بۆچی پتەوکردنی پەيوەندیيەکانی کورد لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی گرنگە

Kurd24

* له‌ رووی زانستی:

دەرئەنجامی توێژینەوە زانستییەکانی، بواری کۆمەڵناسی و زانستی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەریانخستووە، هيچ کۆمەڵگەیەکی مرۆڤايەتی چ وەک تاک يان کۆمەڵگە ناتوانێت بەتەنيا بژيت و داببڕێت لە شارستانيەت و مێژووی مرۆڤايەتی.

* له‌ رووی شارستانییەوە:

 لەبەر ئەوە دەبينين هەر لەسەرەتای دروستبوونی شارستانيیەتەوە کۆمەڵگە و نەتەوەکان لەهەوڵی ئەوەدا بوونە لەيەکتر نزيک ببنەوە و پەيوەنديیە دۆستايەتی و هەڤاڵبەندییەکان بکەنە بنەمایەک بۆ بنیاتنانی شارستانيیەتێکی مرۆڤانەی هاوبەش.

* له‌ رووی مێژوویی:

ديارە ئەوجۆرە پەيوەنديیانە لە دێر زەمانەوە هەر هەبووە و بەپێی بەرژەوەندی و فاکتەری قەوارە هاوبەشەکان مامەڵەی لەگەڵدا کراوە.

* له‌ رووی نەتەوەیی:

ئێمەی کوردیش لەو بەشەی کوردستان هەرچەندە مێژوو و وڵاتە زلهێز و حوکمڕانەکان زوڵمی زۆريان لێکردووين، سەرەڕای ئەمەش کەم تازۆر هەوڵی ئەوەمان داوە کە پەيوەنديیەکانمان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی و وڵاتانی عەرەبی بەتایبەت پەرە پێ بدەين. کەچی هۆکارە سياسی و بەرژەوەنديیەکانی وڵاتە زلهێزەکان فاکتەری سەرەکی بوونە بۆ ئەوەی کوردستان پێگەیەکی ئەوتۆی لە ناوچەکەدا نەبێت، ئەگەر هەندێکجار ناوەناوە پشتيوانيیەکيان لێکردبين ئەوە تەنيا بۆ راگەياندن بووە و هەرگيز هيچ رووێکی سياسی لەگەڵدا نەبووە، بگرە زۆر جار چاوپۆشيشيان لە قڕکردنمان کردووە.

* لە دوای عێراقی نوێ:

ديارە لەدوای رووخانی رژێمی بەعس، گەلی کوردستان و سەرکردايەتيیەکەی فاکتەرێکی گرنگ بوون لە دروستکردنەوەی دەوڵەتی عێراق و پێگەيەکی گرنگيان لە ناوچەکە پەیداکرد وەک هێزێکی ئەکتیڤ و کاريگەر لە گۆڕەپانی سياسی و ئابووری و سەربازی لە عێراق. لە رووی سياسی و دیپلۆماسی، سەرکردايەتی کورد توانی نزيک بوونەوەو پەيوەنديیەکی باش لەگەڵ مەڵبەندی بڕياری سياسی لە ئەمريکا و يەکيەتی ئەوروپا دروست بکات و پشتيوانيەکی زۆريش بەدەست بهێنێت، له‌ رووی  سەربازیشەوە بەتايبەتی لەدوای شکست پێهينانی رێکخراوی تيرۆرستی داعش لە ناوچەکە، لە رووی ئابووريش هەناردەکردنی نەوت بۆ دەرەوەی وڵات و پابەندبوون بە رێنمایی رێکخراوە ئابووريیەکانی  جيهان بە تايبەتی بە رێکخراوی (ئۆپيک) سەبارەت بە چۆنيەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بازاڕی نەوت لەجيهان، ئەمانە فاکتەرێکی زۆر گرنگ بوون بۆ بەهێزکردنی پێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

* لە دوای شەڕی داعش:

 هەروەها له‌ رووی سەربازيش هەموو وڵاتانی جيهان گەواهی ئازايەتی و خۆڕاگری بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەدەن.

ئەوانەی ئاماژەم بۆ کردن هەموو وايان کرد کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بايەخ بە مانەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بدەن و بگرە پشتيوانيشی لێبکەن.

* له‌ رووی پەیوەندییەکان:

 لێرەدا پرسيار ئەوەيە، ئايا چۆن بتوانين پەيوەنديیەکانمان پتەوتر بکەين لەگەڵ کۆمکاری عەرەبی و هەموو وڵاتە عەرەبيیەکان بەتايبەتی ئەو وڵاتانەی کاريگەريان لەسەر بڕياری سياسی لەناوچەکەدا هەيە؟

وەک دەزانين چەندێک لە وڵاتە عەرەبيەکان ئێستا لە هاموشۆيەکی گەرمدان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و  سەرکردايەتی کورد بەتايبەتی لەگەڵ بەڕێز جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی.

ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ئەو دۆستايەتيیە گەرم گوڕە زیاتر ئەکتیڤ بکرێت و پەرەی پێبدرێت و پەيوەندیيەکانی سەرکردايەتی کورد بەهێزتر بکرێت، بۆ ئەوەی ديدی وڵاتانی عەرەبی بەتەواوی بگۆڕين و رووی راستەقینەی مرۆڤدۆستی کورد وەک خۆی نیشان بدەین، کە کورد و سەرکردايەتییەکەی هیچ کاتێک لەگەڵ ئەوە نەبوونە برا عەرەبەکانيان زەرەرمەند بن و هەموو ئەو پڕوپاگەندانەش لە گۆڕ نێن کە پتر لەسەد ساڵە ناحەزانی کورد بۆ کورديان هۆنيوەتەوە. لەو بەهێزکردنەشدا بەشێوەیەکی هاوچەرخانە رەچاوی چەند خاڵێکی گرنگ و هاوبەش بکرێت لە روانگەی ئابووری و سەربازی.

* له‌ رووی مرۆیی:

وەک دەزانين نزيکەی حەوت ساڵە پتر لە مليۆنێک ئاوارەی سووريا و شارەکانی رۆژئاوای عێراق لە سوننە نشينەکان لە کوردستان نيشتەجێبوونە زۆرينەيان عەرەبن، تاکو ئێستا هيچ جياوازيەکی ئيتنی و مەزهەبيان لەگەڵدا نەکراوە، زۆريش رێزيان لێگيراوە ئەمانەش  پێويستيان بە دابينکردنی خزمەتگوزاری و بژێوی ژیانیان هەيە، کەچی حکومەتی بەغدا وەک پێويست هيچ هەنگاوێکی نەهاوێشتووە کە ئەو بارە قورسە لەسەر حکومەتی هەرێم سوک بکات. هەروەها له‌ رووی سەربازیيەوە وڵاتە عەرەبيەکان خاوەن ئەزموونێکی باشن دەتوانن بەپير داخوازیيەکانی حکومەتی هەرێم بێن بۆ بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە تيرۆرستیەکان و له‌ رووی پەيوەنديیە زانستيیەکانيشەوە هاوکاری خوێندکارانی هەرێمی کوردستان بن و شوێنیان بۆ دابين بکەن لە زانکۆکانيان.

* له‌ رووی بەیەکەوە ژیان:

پتەوکردنی پەيوەنديیەکان ئاسۆيەکی روونتر و متمانەکانی پتەوکردنی برايەتی کوردو عەرەب لە عێراق لەگەڵ هەموو وڵاتانی عەرەبی بەهێزتر دەکات ئەوسا کورد عێراق و کۆمکاری عەرەبی بە قوڵایی ستراتيجی (العمق الاستراتيجي) خۆی تەماشا دەکات و کۆتايی بەو هەموو بوختانە دەهێنێت کە لە رابردوو بۆ کورديان هەڵبەستابوو لەدژی عەرەب.

کەواتە پتەوکردنی پەيوەنديیەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی زۆر گرنگ و پڕ لەبايەخە بەتايبەتی ئێستا هەم کۆمکاری عەرەبی و هەم وڵاتە بڕيار بەدەستەکانی عەرەب خەريکن لە سەرکردايەتی کورد نزيک دەبنەوەو بەرچاوڕوونيەکيان بۆ دروست بووە.

* له‌ رووی دەرفەتەوە:

با ئێمەش لەلای خۆمان ئەو هەلە زێڕينە بقۆزينەوەو ئەو پەيوەنديیە بەهێزتر بکەين.