پەرلەمانتار لە نێوان یاسادانان و فەوزەویەت

Kurd24

K24 - هه‌ولێر:

رێزگرتن لە بڕیاری دادگاکانی ھەرێم و سەروەری یاسا، ئەرکی لە پێشینەی ھەر پەرلەمانتارێکە، کە خۆی لە دامەزراوەی پەرلەماندا بەشدارە لە دانانی یاسادا و پێویستە لەم پێناوەدا کۆشش بکات.

بەداخەوە ھەندێك پەرلەمانتار لە پێناو مزایەدەی سیاسی وا تێگەیشتوون کە پەرلەمان شانۆیەکە و وەک ئەکتەر خۆیان نمایش دەکەن، ئاخر پەرلەمان خۆی شوێنی یاسادانانە و کارەسات لەوەدایە کە ھەندێك پەرلەمانتاری وا ھەن، لەم شوێنە پیرۆزەدا رێز لە سەروەری یاسا ناگرن و دەیانەوێت دادگا میسداقیەتی یاسایی نەبێت و بوێری بڕیاردانی نەبێت، خۆزگە ئەم پەرلەمانتارانە داخلی خولێکی ئەتەکێت و تێگەیشتن لە سەروەری یاسا دەبوون، تا ھیچ نەبێت لەوە گەیشتبان، کە ئەم نمایش و مزایەدەیە ئەوەندە ناھێنێت کە ئەم ئاکشنە دەکەن و لە ئەرکی پیرۆزی نوێنەرایەتی راستەقینەی خەڵک دوور دەکەونەوە.

لەم ھەرێمەی ئێمەدا ھەمیشە پێشکەوتنی سیستەمی دادوەری دەبێت خەمێکی ھەمەلایەنە بێت، نەوەک ھەندێك کەس لە نێو ھەندێك ھێزی سیاسی کە دەیانەوێت دادگا لە رێڕەوی خۆیدا دەربچێت و بە عەتفێکی نامومکین دادگاکان بوێری تاکە کەیسێکیان نەبێت، کە یەکلای بکەنەوە.

دادگاکانی ھەرێم دوورن لە ململانێی سیاسی، ھەرخۆی ئازادی و رادەبڕین لە چوارچێوەی یاسادا سنووری ھەیە، لەم ھەرێمەدا ئەمانەی بۆ ئازادی راستەقینە تێدەکۆشن خۆیان لە چوارچێوەی باوەڕبوون بە یاساکانی ھەرێم ئەم ئازادییە جوان دەکەن، بەشێکیش کە باوەڕیان بە یاسا و دادگا نییە، ئەمانە دەیانەوێت ھەموو رۆژێک یاسا لەم وڵاتە پێشێل بكرێت، ئازادی ببێتە فەوزا و سەروماڵی خەڵک لە ئەمان نەبێت، بۆیە بەرەی پارێزگاریکردن لە بەھێزی سیستەمی دادوەری ھەمیشە لە خەمی خەڵکە، دواجاریش ئەوانەی دەیانەوێت ئازادی بکەنە فەوزا، ئەمانەن کە نایانەوێت دادگا و یاسا لە ھەرێمدا رۆڵی خۆی بگێڕێت، چونکە فەوزەوییەکان لە دونیادا به‌ناوبانگن، کە دژ بە یاسا و دادگان و لە ھەرێمیش ئەم فەوزەویانە ھەر بە لێدوان و قسەکانیانەوە دیارن کە کێن، لەھەمووی ناخۆشتر ئەمەیە کە ئەم فەوزەویانە ھەندێک لێیان پەرلەمانتار بێت.