کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چیتر بێدەنگ نابێت!

Kurd24

دوێنێ پێنج وڵاتی زلهێزی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی (ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا) لە بەیاننامەیەکدا هەڵوێستێکی پڕ بایەخ و روون و ئاشکرایان نواند بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان، ئەم جۆرە هەڵوێستە ئەگەر کرداری بەدوادا بێت گرنگیەکی تایبەتی هەیە و دەکرێت هاوشان و هاوشێوەی (لۆبیکردن) وەبەرهێنانی دیپلۆماسی تێدا بکرێت، چونکە ئەم بەیاننامانە زەمینەسازی دەکەن بۆ ئەوەی بەرپرسانی هەرێم داوای نێوەندگیری نێودەوڵەتی بکەن بۆ جێبەجێکردنی ماددەی (140) و ئاساییکردنەوەی رەوشی ناوچە جێناکۆکەکان (ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم) و دانانی سنوورێک بۆ هێرشی میلیشیاکان و دوورخستنەوەیان لە سنوورەکانی هەرێم، لەبەرئەوەی ئەم میلیشیایانە بوونەتە هەڕەشەی جدی لەسەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان.

ئەگەرچی لە دوایین گەڕی دانوستانەکانی نێوان (ئەمەریکا و عێراق) ئەمەریکا بڕیاریدا هەموو هێزە شەڕکەرەکانیان لە عێڕاق بکشێنێتەوە و تەنها راهێنەر و راوێژکاری سەربازی (لەسەر داوای حکومەتی عێراق) بهێڵێتەوە، ئەم بڕیارەش بەمەبەستی بڕینی بەهانەی گرووپ و میلیشاکان بوو، بۆ ئەوەی هێرش و فشارەکانیان کەمبکەنەوە و کەشێکی ئارام ساز بێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق کە بڕیارە لە مانگی (10)ی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت، بەڵام لەوە ناچێت ئەم هەوڵەی ئەمەریکا سوودی هەبێت، چونکە هێرشی میلیشیاکان لە دوای ئەم بڕیارەی ئەمەریکا نەک تەنها نەوەستاون، بەڵکو زیادیشیان کردووە.

رەفتارەکانی ئەم میلیشیا و گرووپانە لە شەش ساڵی رابردوودا سەلماندوویانە کەوا جیاوازیەکی ئەوتۆیان نیە لەگەڵ داعش، چونکە هەمان رەفتار و میکانیزم و ئامانج و ستراتیژیان هەیە، کە بریتییە لە هێرشکردنە سەر سەرباز و بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی هاوپەیمان و تێکدان و شێواندنی ئاسایشی هەرێم، بۆیە دەکرێت بڵێین داعش و ئەم گرووپ و میلیشیانە دووڕووی یەک دراون!

لە چوارچێوەی ئەم بەیاننامە و هەڵوێستەی ئەم پێنج وڵاتەدا دەکرێت بەرپرسانی هەرێم داوای نێوەندگیری نێودەوڵەتی بکەن، تاکو فشار لە حکومەتی بەغدا بکەن و چاودێر بن لە جێبەجێکردنی ماددەی (140)ی دەستووری عێراق، بە مەبەستی دوورخستنەوەی هەڕەشە و مەترسی ئەو گرووپ و میلیشیانە لە سەر هەرێمی کوردستان و لە جێگایاندا هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی ناتۆ جێگیر بکرێن.

٭ کارۆخ خۆشناو

(سەرۆکی ئینستیتۆی توێژینەوەی ئەمەریکی-کوردی)