ده‌رکه‌وتنی نه‌وه‌یه‌کی نوێ، له گه‌ڕان به‌دوای واتاکانی مه‌رگ و خودادا
ده‌رکه‌وتنی نه‌وه‌یه‌کی نوێ، له گه‌ڕان به‌دوای واتاکانی مه‌رگ و خودادا .. تاوان به‌رانبه‌ر به ژینگه، تاوانه به‌رانبه‌ر به ژیان و مرۆڤایه‌تیی
ئه‌زموون له مردن‌دا پریڤیلێگێکه، مافێکی تایبه‌تی تاکی هه‌ڵبژێردراوه، که ده‌یکاته خاوه‌نی چ تێگه‌یشتن و چ پێرسپێکتیڤێکی تر، گۆشه‌نیگایه‌کی تر سه‌باره‌ت به مردن. کێشه‌ی مرۆڤ به گشتیی له جیهاندا تێگه‌یشتنه، که ده‌بێت به به‌رده‌وامیی له هه‌موو شت تێبگات، لێ زۆر شت له نێوانی ئاسمان و زه‌وییدا هه‌ن، که به تێگه‌یشتن پێی ناگه‌ین، به‌ڵکوو به تێدا ژیان. ئه‌م تێیدا ژیانه‌ش، تێدا ژیانێکی "بوون"ه به دیده هایدیگه‌ریی و کیرکه‌رگۆییه‌که‌ی. واتا ئێمه ده‌بێت له باروودۆخێکدا بژیین هه‌تاوه‌کوو بزانین، که چی ده‌گووزه‌رێت.
له ده‌روونناسییدا قسه له‌سه‌ر خه‌ڵاتی دڵنه‌وایی ده‌کرێت، خه‌ڵاتی دڵنه‌واییش هه‌میشه تێگه‌یشتن وه‌ریده‌گرێت. ئه‌مه‌ش به واتای ئه‌وه‌ی، که تێگه‌یشتن هیچی ده‌ستناکه‌وێت بێجگه له دڵنه‌واییدان نه‌بێت، به‌ڵام تێدا ژیان ده‌بێته وه‌رگری خه‌ڵاتی باڵا. ئه‌مه‌ش به واتای ئه‌وه‌ی، که بۆ ئه‌وه‌ی له شتێک تێبگه‌ین، ئه‌وا پێویسته ئه‌زموونمان تێیدا هه‌بێت، نه‌ک به تیۆرییه‌ک تێیبگه‌ین.
مردن یه‌کێکه له‌و فێنۆمێنانه‌ی، که تێگه‌یشتن لێی ته‌نها خه‌ڵاتی دڵنه‌واییمان پێده‌به‌خشێت، لێ ئه‌وه‌ی جارێک مردووه یان له مردن نزیکبووه‌ته‌وه، ئه‌وا له فێنۆمێنی مردن‌دا ژیاوه، هه‌ربۆیه شیاوی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی باڵایه. ئه‌وه‌ی به واتاکانی مه‌رگ ده‌گات، دیده‌نی خودای کردووه، هه‌ربۆیه به روویه‌کی خۆشه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ژیان و خاڵیی ده‌بێت له خۆسه‌پاندن، یه‌کترخۆریی، خۆجیاکردنه‌وه و رق و کینه و ...هتد.
سۆران ئازاد ئه‌و نه‌وه جوانه‌یه، که ئێستا ده‌بێت هه‌موومان نه‌ک بیناسین، به‌ڵکوو له پشتیشیه‌وه رابوه‌ستین، چونکه دواجار، گه‌وره‌یی ئه‌و، گه‌وره‌یی هه‌موومانه. سۆران بۆ من نه‌وه‌یه‌کی نوێی نیچه‌یه. که به دید و رۆحێکی کوردیی ده‌دوێت. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م رۆحه نیچه‌ییه کوردییه بناسیت، پێویسته "کایه‌کانی هێز"ی سۆران ئازاد بخوێنیته‌وه و تێیبگه‌یت، چونکه خوێندنه‌وه به ته‌نها به‌س نییه بۆ ناسینه‌وه، به‌ڵکوو زانین وه‌ک باکگراوندێکی زانستیی پێویستییه‌کی گرنگی خوێنه‌ره.
مۆنۆپۆڵکردنی جیهانی رۆشنبیریی ئێمه له لایه‌ن نه‌وه‌یه‌کی زاڵده‌سته‌وه، بووه هۆی تیرۆرکردنی چه‌نده‌ها نه‌وه، که له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه ده‌رکه‌وتن و ده‌یانتوانی ببنه فاکتۆرێکی گه‌وره‌ی گۆڕان له ژیانی سیاسیی، کۆمه‌ڵایه‌تیی و فه‌رهه‌نگیی کورددا. تیرۆری بیر، تیرۆرێکه ئه‌گه‌ر له تیرۆری فیزیکی مه‌ترسییدارتر نه‌بێت، ئه‌وا که‌متر نییه. ده‌شێت هاووڵاتییانی کورد ته‌نها چاویان له‌سه‌ر ده‌سته‌ڵات و سیاسییه‌کان بێت بۆ تیرۆر، له‌کاتێکدا چه‌نده‌ها جه‌للادی بیر له‌به‌رده‌میاندایه و نه‌ک نایبینن، به‌ڵکوو ستایشیشیان ده‌که‌ن. هه‌تا ئه‌م چرکه ساته پۆلیسه جه‌للاده‌کانی بیر، به خۆیان و سه‌گه پۆلیسییه‌کانی بیریانه‌وه، کوون و قوژبنی ئه‌م نیشتیمانه ده‌ته‌نن بۆ دۆزینه‌وه‌ی بیرێکی نوێ، نه‌وه‌یه‌کی نوێ، هه‌تا نه‌ک بیشکێنن به‌ڵکوو به ئاشکرا و به شانازییه‌وه، له‌ژێر ناوی پاراستنی ئه‌ده‌ب و نووسینی کوردییدا تیرۆری بکه‌ن.
ئه‌مانه وه‌ک کوونێکی ره‌ش، که چاوگه‌ی ئه‌نه‌رگیی ره‌شه و له‌سه‌ر هه‌ڵوشینی ئه‌نه‌رگیی تری گه‌ردوونیی ده‌ژیی، هه‌مانشێوه‌ی کوونه ره‌شه‌کان هێرشده‌که‌نه سه‌ر هێزی تاکه که‌س، هێزی ئیندیڤیدووم، له‌پێناوی مانه‌وه‌ی خۆیاندا له هێزدا، هێزی گرۆ و هێزی پێشه‌نگ، که له رێگای مۆدێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه چه‌ندیین ساڵه ره‌وایه‌تییان چ پێدراوه و چ پێده‌درێت.
ئه‌مانه تاکیان وه‌ک مردوویه‌ک ده‌وێت، که ده‌ستبه‌رداری هێز و ژیانی خۆی بێت وه‌ک خودێک و ببێته ونبوویه‌کی زیندوو، هه‌تا دواجار ببێته مایه‌ی گاڵته‌وگه‌پی ئه‌مان. ده‌ستبه‌رداربوونی زیندووێتیی به واتای په‌سه‌ندێتییدان بۆ ده‌ستبه‌رداربوونی هێز وه‌ک تاک. ئه‌مه ئه‌و خاڵه‌یه، که نیچه زۆر به تووندیی به‌رگریی لێده‌کرد، ته‌نانه‌ت نه‌خۆشکه‌وتنی و دیداره‌کانی له‌گه‌ڵ پزیشکه‌که‌یدا به جۆرێک له له‌ده‌ستدانی هێز خۆی وه‌ک تاک ده‌زانی. چه‌ند ئه‌م نه‌خۆشتر و پێویستی زیاتری به هاوکاریی بووبێت، هێنده زیاتر پزیشکه‌که‌ی به‌هێزتر ده‌بوو. ئه‌مه دیدی نیچه‌یه له‌مه‌ڕ هێزی تاک.
ئه‌رکی ئێمه پاراستنی ئه‌م نه‌وه‌یه‌یه و پشتگیرییکردنیانه. پاراستنیانه له‌ده‌ستی جه‌للاده‌کانی بیر. ده‌شێت چه‌ندیینجار له چه‌ندیین شوێنی تردا ئه‌م قسه‌یه‌م کردبێت، که به‌وپه‌ڕی مه‌خابوونه‌وه، جیاوازیی نێوان ئێمه و ئه‌وروپییه‌کان، ئێمه و ئه‌مێریکاییه‌کان له‌وه‌دایه، که ئێمه‌ی کورد هه‌موو توانای خۆمان ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ هه‌تا زانایه‌ک بکه‌ینه نه‌زان، پاڵه‌وانێک بکه‌ینه تێکشکێنراوێک، کاریزما بکه‌ینه سه‌رلێشێواوێک.
ئه‌وروپییه‌کانیش هه‌موو توانای خۆیان بخه‌نه گه‌ڕ هه‌تا که‌سێکی ساده بکه‌نه زانا، بیکه‌نه ئه‌ستێره‌یه‌ک، بیکه‌نه پاڵه‌وانێک ...هتد. ئه‌م دیارده‌یه گشتگیره له‌ناو ئێمه‌ی کورددا، نه‌ک به ته‌نها چینێک ئه‌م کاره پراکتیزه بکه‌ن، به‌ڵکوو به‌شێکی گه‌وره‌ی بیرکه‌ره‌وه‌کان و نووسه‌رانیش ده‌یکه‌ن. به‌رده‌وام به گفتووگۆیه‌کی ناشیریین و دڕ له هه‌وڵی تێکشکاندنی تاکدان. به‌رده‌وام میدیا سه‌رقاڵی شکاندنی تاکن ....هتد.
سۆران ئازاد هیوایه‌کی نوێی کورده، رووناکییه‌کی نوێی کورده، غه‌درێکی گه‌وره‌یه، ئه‌م چرا نوێیه په‌راوێز بخرێت. سۆران له سه‌د و سیی لاپه‌ڕه‌دا زیاتر له هه‌ر نووسه‌رێکی تر ده‌ڵێ، که له سێ سه‌د لاپه‌ڕه‌دا ده‌یڵێت. ئه‌م فێنۆمێنه سۆران ده‌کات به نه‌وه‌یه‌کی نوێی نیچه، ئاخر له کایه‌کانی هێزدا سانا ده‌بینین، که سۆران شوێنکه‌وتوویه‌کی نیچه‌یه. سۆران به ته‌نها سیتیره‌ی نیچه ناکات، به‌ڵکوو قوڵیش ده‌بێته‌وه تێیدا. کۆمبینیره‌کردنی زانستی سروشت له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌دا، رووناکییه‌کی نوێیه له‌و تاریکییه‌ی ژیانی رۆژانه‌ی ئێستای کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا. ئه‌م ژیانی رۆژانه‌یه، من گشتگیری ده‌که‌م، چونکه ته‌نانه‌ت نووسه‌ر و بیرکه‌ره‌وه‌کانیش، که بیر و قسه‌کردن له‌سه‌ر هێوربوونه‌وه و قوڵبوونه‌وه وه‌ک بازاڕ چ ده‌بینن و چ به‌کاری ده‌هێنن. فێڵکردن له خود له پێشی پێشه‌وه‌ی فێڵکردنه‌وه‌یه له خه‌ڵکیی. له چه‌ند ساڵی رابووردداکۆمه‌ڵێک نووسه‌ر ده‌ستیان به کراسه‌که‌ی ئۆشه‌وه، ده‌ستیا به داوێنی بوددا و هیندۆویزمه‌وه گرت و بانگه‌شه‌ی مێدیتاسیۆنێکی مانترامانه‌یان ده‌کرد، که ناخیان پڕه له رق و کینه. ئه‌م رق و کینه‌یه له‌ژێر په‌رده‌ی ره‌خنه‌دا ده‌شارنه‌وه، ئه‌مه‌ش له‌پێناوی مافدان به خۆیان، که به ناشیریینتریین شێوه بچن به‌گژ خه‌ڵکییدا، بیانشکێنن، ساردیان بکه‌نه‌وه له نووسیین ...هتد.
سه‌ره‌تای دووان، سه‌ره‌تای ناسینه‌وه‌یه. ئه‌وه‌ی له نیچه نزیک بێته‌وه، چاوی بینینی ده‌کرێته‌وه. ئه‌وه‌ی له نیچه نزیک بێته‌وه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ باوه‌شی سروشت، له‌م سروشته‌دا، تاک به‌ئاگا ده‌بێته‌وه له‌وه‌ی، که ئه‌م هیچ نییه، بێجگه له به‌شێک له سروشت، ئیدی لێره‌وه ده‌ستبه‌داری ئه‌و کولتووره ده‌بێت، که له سه‌ره‌تاوه کردوویه‌تی به سروشتی خۆی. ده‌ستبه‌رداری ئه‌و ئیدیاڵیتێتییه ده‌بێت، که بووه به کۆسپێکی گه‌وره‌ی ژیانی. ئاخر ئیدیاڵبوون به‌ده‌ر له رووه جوانه‌که‌ی، روویه‌کی تری ناشیرینی هه‌یه، که ده‌توانێت وێرانمان بکات. ئه‌مه‌ش له رێگای مرۆڤ خۆیه‌وه، که ئایینێک، باوه‌ڕێک، سه‌رکرده‌یه‌ک ده‌کاته ئیدیاڵێک بۆ ژیانی خۆی. که دواجار بێجگه له ناخۆشیی هیچ شتێکی تری لێ به‌رهه‌مناهێنێت. گه‌ڕانه‌وه بۆ سروشتیش به واتای به‌ئاگابوون له بوون وه‌ک هێز، که کۆمبینیره‌ی گه‌ردوونه. نزیکبوونه‌وه‌ی سۆران له سروشت نزیکبوونه‌وه‌یه له ئاگایی. چونکه ته‌نها و ته‌نها له ئاگاییدا له به راست وه‌رگرتندا، ده‌توانین له خۆمان، له ژیان، له سروشت و له کێشه‌کانمان تێبگه‌ین. له ده‌روونناسییدا قسه له‌سه‌ر به راست وه‌رگرتن ده‌کرێت، وه‌ک ره‌گ و چاوگه‌ی هه‌موو ناسینه‌وه‌کان، (Perception is everything). هه‌ر له سه‌ره‌تاوه، له پێشه‌کیی ئه‌م کتێبه‌دا، سۆران قسه له‌سه‌ر ئاگاییه‌ک ده‌کات، که هه‌موو گه‌ردوون پێکه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. ئه‌مه وه‌ک سه‌ره‌تایه‌ک، پێوابوونه‌کانی نووسه‌ر ده‌ناسێنێت، که دواجار ده‌بێته که‌ڕاکته‌ر و که‌سایه‌تیی نووسه‌ر. هه‌ربۆیه خوێنه‌ری زانا، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ده‌توانێت سۆران بناسێت، ده‌توانێت بزانێت، که سۆران کێیه. ئاخر هه‌موو تێکستێک به‌شێکه له بیۆگرافیی پێوابوون، به‌ڕاست وه‌رگرتن و هزری نووسه‌ر خۆی.
ئه‌م ئاگاییه پابه‌نده به چه‌قه‌وه، پابه‌نده به سروشته‌وه، وه‌ک بوونێکی دانه‌بڕاو له مرۆڤ. ئه‌وه‌ی وه‌ها ده‌کات، که مرۆڤ له‌م ئاگاییه داببڕێت، به‌ڕاست وه‌رنه‌گرتنه، وه‌ک ئه‌وه‌ی، که تۆ نه‌بینیت که بازنه خڕه، وه‌ک ئه‌وه‌ی، که تۆ راستیی ته‌ڕبوونی زه‌وییه‌ک نه‌دۆزیته‌وه، که ده‌شێت باران باریبێت، یان ئاوڕشێنکرابێت، یان کانییه‌ک له‌ژێر زه‌وییدا بێت. ته‌ڕبوونی زه‌وییه‌که راستییه‌که، لێ قسه له‌سه‌ر راستیی هۆکاری ته‌ڕبوونه‌که ناکات. لێره‌دا سۆران له‌نێوان ژیان و مردن‌دا، له‌نێوانی باشه و خراپه‌دا، به‌دوای خوادا ده‌گه‌ڕێت و له خۆیدا ده‌یدۆزێته‌وه، وه‌ک به‌شێک له خۆی، وه‌ک به‌شێک له ئه‌و. وه‌ک فراگمێنتی گه‌ردوون، وه‌ک فراگمێنتی ماتریکس. له‌کاتێکدا به‌شێکی زۆری خه‌ڵکیی شوێنکه‌وتووی خوان و توانای هه‌ستپێکردنیان نییه. چونکه ئه‌وان خودا وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی ده‌سته‌ڵاتدار نه‌ک خاوه‌ن هێز ده‌بینن، وه‌ک زاڵده‌ستێک و فه‌رمانکه‌رێک ده‌بینن، له‌کاتێکدا سۆران خودا وه‌ک ئاگاییه‌ک ده‌بینێت، که خودی مرۆڤ خۆی له رێگای ئاگایی خۆیه‌وه بڕیار ده‌دات، که چ چلۆن پێناسی بکات و چ چلۆنیش له‌گه‌ڵی بدوێت. سۆران په‌نا ده‌باته به‌ر سلۆته‌ردایک و سیتیره‌ی ده‌کات و ده‌ڵێ، ئه‌وان وا هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن، که به‌دوای خوادا ده‌گه‌ڕێن، له‌کاتێکدا خودا له‌به‌رده‌میاندایه.
سۆران له گه‌ڕان به‌دوای خودادا په‌نا ده‌باته به‌ر خۆشه‌ویستیی. سۆران له رێگای خۆشه‌ویستییه‌وه هه‌وڵی نه‌ک رزگارکردنی خودا ده‌دات، به‌ڵکوو هه‌وڵی رزگارکردنی مرۆڤ ده‌دات، هه‌تا تێبگه‌ن له‌وه‌ی هه‌وڵی ناساندنی خودا له رێگای ئایینه‌وه، هه‌وڵێکی شکستخواردووه، چونکه ئایینه‌کان خودا وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی ترسناک و هه‌ڕه‌شه‌ئامێز ده‌ناسێنن، له‌کاتێکدا خودا خودی خۆشه‌ویستیی خۆیه‌تی. سۆران له رێگای کیرکه‌گۆ‌وه قوڵتر ده‌بێته‌وه، که نزیکبوونه‌وه له خودا له‌لای کیرکه‌گۆ به هاوسێیه‌تیی ده‌زانێت. له زمانی دانمارکییدا هاوسێبوون به واتای ئه‌وه‌ی، که له نزیکته‌وه ده‌ژیی، ئه‌وه‌ی که له نزیکته‌وه ماڵی هه‌یه، جێنشینه ....هتد. سۆران قوڵده‌بێته‌وه و نزیکبوونه‌وه له "خود". له ده‌روونناسییدا قسه له‌سه‌ر "خود" وه‌ک ره‌گی هه‌موو کێشه ده‌روونییه‌کان ده‌کرێت، ئه‌مه‌ش به واتای ئه‌وه نا، که خه‌تاکه له خوددایه، نه‌خێر، به‌ڵکوو به واتای ئه‌وه‌ی، که تاک له خود دوورده‌که‌وێته‌وه، هه‌ربۆیه نزیکبوونه‌وه له خود چاوگه، چاره‌سه‌ره، هیوایه، ژیانه، خۆشبه‌ختییه ....هتد. له ده‌روونناسییدا قسه له‌سه‌ر خۆشویستینی خود ده‌کرێت، که ئه‌وه‌ی خۆی خۆشبوێت، به‌رانبه‌ره‌که‌شی خۆشده‌وێت. ره‌گی ئه‌م تێزه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زیاد له پێنج هه‌زار ساڵ پێش ئێستا، که بووددا خاوه‌نیه‌تی. سۆران په‌نا ده‌باته به‌ر کیرکه‌گۆ و ده‌ڵێ، خوا تۆوی خۆشه‌ویستیی له‌ناو هه‌ر یه‌کێکماندا چاندووه.
ماوه‌ته‌وه بڵێم، خوێندنه‌وه‌ی کتێبی کایه‌کانی هێز، نه‌ک ئاشنامان ده‌کات به کۆمه‌ڵێک تێگه‌یشتن له هێز، به‌ڵکوو نزیکیشمان ده‌کاته‌وه له خودی خۆمان، نزیکمان ده‌کاته‌وه له خۆشه‌ویستیی له پێکه‌وه‌بوونێکی دانه‌بڕاوی گه‌ردوونیی هه‌تاهه‌تاییدا. کایه‌کانی هێز ئه‌و موژده‌یه‌یه، که ئه‌م نه‌وه نوێیه پێمانده‌دات، که ئاینده‌ی کورد، ئاینده‌یه‌کی زانستییه. سۆران ئازاد یه‌کێکه له پێشمه‌رگه سه‌ره‌تاییه‌کانی زانست، که ئاینده‌ی کورد چ رزگارده‌که‌ن و چ ده‌یشیپارێزن.