گه‌ڕانه‌وه بۆ خاڵی سفر
ئه‌زموونی رۆژنامه‌گه‌ریی له هه‌رێمی کوردستاندا، هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی پارته سیاسییه‌کاندا ده‌ڕوات. ئه‌مه‌ش به واتای ئه‌وه‌ی، که هه‌میشه پارت له دیار و نادیاردا، راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ کاریگه‌ریی له‌سه‌ر میدیای ئێمه هه‌یه. پراکتیزه‌کردنی ده‌سه‌ڵات له میدیای ئێمه‌دا، پراکتیزه‌کردنێکی هێنده سیاسییه، هێنده پیشه‌یی نییه. هێزی ئه‌م کاریگه‌رییه‌ی پارت له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ر هیچ جیاوازییه‌کی له‌گه‌ڵ کاریگه‌رێتییان له‌سه‌ر میدیا نییه. چونکه به به‌رده‌وامیی له‌ناو جه‌ماوه‌ره‌وه بیری نوێی میدیایی سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن و پارته‌کانیش پشتگیریی بیره‌کان ده‌که‌ن. بۆ نموونه ئه‌م لێکه‌وتنه‌وه به لێشاوه‌ی سۆشیال میدیا، ده‌رکه‌وتنی ئه‌م هه‌موو که‌ناڵه رۆژنامه‌گه‌رییانه‌ی سۆشیال میدیا... هتد. به‌رهه‌می ئه‌م بیرانه‌ی ناو جه‌ماوه‌رن. پارت چاوگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی کۆمێنتنووسه، ئیدی له‌مپه‌ڕی ئیسلامییه‌وه بۆ ئه‌وپه‌ڕی چه‌پ و راستیان. لێ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا چ ڕێژه و چ چۆنایه‌تیی جه‌ماوه‌ره ئیسلامییه‌کان، به‌شێوه‌یه‌کی دیار هه‌م زیادیان کرد و هه‌میش بێ چاووڕووتر بوون له هێرش و جنێوداندا.
له‌ناو ئه‌م هه‌را کو‌لتووریی و سیاسییه‌دا، نه‌ک هه‌موو، به‌ڵکوو به‌شێک له نووسه‌ران هه‌ست به نامۆییه‌کی گه‌وره ده‌که‌ن، چونکه به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو چ له‌ژێر غه‌دری میدیادان و چ له‌ژێر هێرشی جه‌ماوه‌رێکی دڵڕه‌قدان. هه‌موو ئه‌مانه‌ش هۆکارن بۆ ئه‌وه‌ی له کاتێکی گونجاو‌دا، نووسه‌ر بیر له‌وه بکاته‌وه، که بگه‌ڕێته‌وه بۆ خاڵی سفر. خاڵی سفریش لێره‌دا بریتییه له دوورکه‌وتنه‌وه له میدیا و نزیکبوونه‌وه له خود. ئازادکردنی خود له‌ژێر ده‌ستی میدیادا و گوێزانه‌وه بۆ ماڵی خوێنه‌ری راسته‌قینه. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که خوێنه‌ری راسته‌قینه کێیه؟ وه‌ڵام، خوێنه‌ری راسته‌قینه ئه‌و که‌سه‌یه، که چه‌ند پاره له پۆشاک و خۆراکدا خه‌رج ده‌کات، هێنده‌ش پاره له پێگه‌یشتن و گه‌شه‌ی هۆشیارییدا خه‌رج ده‌کات. به‌شێک له‌م پاره‌یه له کڕیینی کتێب‌دا خه‌رج ده‌کات، به‌شێکیش له خوێندن و کۆرسدا خه‌رج ده‌کات، چونکه ویستیه‌تی له ژیان و مرۆڤ و جیهان تێبگات.
یه‌کێک له وته باوه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردیی، ناساندنی هه‌موو شته به زبڵدان "مرۆڤ وه‌ک زبڵدان، میدیا وه‌ک زبڵدان... هتد.". پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه چیی زبڵه و چییش هه‌ڵگری زبڵ؟ زبڵدان له خۆیدا ئۆبیه‌کتێکی خاوێنه، ئه‌وه‌ی پیسی ده‌کات ئه‌و زبڵانه‌یه، که مرۆڤ تێیده‌کات. ئه‌وه‌شی پرسیاری ناو ئه‌م پرسیاره‌یه بریتییه له‌وه‌ی، ئایا هه‌موو ئه‌و فڕێدراوانه‌ی ناو زبڵدان زبڵن؟ زبڵ به‌رهه‌می مرۆڤه نه‌ک زبڵدان، زبڵدان لێره‌دا چ قوربانییه و چ له خزمه‌تی شاردنه‌وه‌ی زبڵه‌کانی مرۆڤدایه. له زبڵداندا جێگای شاردنه‌وه‌ی هه‌موو شت هه‌یه. مرۆڤ که تووڕه ده‌بێت یاده‌وه‌رییه‌کانی خۆی له‌گه‌ڵ مرۆڤێکی تردا فڕێده‌داته زبڵدانه‌وه، وه‌ک ناساندنی مرۆڤی دووهه‌م به زبڵ. له زبڵداندا مرۆڤی دووهه‌م ونده‌بێت، به‌ڵام هه‌ندێکجار مرۆڤ پێویسته شتێک له‌کیسبدات، هه‌تاوه‌کوو تێبگات چ شتێکی به‌نرخی له‌کیسداوه.
ده‌شێت مۆڕاڵانه رێگا به خۆم نه‌ده‌م، که هه‌ڵبستم به ئه‌ناڵیزه‌کردنی ئه‌م وتانه. لێره‌دا ده‌توانین خاوه‌نی چه‌ند هیپۆتێزه‌یه‌ک بین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من به گرنگی ده‌زانم بگوترێت بریتییه له له‌کیسدانی ڕیالیتێت. یه‌کێک له کێشه گه‌وره‌کانی تاکیش، دیاره مه‌به‌ستم له تاکی به‌وشێوه‌یه‌یه، بریتییه له له‌کیسدانی ریالیتێت. دیاره به‌شێوه‌یه‌کی دیار مرۆڤی شیزۆفرێن خاوه‌نی له‌کیسدانی ریالیتێته. کێشه‌یه‌کی تریش هه‌یه، که مرۆڤ نه‌ک به فه‌نتازیا ده‌ژیی، به‌ڵکو له فه‌نتازیادا ده‌ژیی و پراکتیزه‌ی فه‌نتازیاکانی ده‌کات کاره‌ساتی گه‌وره ئه‌وه‌یه، که ئه‌گه‌ر تاکێکی ئاوها سیاسیی بوو، له رێگای سیاسه‌ته‌که‌یه‌وه پراکتیزه‌ی فه‌نتازیاکانی خۆی بکات. ئالێره‌دا ده‌مه‌وێت بڵێم، که فه‌نتازیا چیدی فه‌نتازیا نییه، به‌ڵکو ریالیتێته، چونکه تاک پراکتیزه‌ی ده‌کات. ئه‌م تاکه ده‌شێت خه‌وێکی تریش ببینێت، گوێی له قسه‌ی تریش بێت، شتی تریش ببینێت، که خه‌ڵکانی تر نایبینن. ئه‌م تاکه به ده‌سته‌ڵاته‌که‌ی پراکتیزه‌ی ئه‌و دیمه‌نانه ده‌کات، که له فه‌نتازیا و جیهانی ئه‌ودا بوونیان هه‌یه، ئیدی لێره‌وه بۆ نموونه کوشتنی تاکێک له خه‌ون و فه‌نتازیا و ناڕیاله‌وه ده‌بێته ریالیتێت. لێ هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌م کوشتنه فیزیکییه‌دا، خه‌ڵکانێکی تر هه‌ن، که هه‌مانشێوه بکوژن، لێ بکوژێکی رۆحیی. ئه‌م بکوژانه ده‌شێت کۆمه‌ڵێک کۆمێنتنووسبن، ده‌شێت خۆیان نووسه‌ر بن، میدیاکاربن... هتد. لێ دواجار هه‌موو ئه‌مانه فاکتۆرێکی گه‌وره ده‌بن له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه بۆ خاڵی سفر.
ماوه‌ته‌وه بڵێم، که له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه میدیای کوردیی ئاستی رۆشنبیریی نووسه‌ری وه‌ها دا‌به‌زاندووه، که به زمانی هاووڵاتییه‌کی ئاستی خوێنده‌واری نزم، چ بدوێت و چ بنووسێت. ئه‌مه‌ش سنووری نێوان نووسه‌ر و خوێنه‌ر هه‌ڵده‌گرێت. ئارگیومێنتی میدیا بۆ ئه‌م کاره بریتییه له‌وه‌ی، که پێویسته هه‌موو تێبگه‌ن، که چی ده‌ڵێین. ئه‌مه‌ش دیسانه‌وه هۆکاره بۆ ئه‌وه‌ی، که به‌شێک له نووسه‌ران بگه‌ڕێنه‌وه بۆ خاڵی سفر. ئیدی لێره‌وه کتێب نووسیین، نرخی نووسه‌ر ده‌پارێزێت، چونکه دواجار وتاره‌کان له‌بیرده‌چنه‌وه و ونده‌بن، لێ کتێبه‌کان ده‌گه‌نه ئایینده و ته‌نها خوێنه‌ریش ده‌یانخوێننه‌وه، نه‌ک کۆمێنتنووس.