که‌ی په‌رله‌مان پڕ ده‌بێت له مرۆڤی هۆشیار؟
نه‌زانێک حکومه‌ت به حکومه‌تێکی مێیینه ده‌چوێنێت، نه‌خوێنده‌وارێکیش پێڵاو ده‌گرێته ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مان. ئه‌مانه ئه‌ندام په‌رله‌مانن، نوێنه‌ری خه‌ڵکیین. به‌دبه‌ختیی له خۆشبه‌ختیی دیموکراتییدا ئه‌وه‌یه، که خه‌ڵکانی وه‌ها ده‌گه‌یه‌نێته په‌رله‌مان. لێبه‌ڵێ، ئه‌گه‌ر بێت‌و هه‌ڵبژارده‌ی پارته‌کان، خه‌ڵکانی شیاو بن بۆ شوێنێکی شیاوی وه‌ک په‌رله‌مان، ئه‌وا ده‌نگده‌رانیش تووشی هه‌ڵه‌ی وه‌ها نابن و له ئاینده‌دا ئه‌وانیش هاوشانی ئه‌م نوێنه‌رانه تاوانبار نابن.
جار له‌دوای جار نیگه‌رانتر ده‌بین و په‌رله‌مانمان لێ ده‌بێته ژێر پرده‌که‌ی سلێمانیی. هێنده‌ی ڕووداوی ناقۆڵا و قێزه‌ون له په‌رله‌مانی کوردستاندا ڕوو ده‌دات، به چاره‌کی ئه‌وه له هیچ شوێنێکی تردا ڕوونادات. ئه‌وه‌ی ناو ده‌نرێت نه‌وه‌ی نوێ، نه‌ک وه‌ک پارت، به‌ڵکوو به گشتیی وه‌ک ئه‌م نه‌وه‌یه‌ی که هه‌یه، بێجگه له به‌ڵایه‌کی نوێ هیچی تر نییه. بێنیامین فرانکلین ده‌ڵێ، ئه‌و که‌سه‌ی، که شیاوی به‌زه‌ییپێداهاتنه‌وه‌یه، ئه‌و که‌سه ته‌نهایه‌یه، که له ڕۆژێکی باراناوییدا ڕاوه‌ستاوه و نازانێت بخوێنێته‌وه. ئاخر هه‌بوونی تایتڵێکی دکتۆرا و هه‌بوونی بڕوانامه‌یه‌ک به‌س نییه بۆ خوێنده‌واریی. به‌شێک له شه‌قوه‌شێنه‌کان و جنێوده‌ره‌کانی په‌رله‌مانیش خاوه‌نی دکتۆرا و بڕوانامه‌ی باڵای خوێندنن.
بۆ من ئه‌م نه‌وه‌یه له منداڵێکی لاسار ده‌چێت، که به‌سه‌ر دره‌ختێکدا سه‌رده‌که‌وێت و نایه‌وێت بێته خواره‌وه. دایک و باوک تکای دونیای لێده‌که‌ن نایه‌ته خواره‌وه، ده‌رودراوسێ تکای لێده‌که‌ن نایه‌ته خواره‌وه، هاوڕێ نزیکه‌کانی خۆی داوای لێده‌که‌ن نایه‌ته خواره‌وه، نه کاتژمێرێک نه دوان، شه‌و دادێت و نایه‌ته خواره‌وه، هه‌تا بۆ ڕۆژی ئاینده که‌سێک دێت و به ته‌ور به‌ر ده‌بێته داره‌که و ده‌یبڕێته‌وه. هه‌تاوه‌کوو که‌سێکیش نه‌یه‌ت دره‌ختی له‌خۆباییبوونی ژێر ئه‌م نه‌وه‌یه به ته‌ور نه‌بڕێته‌وه، به ئاگا نایه‌نه‌وه. نه‌وه‌ی هیچ سه‌رده‌مێک وه‌ک ئه‌م نه‌وه‌یه‌ی ئێستا جێگای شه‌رمه‌زاریی نه‌بوون بۆ کورد، به خودی جاش و ته‌وارییه‌کانی سه‌ده‌ی بیستیشه‌وه.
له ڕابردوودا نه‌وه‌ی پێش من و نه‌وه‌ی سه‌رده‌می منیش هه‌موو هه‌وڵ و تێکۆشانیان بۆ گۆڕینی نیشتیمان بوو، لێ هونه‌ری گه‌وره و ڕاسته‌قینه له گۆڕینی نیشتیمان‌دا نییه، به‌ڵکوو له گۆڕینی خۆماندایه. هه‌تا خۆمان نه‌گۆڕین توانای گۆڕینی نیشتیمان نابێت و گۆڕینی نیشتیمان مه‌حاڵ ده‌بێت. ئامانج له گۆڕینی نیشتیمان‌دا گه‌یشتنه به ئازادیی ڕاسته‌قینه، لێ هه‌تا خۆمان دیل بین، دیلی بیرکردنه‌وه و ڕق و کینه، نه‌ک به ئازادیی ناگه‌ین، به‌ڵکوو ئازادیی ده‌بێته مه‌حاڵێکی گه‌وره‌ش.
مرۆڤ ده‌بێت پارت وه‌ک دایکێک بهێنێته پێشچاوی خۆی و ئه‌ندامانی پارتیش به منداڵه‌کانی. ئاخر که‌ی ژنێک، گه‌یشته ئاستێک، که هیچ شتێک نه‌بێت بتوانێت بیشێوێنێت و بێزاری بکات، ئه‌وسا ده‌توانێت منداڵی ببێت، چونکه ته‌نها و ته‌نها له‌م ئاسته‌دا ژن ده‌توانێت ببێته باشترین دایک بۆ منداڵه‌کانی. لێ ئه‌گه‌ر هاتوو وه‌ها نه‌بوو، ئه‌وا خودی منداڵه‌کانیش له ژینگه‌یه‌کی خراپ‌دا ده‌شێوێنرێن و له ئاینده‌دا زیان ده‌خه‌نه‌وه. له ئاینده‌دا په‌رله‌مان ده‌که‌نه مه‌یدانی شه‌ڕه که‌ڵه‌باب و هاویشتنی بتڵ و پێڵاو و ته‌پڵ لێدان.
پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که ئاخۆ چ پارتێک وه‌ک دایکێکی باش خاوه‌نی منداڵی باشه؟ ئاخۆ که‌ی په‌رله‌مان پڕ ده‌بێت له مرۆڤی هۆشیار؟