بۆ ئەوەی میدیایەكی سەنگینمان هەبێت

Kurd24

میدیا هەڵەیەكی گەورە دەكات، كاتێك بۆ شۆرەت و ناودەركردن، راستییەكان دەكاتە قوربانی، یان وەك دەبینین بۆ بەرزكردنەوەی كێرڤی وەرگر و بۆ ئەوەی پێیبگوترێت ئەكتیڤترین كەناڵی میدیایی، یان وای پیشانبدات سۆشیال میدیاكەی زۆرترین ئینگەیجمێنتی هەیە، كار لەسەر بابەتی ئەوەندە نەشیاو و نابەجێ بكات، جگە لە زیان، كەمترین سوودی بۆ كۆمەڵ و داهاتووی وڵات نەبێت.

میدیاكاران، ئەگەر نەتوانن مامەڵەیەكی پیشەییانە لەگەڵ پرس و رووداوەكان بكەن، هەم نێوبانگی خۆیان و هەم نێوبانگی دەزگاكانیان ناشیرین و لەکەدار دەكەن.

جەختکردنەوە لە پابەندبوون بە بنەما پیشەییەکانی کاری میدیایی، بانگەشە نییە بۆ سنووردارکردنی ئازادی رۆژنامەوانی و رادەربڕین، یان بە مانایەکی تر، هەوڵێک نییە بۆ بەرتەسكکردنەوەی ئازادی كاری رۆژنامەوانی، بەپێچەوانەوە ناپیشەییبوون و بێ ئیتیكی رۆژنامەوان، پاساو دەداتە دەست دەسەڵات، مامەڵەیەكی ناتەندروست لەگەڵ دامەزراوەكانی میدیا و خودی میدیاكاران بكرێت.

نابێ‌ ئەوەمان لە بیربچێت، دیموكراسیەت و ئازادی رۆژنامەوانی، دوو چەمکی ئەوەندە لەیەكەوە نزیك و خاوەن خاڵی هاوبەشن، هەردووكیان یەكتر تەواو دەكەن. بێ‌ رۆژنامەوانییەكی ئازاد، شتێك نییە بە مانای دیموكراسیەت، هەروەك بێ‌ دیموكراسیەتیش شتێك نامێنێت بە ناوی رۆژنامەوانی ئازاد.

ئازادی كاری میدیایی وەك ئاو و هەوا بۆ كورد گرنگە، دەكرێ‌ هەرێمی كوردستان وەك چۆن شانازی بە پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی دەكات، ئاوهاش كار بۆ نەهێشتنی ئاستەنگ و كێموكاسییەكانی بەردەم ئازادی میدیایی و دیموكراسیەت بكات، بۆ ئەوەی هاوشان لەگەڵ پرسی پێكەوەژیان، شانازی بە دیموكراسیەت و ئازادی میدیایش بكات.

بەڵام پرسی ئازادی میدیایی و رەوشی میدیا، تەنیا لە یاسا و دەسەڵاتی سیاسی و دامەزراوە حكومییەكان كورتناكرێتەوە، بەڵكو بابەتێكی هەمەلایەنەیە، پێش هەرشتێك پەیوەستە بە شێواز و مامەڵەی خودی دامەزراوەكانی میدیا و میدیاكاران.

راستە لە هەرێمی کوردستان، یاسای ژمارە 35ی كاری رۆژنامەنووسی بێ‌ تێبینی نییە، رەنگە پێویست بكات هەندێك خاڵ و بڕگەی یاساكە (بەتایبەت پێویستە لە نێویدا، میدیای بینراو و بیستراو، زیاتر رەنگبداتەوە) هەموار بكرێنەوە، بەڵام یاسایەكی ئەوەندە خراپیش نییە، دەتوانین بڵێین، لە یاسای زۆر وڵاتی ناوچەکەش پێشكەوتووترە. كێشەكە لە یاساكەدا نییە، بەڵكو  پابەندنەبوون و مامەڵەی ناتەندروستە لەگەڵ یاساكە. بیرمە تەمەنی یاساكە زۆر نەبوو، رۆبەرت مینارد سەرۆكی رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، لە پرێس كۆنفرانسێكدا لە هەولێر، تا ئەوپەڕی ستایشی ئەو یاسایەی كرد و بە نموونەیی و دەستكەوتێكی گەورەی بۆ رۆژنامەوانان وەسفكرد.

لەو ناوچەیە، هیچ میدیایەك نییە تەواو سەربەخۆ و ئازاد بێت، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە نەتوانێت لە خزمەتی كۆمەڵگەدا بێت، میدیا ئەگەر ئاراستەكراویش بێت، لە بنەڕەتدا ئەركیەتی وێڕای هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی زانیاری و بڵاوكردنەوەیان، بە بەرپرسیارییەتی كار بكات، بەرپرسیاریەتی بەرامبەر نیشتمان، پارێزگاریکردن لە ئاشتی كۆمەڵایەتی و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی، لە بنەما سەرەكییەكانی كاری رۆژنامەوانین.

بەداخەوە ئەمڕۆ ورووژاندن و كاركردن لەسەر ناڕاستی، خۆتێهەڵقورتاندن و دەستبردن بۆ ئازادییە کەسییەکان، چەواشەكاری و فیتنەگێڕیی، شوێنی بە رۆژنامەوانی سەنگین لەقكردووە. 

هەموو گەیشتووینەتە ئەو بڕوایەی میدیا بەگشتی، یان سۆشیال میدیا بەتایبەتی، كاریگەرییەكی زۆری لە سەر تاك، خێزان، پەروەردە، سیاسەت، ئابووری، بازاڕ و تێكڕای كار و كایەكانی ژیان هەیە، لەو سۆنگەییەوە، پێویستە ئەو كاریگەرییە دیووێكی ئەرێنی هەبێ‌ و لە خزمەتی داهاتووی وڵات و كۆمەڵی كوردستاندا بێت، نەك كاریگەرییەکەی ئەوەندە نەرێنی‌ بێت، داهاتووی نەوەكانیشمان بخاتە بەردەم شەپۆلی راماڵینی بەها مرۆیی و نیشتمانییەكان.

بەداخەوە، كەسێك نییە هەستی بە بێویژدانی و سەنگەرلێكگرتن و حوکمی پێشوەختە و رقلێبوونەوە و فریودانی نێوەندی میدیای کوردی نەكردبێت.

چی بكەین بۆ ئەوەی میدیاییەكی سەنگینی نیشتمانی و خاوەن متمانەمان هەبێت: دەكرێ‌ لە پرسی چاکسازیدا، میدیا رۆڵێكی باشتر ببینێت، پردی پەیوەندی نێو كۆمەڵگە و حكومەت بێت. پابەندبێت بە بنەما پیشەییەكان، بە شێوەیەكی بابەتیانە، دووربینانە و وردبینانە، بنکۆڵکاری بۆ کێشەکان بکا و مامەڵەیەکی رۆژنامەوانیانەی هاوسەنگ لەگەڵ رووداوەكان بكات و پەنجە بخاتە سەر برینەكان، نەك لە روانگەی بەرژەوەندیی كەسی و حزبی، ناوچەگەریەتی و رقی مێژوویی، تەڕ و وشك پێكەوە بسووتێنێت.

بە كورتی، هەرێمی كوردستان پێویستی بە میدیاییەکی تەواو نیشتمانی و بەخۆداچوونەوەی میدیاکاران هەیە، خۆشبەختانە لە دەرەوەی فەوزای سۆشیال میدیا، ئیرادەیەك هەیە بۆ ئەوەی میدیای سەنگین، پتر نەشونما بكات و باشتر رۆڵی خۆی ببینێت.