گوشاری سیاسی و ئابووری بەریتانیا لەسەر شێخ مەحمودی حەفید.. مێژوو دووبارە دەبێتەوە

Kurd24

دوای تێکشکانی لەشکری کوردستان لەساڵی 1926 لەلایەن بەریتانییەکانەوە، بەردەوام هەوڵ دەدرا پێگەی کورد هێندەی تر لاواز بکرێت. حکومەتی بەریتانیا بە دەرفەتی زانی پێگەی لاوازبوونی کورد بە هەل بقۆزێتەوە و گوشاری سیاسی و ئابووری بخاتە سەر باشوری کوردستان. شێخ مەحمودی حەفید وەکو سەرکردەی گەلی کورد لەو دەمەدا، هەمیشە بە خۆڕاگری و پشودرێژیەوە ڕووبەڕوی فشارەکان دەبووەوە و پێداگری دەکرد لەسەر بەدەستهێنانی سەربەخۆیی کوردستان.

لێرەدا دوو بەڵگەنامە دەخەینەڕوو کە لە ئەرشیفی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیادا پارێزراوە، یەکەمیان لە بەرواری 1/5/1926 و دووەمیان 6/5/1927. ئەم بەڵگەنامانە ئەوە دەردەخەن کە بەریتانیا بە بەردەوامی فشاریان خستۆتە سەر شێخی نەمر بۆ تەسلیم بوون بە حکومەتی عێراق و ڕازی بوون بە مەرجەکانیان، بەڵام شێخی نەمر هەرگیز ئامادەنەبوو شکۆی نەتەوەکەی بشکێت و تا دواساتەکانی ژیانی بەردەوام بوو لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی کوردستان.

کاپتن زیان براین موعتەمیدی سامی بەریتانیا بوو لە عێراق، چەندین نامە بە سەید ئەحمەدی مەرەخەسدا بۆ شێخ مەحمودی حەفید دەنێرێت و داوا لە شێخی نەمر دەکات ڕازی بێت بەو مەرجانەی کە حکوومەتی عێراق بۆی داناوە کە سەرەکیترینیان ئەوەبوو شێخی نەمر بێتە ژێر ڕکێفی حکوومەتی عێراق و دەست هەڵبگرێت لە هەوڵی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی کوردستان. بەڵام کاپتن براین لەم هەوڵانەی سەرکەوتوو نابێت و شێخی نەمر سووربوونی خۆی لە بەدەستهێنانی سەربەخۆیی کوردستان دوپات دەکاتەوەو ڕایدەگەیەنێت کە ئامادەیە بێتە ژێر فەرمانی حکوومەتی بەریتانیا بەو مەرجەی ڕازی بن بە سەربەخۆیی کوردستان. لە کاردانەوەی سووربوونی شێخی نەمر بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی کوردستان، حکومەتی بەریتانیا چەندین نامەی هەڕەشەئامێر بۆ شێخی نەمر دەنێرن کە لێرەدا تەنها دوو بەڵگەنامە دەخەینە ڕوو.

بەڵگەنامەی یەکەم:

فەرمانگەی سەرپەرشتیاری بەڕێوەبردنی سلێمانی

باشووری کوردستان – عێراق

ژمارە 7، 773

بەروار: 1/5/1926

بۆ/ شێخ مەحمود ئەفەندی

داواملێکراوە لەلایەن وەزارەتی دەرەوە ئاگادارتان بکەمەوە گەر جەنابتان هێشتا بڕیارتان نەداوە تەسلیمی حکوومەت (حکومەتی عێراق) بن وەک پێشتریش داواتان لێکرا. جەنابی مەندووبی سامی لەدوای 14 رۆژ لە بەرواری ئەم نامەیەوە ناچار دەبێت حکوومەت ئامۆژگاری بکات بە دەستگرتن بەسەر ماڵ و موڵکتان و فرۆشتنیان یان هەر ڕێگەیەکی تر کە حکوومەت بە باشی بزانێت.

کاپتن

سەرپەرشتیاری بەڕێوەبردنی سلێمانی

بەڵگەنامەی دووەم:

دیوانی فەخامەتی موعتەمیدی سامی لە عێراق

بەغداد – 6ی ئایاری ساڵی 1927

جەنابی شێخ مەحمود ئەفەندی

پاش ڕێزو سڵاو، نامەکەی کە لە ڕێکەوتی ٤ ی نیسان ناردبووتان گەیشت. بێگومان ئەزانن کە پێنجوێن لەلایەن سەربازانی حکوومەتی عێراقەوە گیراوە و بەم نزیکانە ئیدارەی هەمیشەیی بۆ دادەمەزرێنن. لەبەر ئەمە مانەوەی جەنابتان و خێزانتان لەوێ مەحاڵە لە ئێستادا. بۆ کۆتا جار پرسیارتان لێ ئەکەین ئایا ئامادەن بەو مەرجانەی حکوومەتی عێراق ڕازی بن کە لەلایەن سەید ئەحمەدی مەرەخەسەوە بۆتان نێردراوە؟ ئەگەر مەرجی باسکراو لەلایەن جەنابتانەوە ڕەفز کرا دەبێت باش بزانیت کە حکوومەتی عێراق دەرگای مفاوزات لەگەڵ تۆدا دادەخات و دەست دەگرێت بەسەر ئەملاکی خۆت و شوێنکەوتوانت، هەروەها هەر ئیجرائاتێک حکوومەت بەباشی بزانێت بەرامبەرتان دەیکات.

زیان براین

موعتەمیدی سامی لە عێڕاق

پاش تێپەڕبوونی نزیکەی سەدەیەک بەسەر ئەم ڕووداوانەدا، کوردستان لەهەمان دۆخدایەو بەردەوام فشاری ووڵاتە زلهێزەکانی لەسەرە بۆ ڕادەستکردنی دۆسیەی نەوت و ژێرخانی ئابووری بە حکومەتی عێراقی داگیرکەر. بۆیە پێویستە کورد بە ستراتیژێکی نوێ لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش باڵانس لەنێوان حکومەتی عێراق و ووڵاتە زلهێزەکاندا ڕابگرێت تا قەوارەی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.

دۆكیومێنته‌كان
دۆكیومێنته‌كان