ئادار مانگی خۆشی و ناخۆشییە بۆ گەلی کورد

Kurd24

دوو هەفتە لەمەوبەر لەگەڵ ئێوە لە بەریتانیاوە وەک کوردانی هەموو جیهان ئاهەنگی سەری ساڵی کوردیم گێڕا، نەورۆزتان پیرۆزبێت! لە (16)ی ئادار بۆ یادکردنەوەی 33یەمین ساڵیادی تۆقێنەرترین و دڵڕەقترین کردەوە لە هەڵەبجە خولەکێک وەستام. ئاگادارم کە هەر لە ئادار بۆ یەکەمجار لە ساڵی (1970) هەرێمی کوردستانی عێراق ئۆتۆنۆمی بەدەستهێنا.

بەڵام من بە دیاریکراوی لەسەر رووداوەکانی ساڵی (1991) دەوەستم، بەردەوام سەرسام بووم بەو هێزه‌ بەرگرییەی کە کوردەکان دژی سەدام حوسێن و هێزەکانی بەعس نیشانیانداوە، بەڵام هیچ گومانی تێدا نییە کەوا ئەم شۆڕشە پێویستیی بە گیانبەختکردن هەبووە. ژمارەی ئەو کوردانەی بوونەتە قوربانی، ئەوانەی زیندانی کران و ناچارکران کە ماڵەکانیان جێبهێڵن، پێیان باشتربوو لەوەی رووبەڕووی توندوتیژییەکی وەحشیگەرایی نادیار ببنەوە، پێویستە هەرگیز لەیاد نەکرێن. بەریتانییەکان و زۆرێک لە خەڵکانی دیكه‌ لە جیهان بە ترسەوە سەیری کردەوەی هێزەکانی سەدامیان دەکرد لە هەرێمی کوردستان. سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی بەریتانیا، "سێر جۆن مەیجەر"، بڕیاری دا نابێت رێگە بدرێت ئەم کارە بەردەوام بێت.

لە رۆژی سەری ساڵی نوێی کوردی لە (1991)، شانشینی یەکگرتوو درکی بەوە کرد، کە رابەرایەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات بۆ گەیاندنی وەڵامێکی یەکگرتوو بۆ ئەم توندوتیژییە. بە رازیکردنی هاوبەشە ئەوروپیەکانمان بۆ ئەوەی بێنە ناو بازنەکە و "جۆن مەیجەر" توانی پشتگیری ناتۆ بەدەست بێنێت و ئیدارەی "جۆرج بۆشی دووەم" رازی بکات لە ئەمه‌ریکا بۆ ئەوەی کە هاوپەیمانییەتێک دروست بکرێت.

ئەم هەوڵانە، لەگەڵ هاتنە ناوەوەی فەرەنسا، ئێران و تورکیا، لە کۆتاییدا ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیاری (688)ی دەرکرد، (30 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ). ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بوو، کە بووە ئەنجامی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی پەناگەی ئارام/ ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی ئاسوودەیی. دۆستایەتی و هەڵوێست لە کاتە هەرە پێویستەکاندا بەدیارکەوت. بەریتانیا و ئەمه‌ریکا و فەرەنسا و حەوت ئەندامەکەی دیكه‌ بە شانازییەوە دۆستایەتی کوردیان هەڵبژارد لەو کاتەی کە کورد زۆر پێویستی بەو هەڵوێستە هەبوو.  

لە (6)ی نیسان ئۆپەراسیۆنی ناوچەی ئارام دەستپێدەکات، کاتێک فڕۆکەکانی بەریتانیا و ئەمه‌ریکا و فەرەنسا دەستیان کرد بە جێبەجێکردنی ناوچەی دژە فڕین لە باکووری عێراق. لەژێر سەرکردایەتی ئەمه‌ریکا، بەریتانیا هێزی زەمینی نارد بۆ پاڵپشتیکردنی پێشمەرگە و ئاسانکاریکردن بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی، کە زۆربەی هێزەکە پێکهاتبوون لە ماریێزی شاهانە لە 3 لیوای کۆماندۆز. تەنیا لە ماوەی (3) مانگدا، هێزەکانی زەمینی کاریان کرد بۆ رەواندنەوەی هەڕەشەکان و دابینکردنی ناوچەیەکی ئارام بۆ کوردەکان بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان و دووبارە بنیاتنانەوەی کۆمەڵگاکەیان.

من دەزانم کاریگەری ئەم ئۆپەراسیۆنانە تا ئێستاش لە هەرێمی کوردستانی عێراق هەستی پێدەکرێت. نزیکەی (20) ساڵە رژێمی سەدام رووخاوە و  ئێوە هەرێمێکی هاوچەرخ و سەرکەوتووتان دامەزراندووە. من ئەمەم بە چاوی خۆم بینی کاتێک کە لە دیسه‌مبەری رابردوو سەردانی هەرێمی کوردستانم کرد. سەرسام بووم، کاتێك چاوم بە سەرکردە کوردەکان کەوت و بینیم کە ئێوە چەندە گەشبین و ئومێدتان بە گەلەکەتانە لەبەرامبەر ئالینگارییە بەردەوامەکان. ئەو ئومێد و خۆڕاگرییە دەسکەوتێکی مەزنە بۆ باشتر بنیاتنانەوە لەدوای "کۆڤید"ه‌وە هەروەک رێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغداد بە ئەنجام گەیشت، ئێمە لەگەڵ هەردوولاتان بەردەوام دەبین. کاتێك لە یەکەم سەردانم و یەکەم دیدارم لەگەڵ سەرۆک وەزیران بەڕێز "مەسرور بارزانی"، دووپاتم کردەوە، کە هەرێمی کوردستانی عێراق چەندە جێگای بایەخە بۆ بەریتانیا و پابەندبوونی خۆمان لە هەوڵەکان و پاڵپشتیمان لە بوارەکانی ئەمنی و بەرگری بۆیان دووپات کردەوە.

بەریتانیا، لەوەتەی ساڵی (1991)ەوە، وەک دۆستێکی گرنگی هەرێمی کوردستانی عێراق ماوەتەوە. کونسڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر لە زۆر باڵوێزخانەکانی بەریتانیا لە سەرتاسەری جیهان گەورەترە و تیمەکەمان کار لەسەر هەموو رەهەندەکانی ژیانی کۆمەڵگەی کوردی دەکەن. پەیوەستبوون و پاڵپشتیکردنمان بەتایبەت بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت. ئێستا چەندین ئەفسەری هێزەکانی پێشمەرگە لە ئەکادیمیای سەربازی شاهانەی ساندهێرست مەشقیان پێدەکرێت، ئەکادیمیای پێشەنگی جیهانی ئەفسەران لە بەریتانیا. هەروەها تیمێکی هەمیشەییمان هەیە لە هەولێر بۆ پێدانی راوێژی تەکنیکی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بە مۆدێرنکردن و چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە، کە دەبێتە هۆی بەردەوام پاراستنی ئاسایشی هەرێم لە بەرەنگاربوونەوەیان بەرامبەر چەندین نەیار و ئالینگارییەکان. ئێمە هەرگیز رۆڵی پێشمەرگە لەیاد ناکەین، کە لە بری هەموومان لە هێڵی هەرە پێشەوەی بەرگری دابوون لە دژی داعش، بەردەوام هاوکار بوون بۆ دەرکردنی داعش لە ناو هەموو خاکی عێراق. ئەمڕۆ ئەوان وەک هاوبەشێکی گرنگی ئێمە دەمێننەوە بۆ نەهێشتنی هەڕەشەکانی داعش و دڵنیاییدان کەوا تیرۆریستان ناتوانن بگەڕێنەوە. لە پێداچوونەوەمان بە سیاسەتی دەرەوە، کە لەم دوواییانە ئەنجاممان داوە ڕوونمان کردووه‌تەوە، ئێمە هەنگاوی زۆر بەهێز و کاراتر دەگرینەبەر لە بواری ئاسایش و بەرگری، کە پارێزگاری لە هەموومان دەکات و شایستەی بواری سەربازی بە رێژەی (2.2%)ی داهاتی نیشتیمانی  زیاد ده‌كه‌ین.

ئەم پاڵپشتییە بەردەوام دەبێت، زۆر سوپاسگوزارم کە بە چاوی خۆم بینیم چەندە هەرێمی کوردستان و بەریتانیا لەیەکەوە نزیکن. وەک وەزیرێک لە وەزارەتی دەرەوە و گەشەپێدانی بەریتانیا و بەرپرس لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دڵنیایی دەدەم، کە ئەم پەیوەندی و دۆستیایەتیە هاوبەش و دوولایەنە نزیکە پشتگوێ نەخەم. بەریتانیا ئێستا قەرزباری کوردێکە، "نەدیم زەهاوی"، وەزیری پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە بە رەچەڵەک کوردە و هاوڕێیەکی نزیکمە، بەردەوام دەبێت لە پێشەنگبوونمان لەسەر ئاستی جیهان لە دابینکردنی پێکوتە.

ئەمڕۆ ساتەوەختێکی گرنگە بۆ یادکردنەوە، کە چۆن بەریتانیا و هاوپەیمانەکانمان یەکیانگرت بۆ دابینکردنی ناوچەیەکی ئارام بۆ کوردەکان کە شایستەی بوون. بە ئەندازەی گرنگی یادەکە بایەخ دەدەم بەو داهاتووە پڕشنگدارەی لە نێوانماندا هەیە.

 

*وەزیری دەوڵەتی به‌ریتانیا بۆ كاروباری دەرەوە و گەشەپێدان و بەرپرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست