(مرۆڤ)سازی و (نیشتمان)سازی!

Kurd24

مرۆڤ مایسترۆی ژیانە و دەتوانێت بە شێوەیەکی هاڕمۆنی لەگەڵ سرووشتدا خۆشترین ئاواز بژەنێت، بە مەرجێك بتوانرێت ئەو مرۆڤە لە پڕۆسەیەکی درێژخایەندا بە شێوەیەکی زانستی پەروەردە بکرێت، لەلایەن خەڵکانی پسپۆڕ و شارەزا لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردندا.

لەم دۆخە هەستیار و قۆناغە چارەنووسسازەدا یەکێك لەئەرکە گرنگەکانی دەسەڵات و کۆمەڵگای کوردی بریتیە لە بەرنامەڕێژکردن و کارکردن لەسەر هەردوو پڕۆسەی مرۆڤسازی و نیشتمانسازی، چونکە ئەم دوو پڕۆسەیە ئەگەر بە شێوازێکی زانستی لە لایەن وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ئەنجام بدرێن، ئەوا وەرچەرخانێکی گرنگ روودەدات لە بەهێزبوونەوەی متمانە و ئینتیما و نوێبوونەوەی خۆشەویستی خاك و نیشتمان لە ناخی نەوەی ئێستا و نەوەکانی داهاتوودا.

1- پڕۆسەی مڕۆڤسازی:

پڕۆسەی مرۆڤسازی لای من واتە دووبارە بونیاتنانەوە و پەروەردەکرنی تاکی کورد لەسەر بنەمای عەقڵی ئازاد، بە جۆرێك (ئازادی مرۆڤ) کرۆکی رێزگرتن و گرنگی پێدان بێت، بەبێ رەچاوکردنی رەهەندە لاوەکییەکانی دیكه‌. 

بە واتایەکی دیكه‌، گەورەترین و بەنرخترین سەرچاوەی ژیان بریتیە لە سەرچاوەی مرۆیی، لەم قۆناغەدا ئێمە ئەگەر بتوانین وەبەرهێنان لە سەرچاوەی مرۆییدا بکەین، ئەوا دەتوانین بەسەر هەموو کۆسپ و تەگەرەکاندا زاڵ بین، ئەویش بە پڕۆسەیەک دەکرێت، کە لەسەر بنەمایەکی تەندروست (تاکی ئازاد) پەروەردە بکەین، بەجۆرێک کە خزمەتکردنی (مرۆڤ و نیشتمان) بە ئەرکی خۆی بزانێت و لەبەرامبەریشدا بگات بە هەموو ماف و شایستە ماددی و مەعنەوەییەکانی.

لەم چوارچێوەیەدا نیلسۆن ماندێلا ده‌ڵێت:

''Education is the most powerful weapon which you can use to change the world''.

واتە "پەروەردە بەهێزترین چەکە، کە دەتوانیت بەکاری بهێنیت بۆ گۆڕینی جیهان".

2- پڕۆسەی نیشتمانسازی:

ئێمەی مرۆڤ ئەگەر توانیمان سەرکەوتوو بین لە قۆناغی (مرۆڤسازی)دا، ئەوکات بە دڵنیاییەوە دەشتوانین سەرکەوتوو بین لە قۆناغی (نیشتمانسازی)دا، کە بریتیە لە قۆناغی بونیاتنان و ئاوەدانکرنەوەی نیشتیمان لە پێناو فەراهەمکردنی ژیانێکی شکۆمەند بۆ مرۆڤ و پاراستنی مافی گیانداران لە ژینگەیەکی تەندروستدا.

بە واتایەکی دیكه‌، هەموو مرۆڤگەلێک دەتوانن لە رێگای بەکارهێنانی عەقڵ و پلانی ستراتیژی و بەرنامەی زانستی، ژیانێکی شکۆمەند و پڕ داهێنان بۆ خۆیان و نەوەکانی داهاتوو ساز بکەن، هەروەها دەشتوانن ژینگەیەکی پاک و بێگەرد بڕەخسێنن کە تێیدا نەك تەنیا مافی مرۆڤ، بەڵکو مافی گیاندارانیش پرێزراو بێت.

 

٭ (سەرۆکی ئەنیستیتۆی توێژینەوەی ئەمەریکی-کوردی)