ئەمڕۆ گەڕی سێیەمی دیالۆگی ستراتیژی به‌غدا - واشنتن بەڕێوەدەچێت!

Kurd24

بڕیارە ئەمڕۆ قۆناغی سێیەمی (دیالۆگی ستراتیژی) بەشێوازی  ئۆن لاین (ڤیدیۆ کۆنفڕانس) لە نێوان (بەغدا و واشنتن) بەڕێوە بچێت، بەشداربووانی ئەم گەڕەی دانوستان لەلایەنی ئەمەریکاوە بریتی دەبن لە وەزیری دەرەوە (ئەنتۆنی بلینکن) و کۆمەڵێک راوێژکار لە سێکتەرەکانی (سیاسی و ئابووری و سەربازی و ئەمنی و کولتووری و تەندروستی و خوێندنی باڵا)، لەبەرامبەردا بەشداربووانی دانوستان لە لایەن عێراقەوە بریتی دەبن لە وەزیری دەرەوە (فوئاد حسین) و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم (فەوزی هەریری) و کۆمەڵێک راوێژکاری تایبەت بە سێکتەر و بوارە پەیوەندیدارەکانی دانوستان.

ئەم گەڕەی دانوستان لە کاتێکدایە، بڕیارە دوای شەش مانگی تر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، لەم چوارچێوەیەدا ئەمەریکا بڕیاری داوە بڕی (10) ملیۆن دۆلار هاوکاری پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکات بۆئەوەی بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت.

لەم گەڕەی دانوستاندا (حکومەتی کازمی) لە بەردەم دوو داواکاری سەخت و دژوواری هەر یەک لە (ئەمەریکا و ئێران) دایە، بە جۆرێک ئەمەریکا داوای چارەسەرکردنی کێشەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق دەکات، بە تایبەت ئەو ملیشیایانەی کە بە وەلائی ناسراون، چونکە بەهۆی هێرشە مووشەکیەکانیانەوە بە بەردەوامی هەڕەشەی جددی دەکەنە لەسەر بەرژەوەندییە دیپلۆماتی و سەربازییەکانی ئەمەریکا، لەبەرامبەردا میلیشیاکانی سەر بە ئێران داوا لە کازمی دەکەن بڕیاری ڕۆژی (2020/1/5)ی پەرلەمانی عێراق جێبەجێ بکات کە تایبەتە بە وەدەرنانی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان، مەبەستیان ئەو بڕیارەی پەرلەمانی عێراقە کە شیعەکان دوای دوو رۆژ لە کوژرانی (قاسم و سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندس) لە ژێر فشاری شەقامی شیعەی وەلائی عێراق و ئێران، (بێ بەشداریکردنی کورد و سووننە) دەریانکرد.

بە واتایەکی تر حکومەتی کازمی کەوتۆتە نێوان بەرداشی ئەمەریکا و ئێران، چونکە لەلایەک ئەمەریکا داوای لێ دەکات چارەسەری کێشەی میلیشیا چەکدارەکان بکات و بیانخاتە ژێر چەتری سوپای عێراق، لەلایەکی تر میلیشیاکان داوا لە کازمی دەکەن بڕیاری پەرلەمان جێەجێ بکات و هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەربکات، حکومەتی کازمیش ناتوانێت هیچ یەکێک لەم دوو داواکارییە جێبەجێ بکات، چونکە نە دەتوانێت ڕووبەڕووی میلیشا چەکدارەکان بێتەوە "کە ڕۆژانە هەڕەشەی گوێ بڕینی لێدەکەن" نە دەشتوانێت دەستبەرداری ئەمەریکا بێت، چونکە عێراق خاوەنی ژێرخانێکی تۆکمە نییە لە بوارەکانی (سیاسی و ئابووری و سەربازی و ئەمنی) تاکو بتوانێت دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا خۆی لەبەردەم هەڕەشەکانی داعش و گرووپەکانی حەشدی شەعبی رابگرێت، بەڵام ئاماژەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کەوا ئیدارەی (بایدن) زیاتر لە حکومەتی ئێران موڕاعاتی حکومەتی کازمی دەکات، بەڵگەش بۆ ئەمە دوای هێرشە مووشەکییەکەی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر، ئەمه‌ریکا وەڵامی میلیشاکانی سەر بە ئێرانی دایەوە لەناو خاکی سووریا نەک لە ناو خاکی عێراق، بەمەبەستی دوورخستنەوەی گۆڕەپانی عێراق لە ململانێی راستەوخۆی لەگەڵ ئێران، ئەمەش وەک رەچاوکردن و  رێزگرتن لەسەروەری عێراق و دوورخستنەوەی کێشە و ئاڵۆزی لە گۆڕەپانی عێراق لەقەڵەم درا.

لەبەرامبەردا لەوە ناچێت ئێران وەک پێویست موڕاعاتی حکومەتی کازمی بکات، چونکە هیچ جۆرە بەرەوپێشچوونێک لەگەڵ ئیدارەی (نوێی بایدن) رووینەداوە لە بارەی رێكکەوتنی ئەتۆمی و سووکردنی سزاکانی سەر ئیران، ئەمەش وا لە ئێران دەکات کە لە رێگای میلشیاکانەوە فشار بکاتە سەر ئەمەریکا بۆ هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان و گەڕانەوەی بۆ رێکكەوتنی (5+1)، بەم جۆرە پرسی ئەتۆمی ئێران کاریگەریی راستەوخۆی هەیە لەسەر سەقامگیری عێراق، لەم چوارچێوەیەدا (ئیسماعیل قائانی) فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا سەردانی بەغدای کردووە  و چاوی بە فەرماندەی گرووپە چەكدارەكانی حەشد كەوتووە‌ و باسیان لە قۆناغی سێیەمی "دیالۆگی ستراتیژی" نێوان عێراق‌ و ئەمه‌ریكا كردووە.

لە کۆتاییدا پێموایە لە دانوستانەکانی ئەمڕۆدا واژووی کۆتایی لەسەر نوێکردنەوەی (رێكکەوتنامەی چوارچێوەی ستراتیژی) ناکرێت، بەڵکو دەخرێتە گەڕی داهاتووی دانوستانەکان، ئەویش دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێڕاق کە بڕیارە لە رێکكەوتی (2021/10/10) بەڕێوەبچێت.

 

٭ کـــارۆخ خـــۆشناو

(سەرۆکی ئینستیتۆی توێژینەوەی ئەمەریکی-کوردی)