میدیا و په‌رله‌مان وه‌ک هه‌لی کار
ئه‌وه‌ی که زۆرینه‌مان خه‌مبار ده‌کات، به ته‌نها بێکاریی، نه‌بوونی خزمه‌تگووزاریی پێویست، نادڵنیایی کۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسیی و ...هتد. نییه، به‌ڵکوو ناکۆمپێتێنتیی (بێ توانایی) پیشه‌کارانێکیشه، که هێنده‌ی زیان ده‌خه‌نه‌وه، به بچووکتریین به‌شی ئه‌وه قازانجیان بۆ کۆمه‌ڵگا نییه.
قۆناغی ئێستای کورد له باشووردا، له ئێستا و ئالێره‌دا، ده‌توانرێت بچوێنرێت به سه‌ره‌تای قۆناغی شیکردنه‌وه‌ی کورد، لێ به که‌موکورتییه‌کی گه‌وره‌وه، نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌وروپا و ئه‌مێریکا. ئه‌م قۆناغی شیکردنه‌وه‌یه له نێوانی ساڵه‌کانی 1650 هه‌تا 1800ی خایاند. سه‌رده‌می شیکردنه‌وه، له‌ناو ئێمه‌ی کورددا به ڕۆشنگه‌ریی ناوی ده‌رکردووه، که من خودی خۆم به هه‌ڵه‌ی ده‌زانم. ئێمانوێل کانت باوکی فه‌لسه‌فه‌ی شیکردنه‌وه‌یه. به زمانی ئه‌ڵمانیی ئاوفکلێرونگ (Aufklärung)، به ئینگلیزیی ئینڵایتمێنت (Enlightenment). به هه‌رحاڵ، ئێمه چ قازانجێک له‌م شیکردنه‌وه‌یه ده‌که‌ین؟ وه‌ڵام، له ڕێگای ئه‌م شیکردنه‌وه‌یه‌وه ده‌گه‌ین به‌و هه‌لومه‌رجه‌ی، که یاسایه‌کی ئونیڤێرزاڵیی له باشووری کوردستاندا بچه‌سپێنین، که له‌خزمه‌تی کۆی مرۆڤایه‌تییدا بێت. ئه‌مه‌ش مافی نه‌ک به ته‌نها مرۆڤی کورد له باشووردا به‌رجه‌سته ده‌کات، به‌ڵکوو مافی ئه‌و میوانانه‌شی، که دێنه باشووری کوردستانه‌وه، ئه‌و ڕه‌وه‌ندانه‌ی، که له باشووری کوردستاندا ده‌یانه‌وێت بژیین ..هتد. هه‌لومه‌رجی سنوردانان بۆ شه‌ریعه‌ت، سنوردانان بۆ به‌زاندنی سنوره‌کانی ئازادیی تاک و کۆ، سنوردانان بۆ ده‌سته‌ڵاتی پارت و ده‌ستێوه‌ردان له کاروباری داد و ماف له کۆمه‌ڵگادا ...هتد.
شیکردنه‌وه هه‌م پرینسیپه‌کانی دیموکراتیی ده‌پارێزێت و هه‌میش به‌هێزیشی ده‌کات. له‌م دیموکراتییه‌دا هه‌لومه‌رجی نوێ دێته کایه‌وه، لێ ئه‌م هه‌لومه‌رجانه هه‌رگیز نابێت وه‌ها بکه‌ن، که توانا پیشه‌ییه‌کان فه‌رامۆش بکرێن، ئه‌مه‌ش به واتای کۆمپێتێنت ده‌بێت هه‌میشه چه‌قی کار و به‌ڕێوه‌بردنی پیشه بێت. له‌م خاڵه‌دا ئێمه‌ی کورد گرفتێکی گه‌وره‌مان هه‌یه، چونکه پارته‌کان وه‌هایان کردووه، که به‌شێکی گه‌وره‌ی بێکاره‌کان ببنه ئه‌ندام په‌رله‌مان، که خاوه‌نی هیچ کۆمپێتێنتێک نین، خه‌ڵکانێکی بێکار ببنه میدیاکار، که خاوه‌نی هیچ کۆمپێتێنتێک نین.
ئیمڕۆ له باشووردا خاوه‌نی گه‌وره‌تریین ڕێژه‌ی میدیاین، که چ به ئاشکرا و چ به نهێنیی بارگاویین به لایه‌نێک. لێ زمانی به‌شێکی گه‌وره‌ی ئه‌م میدیایانه و ئه‌م ئه‌ندام په‌رله‌مانانه زمانێکی بازاڕیی، زبر و دڕ و ئاژاوه نێنه‌ره‌وه‌ن. گفتووگۆ یه‌کێکه له گه‌وره‌تریین کێشه‌کانی ئێمه‌ی کورد به گشتیی له کوردستانی گه‌وره‌دا و له باشووریشدا به‌تایبه‌تیی. قسه‌کردن به کوردیی واتای ئه‌وه نییه، که ئێمه خاوه‌نی گفتووگۆیه‌کی پۆزه‌تیڤ و ته‌ندروست بین، به‌ڵكوو به‌پێچه‌وانه‌وه، که‌ڕاکته‌رێکی ته‌ندروست و نه‌شێواو گفتووگۆی ته‌ندروست و ئارام به‌رهه‌مدێنێت. مارشاڵ ڕۆزنبێرگ باوکی گفتووگۆی بێ تووندوتیژییه، که زیاد له 190 وڵاتانی جیهان سوودیان لێبینیووه. په‌ره‌پێدان به‌م مۆدێلی قسه‌کردنه، هه‌نگاوێکی گه‌وره ده‌بێت له چاککردنی گفتووگۆی میدیاکاران، په‌رله‌مانتاران، سیاسییه‌کان، نووسه‌ران و ....هتددا. له باشووری کوردستاندا نه‌ک به ته‌نها میدیا و په‌رله‌مانتاران خاوه‌نی گفتووگۆیه‌کی زاڵ و دڕ و هێرشکه‌ر و تاوانبارکه‌رن، به‌ڵکوو ئه‌م دیارده‌یه وه‌ها ڕۆچووه‌ته خواره‌وه، که منداڵانی باخچه‌ی ساوایانیش به‌و شێوازه له‌گه‌ڵ یه‌کترییدا گفتووگۆ ده‌که‌ن.
ئومێدی گه‌وره لێره‌دا ده‌ستوورێکی تایبه‌ته به خودی کورد خۆی، که له ڕێگایه‌وه ته‌واوی مافه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردیی بپارێزێت. تێکۆشان بۆ ده‌ستوور خودی تێکۆشان خۆیه‌تی بۆ ئازادیی و خۆشبه‌ختیی مرۆڤی کورد. له به‌شێکی گه‌وره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپادا، ڕۆژی چه‌سپاندنی ده‌ستوور، پشوویه‌کی نیشتیمانییه و یادده‌کرێته‌وه، سه‌ره‌تا و ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی نۆزده له به‌شێکی گه‌وره‌ی ئه‌وروپادا له‌ژێر کاریگه‌ریی شیکردنه‌وه‌ی ئێمانوێل کانتدا نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوورێکی نه‌ته‌وه‌یی چه‌قی تێکۆشانی کۆمه‌ڵگا ئه‌وروپییه‌کان بوو. ده‌شێت ئێمه‌ی کورد دوو سه‌د ساڵێک له‌م تێکۆشانه دواکه‌وتبێتین، لێ نابێت ڕێگا به خۆمان بده‌ین، که له‌مه زیاتر دوابکه‌وین. له ڕێگای ده‌ستووره‌وه به یاسایه‌کی گوونجاو سنور بۆ هه‌موو تووندوتیژیی و ده‌ستوه‌ردان له کاروباری حکومه‌ت داده‌نرێت.
له ڕێککه‌وتی 16.03.2021دا له کۆپنهاگن له خۆپیشاندانێکدا، سه‌رۆک وه‌زیرانی دانمارک مێته فرێدەریکسن به جادوگه‌ر چوێنرا و ژنێکی گه‌نج بووکه‌ڵه‌یه‌کی ته‌خته‌ی به وێنه‌ی ئه‌وه‌وه دروستکرد و ئاگری تێبه‌ردا. سه‌ره‌تا ئه‌م ژنه مه‌ترسیی شانزده ساڵ زیندانیی له‌سه‌ر بوو، پاشان دادگا بڕیاری ته‌نها دوو ساڵ زیندانیی بۆ ده‌رکرد. لێره‌دا ده‌بێت یاسا سه‌روه‌ر بێت، ده‌ستوور سه‌روه‌ر بێت و هیچ که‌سێکیش بۆی نه‌بێت ده‌ستبخانه کاروباری ده‌ستوور و یاساوه. ئه‌م ژنه ئه‌گه‌ر کورد بوایه و وێنه‌ی مه‌سرور بارزانیی بسووتاندایه و بدرایه به دادگا و دوو ساڵ زیندانیی بکرایه، ئێستا حکومه‌تی هه‌رێم وه‌ک حکومه‌تی به‌عس وێناکرا بوو، چالاکوانه‌کانیش هه‌موو جیهانیان ده‌هێنایه سه‌ر حکومه‌تی هه‌رێم.
بۆ بینینی ڤیدیۆی سووتاندنی وێنه‌ی سه‌رۆک وه‌زیرانی دانمارک کلیکی ئه‌م لینکه‌ی خواره‌وه بکه.
https://www.berlingske.dk/politik/afbraending-af-mette-frederiksen-dukke-chokerer-det-mest
ماوه‌ته‌وه بڵێم، په‌رله‌مان و میدیا فابریکێک نییه بۆ دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی کار، به‌ڵکوو دوو بوونه‌وه‌ری گرنگی کۆمه‌ڵگایه‌کن، که پێویستیان به خه‌ڵکانی کۆمپێتێنته.