ئه‌وه‌ی هه‌یه، میدیا نییه!
هه‌فته‌ی پێشوو مامۆستا ئێریك دایۆبیر، له وانه‌ی ته‌كنۆلۆژیا له مرۆڤایه‌تیدا، په‌یپه‌ری گفتۆگۆی ئه‌و هه‌فته‌یه‌ی ته‌رخانكرد بۆ پرسیارێك "ئایا ئه‌مه‌ریكا ئه‌م هه‌موو كه‌ناڵه سوشیال میدیایه‌ی فه‌راهه‌مكردووه بۆ جیهان بیری له عه‌قڵی میلله‌تان كردۆته‌وه یان ته‌نیا بیری له‌عه‌قلی جێنه‌ره‌یشنی خۆی كردۆته‌وه؟".
به‌شێوه‌یه‌كی ئاسانتر ئایا ئه‌و كه‌سه‌ی كه فه‌یسبووكی داناوه ته‌نیا بیری له كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مه‌ریكی و ئه‌وروپی كردۆته‌وه یان بیری له‌تێكڕای كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی كردۆته‌وه ئه‌وكات فه‌یسبووكی داناوه؟
هه‌رچه‌نده بۆئه‌وه‌ی رۆچینه ناو ئه‌م بابه‌ته پێویستمان به پانتایییه‌كی فراوانه، به‌ڵام ئه‌م پرسیاره بردمییه‌وه بۆ نێو لاكۆلانه‌كانی نێو میدیای كوردیی و سۆشیال میدیا له‌كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا. ئه‌و میدیایە كوردییه‌ی كه ملی رێگه‌ی گرتۆته‌به‌ر و نازانێت به كوێدا ده‌ڕوات و بۆ كوێش مل ده‌نێت و كێ گوێی لێده‌گرێت! لای زۆریان گرنگ ئه‌وه‌یه چه‌ند كه‌س تووڕه كه‌یت و چه‌ند كه‌سیش هه‌وه‌سی حزبایه‌تی بجووڵێنیت. ئیتر له‌دوای ئه‌وه چی رووده‌دات گرنگ نییه.
زۆر قسه له‌سه‌ر میدیای كوردی ده‌كرێت. ئه‌وانه‌شی كاربه‌ده‌ستی نێو ده‌زگاكانن كه‌موكورتییه‌كان ده‌زانن، به‌ڵام نه ده‌توانن چاكی كه‌ن، نه پێشیان چاك ده‌كرێت.
من ئۆباڵه‌كه‌ی ده‌خه‌مه سه‌ر بیسه‌ر و بینه‌ر و خوێنه‌ر. ئه‌م سێ توێژه (بیسته‌ر و بینه‌ر و خوێنه‌ر) له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا وه‌رگرێكی خراپن، تێڕوانینیان تێڕوانینێكی حزبیانه‌یه، بیر له مه‌عریفه و به‌ده‌ستهێنانی زانیاری ناكه‌نه‌وه.
وه‌رگر ده‌بێت وه‌رگرێكی به سه‌لیقه بێت، چاوی داخات له ئاست لۆگۆی كه‌ناڵه‌كه و مێشكی بكاته‌وه بۆ وه‌رگرتنی زانیاری. جا ئه‌گه‌ر رێگه بده‌ن، ده‌مه‌وێت وه‌ك نوكته‌یه‌ك ئه‌مه بگێڕمه‌وه : "هاورێیه‌كی نزیك وتی راپۆرته‌كانت ئێستا ناخوێنمه‌وه، وتم: بۆ؟ وتی: له‌به‌رئه‌وه‌ی له كوردستان 24 بڵاوده‌بێته‌وه".
ئه‌مه ساتی بێمه‌عریفه‌یی وه‌رگری كورده كه دۆخێك تێكه‌وتووه، غه‌درێكی گه‌وره‌ی له زیهنی خۆشی كردووه كه رووه ته‌مه‌ڵی به‌رێت. كه‌واته ئه‌گه‌ر لۆگۆی كه‌ناڵێك به‌دڵی ئه‌م هاوڕێیه بێت و هه‌رچی شتی پۆخڵ و خراپ هه‌یه بڵاویكاته‌وه، ئه‌م ئاماده‌گی تێدایه بیكاته مێشكییه‌وه.
ئه‌وه‌ی له سوشیاڵ میدیاش بڵاوده‌بێته‌وه به پۆخڵ و خراپه‌كانییه‌وه، به‌شێك له وه‌رگری ئێمه به‌وپه‌ڕی جۆشه‌وه پێشوازی لێده‌كات، كه به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر بێئاستی و كه‌متوانایی وه‌رگر (یان خوێنه‌ر و بیسته‌ر و بینه‌ری كورد).
هه‌ر بۆیه له‌نێو ئه‌م هه‌راو بێ به‌رنامه‌ییه‌دا میدیا نازانێت چۆن كاربكات و هه‌روه‌ها به‌رپرسیارێتی خۆشی بیرده‌چێته‌وه، چونكه ئه‌وه‌نده‌ی ده‌یه‌وێت دڵی ئه‌و كه‌سه بێزه‌وقانه خۆش كات، ئه‌وه‌نده بیر و هۆشی لای خوێنه‌ر و بیسته‌ر و بینه‌ره جدییه‌كان نامێنێت. ئه‌گه‌ر لێپێچینه‌وه له كه‌ناڵێكیش بكرێت ئه‌وه كه‌س تێناگات ئه‌ركی كێیه لێپێچینه‌وه بكات. هه‌ربۆیه زۆر لایه‌ن و زۆر كه‌سی نێو حزبه‌كانیش ئه‌كه‌ونه لێپێچینه‌وه له میدیا و كه‌ناڵه‌كان.
با فۆكسه‌كه بگوازمه‌وه بۆ سه‌ر ئه‌و رێچكه‌یه‌ی كێ له‌میدیا ده‌پێچێته‌وه! هه‌فته‌ی پێشوو به‌رێوه‌به‌رێتی گشتی راگه‌یاندن و چاپ و بڵاوكردنه‌وه-ی سه‌ر به وه‌زاره‌تی رۆشنبیری هه‌رێمی كوردستان نووسراوێكی ئاراسته‌ی سێ به‌رنامه‌ی كه‌ناڵی ئاسمانی كرد و دوابه‌دوای ئه‌ویش وه‌زاره‌تی رۆشنبیری فه‌رمانی ده‌ركرد كه په‌خشی كه‌ناڵی (كوردماكس شۆ) بۆ 24 سه‌عات راگیرێت. جارێ من نازانم ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری له‌م كه‌ناڵانه له‌سه‌ر چین و خودی كه‌ناڵه‌كانیش نازانم چی په‌خش ده‌كه‌ن، چونكه من له ئه‌مه‌ریكا هیچ كه‌ناڵێكی كوردی و عه‌ره‌بی نابینم. ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌و سیستمی كه‌ناڵی فه‌زایی ئه‌مه‌ریكا ده‌گه‌ڕێته‌وه كه كه‌ناڵه‌كانی خۆی كردووه به‌سه‌نتراڵ.
قسه‌ی من له‌سه‌ر لێپێچینه‌وه‌یه: ئه‌وانه‌ی له‌م وه‌زاره‌ته‌ن خه‌ڵكانی شاره‌زان به‌ڵام زۆرجار ئه‌ركی خۆیان بیرده‌چێته‌وه. به‌كورتی ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیموكراتمان بوێت ئه‌وه وه‌زاره‌تی رۆشنبیری نابێت هه‌قی به‌سه‌ر میدیاوه هه‌بێت، به‌ڵكو خودی وه‌زاره‌ته‌كه خۆشی زه‌روور نییه.
له‌كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتدا لایه‌نێك نییه له ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردندا خۆی به‌به‌رپرسیاری میدیا بزانێت.
وه‌زاره‌تی رۆشنبیری وه‌زاره‌تێكی ته‌نفیزییه، میدیا ده‌سه‌ڵاتی چواره‌مه له دوای ده‌سه‌ڵاتی ته‌شریعی و دادوه‌ری و ته‌نفیزی. كه‌واته چۆن ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتێكی ته‌نفیزی لێپێچینه‌وه له میدیا بكات. تاكه شوێنێك كه بۆی هه‌یه لێپێچینه‌وه له ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م بكات ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌رییه.
له‌كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مه‌ریكیدا هه‌موو ده‌زگا ته‌نفیزیی و ته‌شریعییه‌كان له‌به‌رده‌م نه‌شته‌ری میدیادادان. به‌ڵام رۆژێك نه‌مانبینی میدیا ده‌ست ببات بۆ دادگای باڵای ئه‌مه‌ریكا. به‌ڵام له‌سه‌روو هه‌موو ئه‌مانه‌وه بۆئه‌وه‌ی كه‌س نه‌توانێت لێپێچینه‌وه له میدیا بكات ده‌بێت خۆی ده‌رگاوانی خۆی بێت و چاو‌دێر بێت به‌سه‌ر خۆیه‌وه، دواتر چاو‌دێر بێت به‌سه‌ر ده‌زگا ته‌نفیزیی و ته‌شریعییه‌كانه‌وه.
ئه‌وه‌ی له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ده‌بینرێت، میدیا نه‌ك چاودێری نه‌ماوه به‌سه‌ر خۆیه‌وه به‌ڵكو حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانی داوه‌ته ده‌ست ئه‌و خوێنه‌ر و بیسته‌ر و بینه‌ره بێزه‌وقه‌ی كه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لۆگۆی كه‌ناڵه‌كه‌ی به‌دڵه به دیارییه‌وه شاگه‌شكه ده‌بێت یان غه‌در له هه‌موو سه‌لیقه‌ی خۆی ده‌كات له‌به‌رئه‌وه‌ی لۆگۆی كه‌ناڵه‌كه‌ی به‌دڵ نییه.