو بێت، جیا لەوە، ئامادە نەبوو سازش لە مافە دەستوورییەکان بکات.

راستە ئەم یاسایە دەبێتە دەستپێکی تێپەڕاندنی دۆخی سەختی دارایی بۆ هەرێمی کوردستان و ئاوەدانی و ئاییندەیەكی باشتر، بەجێگیركردنی شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان بەڵێنەكانی (مەسرور بارزانی)مان بەبیر ھاتەوە، لە كاتی خستنەڕووی ستراتیژییەت و ھێڵە گشتییەكانی كابینەكەی، لە پەرلەمانی كوردستان، كە بەڵێنیدا كار بۆ چارەسەركردنی كێشە ھەڵپەسێردراوەكانی نێوان (ھەولێر- بەغدا) بكات، كە ھەموو پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی و تەلەفۆنەکانی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆكی پەرلەمان و لایەنە سیاسییەكان، بوونەتە مایەی هێنانەئارای ئەم مافە دەستووری و داراییانە بۆ ھەرێمی كوردستان، كە بە ھیچ جۆرێك قبووڵی نەكرد ئیرادەی گەلەكەمان بشكێنن. یەکێکی تر لە بەهرە ڕەواکانی ئەم کابینەیە، دەسەڵاتدانە بە لایەنە بەشداربووەکانی کابینەی نۆیەم، ئەگەرچی تێبینییش لەسەر لایەنەکان هەیە، بەڵام گەورەیی و فراوانیی سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆکی حکومەت بوو، کە سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ھەرێمی كوردستانی بۆ بەغدا و ئەندامانی شاندەکە لە پێکهاتەی تەواوی حزبەکان بن، ئەم جۆرە حکومەتداری و کۆکردنەوەی تەواوی لایەنەکان لە شاندێکدا و نەرمی و لێهاتوویی بەڕێز (مەسرور بارزانی)، هەوێنی بەرقرارکردنی مافەکانی گەلی كوردستان بوو.

لە پەراوێزی ئەم راستییانەی سەرەوە، ناكرێت بەھیچ جۆرێك رۆڵی دیپلۆماسییانەی بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان فەرامۆش بكرێت، كە بە بەردەوامی و بە پشوودرێژییەوە لەگەڵ تیمی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان لەسەر ھێڵ بووە، بۆ جێگیركردنی بەشی ھەرێمی كوردستان، بە جۆرێك رێگەی نەدا سازش لەسەر ماف و شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان بكرێت، چونكە ھەموو خەڵكی كوردستان چاك ئەو راستییە دەزانن، چۆن خەڵكانێك لەناو لایەنێكی سیاسیدا، ھەوڵی رادەستكردنی ھەموو ھەرێمی كوردستانیان دەدا و لایان گرنگ نەبوو شتێك بمێنێت بە ناوی ھەرێم، بەرامبەر ئەوەی تەنیا مووچە بدرێت، یان خەریك بوون بە ناوی لامەركەزیەتی ئیدارییەوە، سلێمانی رادەستی بەغدا بكەن، تەنیا لەپێناو ئەوەی مووچەیەكی رەزیلی و سەرشۆڕی وەربگرن، بەڵام بە ھیچ جۆرێك سەرۆكی حكومەت تەسلیمی ئەو داواكاری و فشارانە نەبوو، بە ھەر شێوەیەك بێت مووچەی فەرمانبەرانی دابین كرد، تەنانەت ئەم ساڵیش گەر بە لێبڕینەوەش بێت، ھەموو 30 رۆژ جارێك مووچە بەپێی داھاتی پێویست دراوە، بۆیە ئەگەر دانایی و حیكمەتی سەرۆكی حكومەت نەبایە، نەدەگەیشتینە ئەو رۆژەی كە پشكی ھەرێم لە پرۆژە یاسای بودجەی عێراق جێگیر كرابا، بۆیەش ھەر كەس و لایەنێك بیانەوێت، بۆ خۆدەرخستن و موزایەدە خۆیان بكەنە خاوەنی ئەم دەسكەوتە، ھەڵە دەكەن، چونكە بەری خۆر بە بێژینگ ناگیرێت.

 

*ئەندامی پەرلەمانی کوردستان