راپەڕین، کۆڕەو، پەناگەى ئارام

Kurd24

مێژووەکەى هێندە دوور نییە، ئەگەر دووریش کەوینەوە لەبیر ناکرێت، چونکە لەماوەى تەنها یەک ساڵدا گۆڕانکارى و وەرچەرخانى گەورە روویاندا. بە درێژایی نزیک بە سەدەیەک بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادى، گەلى کوردستان خەباتى کرد، شۆڕشى هەڵگیرساند، رووبەڕووى جەورو ستەم بووەوە، لەم پێناوەشدا قوربانى زۆرى دا.

لە زۆربەى قۆناغەکان هەرچەندە شەڕەکان نابەرامبەرى بوون و لەڕووى سەربازیەوە دوژمن بەهێزتربوو، بەڵام ئیڕادەى سەرکردایەتى سیاسى کوردستان و هێزى پێشمەرگە ئەوەندە پتەوبوو هیچ کات باوەڕیان بە سەرکەوتن و رزگاربوونى یەکجارەکى لاواز نەدەبوو. شۆڕشەکانى گەلى کوردستان دەیان قۆناغى سەخت و دژواریان بڕى، چەندین پیلانى نێودەوڵەتى بۆ داڕێژرا تا سەرکوت بکرێ. بەڵام هەموو هەوڵەکان لەبەرامبەر خۆڕاگرى گەلى کوردستان شکستیان دێنا.

لە دواى راوەستانى شەڕى عیراق – ئێران کە نزیکەى هەشت ساڵى خایاند، رژێمى سەدام زۆر دڕندانە و نامرۆڤانە رووبەڕووى گەلى کوردستان و شۆڕشەکەى بووەوە، پرۆسەى ئەنفالى گەرمیان و ئەنفالی بادینان و تێکدانى چوارهەزار گوندو بەکارهێنانى چەکى قەدەغەکراوى کیمیایی دژى خەڵى سڤیل لە هەڵەبجە و بالیسان و شێخ وەسان و بادینان کە هەزاران شەهیدو بریندارى لێکەوتەوە. لەبەرامبەر ئەو هەموو تاوانەش بەهۆى ململانێى بلۆکى رۆژهەڵات و رۆژئاواو پاراستنى بەرژەوەندییەکانیان کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى هیچ کاردانەوەیەکى ئەوتۆى نەبوو.

رژێمى عیراق بە سوتماک کردنى خاکى کوردستان و کوشتن و جینۆسایدو بەعەرەبکردنى کوردستان نەوەستا، ئەمجارە هێرشى کردە سەر وڵاتى کوێت و داگیرى کرد، بەڵام داگیرکردنى کوێت و مانەوەى سوپاکەى لەوێ کارێکى ئاسان نەبوو. چونکە هەر زوو کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و نەتەوە یەکگرتووەکان هاتنە دەنگ و داوایانکرد سوپاى عیراق کوێت جێبهێڵێ. بەڵام عیراق بەهیچ جۆرێک نەچووە ژێربارى ئەو داواکاریانە.

ئەوە بوو وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هێزی هاوپەیمانی نیودەوڵەتی پێکهێنا کە لە ٣٦ وڵات پێکهاتبوو، لە ١٧/١ تا ٢٨/٢ ئۆپەراسیۆنى گەردەلوولى بیابان دژى لەشکرکێشى سوپاى عیراق دەستیپێکرد. لەو ماوەیەدا عیراق و سوپاکەى تووشى گەورەترین شکستى سەربازى و سیاسى و ئابوورى بوو. سەرکەوتنى پرۆسەکە سەرکردایەتى عیراقى ناچار کرد لەژێر خێمە لە سەفوان رێکەوتننامەى ئاگربەست لەگەڵ کوێت ئیمزا بکات و دان بە سەروەرى وڵاتى کوێت دابنێت. هاوکات چەند مەرجێکى قورسیشیان بەسەر عیراقدا سەپاند وەک قەرەبووکردنەوەى تەواوى زەرەرو زیانەکان و دەستهەڵگرتن لە چەکى ناووکى و کیماوى. هەر لەگەڵ داگیر کردنی کوێت، عیراق بۆ ماوەی 13 ساڵ 1990 تا 2003 ئابڵووقەی ئابووری خرایە سەرو بۆی نەبوو هیچ پێداویستیەک لەدەرەوە هاوردە بکات. خۆراک و پێداویستی پزیشکی لە ڕێگەی بەرنامەی نەوت بەرامبەر خۆراک بوو کە نەتەوە یەکگرتووەکان خۆیان سەرپەرشتیان دەکرد.

ئەو شکستە سەربازییە گەورەیە، خاڵى وەرچارخان بوو بۆ گەلانى عیراق بە گشتى و گەلى کوردستان بە تایبەتى، دەرفەتێک بوو بۆ تۆڵە کردنەوە لە دام و دەزگا سەکوتکەرەکانى رژێم کەماوەى چەندین ساڵ بوو بە ئاگرو ئاسن حوکمى گەلەکەى دەکرد.

کۆتایی مانگى دوو لە شاری بەسڕا خۆپیشاندان و دواتر راپەڕین دەستیپێکرد و تا 3ی 3 راپەڕین زۆربەى شارەکانى باشوورى عیراقى گرتەوە.

ڕاپەڕینە مەزنەکەى گەلى کوردستان لە 5ی 3 تا 21ی 3 بەردەوام بوو، لە رانیەى دەروازەى راپەڕین دەستىپێکرد و بە ئازادکردنى کەرکووکى دڵى کوردستان کۆتاییهات و تەواوى دام و دەزگاکانى رژێمى بەعس کۆتاییانهات و بۆ یەکەمجار بوو هەرێمى کوردستان بەتەواوى ئازادبکرێت. راپەڕین، خەون و ئاواتى گەلێکى ستەمدیدەى هێنایەدى کە لە بەرەبەیانى مێژووەوە غەدرى لێدەکراو مافەکانى زەوتدەکرا. هەموو شۆڕش و قوربانیەکانیشى لەپێناو ئازادى و گەیشتن بە مافەکانى خۆى بێت.

ئەو کاتەى راپەڕین دەستیپێکرد هەزاران سەربازى عێراق لە هەرێمى کوردستان بوون، وێڕاى ئەمن و ئیستخبارات و گەورە بەرپرسانى بەعس. بەڵام چونکە گەلى ئێمە هەمیشە بۆ گەیشتن بەمافەکانى دژى رژێمەکان جەنگاوە، هیچ کات بیرى لەوە نەکردۆتەوە شۆڤێنیانە رەفتار بکات و تۆڵە لە خەڵکى مەدەنى بکاتەوە. ئەو سەربازانەى خۆیان رادەستى پێشمەرگەو جەماوەرى گەلەکەمان کرد زۆر بە رێزەوە مامەلەیان لەگەڵ کراو هاوکارى کران و رەوانەى شارەکانى خۆیان کرانەوە. ئەوە مێژوێک بوو میلەتى ئێمە بە شانازیەوە تۆمارى کرد کەچەند مرۆڤدۆست و ئاشتیخوازن تەنانەت لەگەڵ دوژمنەکانیشیان.  

مخابن چەند رۆژێک دواى راپەڕین، حکومەتی عێراق هەرچى سوپاو هێزى هەبوو کۆیکردەوەو هێرشێکى دڕندانەى کردە سەر هەرێمى کوردستان. خەڵکى خۆڕاگرى ئێمە وەک هەمیشە ژێردەستەییان رەتکردەوەو کۆڕەویان هەڵبژارد، کە تێیدا هەزارەها خەڵکى سڤیل بە ژن و پیاوو مناڵ و پیرو پەککەوتە بەرەو سنوورەکانی وڵاتانى دراوسێ بەڕێکەوتن. رێگەى مەرگیان هەڵبژارد نەک ژێردەستەیی و زوڵم و چەوسانەوە.

كۆڕه‌و بووە ناسنامه‌ى دۆزى ره‌واى كورد، خەمى میلەتێکى چەوساوەى بە کۆمەڵگەى نێوده‌وڵه‌تى ناساند، ویژدانى زۆر لە دۆستان و سەرکردەکانى جیهان نه‌یانتوانى چاو له‌و تراژیدیا گەورەیە بپۆشن.

وڵاتانى ئەمەریکا و بەریتانیاو فەڕەنسا رۆلى بەرچاویان هەبوو بۆ ئەوەى له‌ 5 ى نیسانى 1991 ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى بڕیارى ژماره‌ 688 ى ده‌ربكات. له‌ به‌ندى یه‌كه‌مى ئه‌و بڕیاره‌دا زۆربه‌ ئاشكرا سه‌ركۆنه‌ى ئه‌و كرده‌وه‌ سه‌ركوتكرانه‌و داپڵۆسێنرانه‌ كرابوو و داواش له‌ به‌غدا كرابوو كه‌  ده‌سته‌به‌جێ ئه‌و كرده‌وانه‌ بوه‌ستێنێت و ده‌ست به‌ گفتوگۆ بكات و رێز له‌مافه‌كانى مرۆڤ و مافه‌ سیاسییه‌كانى ته‌واوى هاولاتیان بگرێت.

دواى ئەوە دانوستان لە نێوان بەرەى کوردستانى و ڕژێمی بەعس بەڕێوەچوو، بەڵام هەر لە سەرەتاوە روونبوو کە بەعس نەیدەویست گوێ لە داخوازیەکانى سەرکردایەتى سیاسی گەلى کوردستان بگرێت و تەنها کات بەڕێکردن و خۆدزینەوە بوو. بۆیە گفتوگۆکان بە بنبەست گەیشتن و  حکومەتی ئەو کاتى عیراق بڕیاریدا لە ئۆكتۆبەرى ساڵى 1991، یەكە سەربازییەکان و دامەزراوە ئیدارییەكانى بە تەواوى لە هەرێمدا بکشێنێتەوە.

ئه‌مه‌ش رێگه‌ى خۆش كرد بۆ یەکەمجار لە مێژوودا هه‌ڵبژاردنێكى گشتى دیموكراتیانه‌ ئه‌نجام بدرێت و له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا ته‌واوى نه‌ته‌وه‌و ئاین و ئایینزاكانى كوردستان به‌شدارى له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا بكه‌ن و حکومەتى هەرێمى کوردستان پێکبهێنن.

ڕێکەوتى 19ی ئایارى 1992 یەکەم هەڵبژاردن لە هەرێمى کوردستان بەڕێوەچوو. چاودێرانى ناوخۆو بیانی بەشداربوون و لە نزیکەوە چاودێرى بەڕێوەچوونى پرۆسەکەیان دەکرد. ئەم هەڵبژاردنە بووە هۆى دامەزراندنى یەکەمین پەرلەمان و کابینەى حکومەتى هەرێمى کوردستان.

دواى دامەزراندنى حکومەتى هەرێمى کوردستان، کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی بەتایبەت وڵاتانى دۆست رۆلیان هەبوو لە داننان بە هەرێمى کوردستان و وەک دیفاکتۆ مامەڵەیان لەگەڵ کرد، سەربارى رۆژە ناخۆش و سەختەکان بەڵام ئیرادەیەک هەبوو بۆ دابینکردنى ئارامی و دیموکراسى و رێزگرتن لە تەواوى ئایین و نەتەوەکان. کارێکى ئاسان نەبوو بتوانى لە ناوچەیەکى پڕ لە کێشەو ململانێى وەک رۆژهەڵاتى ناوەڕاست هەرێمێکى سەقامگیرو گەشەسەندوو بونیاد بنێى.

ئەم بارودۆخەى ئەمڕۆ دەیبینین بەچەندین قۆناغى سەختدا تێپەڕیوەو ئاستەنگى زۆرى هاتۆتە پێش. ئەوەش زیاتر بە پشتگیرى دۆستانمان بووە کە لەزۆر قۆناغە سەخت و قەیراناویەکان هاوکارمان بوونە. لە بەرامبەردا هەرێمى کوردستان پابەندى پرەنسیپەکانى مافى مرۆڤ و یەکسانى بووەو دژى تیرۆریستان وەستاوەو زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارەو پەنابەرى لەخۆگرتووە. بەو هیوایەین کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى و وڵاتانى دۆست پشتگیرى زیاتر لە ئەزموونى هەرێمى کوردستان بکەن و هاوکارمان بن بۆ باشترکردنى سیستەمى حوکمڕانى تێپەڕاندنى قەیرانەکان.

لەم یادەدا سوپاسی ئەو وڵاتانە دەکەم کە بەهۆی بڕیاری 688ی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگیریان لە پاراستنى گەلی کوردستان کرد. سوپاسى وڵاتانى دراوسێ دەکەم کە سنوورەکانیان بەڕووى خەڵکى سڤیلدا کردەوە، هاوکات خوشک و برا کوردەکانى وڵاتانى دراوسێش دەرگایان بەڕووى لێقەماوانى هەرێمى کوردستان کردەوەو وەک کەسى نزیکى خۆیان خزمەتیان کردن.

ستایشی هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رۆژنامەنووس و کەناڵە بیانیەکان و کوردانى تاراوگە دەکەم کە بە ڕاستى رۆلیان هەبوو لە زیاتر ناساندنی دۆزى رەواى گەلەکەمان و نیشاندانى ئەو تراژیدیایەى ویژدانى مرۆڤایەتى دەهەژاند.

ئێستاش دوای 30 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ڕاپەڕین و تۆمارکردنی چەندین سەرکەوتنی سەربازی و دیپلۆماسی و گەشەپێدان، هیوادارین ئەم یادە ببێتە مایەی یەکڕیزی و گەیشتن بە تەواوی مافەکانمان و کۆتایی هێنان بە قەیران و نه‌هامه‌تییه‌كان. هەر بەم بۆنەیە حکومەتى هەرێمى کوردستان وەک رێزلێنان و سوپاسێک بۆ ئەو کەسایەتى وڵاتانەى رۆلیان هەبوو لە دەرکردنى بڕیارى 688، دوو شەقام لە هەولێرى پایتەخت بە ناوى (سێر جۆن مێجەر) سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا و (ناوچەى ئارام) دەکات.

 

بەرپرسى فه‌رمانگه‌ی پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتی هه‌رێمی كوردستان