بازرگانی سیاسی و پۆپۆلیستی لە کەیسی (5) حوکمدراوەکەی پەکەکەوە

Kurd24

كەیسی (5) حوکمدراوەکەی پەکەکە، کە لە بەرگی رۆژنامەنووسیدا کاری سیخورییان دەکرد و پلانی کوشتنی پاریزگاری دهۆک و دادوەر و چەندین کەسایەتی دیکەیان دارشتبوو و گرووپی چەکدارییان دروستکردبوو ، كە ماوەی نزیكەی (8) مانگ دەبێت لەگۆڕێیە، لەگەڵ ئەوەی كەیسێكی بەئیمتیاز یاساییانە، لە چوارچێوەی یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستاندا، لەسەرجەم قۆناغەكاندا بەڕێوەچووە و بڕیاری لەبارەوە دراوە. كەچی بەداخەوە دوور نەبوو لە بەكارهێنان و سوودلێوەرگرتنی نامەشروعانەی كۆمەڵێك ئەندام پەرلەمان و باڵێکی ناو لایەنێکی دیاریکراوی سیاسی بۆ مەرامی سیاسی، تەنانەت ئەگەر ئەوە بە پێشێلكردنی پرەنسیپە سەرەكییەكانی دیموكراسیش تەواوبووبێت، لەسەروویانەوە سەروەریی یاسا، دەستێوەرنەدان لەكاروباری دادگاكان و دەسەڵاتی دادوەریی و لێكجیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان.

دوا هەمینیشیان ئەو (نامە ئاشكرایە) بوو، كە رۆژی (6/ 5/ 2021) لەلایەن (29) ئەندام پەرلەمانەوە ئاراستەی دادگای‌ پێداچوونەوەی‌ هەرێمی‌ کوردستانیان كرد.

لەڕاستیدا دەرككردن بەو هەڵە زللــه یاساییە گەورانەی لە (نامە ئاشكرا!)كەدا هاتوون، پێویستیان بە ئاستێكی زۆر بەرزی یاساناسی نییە، بەڵكو هەر كەسێك زانیاری لە ئاستێكی سادەی یاساییدا هەبێت، دەتوانێت ئەم تێبینییانەی خوارەوەیان لەبارەوە تۆماربكات:

ئاراستە كردنی (نامە ئاشكرا!) كە لەلایەن كۆمەڵێك پەرلەمانتارەوە بۆ بەرزترین ئاستی دەسەڵاتی دادوەریی، لەلایەك كارێكی نامۆ و بێ پێشینەیە لە ئسوڵی كاری پەرلەمانتاریدا، چونكە ئەوە (30) ساڵە پەرلەمانی كوردستان هەیە و (5) خولی هەڵبژاردنی ئەنجام دراوە، ئەوە یەكەمجارە پەرلەمانتاران بە تەنیا یان بەكۆمەڵ (نامەی ئاشكرا!) ئاراستەی دەسەڵاتی دادوەریی بكەن. چەمكی (نامەی ئاشكرا!) لە كاری پەرلەمانتاریدا مانا و چوارچێوە و بنەمای چیە؟!! ئەوە لە فەرهەنگی كاری پەرلەمانتاریدا نییە و دەبێت ئەو پەرلەمانتارانە روونیبكەنەوە ئەو مافەیان لەكوێوە و چۆن سەرچاوەی گرتووە؟!

لەلایەكی دیكەش دەبێت ئەو ئەندامانەی پەرلەمان روونی بكەنەوە، كە بەكام یاسا و ماددەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان مافیان بەخۆیان داوە كە كەیسێك لەبەردەم دادگادا بێت یان دادگاكان بڕیاری یەكلاییكەرەوەیان لەسەر دابێت، ئەوان نامە و نامەكاری لەبارەیەوە ئاراستەی دەسەڵاتی دادوەریی بكەن؟ بەڵكو بە پێی ماددەی (54/ پێنجەم خاڵی 4) كە ناوەڕۆكەكەی دەڵێت (سەرۆكی پەرلەمان بۆی هەیە رێگە لەبەردەم ئەندام پەرلەمان لەسەر ئاخاوتنەكەی بگرێت لە كاتێكدا كە باسی لە نهێنییەكانی دۆسیەیەك بكات كە لەبەردەم دادگادا بێت)، تەنانەت لە ناو هۆڵی پەرلەمان و لەكاتی دانیشتنەكانیشدا، كە پەرلەمانتار ئەوپەڕی ئازادی رادەربڕینی هەیە، باسكردنی دۆسیەكانی بەردەم دادگا قەدەغەیە. هەروەها بەپێی ماددەی (59/سێیەم) تایبەت بە مەرجەكانی پرسیاری نووسراو، كە دەڵێت (نابێت بابەتی پرسیارەكە لەبەردەم دادگادا بێت)، ئەو جۆرە نامە و داواكاریانە نەك لەبەرامبەر دەسەڵاتی دادوەریی و لەناو هۆڵی پەرلەماندا رێپێدراو نییە، بەڵكو تەنانەت لەبەرامبەر دەسەڵاتی جێبەجێكردن و لە دەرەوەی پەرلەمانیشدا قەدەغەیە، لەكاتێكدا كە چاودێریكردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردن لەلایەن پەرلەمانەوە یەكێكە لەئەركەكانی پەرلەمان و مافێكی سرووشتیەتی. ئەوە ئەگەر (نامە ئاشكراكە) وەك پرسیاریش بچوێنین، نەخوازە سەپاندنی دواكاریش بێت، وەك دوایی باسی لێوە دەكەین.

لە (نامە ئاشكراكە!)دا ئەو (29) ئەندام پەرلەمانە داوا دەكەن (دادگای‌ پیاچوونەوەی‌ هەرێمی‌ کوردستان) بە بریاری ژمارە (468) لە رێكەوتی (28ی‌ 4ی‌ 2021) تایبەت بە پێداچوونەوە بە بڕیاری‌ دادگای‌ (تاوانەکانی‌ هەولێر2) تایبەت بە سزادراوانی‌ پارێزگای‌ دهۆک، راست بکەنەوە و سزای‌ هەریەکە لە سزادراوان هەڵبوەشێننەوە. واتا لەڕووی یاساییەوە داوای (راستكردنەوەی بڕیاری پێداچوونەوە – تصحیح القرار التمیزي) دەكەن.

لێرەدا دەبێت بچینەوە سەر بابەتی (راستكردنەوەی بڕیاری پێداچوونەوە – تصحیح القرار التمیزي) كە لە یاسای بنه‌ماكانی دادگایی سزایی ژماره‌ 23 ساڵی 1971 هەمواركراو، دەروازەی سێیەم و ماددەكانی (266-269)ی بۆ تەرخان كردووە، تا بزانین ئایا ئەو ئەندام پەرلەمانانە مافی ئەوەیان هەیە داوایەكی لەو چەشنە پێشكەش بە دادگای پێداچوونەوە بكەن؟

لە ماددەی (266/أ)ی یاسای بنه‌ماكانی دادگایی سزایی هاتووە، كە تەنیا (داواكاری گشتی و حوكمدراو و خاوەن پەیوەندی بە داوا سزاییەكەوە - للادعاء العام وللمحكوم عليه ولبقية ذوي العلاقة بالدعوى الجزائية) لەكەیسێكی دیاریكراودا، بۆیان هەیە كە داوای راستكردنەوەی هەڵەی یاسایی، كە لەبڕیاری دادگای پێداچوونەوەدا هاتووە، بكەن. لێرەدا ئاشكرایە كە ئەو ئەندام پەرلەمانانە، چ بەتاك و چ بەكۆ، چ وەك كەسی خۆیان و چ وەك پەرلەمان، هیچ كام لەو سیفەتانەی سەرەوەیان نییە بۆ ئەوەی بتوانن داواكاری (راستكردنەوەی بڕیاری پێداچوونەوە – تصحیح القرار التمیزي) پێشكەش بە دەسەڵاتی دادوەریی بكەن، بەڵكو ئەوەی كە بە (نامە ئاشكراكە!) داوایان كردووە، هەڵەیەكی یاسایی گەورەییە، یان لە جەهل بەیاساكان سەرچاوەی گرتووە، یان بەئەنەقەست كراوە و جۆرێكە لە دەستێوەردانی ئاشكرا لە دەسەڵاتی دادوەرییدا. یان تەنیا ویستێكی خۆدەرخستنە بۆ رای گشتی لەسەر حسابی كەیسەكە. ئەگەر نا ئەو داوایەی ئەوان پێشكەش بە دادگایان كردووە، ئەوە مافێكی سەلمێنراوە بۆ سزادراوان و دەتوانن زۆر بەئاسانی و بەپێی رێكارەكانی یاسا لە ماوەی (30) رۆژدا پێشكەش دادگای بكەن، بۆیە ئەو ئەندامانە نە شتێكی تازەیان داهێناوە و نە دەستكەوتێكیان بۆ مەحكومەكان وەدەستهێناوە. ئەوە مافی خۆیانە و راستەوخۆ دەتوانن داواكەیان پێشكەش بە دادگای پێداچوونەوە بكەن.

خۆ ئەگەر سەیری داڕشتن و لائیحەی داوای (راستكردنەوەی بڕیاری پێداچوونەوە – تصحیح القرار التمیزي)یەكەش بكەین، ئەوە هەر بۆمان دەردەكەوێت كە چەند سادە و دوور لە رێكار و ناوەڕۆك و شێوازی لائیحە دادگاییەكان نووسراوە. لەو بارەیەوە (4) خاڵیان وەك بەشێك لەهەڵەكانی كۆی دادگایی كردنی تاوانباران دیاریكردووە، كە دەكرێت لەلایەن هەر كەسێكەوە بەئاسانی وەڵام بدرێنەوە و نادروستییان بسەلمێندرێت، چونكە سەرجەمیان لە پەڕاوی تاوانباراندا تۆماركراون و دادگاییەكەش بەئاشكرا كراوە و چاودێری پەرلەمانتاران و رێكخراوەكان و كونسۆڵگەریەكانیشی لەسەر بووە، كە هەموویان هۆشیاری یاساییان بایی ئەوەندە هەیە كە رێگربێت لەوەی هەروا بەئاسانی ئەو "كەلێنانەی دادگاییكردنەكەیان" (وەك ئەوان دەڵێن) بەئاسانی بەسەردا تێبپەڕێت. هەروەها تاوانی سەرەکی حکومدراوان وەک خۆیان دانیان پێداناوە، دروستکردنی گرووپێکی سیخوڕیی و پەیوەندیکردن بووە بە پەکەکە، کە لە لایەن ئەمەریکا و ئەڵمانیا و زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا بە رێکخراوێکی تیرۆریستی لە قەڵەم دراوە و بە ئامانجی کۆکردنەوەی زانیاری لە سەر شوێنە ئەمنییەکان و هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی تەقینەوە و کردەوەی تیرۆریسیتی، وەک تیرۆرکردنی دیپلوماتکاران و کەسایەتییە سیاسییەکان و دادوەران، بە ئامانجی دروستکردنی پشێوی و تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان . بۆیە ئەمە تاوانەکەیە نەک دانیشتن و دیتنی كونسوڵگەریە بیانییەكان (وەك ئیدعایان كردووە). چونكە كونسۆڵخانەكان رۆژانە خەڵك دەبینن لە هەرێمی كوردستان، بەبێ ئەوەی تا ئێستا كەسێك تۆمەتێكی درابێتە پاڵ.

پاشان بۆ هەمووان ئاشكرایە كە یاسای بنه‌ماكانی دادگایی سزایی ژماره‌ 23 ساڵی 1971 هەمواركراو، كە دادگایی تاوانبارانی پێ كراوە، یەكێكە لە یاسا توندوتۆڵەكانی بواری دادگایی كردن لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا و پرەنسیپە جیهانییەكانی مافەكانی مرۆڤی تایبەت بەگەرەنتی كردنی مافەكانی تۆمەتبارانی لە دادگایی كردندا لەخۆ گرتووە، ئەوە ماوەی 50 ساڵە كاری پێ دەكرێت، بۆیە نە دادگاكان دەكەونە ئەو هەڵە زەقانەی كە ئاماژەیان پێكردووە و نە ئەوە بەئاسانی بەسەر پارێزەرانی مەحكومەكانیشدا تێدەپەڕێت، تا ئەو ئەندام پەرلەمانانە لە دوا ساتی كەیسەكەدا، لەپڕێكەوە، بیدۆزنەوە و ئاشكرای بكەن. لێرەشدا دەردەكەوێت كە (نامە ئاشكراكە!) تەنیا خۆڵ لەچاوكردنێكی رای گشتییە، نەك داواكاریەكی یاسایی داڕێژراوی مەحكەم.

لە پەرەگرافی كۆتایی (نامە ئاشكراكە!)دا ئاماژە بەوە دەكات (هەربۆیە لە روانگەی‌ رێزگرتن لەسەربەخۆیی‌ دەسەڵاتەکان و دروست نەبوونی‌ پشێوی‌‌ و ئاڵۆزی‌ کۆمەڵایەتی‌ لە کوردستان‌ و لەدەستنەدانی‌ متمانە بە دادگاکان، داواتان لێ دەکەین بڕیاری‌ دەستەی‌ سزایی‌ دادگاکەتان لەلایەن (دەستەی‌ گشتی‌) دادگای‌ پێداچوونەوەوە، پێداچوونەوەی‌ بۆ بکرێت‌ و راست بکرێتەوە و سزادراوان ئازاد بکرێن..)، ئەو دەربڕینەش ئەم تێبینیانە هەڵدەگرێت:

خودی ئەو نامەیە بێ رێزییەكی تەواوە بە سەربەخۆیی دادگاكان و سەرپێچییە لە پرەنسیپە هەرە سەرەتاییەكانی سەربەخۆیی دادگاكان كە لەماددەكانی (19/أولا) و (80) و (87) و (88) ی دەستور و ماددەی (2) یاسای دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمی كوردستان ژمارە (23) ساڵی 2007 هاتووە.

ئەو دێڕە هەڕەشەیەكی ئاشكرایە لە دەسەڵاتی دادوەریی بەوەی ئەگەر ئەو مەحكومانە ئازاد نەكەن؛ ئەوا پشێوی كۆمەڵایەتی دروست دەبێت لە هەرێمی كوردستان.

هاندانی خەڵكە بۆ نانەوەی پشێوی ئەگەر لە پێداچوونەوەكەدا مەحكومەكان ئازاد نەكرێن. خودی نامەكە نەك حوكمەكانی دادگا، هۆكارە بۆ متمانە لەقكردنی هاووڵاتیان بە دادگاكان و حوكمەكانیان، بەوەش گەورەترین زیان لەسیستەمی گشتی و بەرژەوەندی گشتی هەرێمی كوردستان دەدرێت.

لەكۆتایی (نامە ئاشكراكە!)دا هاتووە كە دەبێت پێداچوونەوەكە وەها بێت كە مەحكومەكان ئازاد بكرێن (چونکە ئێمە ئاگاداری‌ دۆسیەکە بووین‌ و لە رۆژی‌ دادگاییەکەش نوێنەرانمان لە ژمارەیەک لە ئەندامانی‌ پەرلەمان ئامادەبووین‌ و هیچ بەڵگەیەک نەخرایەڕوو کە تاوانێک لەسەر سزادراوان ساغ بکاتەوە..). لێرەدا هیچ رێزێك بۆ دادگا ناهێڵنەوە، بەڵكو حوكم و لێكدانەوەی خۆیان دەكەنە حەكەم و سەرچاوە بۆ بڕیاردان لەسەر كەیسەكان، بەشێوەیەك مادام ئەوان ئامادەبوون و وەهایان بینیوە، كە ئەو مەحكومانە دەبێت ئازادبن، ئەوا دەبێت دادگاش لەسەر ئەو بنەمایە ئەو حوكمە بدات، ئیتر دەسەڵاتی دادوەری و هەموو یاساكانی پەیوەندار ئیعتباریان نییە. بەوەبێت دەبێت هەموو دادگاكان دوای دادگایی كردن لەئامادەبووانی هۆڵی دادگاكە بپرسن كە چ حوكمێكیان پێ باشە تا بەسەر تۆمەتبارانیدا بسەپێنن؟!

لەڕاستیدا ئەوە مەترسیدارترین شێوازی دەستێوەردانی بێ پەردەیە لە كاروباری دەسەڵاتی دادوەرییدا لەلایەك، لەلایەكی دیكەشەوە ناتێگەیشتن لە ئەرك و رۆڵی پەرلەمانتاری وەك ماددەی (24/ دووەم) پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان دیاری كردووە بەوەی كە (ئەندام پەرلەمان ئازادی ئاخاوتن و رادەربڕینی تەواوی هەیە لەكاتی ئەنجامدانی كاری پەرلەمانییدا، بەڵام بەشێوەیەك كە رەچاوی رێزگرتن لە دامەزراوە دەستورییەكانی هەرێم لەچوارچێوەی یاسا كارپێكراوەكان بكات).

لێرەدا وەڵامی ئەو پرسیارە ئاشكرا دەبێ کە لەو بابەتەدا ورووژاندبوومان (كێ سەربەخۆیی دادگاكانی پێشێل كرد؟!)

ئەوەی لە هەڵویستی ئەم پەرلەمانتارانە و هەندی بازرگانی سیاسی کە خۆیان لە بەرگی فریادرەس دەخەنەڕوو، بە چ هەقێکەوە ئەم نمایشە شکستخواردووە دەکەن، بەڵام رەنگە کەسانێک فرۆشتنی خاک و خیانەت و کوشتنی "لانە و ئامانج" و کۆرپەکەیان و رادەستکردنەوەی "مستەفای سەلیمی" و سوکایەتی بە مێینە بوون لە لایەن پەرلەمانتارێکی نابەرپرسەوە پێ ئاسایی بێت، حەتمەن دەستێوەردان لە کاروباری دادگاشیان پێ ئاساییە. دیارە لای ئەمانە، کوشتنی "کاوە گەرمیانی" و "زانا"ی قائمقام و پاسەوان و دەیان کەیسی دیکە، ئاساییترە تا دادگاییکردنێکی ئاشکرا و حوکمدانیان. خۆزگە ئیوەش ئەوانەتان نەکوشتبا و حوکمی یاساییتان دابان.

 

* ئەندامی پەرلەمانی كوردستان